ئایندەی حوكمڕانی لە عێراقدا بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا هەنگاو دەنێت !!!
وتار/
06/09/2018
520 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
ئایندەی حوكمڕانی لە عێراقدا بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا هەنگاو
دەنێت !!!
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت لە پەرتوبڵاوی نێو ماڵەكانی
شیعە و سونە و كورد و ئەوانی تریش وهەبونی ململانێی توندی ناڕەوا لەسەر پۆست و پلە
و ئیمتیازاتەكان ونەگونجان و لێكنزیك نەبونەوەی لایەن و سەركردە سیاسیەكان و پیادەكردنی
سیاسەتی ڕق و كین دژی یەكتری و هەوڵدان بۆ تێكشكاندنی دۆست و یار و نەیارەكان پێكەوە
تەنها لەپێناو سەركەوتنی خوددا،هەوڵی پەراوێزخستن و كەنارگیركردنی یەكتری و
دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی و دەسەڵات و كاركردن بۆ بچوككردنەوەی یەكدی ،هەموو
ئەم هەنگاو و نیەت و كردارانە دەچنە چوارچێوەی دوژمنایەتی ڕاستەقینە و ئاشكراشە هەموو
دوژمنایەتیەكی ناڕەوا هەمیشە دۆڕاندن و شكست و كارەساتیشی بۆ هەموان لێدەكەوێتەوە.
ئەوەی ئێستا لە ناو صاڵۆن و ڕاڕەوەكانی سیاسی لە عێراق و
بەغدادا دەیبینین و هەستی پێدەكەین لە هەوڵدان بۆ پێكەوەنانی گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی
كە زۆرترین ژمارەی ئەندام پەڕلەمان لەخۆبگرێت و كڕینی ویژدان و هەڵوێستی هەندێك و
بەڵێندانی ناڕاست بەهەندێك و فریودان و ساختەكاریش لە واژۆكانیان و زۆر كار و هەنگاوی
ناڕەوای تر، هەموو ئەمانە یەك ڕاستیمان پیشان دەدەن كە بریتیە لەوەی كە زۆربەی سیاسیەكانی
عێراق تەنها لەخەمی حیزب و سەركردە و بنەماڵەكانیاندان نەك نەتەوە و نیشتیمان،لەخەمی
بەدەستهێنانی سەروەت و سامان و پلە و پۆست و ئیمتیازاتدان نەك گێڕانەوەی شكۆ و سەروەری
عێراق و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان، تەنها ئەوەی
لێدەخوێنرێتەوە كە ئایندەی حوكمڕانی لە عێراقدا بەرەو هەڵدێر و بە ئاڕاستەیەكی
نادروست و هەڵەدا هەنگاو دەنێت نەك بە ئاڕاستەی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان و پێشكەوتن
و ئاوەدانكردنەوە، هەنگاو بەرەو تاكڕەوی و قۆرخكاری و پاوانخوازی و گەندەڵی زیاتر
و نادادپەروەری زۆرتر دەنێت نەك ڕێزگرتن لە دەستور و یاساكان كە بڕوایان بە دیموكراسیەت
و پێكەوەیی سیاسی و سیستەمێكی پەڕلەمانی و فیدڕاڵی هەیە.
