هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان لەنێوان كردن و نەكردندا ...

وتار/ 04/09/2018 651 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان لەنێوان كردن و نەكردندا ...
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
سەرەتای ئەم نوسینەم بە كۆمەڵێك پرسیار دەستپێدەكەم،ئایا دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان بۆچی ؟ لە پێناو چیدا ؟ئایا بە قازانجی كێ و چ لایەن و حیزبێكە؟ئایا دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە نیەتی ڕاستەقینەی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە پشتەوەیە یان قازانج و دەسكەوتی حیزبی تەسك؟ئایا ئەم هەموو دواخستنی هەڵبژاردنانە پڕۆسەی دیموكراسیەتی حوكمرانی هەرێمەكەمان ناخاتە ژێر گومان و دەیان پرسیاری وەڵامنەدراوەوە؟ئایا هەموان حیزبایەتی دەكەین یان كوردایەتی؟ و دەیان پرسیاری تریش.
پێش وەڵامدانەوەی یەك بەیەكی ئەو پرسیارانە پێویستە چەند ڕاستیەك وەبیر بهێنینەوە،كە بەداخەوە هەموانیان تاڵن،كەلە 27 ساڵی ڕابووردووی تەمەنی ئەم حوكمڕانیەی كورددا بونەتە دابونەریت و عورفێكی ناشیرین و خەریكە خوی پێوەدەگرین،لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكان لەكات و ساتی خۆیدا،و دواخستنیان بەهۆی نابەجێ‌ كە ناچنە خانەی سوودگەیاندن بە پڕۆسەی دیموكراسی و ئازادی و بە دامودەزگاییكردنی ئۆرگانەكانی ئەم دەسەڵات و حوكمڕانیەوە،بەداخەوە تاكو ئێستاش هێندەی حیزب بڕیار بەدەستە نیوهێندە حكومەت و ئۆرگانەكانی ناچەسپێنرێن و نیەتیش نیە كە بەهێز و پتەو ودامەزراو بكرێن.ململانێ‌ حیزبایەتیە قێزەون و ناڕەواكان ڕێگرن لەبەرەو پێشبردنی ئەزمونی حوكمڕانی كوردیدا، زۆری ژمارەی حیزب و بەناو سەركردە بونەتە دیاردەیەكی دوور لە دیموكراسی و هیچ كامیان بۆ خزمەت و گەشەپێدان و پێشخستنی ئەزمونەكە نەهاتونەتە گۆڕێ‌ و زەرورەتی قۆناغەكەش نەیخواستوون.زۆربەیان لەهەڵپەی وەدەستهێنانی دەسكەوت و پلە و پۆست و ئیمتیازاتە كەسی و بنەماڵەییەكاندان و نیوهێندە لەخەمی ئایندە و زۆرینەی جەماوەر گەلەكەمان و نیشتیماندا نین.
هەموو ئەم ڕاستیە تاڵانە كاریان كردۆتە سەر تەواوی جومگە و ئۆرگانەكان و تەنانەت خەریكە دەسەڵات و حوكمڕانیەكەی كوردستان توشی ئیفلیجی دەكەن.
هەربۆیە بنەمای دواخستن و بیانو داتاشین بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان كارێكی دوور لە دیموكراسیەت و پێشێلكردنی مافی تاك و كۆمەڵگایە كە لەماوەی 4 ساڵدا ئەو مافە سەرەتاییە یاسایی و شەرعیەی خۆیی پیادە بكات بەمەبەستی گۆڕانكاری لەدەسەڵات و دەموچاوەكان و هەنگاوێكی زیاتر هەڵبنێت بە ئاڕاستەی زیاتر چەسپاندنی ئەزمونەكە و ڕێگەگرتن لە قۆرخكاری و خۆسەپاندن و پاوانخوازی و ملهوڕی و نادادپەروەری و دووركەوتنەوە لە گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی گۆڕانكاریش بۆ سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگا وەكویەك.بۆیە سازدانی هەموو هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا سیمایەكی جوانتر و گەشتر دەداتە ئەزمونەكەكان و بەپێچەوانەشەوە رەِشتر و تاریك و لێڵی دەكات.
دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە بۆچی؟ گەر لەپێناو دەسكەوتی حیزبایەتی تەسكدا بێت و تەنها بیر لە بردنەوە و دۆڕاندنی حیزبی بكرێتەوە ،ئەوە مافی هیچ حیزب و سەركردەیەك نیە كە ئەو بیانویە بهێنێتەوە،چونكە هیچ هەڵبژاردنێك بەتەنها بۆ بردنەوە و مسۆگەركردنی مانەوە لەدەسەڵاتدا ناكرێت و نەگونجاوە كە تەنها بەرژەوەندی حیزبی تۆخبكرێتەوە بەسەر بەرژەوەندی ئەزمونی حوكمڕانیەكەدا،بەداخەوە ئەوەی بیانوو دەهێنێتەوە بۆ دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە ئەو هێزانەن كە ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن و گۆڕانخواز و دیموكراسی و دادپەروەری،ئەوان بەمەرج لەگەڵ دیموكراسی و هەڵبژاردندان ،گەر بە قازانجیان بوو ئامادەن و گەریش پێچەوانە بوەوە بایكۆتی دەكەن و بیانو  بۆ دواخستنی دادەتاشن.
ئاشكرایە مەیدانی دیموكراسی زۆر ئازاد و ئاوەڵەیە و هەموان دەتوانن ئەسپی خۆیانی تیادا تاوبدەن بۆیە لە كێبڕكێی دیموكراسیدا تەنها جەماوەر بڕیاردەدات نەك حیزب و سەركردە،بۆیە هەق وایە بەهیچ شێوەیەك ئەم هەڵبژاردنە دوانەخرێت چونكە ئەزمونی دیموكراسیەتی كوردستان دەبێتە مەهزەلە و وەك بوكەڵەیەكی گەمە پێكراو وایە بەدەستی حیزبەكانەوە و لەبەرژەوەندی تەنها حیزبدا دەبێت نەك جەماوەردا،بۆیە ئەركی حیزبە گەورە و ڕەسەن و دەسەڵاتدارەكانی كوردستانە بێگوێدانە  بەرژەوەندی بچوكی حیزبی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا و لە 30 ئەیلولدا،چونكە دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی كوردستان سەرەڕای هەبونی مەترسیەكان تاڕادەیەكی باش جێگیر و ئارامە و كەشوهەواكەی لەبارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لانی كەم بە بەراوورد بە دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی عێراق كە توانرا هەڵبژاردنی پەڕلەمانی تیادا ئەنجام بدرێت،چونكە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت زامنی دۆخێكی لەمە باشتر و گونجاوتر بكات لەئایندەدا تا هەڵبژاردنەكەی تیادا ئەنجام بدرێت.
 ڕاستە لەڕووی ناجێگری دەروونی هاوڵاتیان و توڕەییان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12/5 ولە ئێستاشدا نەچوونیان بۆ ناونوسین وتۆماركردنی خۆیان لەبنكەی دەنگدانەكان و تەنانەت متمانەیەكی گەورەشیان بەتەواوی هەڵبژاردنەكان نەماوە و بڕوایان بە گۆڕانكاری گەورەش نیە چونكە زۆربەی حیزبەكانیان تاقیكردۆتەوە و بۆیان ڕوونبۆتەوە كە حیزبە بەناو ئۆپۆزسیۆن و تازە لەدایكبوەكان ناتوانن بەڵێنەكانیان جێبەجێبكەن و گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدەن،بۆیە ئەو حیزبانەش ترسی لە دەستدانی زیاتری جەماوەركانیان هەیە و دەترسن لە دۆڕاندن و قەتیس و بچوكبنەوەی زیاتر، هەربۆیە گەر بەكەموكورتیش بێت پێویستە ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت،چونكە ناكرێت و كارێكی ژیرمەندانە نیە كە پاشەكشە لە دروشمی دیموكراسی و ئازادیەكان بكرێت لە كوردستاندا بەهەر بیانویەكەوە بێت و پرسیار و گومانی زیاتریش دروستبكرێت لەسەر نیەت و كار و گوتاری حیزب و سەركردەو ئەزمونەكەمان،با هەموان بەرژەوەندی حیزبی تەسك تێبپەڕێنن و بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتیمان باڵاتر و پیرۆزتر بكەن لەبەرژەوەندیەكانی خۆیان.تەنها و تەنها كوردایەتی بكەنە دروزشم و ئامانج نەك حیزبایەتی تەسك و بچوك.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