هەموو شتێك لەپێناو مانەوەدا

وتار/ 01/10/2018 736 جار بینراوە

مه‌عروف مه‌جید

هەموو شتێك لەپێناو مانەوەدا
مەعروف مەجید
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان وەكو هێزێكی ئیسلامی سیاسی هەڵقوڵاوی ناخی جەماوەر، لەسەرجەم پرۆسەكانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەرێم و ناوەند ، بەبێ‌ سڵەمینەوە بە باوەر بون بە خۆی و جەماوەرەكەی بێ‌ دودڵی و بەشداری كردووە.
ئەوەی وای كردووە كۆمەڵ نەترسێت و متمانەی بەخۆی هەبێ‌ دەنگی راستەقینەی خۆی بووە دوور لە ساختەكاری ، وەكو حزبەكانی تری دەسەڵات نەبووە كە پێش بانگەشەكان دەست بكات بە كرینی خەڵك و تەخشان و پەخشانكردنی سەروەرت و سامانی وڵات بۆ بەرژەوەندی حزبی و كەسێتی . تەنانەت وای لێهاتووە پرۆژەكانی حكومەتیش چوار ساڵ رادەگیرێت و بە چەند مانگێك پێش هەڵبژاردن هەر رۆژەو بەناوێك ئەنجام دەدرێن .
بە گەواهی دۆست و نەیارەكانی دەنگهێنانی كۆمەڵی ئیسلامی بەرهەمی ماندوو بون و هەڵویستە نەگۆرەكانی كۆمەڵ بووە كە ئەو كاتانەی لە دەسەڵات، یان لە ئۆپۆزسیۆن دابوو بێت ، بۆ هیچ ساتێكیش ئامادە نەبووە پشت لە جەماوەرەكەی خۆی بكات، ئەگەر نا بۆ پاشگەزبونەوە لە هەڵویستەكانی دەیتوانی وەكو خەڵكانی تر سامانێكی زۆر بە دەستبهێنێت هەم بۆ حزب و هەم بۆ ئەندامەكانی لە ناو حكومەت و پەرلەمان و ئیدارە خۆجێییەكان.
یەكێك لەو كارانەی كە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەسەرجەم هەڵبژاردنەكاندا شانازی پێوە دەكات، نەبونی ساختەكارییە لە بەدەستهێنانی دەنگەكانیەتی لە هەڵبژاردنەكاندا ، سەرەرای ئەوەی مەترسی كەم بونەوەی دەنگەكانیشی هەبوبێت، لەبەر ئەوەی كۆمەڵ پێی وابووە بە دەستهێنانی كورسییەك بە دەنگی راستەقینەی خۆی لە دەیان كورسی تەزویر باشتر و گرنگترە.
لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول و هەڵبژاردنەكانی پێشووش ئەگەر بەوردی تەماشای ئەنجامەكان بكەین، پارتی و یەكێتی هەر یەكەیان لە زۆنی خۆیان بە ساختەكاری و قۆرخكردن و ترس و هەرەشەكردن و پێدانی ئیمتیازاتی خەیاڵی بە ئەندامانی خۆیان‌و بەشێك لە ئەندامانی حزبەكانی دیكە، وایان كردووە زۆرترین دەنگ بە دەستبهێنن، ئەگەر نا هەر یەكەیان لە زۆنی بەرانبەر هێندەی دەنگی لایەنەكانی دیكە بگرە كەمتریش دەهێنن، كەواتە ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێ‌ پارتی و یەكێتی حزبێكی ناوچەیین و بەهۆی پارە و سامان و قۆرخكردنی پۆستە حكومییەكان لە ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەتوانن بمێننەوە، ئەگەر نا هیچ كات لەسەر ئاستی هەرێم بەگشتیی ئەو دەنگانە بە دەستناهێننەوە . وەك چۆن لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا بە تەزویری ئەلكترۆنیی نەخشەی سیاسییان گۆڕی‌و دەنگی ڕاستەقینەی جەماوەریان ساختە كرد، بەو هۆیەوە دەنگی كۆمەڵی ئیسلامی‌و پشتیوانیی جەماوەر بۆ ئەم لایەنە، بە دیوە ڕاستەقینەكەیدا دەرنەكەوت.
هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول ئەو راستییەی بۆ كۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامەكانی دووپات كردەوە كە سەرەرای هەرەشە و سزادانی ئەندامەكانی و ترس و تۆقاندن كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان حزبێكی كوردستانییە و لەسەر بیروباروەری رەسەنی ئیسلامی كوردی بەردەوامیی بە پڕۆژەی سیاسیی خۆی دەدات و بووەتە جێگای متمانەی هاوڵاتیانی كوردستان و هیچ كات بۆ مانەوەی خۆی‌و بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ساختە، پەنا ناباتەبەر هێنانی هێزی بێگانە و دژە كورد، وەك ئەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی ئێستا دەیكەن.
هەوڵ دان بۆمانەوە لە دەسەڵات بە هەر جۆرێك بێت، رێك دووبارەكردنەوەی هەمان سیاسەتی سەدام حسێن سەرۆكی لەناوچووی عیراقە كە دەیوت هەموو شتێك دەكەین لەپێناو مانەوەو سەركەوتندا.

نوێترین نوسینەکانی مه‌عروف مه‌جید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