ئاشكراشە تاوان و لێپرسراوێتی هەموو ئەم هەنگاوە هەڵانە
لەئەستۆی شیعەی زۆرینەدان چونكە هۆكاری یەكەمن بۆ تێكدانی نێوماڵی عێراق بە گشتی و
بەتایبەتیش نێو ماڵی خۆیان،شیعەی زۆرینە مەزهەب لە عێراقدا لە ئێستادا كەس حەسودیان
پێنابات چونكە دابەشبونەتە سەر چەندین بەرەی ئێران و ئەمریكا و عەرەبی سونەی كەنداو
و تەنانەت توركیاش،ئەوان ئەوەندی لەنێوخۆیاندا تەفروتونابوون و لێكهەڵوەشاون و دڕدۆنگن
لەگەڵ یەكتردا هیچ كات بەم شێوەیە ناكۆك و ناتەبا نەبوون بەدرێژایی 15 ساڵی ڕابووردوو
،لانی كەم كێشە و ململانێكانیان دەرنەچووبوە دەرەوەی نێوماڵەكەی خۆیان بەڵام لە ئێستادا
بونەتە مایەی گاڵتەجاڕی دۆست و دوژمنەكانیان و لەماوەی ئەم 15 ساڵەی ڕابووردودا
ماهیەتی ڕاستەقینە و ڕووی ڕاستەقینەی پیلان و نیەتە خراپەكانی خۆیان نیشاندا و سەلماندیشیان
كە شیعەی عێراقی لە ئاست بەڕێوەبردنی دەوڵەتێكی وەك عێراقدا نین، ئەوان بەكار و
كردەوە و هەڵوێستە ناڕۆشن و شاراوە ودرۆزن و دووڕوەكانیان لەگەڵ سونەی عەرەب و
كوردیشدا هەردوولایان لەخۆیان دورخستۆتەوە وبەمەش عێراق و ئایندەكەیان خستۆتە بەر
مەترسی لێكهەڵوەشاندنەوەوە.
شیعەی عەرەب لە ئێستادا گەرەكێتی كە حكومەتێكی زۆرینەی شیعە
پێكبهێنێت و هەموو پێكهاتەكانی تر كە كاریگەرن و هاوبەشی ڕاستەقینەی بنیاتنانەوەی
عێراقی نوێ بوون تەریك بكەن و ڕۆڵ و كاریگەریان زیاتر بچوك بكەنەوە،ئەمەش بۆخۆی هەڵەیەكی
مێژوویی گەورەیە و بەدەستی خۆیان ئایندەی عێراق و ناو وناوباگی دەخەنە بەر مەترسی
لێكهەڵوەشان و ڕووبەڕووی گیروگرفتی زۆری دەكەنەوە كە هیچ پێویستی پێیان نیە.شیعەی
عەرەب بەتایبەتی بەبێ كورد دۆخی سیاسی و ئابوری زۆر خراپە و ناتوانێت عێراق بپارێزێت
و یەك و یەكگرتوویی خاك و گەلانیشی بپارێزێت.شیعە بەبێ بوونی هاوپەیمانی و دۆستایەتی
ڕاستەقینە لەگەڵ كوردا پشت و پەنایەكی گەورەی لێ دووردەكەوێتەوە،هەموو كات كورد زامنی پاراستن و یەك و یەكگرتوویی خاكی
عێراق بوە،هەركات كورد و شیعە لێك جودا بونەوە مانای جودابونەوەی كورد و بچوكبونەوەی
عێراق و لێكهەڵوەشانەوەیەتی.
بۆیە تەریككردنی كورد و بەشداریپێنەكردنی لە كوتلەكانیان((
كوتلەی سائیرون ونەصر و حیكمە و وەتەنیە و ئوسامە نوجەیفی و توركومان و..هتد كە
خاوەنی 177 ئەندامە))لەگەڵ كوتلەی(( دەوڵەتی یاسا و فەتح وئەوانی تردا كە 145 ئەندامن))
و بڕوانەهێنان بە داواكاری و پڕۆژە ڕەواكانی كورددا ئەوا هیچ كات عێراقی شیعە مەزهەب
ئۆگرەیی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بەخۆیەوە نابینێت، باشوور و ناوەڕاستی عێراق
كە لە ئێستادا لەهەموو ڕووەكانی سیاسی و ئابوری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیەوە ناگاتەوە
بەكوردستان،ئەوا بەبێ بوونی كورد لە سیستەمی حوكمڕانی عێراقدا ئەوەندەی تریش لەكەڵك
دەكەوێت و هێز و پێزی تیادا نامێنێت.بۆیە بۆ شیعەكان لە پێش كوردا بە قازانجە كە جێگە
و پێگەی سەنگین و شایستەی كورد بپارێزن و بەدەم داوا ڕەوا نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیەوە
بێن.
