چەند سەرنجێک دەربارەی سیستەمی زانكۆلاین

وتار/ 08/09/2018 1374 جار بینراوە

سەعدی مستەفا

چەند سەرنجێک دەربارەی سیستەمی زانكۆلاین
ئەندازیارو چالاکوان: سعدی مصطفی عبدالرحمن
   وەرگرتنی قوتابی و خوێنکاری دەرچووی پۆلی (١٢) ی ئامادەیی لە زانكۆو پەیمانگا حكومیەكان بەڕێگای ئەلیكتڕۆنی چەند ساڵێكە كاری پێدەكرێت، كە لەبنەڕەتدا كارێكی باش و مۆدێرنانەیە،  بەڵام پێویستە بەردەوام داهێنان و نوێكاری لە سیستەمەكەدا بكرێت بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی و سوودی قوتابیان و خوێندكاران تەواو بێت ، بەڵام بەداخەوە ، دەبێت ئەو پەندە كوردیە بڵێینەوە کە دەڵێت: ( ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار) ، بۆیە لە ڕوانگەی هەست كردنمان بە بەرپرسیاریەتی و بە هیوای چاككردن و بەرەو پێشچوونی سیستەمەكە، ئەو چەند تێبینیەی خوارەوە دەخەمە ڕوو لەسەر سیستەمەكە:

١-هەر لەسەرەتای وەرگرتنەوەی دەرەنجامی خولی یەكەمی قوتابیان ئەوەبڵاوكرایەوە كەوا (٧٠٪) كورسی خوێندنی ئەمساڵ لە زانكۆو پەیمانگاكان تەرخانکراوە بۆ قوتابیان و خوێندکارانی قۆناغی دەرچووی خولی یەكەم،
وە لە (٣٠٪) بۆ خولی دووەمە ، كە ئەمەش قوتابیانی خولی دووەمی تووشی دڵەڕاوكێ كرد ، بۆیەپێویستە ئەم بڕیارە پێداچوونەوەی  زانستیانەی بۆ بكرێتەوە.

٢-لە بەرنامەی وەزارەتە بۆ ئەم ساڵی خوێندنی پۆلی(۱۲) ی ئامادەیی،  هەر قوتابیەك لە خولی یەكەم دەرنەچێت بۆی نەبێت خولی دووەم تاقی كرنەوە بكات و بچێتە ناو سیستەمی زانكۆلاین و وەربگیرێت لە زانكۆو پەیمانگاكان، بەڵكو دەبێت ئەو ساڵە دابنیشێتەوە ،كە ئەمەش ستەمێكی گەورەترە لە قوتابیان و خوێندكاران دەكرێت، چونکە ئەگەر قوتابی بەهەر هۆکارێک بێت نەیتوانی لە وانەیەك یاخود چەند وانەیەک تاقیکردنەوە ئەنجام بدات،ئەوا چۆن دەبێت بێبەش بێت لە وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئەگەر هاتوو لە تاقیکردنەوەش دەرچوو بێت

‌‌‌۳-جێبەجێکردنی سیستەمی پارالێل، کەلەو سیستەمەدا خوێنکارو قوتابی بەپارە دەخوێنێت لەبەرامبەر داشکانی جەند نمرەیەک، لە هەمان کات و شوێنی ئەو قوتابیانەی کە لەبەیانیان بەبێ پارە دەخوێنێت ،بۆ ئەمساڵیش ڕێژەی وەرگرتن یاخود کورسی تەرخانکراولە زانکۆو پەیماگاکان بۆ هەندێك بەش دەگاتە (٥۰ ٪)ی کورسی بەشەکە، کە ئەوەش ڕێژەیەکی زۆرەو زانکۆو پەیمانگا حکومیەکانیش لەڕێڕەوی خۆیان وەکو ئەهلیەکان لێدەکات،  وێرای دیارنەبونی ڕسوماتی خوێندن کە تا ئێستا بڵاویان نەکردۆتەوە و بە نادیاری ماوەتەوە.

