توركیا و ئەردۆگان بە ناچاری چۆك دادەدەن لەبەردەم فشارەكانی ئەمریكادا !

وتار/ 10/10/2018 719 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

توركیا و ئەردۆگان بە ناچاری چۆك دادەدەن لەبەردەم فشارەكانی ئەمریكادا !
===============================
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
كێشە و ناكۆكیەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی 2003 و پێش 15 ساڵ بەهۆی ڕێگەنەدانی توركیا بە سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ هاتنە ناوەوەی عێراق لە ڕێگەی خاكی توركیاوە.. ئیدی لەو ساتەوە و ساڵ بەساڵ پەیوەندیەكانیان بەرەو خاوبونەوە و كاڵبونەوە و ساردوسڕی دەچوو، لە ماوەی ئەو 15 ساڵەدا چەندین خاڵی ناكۆكی تریش سەریانهەڵدا و هەموانیان پێكەوە بونە هۆی ئەوەی كە لە ئێستادا  پەیوەندیەكانی هەردوولا  لەو پەڕی خراپیدا بن و هەردوولاش لەسەر زاری وەزیر و سەرۆكەكانیانەوە هەڕەشەی گەمارۆ و سزادانی ئەویتر دەكات و بەكرادارەكیش ئەمریكا فشاری زۆری سیاسی و ئابوری و سەربازی خستۆتە سەر توركیا و كاریگەریەكانیشی لەئێستادا بۆ هەموان ڕوون و ئاشكران.لەو كێشە و گرفت و خاڵە ناكۆكیانەی نێوان توركیا و ئەمریكا بریتین لە:
كێشەی گروپی خزمەتی فەتحوڵا گویلەن و مانەوەی گویلەن لە ئەمریكا و ڕادەستنەكردنەوەی بە توركیا.
كێشەی دادگایكردنی پاسەوانە تایبەتەكانی ئەردۆگان لەلایەن ئەمریكاوە.
كێشەی پشتیوانی توركیا لە گروپە تیرۆریستیەكانی سوریا و عێراق و دەستوەردانێتی لە كێشەی ئەو دوو وڵاتە بە پێچەوانەی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاوە.
كێشەی وڵاتی قەتەر لەگەڵ سعودیە و ئەوانی تر و پشتیوانی توركیا بۆ قەتەریەكان.
كێشەی دامەزراندن و بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی توركیا لەگەڵ هەریەكە لە ڕوسیا و ئێران و دژی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا.
كێشەی پشتیوانیكردنی توركیا بە ئاشكرا و بەنهێنی لە گروپە تیرۆریستەكان.
پابەندنەبوونی توركیا بە گەرمارۆ ئابوریەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و بەردەوامبونی لەسەر كڕینی نەوتی ئێرانی.
كێشەی توركیا لەگەڵ ئەوروپیەكان و مەسەلەی بون بە ئەندام بونی لە یەكێتی ئەوروپادا.
كێشەی قەتیسكردنی دیموكراسی و ئازادیەكان لە ناوخۆی توركیادا و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی و هەوڵدانی بۆ تاكڕەوی و بچووككردنەوەی هێز و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان.
كێشەی هەرە سەرەكی توركیاش لەگەڵ دونیای دیموكراسی و ئەوروپی و ئەمریكاشدا بریتیە لە كێشەی كورد و پێشێلكردنی مافە نەتەوەییەكان و ناوزڕاندنیان بە تیرۆریست.
كێشەی بانكە توركیەكان بە هاوكاریكردنی بانكەكانی ئێران لەمەسەلەی ئاڵوگۆڕی دراودا.
دواهەمینیشیان كێشەی كڕینی سیستەمی بەرگری موشەكی s400 لە ڕوسیا لەلایەن توركیاوە.
