هه‌ڵبژاردنه‌كان , هه‌نگاوێك بۆ دیموكراسی یان هۆكارێك بۆ ماكیاجكردن ؟
وتار/
03/11/2018
541 جار بینراوە
نه‌وزادی موهه‌ندیس
هه‌ڵبژاردنه‌كان , هه‌نگاوێك بۆ دیموكراسی یان هۆكارێك بۆ ماكیاجكردن ؟
نه‌وزادی موهه‌ندیس
• چه‌مكی هه‌ڵبژاردن
هه‌ڵبژاردن بریتیه له ڕێوشوێنێكی ده‌ستوری بۆ هه‌ڵبژاردنی تاك یان كۆمه‌ڵێك كه‌س بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستێكی دیاریكراو، یان بریتیه له كۆمه‌ڵێك بنه‌مای یاسایی كه پێكدێت له سیسته‌می یاسادانان كه ئامانج لێیان ڕێكخستنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه كه له‌ئه‌نجامدا یاسایه‌كی نوێی لێ دێته به‌رهه‌م.یان هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایه‌ك،یان سه‌ركه‌وتنی یه‌كێك له كاندیده‌كان یان هه‌ر ڕووداوێكی ده‌ستوری تر كه په‌یوه‌ستدار بێت به هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ.
هه‌ڵبژاردن هه‌نگاوی سه‌ره‌كی و سه‌ره‌تاییه بۆ چه‌سپاندن و پیاده‌كردنی پڕۆسه گه‌وره و فروان و هه‌مه‌لایه‌نه‌كه‌ی دیموكراسی له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگا و ولاَت و سیسته‌مێكی حوكمڕانیدا بێت،هه‌ڵبژاردن نیه‌ته ڕاسته‌قینه‌كانی گه‌ل و ده‌سه‌لاَتیش ده‌رده‌خات به‌ره‌و دیموكراسیه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ی ڕاستگۆیانه،چونكه گه‌ر پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان و بێ گرێ وگۆڵ و دوور له ده‌ستتێوه‌ردان و به‌كارهێنانی فشار به‌ڕێوه‌چوو ئه‌وه مانای وایه كه هه‌موان گه‌ره‌كیانه هه‌نگاوه ڕاسته‌قینه‌كه هه‌ڵبنێن به‌ره‌و دیموكراسیه‌تێكی ڕاسته‌قینه،و گه‌ر به پێچه‌وانه‌شه‌وه پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌خواست و ویستی پێشوه‌خته و به پیلانی تێكدان و ساخته‌كردن و به‌لاڕێدابردن برا له‌لایه‌ن حیزب و سه‌ركرده ده‌سه‌لاَتداره‌كانه‌وه ئه‌وه بۆخۆی ته‌واوی پڕۆسه‌ی دیموكراسیه‌ت ده‌خاته ژێر پرسیار و گومانه‌وه و هیچ كاتیش دیموكراسیه‌تێكی ڕاسته‌قینه چێ نابێت و سه‌قامگیر نابێت. ئیدی له‌و ساته‌وه هه‌ڵبژاردن ده‌بێته نمایشكردنێكی فریوده‌رانه‌ی بێ به‌ها و هیچ گرنگی نامێنێت و له‌چه‌مك و ناوه‌ڕۆكه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه كه بریتیه له هه‌نگاونان به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت و ئاشتی و ئارامی و پێشكه‌وتن و داهێنان.