‌‌‌٤- دەبوایە وەکو ساڵانی پێشوو ڕێبەری زانکۆو پەیمانگاکان بەدیاری پێشکەشی قوتابیان و خوێندکاران کرابایە، ئەگەر نا بە شێوازێك لە پەیچی سەرەکی زانکۆلاین داندرابایە بە یەك پاکێج نەك بە چەند بەشێك وەکو ئێستا هەیە، کە فێرخوازەکە سەری لێدەشێوێت .

٥-دەبوایە وەکو ساڵانی پێشوو ڤیدیۆی فێرکاری تایبەت بە چۆنیەتی پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین لە پەرەی سەرەکی زانکۆلاین داندرابایە بۆ ئەوەی قوتابی و خوێندنکار سودی لێوەرگرتبایە.

‌٦- سەبارەت بەو کۆلیژانەی کە تاقیکردنەوەی پێشەکی بە مەرجی پێشوەختەی بۆ وەرگرتنی قوتابی و خوێندکار دانایە،
دەبوایە کاتی تاقیکردنەوەو چاوپێکەوتنەکە لە ئێستادا بکرایە،چونکە زۆربەی قوتابیان بەوە نازانن کە ئەو کۆلێژانە دەبێت پێشتر سەردانیان بکرێن و تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجام بدەی ئەوجا دەتوانی لە سیستەمەکە  کۆلیژەکە هەڵبژێری و مافی وەرگرتنت هەبێت، بۆیە بەشێکی زۆری قوتابیان و خوێندکاران لەو بەش و کۆلیژانە بێبەش دەبن.

۷-دەبوایە وەکو ساڵانی پێشوو چەند ناوەندێکی هۆشیاری سەر بە وەزارەت لە شارو شارۆچکەکان کرابایەوە ، بۆ یارمەتیدانی قوتابیان بۆ پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین و چارەسەرکردنی کێشەی سیستەمەکە، کە لە غیابی ئەو ناوەندانە دەیان سەنتەرو ڕێکخراوو شوێنی وا دروست بوون، کەهەندێکیان بەداخەوە تەنها وەکو کاسبی فۆڕم پڕدەکەنەوە بەبێ ئەوەی کەسی شارەزایان هەبێت بۆ چۆنیەتی دانانی باشترین ڕیزبەندی زانکۆو پەیمانگاکان.

٨. چەند ڕۆژێکە تاقیکردنەوەکانی قوتابیان و خوێنکارانی خولی دووەم تەواو بوە،  قوتابی و خوێنکار نازانێت ئەنجامەکەی چۆن دەبێت ، جا چۆن دەبێت ئێستا قوتابی و خوێندکاری خولی دووەم فۆرم پڕبکاتەوە، ئەوەلەکاتێکدایە کە بۆ هەریەک لە بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان مەرجی تاییبەتی ڕێژەی  نمرە هەیە بۆ وەرگرتنی قوتابی و خوێنکاران، یاخود ئەگەر فێرخوازەکە لە تاقیکردنەوەکە دەرنەچوو  وەئەمساڵ مایەوە، ئەوە چۆن دەبێت زانکۆلاین پڕبکاتەوە.

۹.پێویستە ڕێکخراوە قوتابی و خۆێندکاریەکان و لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمان و  میدیاو  چالاکوانانی رێکخراوکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو کەم و کوڕیانە بێنە دەنگ و بۆئەوەی دواڕۆژی قوتابی و خوێنکار بەهەدەر نەچێت ،وە لێرەوەش داوا لە وەزاڕەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکەم بەزووترین کات بێتە سەر خەت و چارەسەرکردنی بە پەلەی ئەو کێشانەی ئەو سیستەمە بکەن ، چیتر قوتابی وخوێنکار  نەکرێتە قوربانی‌‌ هەڵەو کەم و کوڕیەکانی سیستەم .

نوێترین نوسینەکانی سەعدی مستەفا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