بەم شێوەیە ئەم كۆمەڵە كێشە و گرفتە لەسەر ئاگرێكی هێواش گەشاونەتەوە و گڕیان گرتوە و خەریكە دەست و قاچی ئەردۆگان و توركیای پێوە دەسوتێت،بەڵام ئەوەی بوە هۆكاری هەڵایسانی فشار و شەڕە قسە و تۆمەتباركردنی یەكتری بە ئاشكرا ،دەستگیركردنی قەشەیەكی ئینجیلی ئەمریكی بەناو ((ئەندرۆ بڕۆنسۆن))ی تەمەن 50 ساڵەیی بوو لە كۆتایی ساڵی 2016 دا كە 23 ساڵە لەتوركیا و لەشاری ئیزمیر دەژی و سەرۆكایەتی كەنیسەیەكی بچوك دەكات كە تەنها 25 كەسی باوەڕدار دوای كەوتوون.بەتۆمەتی هاوكاریكردنی گروپی خزمەتی فەتوحوڵا گویلەن و ڕاوەستانی لە پشت كودەتا سەرنەكوتوەكەی ساڵی 2016وە ودواتریش دادگایكردنی بەتۆمەتی تیرۆر و پشتیوانی لە PKK. دادگای توركیا لەدانیشتنی سێیەمیدا ولە  18/7/2017دا زیندانیكردنەكەی درێژكردەوە سەرەڕای داواكردنی ئەمریكا بە ئازادكردنی بەڵام تەنها لەبەر خراپی باری تەندروستی خستیانە ژێر دەستبەسەری زۆرە ملێ‌ لەماڵەكەی خۆیدا.
لە ئێستادا وابڕیارە كە دانیشتنی چوارهەمی دادگا لە 12/10/2018دا بەڕێوەبچێت و زۆریش لە ئەگەرەكان بۆ ئەوە دەچن كە دادگا بڕیاری ئازادكردنی ئەو قەشەیە بدات كە سەرزارەكی و بە ئاشكرا بۆتە هۆی نانەوەی ئەو كێشە و گرفتە گەورەیە لەنێوان توركیا و ئەمریكای بەناو هاوپەیمانی ستراتیژی لەدوای جەنگی دووەهەمی جیهانیەوە و بەهۆی بونی هەردوولا وەك ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆی سەربازیدا بە ڕابەرایەتی ئەمریكا.توركیایەكێكە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی كە گەورەترین هەڵگیراوی چەكی ئەتۆمی ئەمریكای تیادایە .
ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر كردنە ئەوەیە كە سیاسەتی ئەمریكا و ئیدارەی سەرۆك ترامپ زۆر بەجدی گەرەكیانە لە پێگە و نفوزی توركیا بدەن لەناوچەكەدا و بچوكی بكەنەوە و بیكەنە وڵاتێكی بێ‌ مەترسی،چونكە زۆر باش دەزانن كە سیاسەتەكانی ئەردۆگان بەپێچەوانەی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانێتی لە ناوچەكەدا بەتایبەتی عەرەبەكانی كەنداو و میسر و ئیسڕائیل و تەنانەت عێراقیش.بۆیە پێدەچێت هەنگاو و سیاسەتە هەڵەو تاكتیكیەكانی ئەردۆگان سەری خۆی و توركیای یەكگرتوش بخوات ،بەوەی قومار بەبەرژەوەندیەكانی لەگەڵ ئەمریكادا دەكات بە پتەوكردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا.بۆیە ئەمریكا و ترامپ گەرەكیانە بەهۆی كێشەی قەشە بڕۆنسنەوە هەموو كێشەكانیان لەگەڵ توركیادا یەكلا بكەنەوەو پاكتاوی حساباتی خۆیانی لەگەڵدا بكەن،ئەوەش لە ڕێگەی :
سەپاندنی گەمارۆی سیاسی و ئابوری و سەربازی بەسەر توركیادا.
گوشارخستنە سەر توركیا لەڕێگەی سیاسەتێكی دارایی و نەختینەییەوە كە زیانی گەورە بەتوركیا بگات و بەپراكتیكیش بۆتە هۆی ئەوەی كە نرخی لیرەی توركی لە مێژووی خۆیدا و بۆ یەكەم جار 27% نرخەكەی داببەزێت و 1 دۆلار بەرامبەر 5-6 لیرە بوەستێتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی هەڵاوسان و گرانی نرخ و ڕاوەستاندنی زۆرێك لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژیەكان.