هه‌ڵبژاردن له سیسته‌مه حومكڕانیه دیموكراسیه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك و سانا به‌ڕێوه ده‌چێت و هه‌موو تاكه‌كان وه‌ك مافێكی ئاسایی و سه‌ره‌تایی و یاسایی خۆیان لێی ده‌ڕوانن و به‌بێ هیچ جۆره فشار و چاوسوركردنه‌وه و نانبڕینێك پیاده‌ی ده‌كه‌ن و ده‌نگی خریان ده‌ده‌نه ئه‌و كاندید و حیزبانه‌ی كه به شیاویان ده‌زانن و چاوه‌ڕوانی خزمه‌تی زیاتر و ئارامی و ژیان و گوزه‌رانێكی پڕ شكۆیان لێ ده‌خوازن ،هه‌ڵبژاردنه‌كان له سیسته‌می دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌دا دوور له ده‌ستتێوه‌ردانی حیزبی و ده‌زگا جاسوسیه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت،هه‌موان كێبڕكێ ده‌كه‌ن به‌به‌رنامه و تێڕوانین و دیدگایان بۆ ئاینده له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیاتر و خۆشگوزه‌رانی هاولاَتیان،هه‌موانیش پابه‌ندبوونی خۆیان به ئه‌نجامه‌كانه‌وه ده‌رده‌بڕن و هیچ گومان و پرسیارێكیشیان له‌لا دروست نابێت له‌سه‌ر ڕاستی و دروستی پڕۆسه‌كه چونكه هه‌موان دڵنیان بێگه‌ردی و خاوێنی پڕۆسه‌كه، به‌لاَم له سیسته‌مه نادیموكراسی و توتالیتاری و تاكڕه‌و و پۆبسیسیه‌كاندا یان به‌ناو دیموكراسیه‌كاندا ((وه‌ك كوردستان و عێراق))،هیچ كات پڕۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف و دور له ده‌ستتێوه‌ردان و گزی و ساخته‌كاری تێنه‌په‌ڕیون.هه‌ر بۆیه‌ش هه‌میشه ئه‌نجامه‌كان به‌دڵی زۆربه نه‌بون و هه‌موانیش به‌سه‌ركه‌وتوو و سه‌رنه‌كه‌وتوه‌وه گومان و پرسیاری زۆریان له‌لا دروست ده‌بێت له ئه‌نجامه‌كان و تانه و ڕه‌خنه و گله‌یی و گازنده‌ی زۆری ئاڕاسته ده‌كه‌ن.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه كه هیچ كات پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له كوردستان و عێراقدا نه‌بونه‌ته هۆكار بۆ ئارامی و سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌لاَیه‌تی و نه‌بونه‌ته هۆكار بۆ پێشكه‌وتن و داهێنان و ڕزگاربوونی كۆمه‌ڵگا له دواكه‌وتویی و هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری و نه‌بونه‌ته هۆكار بۆ خۆشگه‌وزه‌رانی تاك و كۆمه‌ڵگا به‌پێچه‌وانه‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ولاَتانی پێشكه‌وتوه‌وه كه هه‌میشه هه‌ڵبژاردنه‌كان بونه‌ته مایه‌ی نوێبونه‌وه و به‌هێزبوون و زیاتر چه‌سپاندنی دیموكراسی و قوڵبونه‌وه‌ی به‌هاكانی ئازادی و ماف و خۆشگوزه‌رانی و ئارامی و هه‌نگاو به‌ره‌و پێشكه‌وتن و داهێنانی زیاتر.
• پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ،له‌كوردستاندا هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆچی و له پێناو چیدا ده‌كرێن؟ گه‌ره‌كه هه‌نگاو به‌ره‌و دیموكراسیه‌ت بنێن یان ته‌نها وه‌ك ماكیاجكردنێكه بۆ جوانكردنی سیما ناشیرینه‌كانی ده‌سه‌لاَت؟گه‌ره‌كه ده‌سه‌لاَت گۆڕانكاری تیادا بكرێت یان زیاتر بۆ چه‌سپاندنی ئه‌وه‌ی كه هه‌یه؟زۆر پرسیاری تریش.
