هۆكارە دەستوریەكانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان
وتار/
27/08/2018
551 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
هۆكارە دەستوریەكانی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی
كوردستان
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
ئاشكرایە هەرێمی كوردستان تاكە هەرێمی فیدڕاڵی دانپێادانراوە
لەدەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005دا و تا ئێستاش بەشێكی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی عێراقی
فیدڕاڵ كە خاوەن سیستەمی پەڕلەمانیە و لەسەر بنەمای دیموكراسی و كاری پێكەوەیی پێكەوەنراوە.هەربۆیە
هەموو دەوڵەتێكی دەستوری و خاوەن دەستور دەبێت بەپێی مادە و بڕگەكانی دەستورەكەی ڕێوشوێنە
دەستوریەكان پیادەبكات و سەرپێچیان لێنەكات،بۆئەوەی سیفەتی دەستوری بوونی دەوڵەتەكە
و ڕێوشیوێنەكانی كاركردنی نەكەونە ژێر پرسیار و گومان و دەرچوون لەدەستورەوە.
لەئێستادا دەوڵەتی عێراقی و لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی
پەڕلەمانی عێراق لە 12/5/2018دا و دواكەوتنی ڕاگەیاندنی ئەنجامە پەسەندكراوەكانی لەلایەن
دادگای فیدڕاڵیەوە لە 19/8/2018دا واتە دوای 97 ڕۆژ، هێشتا پەڕلەمانی نوێ دەستبەكارنەبوە.هەربۆیە
بۆئەوەی لە ڕێوشوێنە دەستوریەكان لانەدرێت،پێویست دەكات كە ئەم ڕێوشوێنە دەستوریانە
بگیرێنە بەر،بەمەبەستی سازدانی یەكەم كۆبونەوەی پەڕلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار
و دواتریش پێكهێنانی كابینەی حكومەتی نوێی عێراق.
بەپێی بەش و مادە
و بڕگەكانی دەستور دەبێت ئەم هەنگاوانە بنرێت بەرەو پێكەوەنانی حكومەتی ئایندەی عێراق:
بەشی یەكەم/ دەسەڵاتی یاسادانان بەهەردوو بەشەكەی لە پەڕلەمان
و ئەنجومەنی ئیتیحادی كە تائێستا دانەمەزراوە.كە زۆر گرنگە.ئەم بەشە لە 18 مادە پێكهاتوە
((مادە 48 تا 65)).
لەمادەی 54 دا هاتوە: كە سەرۆك كۆمار دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا
لەپەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیەوە،داوای بەستنی یەكەم كۆبونەوەی پەڕلەمانی
نوێ بكات. جا لەبەرئەوەی دادگای فیدڕاڵی لە 19/8/2018دا ئەنجامی هەڵبژاردنە پەڕلەمانیەكەی
پەسەندكرد،بۆیە 15 ڕۆژەكە دەگاتە 4/9 و دەبێت
تائەوكاتە پەڕلەمان كۆببێتەوە،خۆ ئەگەر 7 ڕۆژی پشوەكانی جەژنی قوربانی لێدەربكەین
ئەوا ماوەی 15 ڕۆژەكە دەگاتە 11/9.و ئەم ماوەیەش ناتوانرێت درێژبكرێتەوە.
پەڕلەمانی نوێ بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی كۆدەبێتەوە
و سەرۆك و دوو جێگر هەڵدەبژێرێت.
لەمادە 55 دا هاتوە:پەڕلەمان لەیەكەم دانیشتنیدا سەرۆك و
جێگری یەكەم و دووەم هەڵدەبژێرێت بەزۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی بەشێوەی نهێنی و
ڕاستەوخۆ.
مادە 56 تا 65 باس لە چۆنێتی ئیشوكارەكانی پەڕلەمان و دەسەڵات
و ئەركەكانی دەكات.
مادە /70
پەڕلەمان لەنێوان كاندیدانی سەرۆك كۆماردا،لەخولی یەكەمدا
بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت، گەر نەتوانرا
لەیەكەم خولدا ئەو كارە تەواو بكرێت ئەوا لەخولی دووەمدا دووكاندیدی خاوەن زۆرترین
دەنگ كێبكڕكێ دەكەن و بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان سەرۆك كۆمار هەڵدەبژیرێت.
مادە / 71 سەرۆك كۆمار لەبەردەم پەڕلەماندا سوێندی یاسایی
دەخوات.
مادە/ 72/ دووەم / ب
سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت لەكارەكەیدا تا هەڵبژاردنی پەڕلەمانی
نوێ و كۆبونەوەی یەكەمی، ئەوكات دەبێت لەماوەی 30 ڕۆژدا لەدوای یەكەم كۆبونەوەی پەڕلەمانەوە
سەرۆك كۆمار هەڵببژێرێت.
لقی دووەم/ ئەنجومەنی وەزیران
مادە/ 76 / یەكەم
سەرۆك كۆمار كاندیدی (( زۆرترین ژمارەی ئەندام پەڕلەمانی))
ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی 15 ڕۆژ لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك
كۆمارەوە.
هەربۆیە دەبێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەپەڕلەماندا
زۆرترین كوتلەی پەڕلەمانی دیاری بكرێت.
دووەم/
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو هەڵدەستێت بە
ناونانی ئەندامانی كابینەكەی لەماوەی 30 ڕۆژ لە ڕێكەوتی ڕاسپاردنیەوە.