شیعەكان لەگەڵ سونەكانیشدا و تەنانەت لەگەڵ مەسیحی و
توركومانەكانیشدا پەیوەندی و دۆستایەتیان زۆر توندوتۆڵ نیە و تەنها وەك مقاش و بۆ
بەرژەوەندی كاتی و تاكتیكی خۆیان لەگەڵیاندا ڕێككەوتون،بۆیە پێكەوەنانی هەر هاوپەیمانی
و كوتلەیەكی پەڕلەمانی بەم شێوەیەی ئێستا و بەبێ بونی میساقێكی شەرەف و نوسراو وبڕواپێهێنەر
هەرگیز چارەنوسی سەركەوتن نابێت،بەڵكو زۆر لاواز و فشەڵ و بێ پشتیوانی جەماوەری و
شەقامی عەرەبی دەمێنێتەوە،بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانە جەماوەریەكانی
بەسرا و باشور و بەغدادە لە 4/9/2018وە زۆر بەتوندی و وەڵامدانەكانی دەسەڵاتدارانیش
بە گولە و توندوتیژتر هێندەی تر شكستی هەوردوو هاوپەیمانی و كوتلە عەرەبیەكانی((شیعە
و سونەی ))دەرخست.
بەدڵنیایش لە ئایندەشدا هەروا دەمێنێتەوە چونكە هەموانیان
گومانیان لەیەكتری هەیە و هیچكامیان ڕاستگۆیانە دەستی كاركردن و برایەتی و ئاشتی بۆ
ئەوی تر درێژنەكردوە،هەربۆیە چاوەڕواندەكرێت كە بەناچاری ڕووبكەنەوە كورد و تەنها
كورد لاسەنگی هاوكێشەكەی نێوانیان ڕاستدەكاتەوە،خۆشبەختانەش كورد وەكو زۆرینەی ((یەكێتی
و پارتی)) و گەر ئەوانی تریش بێنە پاڵیانەوە تائێستا سیاسەتێكی ڕاست و پشوودرێژییەكی
باشیان نواندوە و تەسلیمی هیچ لایەكیان نەبون و ئەوەندەی لە هەوڵی بەدەستهێنانی گرەنتی
ڕەسمی و نوسراون بۆ مافە ڕەوا نەتەوەییەكانی كورد نیوهێندە پۆست و پلە و ئیمتیازاتەكانیان
لا گرنگ نەبوە،كەئەمەش تائێستا خاڵی سەركەوتن و بەهێزی كوردە.بۆیە گەر زۆرینەی شیعەی
عەرەب و تەنانەت سونەكانیش گەرەكیان بێت 4 ساڵی ئایندە ساڵانێكی ئارام و ئۆقرەیی بێت
بۆ هەموان دەبێت هەر لەگەڵ كوردا ڕێكبكەون و بەهەموانیش عێراق بەڕێوەبەرن،ئەگەرنا
ئەوا هەرلایە و ڕێگا و ئاڕاستەی خۆی هەڵدەبژیرێت و ئەوكاتیش تۆمەتباری سەرەكی تەنها
و تەنها شیعەی عەرەبەكان دەبێت،چونكە ئیڕادەی ڕاستەقینەی عێراقیان دۆڕاندوە و هەرلایەكیان
بۆنەتە لایەنگیری ئێران یان ئەمریكا كە ئەوانیش شەڕی بەرژەوەندی خۆیان دەكەن لەسەر
حسابی خاك و گەلانی عێراق و بەمەش تەنها
درزی نێوان و جیاوازیەكانیان گەورەتر كردوە نەك یەك و یەكێتی و یەكگرتوویی عێراق.بۆیە
ئەم پێشبڕكێ ناشەریفانەیە و ئەم ماراسۆنە
نەبڕاوەیەی هەردوو كوتلەی عەرەبی شیعە ،ئاڕاستەی كاركردن و بیركردنەوەیەكی هەڵەیە
و ئایندەی عێراق بەرەو تاریكی و لێڵی زیاتر دەڕوات و لەكۆتایشدا بەزیانی گەورەی هەموان كۆتایی دێت.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021