به‌داخه‌وه له‌كوردستاندا له‌یه‌كه‌م پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی كوردستاندا له 19/5/1992دا به گزی و ساخته‌كاری ده‌ستیپێكرد(( ساخته‌كاری له جۆری مه‌ره‌كه‌بی ده‌نگدانه‌وه و ساخته‌كاری له ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له‌سنوری پارێزگای دهۆك و ..هتد)) وگه‌ر نێوه‌ندگیری هێز و لایه‌نه ده‌ره‌كیه‌كان نه‌بوایه و گه‌ر مه‌ترسی له‌ده‌ستچوونی ئه‌زمون و ده‌سكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕین نه‌بوایه ئه‌وا له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌ره‌و دیموكراسیدا شكستمان ده‌هێناو ده‌ستده‌كرایه‌وه به‌شه‌ڕی ناوخۆ و هه‌ڵپه‌ی ده‌سه‌لاَت و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان و قۆرخكردنی و پاوانخوازی،هه‌ربۆیه تاكو ئێستا و له‌ماوه‌ی 27 ساڵی ڕابووردوودا كه پێنج خولی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مان و خولێكی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌كان و دوو خولی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و چوار خولی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی عێراق به‌ڕێوه چووه ،هیچ كامیان بێ گرفت و بێ ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی و بێ بوونی ساخته‌كاری ئه‌نجام نه‌دراون و هه‌موانیان به‌سه‌دان ڕه‌خنه و تانه‌یان ئاڕاسته‌كراوه،هه‌ربۆیه له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی هه‌ڵبژاردندا به‌گزی و ساخته‌كاری ده‌ستیپێكراوه و هه‌رواش به‌رده‌وام ده‌بێت،بۆیه هه‌ڵبژاردن له‌كوردستاندا هێنده‌ی به قازانجی حیزب و سه‌ركرده ده‌سه‌لاَتداره‌كانه و له‌پێناو مانه‌وه و قۆرخكاری و پاوانخوازی ئه‌واندایه نیوهێنده له پێناو سه‌قامگیری دیموكراسیه‌ت و ئاشتی و ئارامی و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی هاولاَتیاندا نیه،ته‌نها و ته‌نها وه‌ك ماكیاجكردنێكه بۆ جوانكردنی سیما ناشیرین و قێزه‌ونه‌كانی ده‌سه‌لاَتی كوردیه له‌م هه‌رێمه‌دا،چونكه ده‌سه‌لاَتدارانی ئه‌م هه‌رێمه هیچ كات ڕاستگۆ نین و نابن بۆ چه‌سپاندنی دیموكراسیه‌ت و پاراستنی ئازادیه‌كان و مافه‌كان و سه‌روه‌ربونی یاسا و به داموده‌زگایكردنی سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی ده‌سه‌لاَت و حومكڕانی له‌م هه‌رێمه‌دا،ئه‌وان ته‌نها هه‌ڵبژاردن به‌كاردێنن وه‌ك هۆكارێكی فریودانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش تاهه‌موان بڕوابكه‌ن كه سیسته‌مێكی دیموكراسی پیاده ده‌كرێت،ئه‌گینا هیچ كات باوه‌ڕیان به دیموكراسیه‌ت و هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌قینه نیه،ده‌سه‌لاَتدارانی كوردستان هێنده‌ی بیر له چه‌سپاندنی ده‌سه‌لاَت و پاوانخوازی سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی ده‌كه‌نه‌وه نیوهێنده له بیر و خه‌یاڵی گۆڕانكاری و چاكسازی و به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می حوكمڕانی سه‌قه‌تی كوردستان ناكه‌نه‌وه،چونكه ئه‌م جۆره ده‌سه‌لاَته گه‌نده‌ڵ و مافیا ئاسایه له قازانجی مانه‌وه و چه‌سپاندنی زیاتری ده‌سه‌لاَته‌كانیانه نه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌لاَت.
• جا له پڕۆسه‌یه‌كی وا سه‌قه‌ت و دوور له‌یاسا و ڕێسا دیموكراسیه‌كاندا ده‌كرێت ئه‌و پرسیاره بكرێت ،كێ و چ لایه‌ن و چ كه‌سانێك له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا سه‌رده‌كه‌ون یان چانسی سه‌ركه‌وتنیان به‌هێزه ؟ ئایا كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا و به‌ئه‌زموون سه‌رده‌كه‌ون یان كه‌سانێكی ناشایسته له‌هه‌موو ڕوه‌كانه‌وه چانسیان به‌هێزه؟بۆچی ئه‌م پڕۆسه‌یه به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌چێت ؟
پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌هه‌رسێ شێوازی (( داخراو یان كراوه یان نیمچه كراوه)) وه هه‌موانیان تاڕاده‌یه‌كی باش گرفتیان تیادا نیه گه‌ر پڕۆسه‌كه دوور له ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی به‌ڕێوه بچێت به‌بیانوی ساخته‌كردن و گزی و فرتوفێڵ.هه‌موانیان ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد و سه‌ربه‌ستانه پیاده بكرێن و سه‌رجه‌می تاكه‌كانیش چانسی خۆیان تاقیبكه‌نه‌وه به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی گه‌ل و نیشتیمان.
