مارك تۆنه‌ر و كورد

وتار/ 14/10/2016 921 جار بینراوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

مارك تۆنه‌ر و كورد
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج


چه‌ند ساڵێكه‌ كورد هه‌موو شتێ‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ خۆی‌ ڕازی‌ بكات ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ زه‌ره‌رو زیانی‌ زۆری‌ به‌ركه‌وتوه‌ ، هه‌ر جار ئه‌مه‌ریكیه‌كی‌ به‌رپرس لێدوانێك ده‌دات كورد به‌ تامه‌زرۆیه‌وه‌ سه‌یری‌ ده‌كات ، تۆ بڵێی‌ ئێستا نا كه‌مێ‌ تر وه‌لاَمی‌ ئه‌و چاكانه‌ی‌ كورد بده‌نه‌وه‌ ، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورد قوربانی‌ زۆری‌ بۆ ئه‌وه‌داوه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ خۆی‌ ڕازی‌ بكات ، ئه‌مه‌ریكیه‌كانیش له‌ هه‌ندێ‌ قۆناغدا درێغیان نه‌كردوه‌ له‌ هاوكاری‌ كوردو داویانه‌ته‌وه‌ چاویشماندا ، ئه‌وه‌ی‌ هنری‌ كیسنجه‌ر باسی‌ ده‌كات له‌ هاوكاری‌ مادی‌ و چه‌ك و چۆڵ بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ چه‌كداری‌  ئه‌یلول ، به‌شێكه‌ له‌و دانه‌ چاوه‌دا، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ نێو كۆنگرێس و سیاسیه‌كانی‌ ئه‌مه‌ركادا مشت و مڕی‌ زۆر له‌ باره‌ی‌ كورده‌وه‌ كراوه‌ ، نمونه‌ی‌ گفت و گۆكانی‌ دوای‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالی‌ 1988 و دوای‌ راپه‌ڕین و كۆڕه‌وه‌كه‌ی‌ 1991 .
راستیه‌ك هه‌یه‌ ناكرێ‌ نادیده‌ بكرێت ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كورد به‌ درێژای‌ بوونی‌ تیرۆریست نه‌بووه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر تیرۆریست با ده‌بوایه‌ ئێستا خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و تاج و ته‌خت با ، ئه‌گه‌ر كورد له‌ مێژوودا چوار شای‌ ئێران و سوڵتانی‌ عوسمانی‌ كوشتبا دومێك بوو ده‌وڵه‌تی‌ هه‌بوو، تیرۆریست نه‌بوو ، بۆیه‌ نه‌بووبه‌ هیچ ، كاتێ‌ مارك تۆنه‌ری‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا جارێكی‌ تر په‌كه‌كه‌ به‌ تیرۆریست ناوده‌بات ، به‌ر له‌ هه‌ر شت ئه‌و دڵی‌ ده‌یان ملیۆن كورد ده‌شكێنێ‌ و پێچه‌وانه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكیش قسه‌ ده‌كات ، سیاسه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ئێستا جیاوازتره‌ له‌وه‌ی‌ جاران له‌به‌ر خاتری‌ توركیا په‌كه‌كه‌ی‌ به‌ تیرۆریست ده‌زانی‌ و نه‌یده‌ویست راستیه‌كان ببینێ‌ .
تۆنه‌ر په‌كه‌كه‌ به‌  تیرۆریست ده‌زانێت له‌ كاتێكا په‌كه‌كه‌ گه‌وره‌ ترین حزبی‌ سیاسی‌ كوردستانه‌وله‌ به‌رانبه‌ر تیرۆری‌ ده‌وڵه‌تیدا به‌ ناچاری‌ په‌نای‌ بردووه‌ته‌ به‌ر چه‌ك و شاخه‌كان ،  ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دوایدا ده‌یان پڕۆژه‌ی‌ بۆ ئاشتی‌ و دیموكراتی‌ گه‌لان پێشكه‌ش كردوه‌و ، سه‌رۆكه‌كه‌یشی‌ له‌ زیندانی‌ ئیمرالی‌ به‌رده‌وام بانگی‌ ئاشتی‌ و دیموكراتی‌ داوه‌ ، مارك تۆنه‌ر له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێت تیرۆریست با ئه‌رك بكێشێ‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ر گروپ و ناوه‌ندێكی‌ ئه‌مه‌ریكیدا راپرسیه‌ك له‌ باره‌ی‌ په‌كه‌كه‌وه‌ بكات له‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ ئایه‌ تیرۆریسته‌ یان نا و ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ بلاَو بكاته‌وه‌ ، با دور له‌ سۆزی‌ سیاسی‌ و گه‌مه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ گه‌ڵ توركیا به‌ وه‌زاره‌تی‌ دادی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ بڵێ‌ پێوه‌ره‌كانی‌ تیرۆریست بوونی‌ په‌كه‌كه‌ چین ، نه‌ك له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا چاو له‌ تیرۆری‌ ده‌وڵه‌تی‌ بپۆشێ‌ و باسی‌ تیرۆری‌ په‌كه‌كه‌ بكات .
تۆنه‌ر ده‌ڵێت توركیا مافی‌ خۆیه‌تی‌ داكۆكی‌ له‌ هاولاَتیه‌كانی‌ بكات ، ئه‌ی‌ كێ‌ داكۆكی‌ له‌ كوردی‌ باكوری‌ كوردستان " توركیا " بكات ، ما ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌نه‌بێت به‌ نوێژی‌ نیوه‌ڕۆ ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان زینده‌ چاڵیان ناكه‌ن ، بۆ تۆنه‌ر باشتر بوو دیبلۆماسی‌ تر قسه‌ بكات و داوای‌ پاكێجه‌كانی‌ دیموكراسی‌ گه‌لان له‌ توركیا بكات ، نه‌ك بۆ خاتری‌ توركیا ملیۆنان كورد بریندار بكات .
مارك تۆنه‌ر زۆر باش ده‌زانێ‌ په‌كه‌كه‌ تیرۆریست نین ، ئه‌وه‌ش ده‌زانێ‌ كه‌ سوڵتان ئه‌ردۆغان خه‌یاڵێكی‌ شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی‌ تاریك له‌ مێشكیدایه‌ ، به‌لاَم هێشتا بۆ توركیای‌ پان ده‌كاته‌وه‌ ، له‌ كاتێكا ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵه‌ كورد له‌ چوار چێوه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكاو توركیا و ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌دان ، بوونی‌ تیرۆری‌ ده‌وڵه‌تی‌ له‌ توركیا به‌ هۆی‌ نه‌بوونی‌ دیموكراسیه‌تی‌ هه‌قیقیه‌وه‌یه‌ كه‌ دیموكراسی‌ راستی‌ هاته‌ دی‌ ، نه‌كورد ناچاری‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت په‌نا به‌رێته‌ به‌ر شاخه‌كان ، نه‌تورك ناچاری‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌ سه‌ر باز خاك و خه‌ڵكی‌ كوردستان بسوتێنێ‌ .




 
 

نوێترین نوسینەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