چەند سەرنجێک بۆ پێشکەشکارانی زانکۆلاین

وتار/ 14/10/2018 975 جار بینراوە

سەعدی مستەفا

چەند سەرنجێک بۆ پێشکەشکارانی زانکۆلاین
نووسینی/ ئەندازیار سعدی مصطفی
شارەزا لەسیستەمی زانکۆلاین

قوتابیان و خوێندكارانی بەڕێز، سەرنجتان بۆ چەند خاڵێك ڕادەكێشم :

١- ڕازیبە بەو شوێنەی كە ناوت لێی گەڕاوەتەوەو ناشوكری مەكەو سوپاسی خوای لەسەر بكە، چونكە قوتابیەكی زۆر هەیە ئاواتەخوازن ناویان لەو شوێنەی تۆ هاتبایەوە ، مەرجیش نییە ئەوەی تۆ پێت خۆش و پێت باش بێت خێری دونیا و قیامەتی تۆی تێدا بێت، بە پێچەوانەوەش پێچەوانەکەی ڕاستە،
ئەو ئایەتەی خوای گەورە بەبیر خۆت بهێنەوە كە دەفەرموێت : ( عسى أن تكره شيئاًً وهو خيرٌ لكم و عسى أن تحب شيئاً وهو شرٌ لكم).

٢- ماوەی (١٠) ڕۆژ دانراوە بە مەبەستی سكاڵا تۆمارکردن،
هەوڵ بدە زانیاری كۆبكەرەوە ،ئەگەر قوتابیەك یان خوێندكارێك بە نمرەی تۆ لە شوێنێك وەرگیراوە تۆش وەرنەگیراوی بەمەرجێك تۆ لە هەڵبژاردنەكانی پێشترت ئەو کۆلیژو پەیمانگایەت نووسیبێت و لەگەڵ ڕەچاوكرنی جۆری وەگرتنەكەی و مەرجە تاییبەتیەکان و وانە پەیوەندیدارەكان بەو بەشە .

٣- بیربكەوە و زانیاری زیاتر وەربگرە دەربارەی ئەو بەشەی ناوت لێی هاتۆتەوە ،ئەگەر شوێنەکەت بەدڵ نییە ، ئەوا دوای تۆماركردن و ڕاییكردنی كارەكانی وەرگرتن، دەتوانی فۆڕمی دابەزین (تنازل) وەربگریت بۆ كۆلێژ و پەیمانگایەكی نمرە نزمتر كە حەزت لێیەو دەتوانی داواکاری پێشکەش بکەی.

٤- دڵنیابە هیچ بەشێک لە زانكۆو پەیمانگاكان كە كراوەتەوە بێسوودنیەو پێویستیەكی كۆمەڵگایە، ئەگەرچی بەرزو نزمی هەیە بۆ هەلی كارو دامەزراندنیان.

٥- هەوڵ بدە زانیاری كۆبكەرەوە، دەربارەی ئەو بەشە، ئایا ئەگەر ساڵی یەكەم لە یەكەمەكان بووی دەچیەوە كوێ بۆ درێژەدان بە خوێندن ،چونكە هەندێك بەش لە كۆلێژەكان لە ساڵی یەكەم ئەگەر لە یەكەمەكان بووی دەتوانی بچیە كۆلیژی نمرە بەرزتر بۆ درێژە پێدان بەخوێندن .

٦- ئەگەر ناوت لە پەیمانگایەك هاتۆتەوە، هەوڵبدە هەردوو ساڵەكەی لە یەكەمەكان بیت، بۆ ئەوەی دواتر درێژە بە خوێندن بدەی لە یەکێک لە كۆلێژە پەیوەندیدارەکان بەو پسپۆریەی پەیمانگاکە.