به‌لاَم ئه‌م پڕۆسه گرنگ و چاره‌نوسسازه له‌هه‌رێمی كوردستانی به‌ناو دیموكراسیدا كه هێشتا به‌شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی مامه‌ڵه ده‌كات و هێشتا بیری خۆسه‌پاندن و پاوانخوازی و قۆرخكاری له مێشكی سه‌ركرده و حیزبه سیاسیه‌كانیدایه و هێشتا پڕۆسه‌ی دیموكراسیان پێ هه‌زمناكرێت،ناتوانن ده‌ستوه‌رنه‌ده‌نه پڕۆسه‌كه و نه‌یشێوێنن،ئه‌وان هێنده‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و سه‌ركرده‌كانیان لامه‌به‌سته نیوهێنده به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتیمانیان لامه‌به‌ست نیه ،ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی مانه‌وه و به‌رده‌وامبونی ده‌سه‌لاَته‌كانیان لامه‌به‌سته نیوهێنده گۆڕانكاری و چاكسازی و چه‌سپاندنی دیموكراسیان لامه‌به‌ست نیه،بۆیه هه‌میشه هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌سانی سه‌ر به‌حیزب و ناشایسته و بوكه‌ڵه و سیماجوان و قه‌شه‌نگی ژنانیان كردۆته مه‌رج بۆ كاندیده‌كانیان نه‌ك توانا و لێوه‌شاوه‌یی و ئه‌زموون و پسپۆڕی .
• هه‌ربۆیه له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌و كه‌سانه سه‌رده‌كه‌ون كه:
1. ده‌بنه سه‌رۆكی لیسته‌كان و ژماره ((1)) و ئیدی هه‌موو توانا و وزه‌كان له پێناو سه‌رخستن و سه‌ركه‌وتنی تاكه كه‌سێكدا ده‌بێت وهه‌موان واده‌زانن كه شكۆ و كه‌رامه‌تی حیزب و سه‌ركرده و ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان له‌سه‌ركه‌وتنی سه‌رۆكی لیسته‌كه‌یاندایه و گه‌ر سه‌رۆكی لیسته‌كه‌یان ده‌نگێكی كه‌م بێنێت گه‌رچی سه‌ركه‌وتوش بێت ئه‌مان خۆیان به‌شه‌رمه‌زار و كه‌مته‌رخه‌م داده‌نێن..له‌كاتێكدا سه‌رۆكی لیسته‌كانیش یه‌كێكن له كاندیده‌كان ،كه ئه‌مه‌ش ناعه‌داله‌تیه‌كی زۆر زه‌قی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی 30/9 بوو له‌ناو زۆربه‌ی حیزبه‌كاندا.و به‌ده‌یان و سه‌دان جار خه‌رجی زیاده‌یان بۆ كراوه.
2. پشتیوانی به‌هێز ده‌كرێن له‌لایه‌ن حیزب و سه‌ركرده ده‌ستڕۆیشتوه‌كانه‌وه له‌ڕووی مادی و مه‌عنه‌وه‌یه‌وه.((زۆر جاران وا ده‌وترێت پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانیش كاندیده سه‌ركه‌وتوه‌كان دیاریكراون)) و هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نها بۆ ڕووپۆشكردنی پیلانه‌كانیانه و هیچی تر.
3. كه‌سانی بێ توانا و بێ ئیڕاده و بێ ئه‌زموون ونه‌شاره‌زا چانسیان به‌هێزتره.چونكه له فه‌رمانی سه‌ركرده و حیزبه‌كانیان ده‌رناچن و خاوه‌ن ڕاو و بۆچون و ڕه‌خنه‌ی خۆیان نین.
4. كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی شاره گه‌وره‌كان كه باكگراوه‌ندی گوند و عه‌شایه‌ر و ناوچه‌گه‌رێتی و شێخایه‌تی پاڵپشتیانه.
