ئاڵنگاریەكانی بەردەم حكومەتی ئایندەی عێراق...

وتار/ 18/10/2018 783 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

ئاڵنگاریەكانی بەردەم حكومەتی ئایندەی عێراق...
===============================
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
لە ئێستادا كە تەنها 15 ڕۆژ لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی ئایندەی عێراقدا ماوە، پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق گەرمترین باسوخواسی لەبارەوە دەكرێت و هەموانی سەرقاڵكردوە و هەموانیش لەهەوڵدان بۆ ئەوەی گەورەترین پشك و زۆرترین پلەو پۆستی تیادا بەدەستبهێنن،زۆربەشیان ئەوەندەی لەخەمی دەستخستن و جێگە و پێگە قایمكردنی خۆیان و حیزبەكانیاندان نیوهێندە لەخەمی سەركەوتنی بەڕێز عادل عبدالمهدی ڕاسپێردراودا نین و نیوهێندەی تریش لەخەمی ئایندەی عێراق و گەلەكەشیدا نین،بەداخەوە لە عێراقی بەناو نوێدا هیچ جۆرە ئینتیمایەك و دڵسۆزیەك و ڕاستگۆییەك نەماوە و هەموان لەململانێیەكی شاراوەی ئاشكرادان بۆ زاڵكردن و خۆسەپاندن و بەهێزكردنی خۆیان بەسەر ئەوانی تردا.عێراقی نوێ‌ پێویستی بە كەسانی بەهێز و دیپلۆماتكار و خاوەن بیروڕاو بۆچونی نیشتیمانیانە هەیە نەك بیربۆچونی  حیزبی و ئاینی و تایەفی تەسك و بچوك.چونكە عێراقی نوێ‌ و لانی كەم بۆ 4 ساڵی ئایندە لەبەردەم گۆڕانكاری ناوخۆیی و ناوچەیی گەورەدایە و گەلێك ئاڵنگاری ڕووبەڕووی دەبێتەوە كە واپێویست دەكات هەموان پێكەوە ڕووبەڕووی ببنەوە و هەوڵبدەن عێراق لە گێژاوی مەترسیەكان ڕزگار بكەن و بیپەڕێننەوە بۆ كەناری ئارامی ،ئاشكراشە هەرێمی كوردستانیش هەموو ئەم ئەگەر و گۆڕانكاری و ئاڵنگاریانە دەیگرێتەوە،بۆیە پێویستە لەسەر كوردیش هەوڵ و هیمەتی گەورەتر و باشتر بدات بۆ ئەوەی جێگە و پێگەی خۆی قایمتر و بەهێزتر بكات و ڕێگەنەدات كەنارگیر و پەراوێز بخرێت.
حكومەتی ئایندەی عێراق بەم دۆخە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیە زۆر خراپەیەوە ڕووبەڕووی گەلێك ئاڵنگاری دەبێتەوە كە هەموانیان پێكەوە دەبنە ڕێگر و مەترسی بۆ سەری و بۆ سەركەوتنیشی لەئایندەدا،چونكە ئەو ئاڵنگاریانە كێشە و گرفتی بچوك  نین بەڵكو هەریەكەیان بۆخۆی كێشەیەكی گەورە و لە چارەسەر نەهاتوون،نا لەبەرئەوەی ناتوانرێت ڕێگە چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە بەشێوەیەكی زانستی و واقعی ،بەڵكو لەبەر نەبوون و كاڵبونەوەی متمانە و ڕاستگۆیی و نەبونی نیەتێكی هەقیقی بۆ چارەسەركردنیان چونكە زۆربە بەرژەوەندیە حیزبی و كەسی و بنەماڵەییەكانیان خستۆتە سەروو بەرژەوەندیەكانی عێراق و گەلانی عێراقەوە.
لەو ئاڵنگاریانەی كە ڕووبەڕووی بەڕێز عادل عبدالمهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و حكوتی نوێش دەبێتەوە لە ئایندەدا بریتین لە:
1.ململانێ‌ سیاسی و ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكان
2.نەبونی متمانەی تەواو لەلایەن جەماوەرەوە بە دەسەڵاتداران و بەڵێن و كردارەكانی حكومەت
3.بوونی ڕق و كین و بێزاریەكی گەورە لەنێو جەماوەردا بەرامبەر بەحكومەت بەهۆی نەبووونی خزمەتگوزاریە سەرەكیەكان بۆ هاوڵاتیان لە تەواوی ناوچەكانی عێراقدا
4.بوونی گەندەڵیەكی تا سەر ئێسقان لەناو سەرجەم دامودەزگا و ئۆرگانەكانی حكومەتدا كە ئاسان نیە لەماوەیەكی كەمدا  بنبەڕبكرێت
5.بوونی ژمارەیەكی زۆر میلیشیای چەكداری جۆراوجۆر كە هەموانیان خۆیان بە جێگرەوەی سوپای نیزامی و هێزە ئەمنیەكان دادەنێن و بەوهۆیەشەوە چەك و تەقەمەنیەكی زۆر بڵاوبۆتەوە دوور لە دەستی حكومەت و كۆنتڕۆڵكردنیشی هەروا ئاسان نیە،چونكە هەریەكە لەو میلیشیایانە لەلایەن هێز و دەوڵەتانی ناوچەییەوە پشتیوانیان لێدەكرێت.
6.بەردەوامبوونی تارمایی جەنگی داعش و تیرۆریستان و بنەبڕنەكردنیان.