پێنەدان و دواخستنی  فڕۆكەی F35ی ئەمریكی بە توركیا.
سەپاندنی سزای دارایی و ئابوری بەسەر هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی توركیادا.
زیادكردنی تەعریفەی گومركی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ سەر هەریەكە لە ئاسن بەڕێژەی 50% و ئەلەمنیۆم بەڕێژەی 20%ی توركیاكە ئەمەش زیانی گەورە دەدات لە توركیا و داهاتەكانی.
بەم شێوەیە ئەمریكا توانیویەتی كە ئابوری توركیا لاواز و پەك بخات و هێواش هێواش چۆكی پێ دابدات،سەرەڕای ململانێ‌ و بەرگریەكانی توركیا،بەوەی كە توركیا وادەبینێت كە ئەم سیاسەت و گەرمارۆیانەی ئەمریكا كاتین،و ئەمریكا ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت چونكە توركیا وادەبینێت كە :
پێگەی ئەمریكا لاوازبوە لەسەر ئاستی دونیا و ناوچەكە بەهۆی زیادبوونی بڕی قەرزە دەرەكیەكانی.
دابەزین و كەمبونەوەی مامەڵەی بازرگانیە نێودەوڵەتیەكان بە دۆلاری ئەمریكی.
كەمبونەوەی پشكی ئەمریكا لە ئابوری جیهاندا.
بەڵام ئەوەی كە چاودێران و شارەزایانی ئابوری بۆی دەچن ئەوەیە كە توركیا ناتوانێت تاسەر و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك بەرەنگاری ئەم هەموو فشار و گوشارە سیاسی و ئابوری و ئەمنیانەی ئەمریكا ببێتەوە و لەكۆتاییدا بەناچاری لەبەردەم ئەمریكادا چۆك دادەدات و ڕازی دەبێت بە ئازادكردنی قەشە ئەمریكیەكە وەك مەرجی یەكەمی سەرۆك ترامپ و ئەمریكا و دواتریش جێبەجێكردنی هەموو مەرجەكانی تری ئەمریكا لە سوریا و عێراق و ناوچەكەشدا بەبەرژەوەندی خۆی و وایلێدەكات كە پشتبكاتە ڕوسیا و ئێران و جارێكی تر ببێتەوە پاسەوانی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی لاوازتر لەجاران .ئەمەش دوای ڕێكەوتی 4/11 دێت كە گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بە فەرمی پێدەنێتە واری جێبەجێكردنەوە و دەیسەپێنێتە سەر وڵاتانی جیهان و كۆمپانیا ئابوریەكان كە پابەندبن پێوەی.بۆیە زۆر نزیكە لەدانیشتنی كۆتایی دادگای توركیادا لە 12/10دا قەشە ئەمریكیەكە ئازادبكرێت و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەك بۆ ڕەواندنەوە و تواندنەوەی بەستەڵەكی پەیوەندیەكانی نێوان ئەمریكا و توركیاو جارێكی تریش ئەمریكا بەبەهێزی  لە ناوچەی جێگە نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوەستێتەوە و بەرگریش لە بەرژەوەندی و دۆستەكانیش دەكات دژ بەهەر هەڕەشە و گوڕەشەیەكی دەرەكی چ لە ئێرانەوە بێت یان لە توركیاوە،هەردوولاش توركیا و ئێران باش دەزانن كە ئەم هەموو شەڕ و گوشارانەی ئەمریكا بۆ سەریان بە سەروەت و سامانی وڵاتانی عەرەبی كەنداو جێبەجێدەكرێت و ئایندەی دەسەڵات و پێگەی ئەمریكاشی پێدەپارێزرێت،بەڵام بەناچاریش دەبێت ملبدەن و چۆك دابدەن لەبەردەم هەژموون و شەپۆلی ڕاماڵێنەر و ڕووخێنەر و نغرۆكەری ئەمریكادا وەك زلهێزێكی دونیا.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