5. مێژوو و خه‌باتی باوك و بنه‌ماڵه‌ش ڕۆڵیان هه‌یه((وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مه كوڕ یان كچی فلاَن شه‌هیده و ئه‌ویان له فلاَن بنه‌ماڵه‌یه و ئه‌ویتریان كوڕی فلاَن عه‌شره‌ته و ئه‌وی كه‌شیان كوڕی فلاَن مه‌كته‌ب سیاسی یان سه‌ركردایه‌تیه)) به‌لاَم لێره‌شدا هه‌ر جیاوازی گه‌وره ده‌كرێت،ئیدی جێگه‌یه‌ك نامێنێته‌وه بۆ كادره دڵسۆز و بێپشتیوان وخاوه‌ن بڕوانامه و ئه‌زموون و پسپۆڕیه‌كان.
6. بۆ ژنانیش جوانی و شۆخوشه‌نگی سیماوقه‌دوبالاَ و ....هتد ڕۆڵی خۆیان هه‌یه.
7. كه‌سانێكیش كه توانای دارایی به‌هێز و گه‌وره‌یان هه‌یه یان پاڵپشتی ده‌كرێن.((چونكه به‌داخه‌وه نه‌فسیه‌تی كادریان له پێش تاكێكی ئاساییه‌وه شێواندوه و سوك و ڕسوا كردوه به‌وه‌ی هیچ كه‌سێك به‌بێ به‌رامبه‌ر كار ناكات ته‌نانه‌ت بۆ كاندیدی حیزبه‌كه‌ی خۆی و هه‌موان له هه‌لده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌سكه‌وتی مادی وه‌ده‌ستبێنن له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له ژماره‌یه‌ك كاندید له‌یه‌ك كاتدا)).
• جا ئه‌م كاراكته‌رانه هێنده‌ی به سۆز و لایه‌نگری خزمایه‌تی و عه‌شایه‌ری و ناوچه‌گه‌رێتی و پاڕانه‌وه و گریانه‌وه ده‌نگ كۆده‌كه‌نه‌وه نیوهێنده به‌توانای كه‌سی و لێهاتوویی و پسپۆڕی و كار و پڕۆژه‌ی خۆیان ناتوانن ئه‌و ده‌نگانه كۆبكه‌نه‌وه،ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌كۆتایی پڕۆسه‌كانیشدا ده‌ستێوه‌ردانی حیزب و سه‌ركرده ده‌ستڕۆیشتوه‌كان ڕۆڵ ده‌بینن له دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنی كاندیده سه‌رنه‌كه‌وتوی((ده‌رچوه‌كاندا))و به ئاره‌زوی خۆیان و له‌سه‌ر بونی وه‌لائی ئه‌وان بۆیان دیاریده‌كرێن و یاری و گۆڕانكاری به‌ڕێژه‌ی ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی كاندیده‌كانی تر ده‌كرێن و ئه‌نجامه‌كان ده‌كرێنه پشك پشكێنه،نمونه‌ی هه‌ره زه‌قی ئه‌م پڕۆسه ناشیرین و پڕاوپڕ له فێڵ و ساخته‌كاریانه هه‌ردوو(( پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی عێراق له 12/5 و په‌ڕله‌مانی كوردستان له 30/9/2018))دایه.