7.كێشە و گرفتی سیاسی و ئابوری و سنوری و ئەمنی و ئاوی لەنێوان عێراق و وڵاتانی دەرودراوسێ‌ لەلایەك وەك ئێران و توركیا و سوریا و سعودیە و ..هتد.
8. لەلایەكی تریشەوە  بوونی كێشە و گرفت لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و خاوەنی بەرژەوەندی لەعێراق و ناوچەكەدا.
9.كێشەی ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندیە تێكچڕژاوەكانی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزەكان كە هەموانیان عێراقیان كردۆتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان و لەسەر حسابی خاك و گەلانی عێراق درێژە بە ململانێكانیان دەدەن.
هەربۆیە بەڕێز عادل عبدالمهدی و كابینە حكومیەكەی لە ئایندەدا ڕووبەڕووی هەموو ئەم ئاڵنگاریانە دەبنەوەو  ساناش نیە كە بتوانن هەموانیان چارەسەر بكەن،هەربۆیە پێویست دەكات لەسەر هەموان ڕاستگۆیانە و هیەمتێكی دڵسۆزانە بنوێنن بۆ پشتیوانی حكومەتی ئایندەی عێراق و تەنها هەڵپەی پلەو و پۆستیان نەبێت و نەكەونە داونانەوە و پیلانگیڕی دژی حكومەت وەك چۆن لە ڕابووردودا كاریان كردوە و عێراق و گەلانی عێراقیان بەم ڕۆژگارە سەخت و دژوار و پڕ نائومێدیە گەیاندوە.
حكومەتی ئایندە دەبێت حكومەتێكی گشتگیرو بەهێز و بەتوانا بێت،حكومەتی كەمینە و زۆرینە نەبێت،حكومەتی ئاینی و مەزهەب و نەتەوەیەكی دیاریكرا نەبێت،حكومەتی هەموان و بۆ هەموانیش بێت،حكومەتێك بێت ڕێز لە بنەماكانی هاوڵاتیبوون و توانا و لێوەشاوەییو كەسی و ومافەكانی مرۆڤ بگرێت،حكومەتێك بێت دوور لە ملانێ‌ ناڕەوا سیاسی و مەزهەبیەكان بێت،حكومەتی سەرتاسەری عێراق بێت ،حكومەتێكی دەستوری بێت و ڕێز لە مادە و بڕگە دەستوریەكان بگرێت،حكومەتێك بێت یاسا تیایدا سەروەربێت بە كردارەكی نەك تەنها وەك دروشم بەرزبكرێتەوە.
بەم شێوەیە كاتێك حكومەتی ئایندەی عێراق بە یەكسانی و دادپەوەری ڕوانیە تەواوی پێكهاتەو هاوڵاتیانی عێراق ئەو كات هەموان هەست بە ئارامی و ڕۆشنی ئایندەی خۆیان و نەوەكانیشیان دەكەن و ڕاستەوخۆ دەبنە پاڵپشت و پشتیوانی حكومەتەكەیان و دەبنە پارێزەری و قوربانیشی لەپێناودا دەدەن،هاوڵاتیانی و جەماوەری عێراق هەركات هەستیان بە خەمخوۆری حكومەتەكەیان كرد ئەوكات ئەوانیش متمانەی پێدەكەن وهاوكار و پشتیوانی دەبن نەك وەك ناحەز ونەیار و گەندەڵكار لێی بڕوانن،بۆیە گرنگە حكومەتی ئایندەی عێراق پەند لەساڵانی ڕابووردوو وەربگرێت و هەڵەكانی پێش خۆی دووبارە نەكاتەوە،گەر وانەكات زۆر نزیكە تەمەنی كورت و بێ‌ خزمەت بێت و بەرەو هەڵدێر و هەڵوەشانەوە و ڕووخانیش هەنگاو بنێت.
لەكۆتاییدا كار و ئەركی حكومەتی نوێی عێراق سانا و سووك نین،بەڵكو ڕووبەڕووی كێشە كەڵەكەبوەكانی 15 ساڵی ڕابووردوو دەبێتەوە بەباش و خراپیانەوە لە ناوخۆی عێراق لەنێوان ناوچە جیاوازەكانی باشور و ناوەڕاستدا ولەگەڵ هەرێمی كوردستان و لەگەڵ دەردوراسێكان و ..هتد.بۆیە وادەخوازێت كە بەڕێز عادل عبدالمهدی وەك سەرۆكی حكومەت و تەواوی كابینە حكومیەكەشی پشوودرێژو بەئارام و خۆڕاگربن و سەرسەختانەش ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگاریەكانیش ببنەوە و تەنها ڕێگەی سەركەوتن و پشتیوانی لێكردنیشیان بریتیە لەدەستگرتنیان بە جێبەجێكردنی مادە دەستوریەكان و بنەماكانی دیموكراسی و تەوافوقی سیاسی و سیستەمی پەڕلەمانی و فیدڕاڵیەتە و ئەركیشیانە كە هەوڵی جدیانە بدەن بۆچەسپاندن و پتەوكردنی زیاتری ئۆرگانەكانی دەوڵەت بۆ هێنانە كایەی سیستەمی حوكمڕانیەكی ساغڵەم و ڕەشید و سەركەوتوو كە ببێتە نمونەیەكی گەش بۆ ئایندە و هەموانیش لە ژێر سایەیدا هەست بەمان و شكۆ و كەرامەتی مرۆڤانەی خۆیان بكەن و تیایدا بحەسێنەوە..

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