سێیەم/
ئەگەر كاندیدی یەكەم بۆ سەرۆك وەزیران سەركەوتوونەبوو لەكارەكەیدا
لە و ماوە دیاریكراوەدا كابینەكەی پێكبێنێت،سەرۆك كۆمار كاندیدێكی نوێ ڕادەسپێرێت
بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەماوەی 15 ڕۆژدا لەدوای شكستهێنانی كاندیدی یەكەمەوە.
چوارەم/
كادنیدی نوێ بۆ سەرۆكی حكومەت ناوی وەزیرەكان و بەرنامەی
كابینەكەی دەخاتە بەردەم پەڕلەمانەوە بۆ متمانە پێدان، كابینەكە و بەرنامەكەی بە پەسەندكراو
دادەنرێن كاتێك پەڕلەمان متمانە دەداتە وەزیرەكان و بەرنامە وەزاریەكە بەزۆرینەی ڕەهای
دەنگی ئەندامانی.
پێنجەم/
ئەگەر كابینە وەزاریەكە لەلایەن پەڕلەمانەوە متمانەی وەرنەگرت،ئەوا
سەرۆك كۆمار كاندیدێكی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەماوەی 15 ڕۆژدا.
بەم شێوەیە گەر پەڕلەمان لە 4/9دا یەكەم كۆبونەوەی خۆی ئەنجام
بدات و سەرۆك و دوو جێگرەكەی هەڵببژرێرت و زۆرترین كوتلەی پەڕلەمانیش ڕابگەیەنرێت،ئەوكات
30 ڕۆژی تر پێویستە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
دواتر بە 3 قۆناغی یەك لەدوا یەك بۆ ڕاسپاردنی سەرۆكی
حكومەت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت كە هەریەكە ماوەی ((30ڕۆژ، 15 ڕۆژ و دواتر 15 ڕۆژ))ی
تریان پێویستە. كەواتە ئاسایی 15 ڕۆژ بۆ كۆبونەوەی پەڕلەمان و 30 ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنی
سەرۆك كۆمار و 30 ڕۆژ بۆ پێكهێنانی حكومەت،ئەوا ماوەی 75 ڕۆژی تر پێویستە بۆ لەدایكبونی
حكومەتی ئایندەی عێراق. خۆ ئەگەر 30 ڕۆژی تریش حساب بكەین بۆ كاتی شكستی كاندیدی یەكەم
و دووەم بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوا 105 ڕۆژ پێویستە بۆ لەدایكبونی حكومەتی نوێی عێراق
لە 19/8/2018وە.
كەواتە لانی كەم حكومەتی ئایندەی عێراق لەدوای 75 ڕۆژی
تر واتە لە 4/11/2018 لەدایك دەبێت و ئەوپەڕەكەشی لە 4/12/2018دا چاوی گەشی بەدونیا
هەڵدێنێت.
هەربۆیە لە ئێستادا ئەمریكا و ئێرانیەكانیش فشار دەخەنە
سەر سەركردایەتی كورد بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان،لانی كەم بۆ 3 تا
6 مانگی داهاتوو. بۆئەوەی هەموو ئەركیان ببێتە یەكلاكردنەوەی حكومەتی ئایندەی عێراق
و سەرقاڵ نەبن بە كێشە و گرفتی هەڵبژاردنی
پەڕلەمانی كوردستانیشەوە كە مەترسیان هەیە كە بەدەردی هەڵبژاردنەكەی پەڕلەمانی عێراق
بچێت و كێشە و گرفتی زیاتریان بۆ بخوڵقێنێت و 6 مانگی تریش سەرقاڵی پێكەوەنانی
حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ببن،جابۆئەوەی لەیەك كاتدا سەرقاڵی حكومەتی ئایندەی عێراق و كوردستان نەبن،پێیان باشە و
ئامۆژگاری یان فشار دەكەن كە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان دوا بكەوێت ، بۆئەوەی
بۆشایی دەستوری و یاسایی و حوكمڕانی لە عێراق و كوردستانیشدا دروست نەبێت.
ئەوەی ئاشكراشە زۆرینەی حیزب و سەركردەكانی كوردستانیش لەگەڵ
دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستاندان ،چونكە دۆخی ناوخۆیی نێو ماڵی حیزبەكان
لەلایەك و دۆخی سیاسی و ئابوری نێوماڵی كوردستانیش زۆر پتەو و یەكگرتوو و بەهێز و
جێگیر نین و هێشتاش تای هەڵبژاردنی 12/5 بەرینەداون و دەرونەكانیشیان ئارام نەبنەتەوە
و پێویستیان بەكاتی زیاترە بۆ هێوربونەوە و ئامادەبونیان بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی
كوردستان. جا بۆیە دواخستنی پەڕلەمانی كوردستان هیچ كاریگەریەكی گەورەی نابێت لەسەر
گۆڕانكاریەكانی عێراق و ناوچەكە و دواخستنیشی بە قازانجی زۆرینەی حیزبەكان دەبێت
تا جەماوەریش خۆی ئامادەبكاتەوە بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ.بۆیە ماوەی ئەم هەفتەیەی
داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت لەسەر دواخستن یان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی
كوردستان لە 30/9/2018دا.چونكە وادەی دەسپێكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان لە 5/9دا دیاریكراوە.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021