جالێره‌دا هه‌قه باسی ئه‌و ڕاستیه بكه‌ین كه ئیتر پێویست نه به‌هه‌ڵبژاردن ده‌كات و نه پێویست به‌و هه‌موو خه‌رجیه ده‌كات كه بۆ 100 كاندید خه‌رجی بكه‌ن به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی كه‌مترین خه‌رجی و گوێڕایه‌ڵترین كاندید و تاڕاده‌یه‌كیش عه‌داله‌ت له ناوچه و پسپۆڕیه‌كانیشدا((چونكه وه‌ك ئێستا ڕه‌چاوی بوونی نوێنه‌رانی ناوچه‌كان و پسپۆڕیه جیاواز و گرنگه‌كان نه‌كراوه)) پیاده‌بكرێت سیسته‌می هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه به لیستی داخراو و ئیدی پێویست به لیستی كراوه یان نیمچه كراوه ناكات به‌بیانوی زیاتر دیموكراسیبونه‌وه،چونكه له‌كۆتاییدا هه‌ر مه‌كته‌ب سیاسی و ده‌ستڕۆیشتوی ناو حیزبه‌كان كادنیده‌كان دیاریده‌كه‌ن نه‌ك پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
به‌م شێوه‌یه‌ش بڕوات خوله‌كانی داهاتووی په‌ڕله‌مان هه‌ر له ئێستاوه هێنده لاواز و بێ ده‌سه‌لاَت ده‌بێت كه هیچ به‌هاو پیرۆزیه‌ك بۆ گه‌وره‌ترین و شه‌رعیترین ئۆرگانه‌كانی ده‌سه‌لاَت نامێنێته‌وه كه په‌ڕله‌مانه و ئه‌وه‌شمان به‌چاوی خۆمان بینی كاتێك لایه‌ن و حیزبێكی سیاسی ڕێگه‌ی له‌سه‌رۆكی په‌ڕله‌مان گرت و ده‌رگای په‌ڕله‌مانیشی كڵۆم دا.كه له ڕاستیدا ده‌بوو په‌ڕله‌مان به‌پێی ده‌سه‌لاَت و شه‌رعیه‌ته یاساییه‌كه‌ی‌و جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ئه‌و كاره‌ی بكردایه و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشی هه‌ڵبوه‌شانایه‌ته‌وه یان هه‌ڵپه‌ساردایه و متمانه‌ی لێوه‌ربگرتنایه‌ته‌وه.
• به‌م شێوه‌یه پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراقیش و له كوردستانیشدا ته‌نها نمایشی شانۆگه‌ریه‌كی قێزه‌ون و ناشیرین و تراجیدیایه‌كی ته‌نزئامێز و فریوده‌ره و نیه‌تیش لێیان ڕووخاندنی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ره به‌كۆی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسیه‌ت و ته‌نهاوته‌نها نیه‌ت گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌لاَت و به‌رده‌وامیدانه به سیسته‌می حوكمڕانیه‌كی گه‌نده‌ڵ و پاشاگه‌ردانی و حیزبایه‌تی(( چونكه ده‌سه‌لاَتداره گه‌نده‌ڵه‌كان له ئاوی لیخن و لێڵدا پیلان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان پارێزراوتره نه‌ك له سیسته‌مێكی شه‌فاف و یاسا سه‌روه‌ریدا )) نه‌ك كوردایه‌تی و حومكڕانیه‌كی ساغڵه‌م و ته‌ندروست. جا تا ئه‌وكاته‌ی كه ئێمه‌ی كورد حیزبایه‌تی ته‌سك تۆخبكه‌ینه‌وه و هه‌ڵبژاردن و دیموكراسیش بكه‌ینه گاڵته‌جاڕی و وه‌لائ و دڵسۆزیمان بۆ مه‌كته‌ب سیاسی و سه‌ركرده و حیزبه‌كان بێت له جیاتی به‌رژه‌وه‌ندیه بالاَكانی گه‌ل و نیشتیمان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئومێدی سه‌ركه‌وتنی كه‌سانی شیاو نابینین و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ی ئه‌زمون و حوكمڕانیه‌كشمان ده‌بێته خه‌ونێكی زڕی بێبه‌ر و هیچ كاتیش ئاشتی و ئارامی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌لاَیه‌تیش به‌چاو نابینین و خۆشگوزه‌رانی و كۆمه‌ڵگایه‌كی پڕ ڕه‌فاهیش ده‌بێته خه‌ونی چۆله‌كه و هه‌رگیز نایه‌نه‌دی.بۆیه هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان هه‌نگاوێكه بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاتر له دیموكراسیه‌ت و نه‌مانی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به ده‌سه‌لاَت و ته‌نهاوته‌نها هۆكارێكه بۆجوانكردنی سیمای ناشیرینی حوكمڕانی له‌م هه‌رێمه‌دا.
[email protected]
نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی موهه‌ندیس
-
نه‌وزادی موهه‌ندیس
17/09/2021
-
نه‌وزادی موهه‌ندیس
07/09/2021
-
نه‌وزادی موهه‌ندیس
29/08/2021
-
نه‌وزادی موهه‌ندیس
21/08/2021
-
نه‌وزادی موهه‌ندیس
12/08/2021
-
نه‌وزادی موهه‌ندیس
04/07/2021