٧- دوای  خۆ یەكلایی كردنەو لە بەشەكەت، لەنێوان مانەوە، یاخود دابەزین (تنازل) بۆ بەشێكی خوازراوی خۆت، هەوڵ بدە یەکێک بیت لە یەكەمەكان، بۆ ئەوەی كاتێک کە  خوێندنەكەت تەواو دەكەیت هەلی دامەزراندن و  چانسی خوێندنی باڵات مسۆگەر بكەی.

٨- ئەگەر ناوت لە خوێندنی (پارالل) گەڕاوەتەوە، ئەوە بپرسە بزانە كرێی خوێندنی ئەوساڵ و ساڵانی داهاتووی چەندە ،وە ئایا چەند دەتوانیت دڵنیایی ڕێژەیی دابنێی بۆخۆت و پارەی دیاریكراوی بۆ دابین بكەی.

٩- ئەگەر ناوت لەدەرەوەی شار و شارۆچكەکەی خۆت هاتۆتەوە، پێویستە ئەوساڵ خوێندنەكە لەوێ تەواو بكەی، بۆ ساڵی داهاتووش بە چەند مەرجێك كە لە ڕێنماییەكانی وەزارەت دا هاتوە  دەتوانی داواکاری گواستنەوە بكەی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆت، بەمەرجێك ئەو بەشەی كۆلێژو پەیمانگایە هەبێت لەوشارەی خۆت.

١٠- هەوڵ بدە مامەڵەی وەرگرتن لەو چەند ڕۆژەی كە دیاریكراوە تەواو بكەی، لەگەڵ دابینکردنی پێداویستیەكانی
خۆتۆماركردن، كە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازیان هەیە .

١١- ئەوانەی بەهەڵە فۆڕمی پێشكەشكردنیان پڕكردۆتەوەو ناویان نەهاتیتەوە، نمرەكەشیان لە (٦٠.١٤) بەسەرەوەیە، چاوەڕوانی ناوەكانیان بن ، وابڕیارە لەچەند ڕۆژی داهاتوو ناوەكانیان بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەرگرفتێکی تربوو، پێویستە سەردانی یەکێک لەتۆماری زانکۆکان بکەی و داوای ڕوونکردنەوەو چارەسەری کێشەکەیان لێبکەی.

١٢- ئەوانەی نمرەكەیان لە (٦٠.١٤) كەمترە، یاخود دوەم ساڵە فۆڕمی زانكۆلاین پڕدەكەنەوەو ناوتان نەهاتۆتەوە، ئەگەر توانای داراییتان هەبێت ، دەتوانن فۆڕمی پێشكەشكردن پێشكەشی زانكۆو پەیمانگایەكی ناحوكومی (ئەهلی) بكەن.

١٣- ئەوانەی یەكەم ساڵە فۆڕمی زانكۆلاین پێشكەش دەكەن و ناویان دەرنەچوەو توانای دارایی زانكۆو پەیمانگای ناحوكومیەكانیان (ئەهلیەكانیان) نییە ،چانسی ئەوەیان هەیە ساڵێكی تریش فۆڕمی زانكۆلاین پێشكەش بكەن.

١٤- ئەوانەی ناویان دەرنەچوە و توانای دارایی زانكۆو پەیمانگا ناحوكومیەكانیشیان نییە، ئەوا خەم مەخۆن، دەكرێت خۆیان لە بوارێكی تری فیكری و ڕۆشنبیری و پیشەیی پێبگەیەنن، كە دواتر خۆیان بسەلمێنن و هەلی كارێكی ئازاد بەدەست بهێنن ، بۆ زانینیشتان بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی كەوا داهێنەری بەناو بانگن و مرۆڤایەتی شانازیان پێوەدەكات ، دەرچووی هیچ یەکێک لە زانكۆو پەیمانگاكان نین .

۱٥.ئەوپەری هەوڵدان و کۆشش کردن و توانات خەرج بکەو کەسێکی جیاوازبەو، داهێنان بکە لەو پسپۆریەی کەناوت لێی هاتیتەوە.

نوێترین نوسینەکانی سەعدی مستەفا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