ململانێكانی ئەمریكا_ئێران بەرەو كوێ؟
وتار/
25/07/2018
440 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
ململانێكانی ئەمریكا_ئێران بەرەو كوێ؟
=========================
نەوزادی
موهەندیس
[email protected]
كێشە و ململانێكانی ئەمریكا و ئێران لەو كات و ساتەوە سەریانهەڵداوە
كە شۆڕشی بەناو ئیسلامی لەئێراندا بەڕابەرایەتی ئیمام خومەینی لەساڵی 1979وە سەركەوتنی
وەدەستهێنا و كۆتایی بە حومڕانی 43 ساڵەی حەمەڕەزاشای پەهلەوی هێنا و بۆ دواجاریش
و بۆ هەتاهەتایە كۆتایی بە سیستەمی پاشایەتی هێنا لەو وڵاتەدا كە ماوەی 2500 ساڵ بەردەوامی
هەبوو.ئێران لەوكاتەوە و تاكو ئێستاش ئەمریكا و ئیسڕائیل بەدوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێت
و دروشمی ((شەیتانی گەورە))ی بۆ بەرزكردۆتەوە و لەبەرامبەریشدا ئەمریكاش، ئێران و
دەسەڵاتدارانی خستۆتە نێو بازنەی تیرۆر و تیرۆریستان و پاڵپشت لە تیرۆریستان و دەرچوو
لە یاسا نێودەوڵەتیەكان و بەبەردەوامی و بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ گەمارۆی ئابوری
و سیاسی و ئەمنی خستۆتە سەر و تەنانەت گیرۆدەی جەنگێكی 8 ساڵەشی كرد لەگەڵ عێراقدا.
ڕەگ و ڕیشەی ئەم ململانێیانە بە تێڕوانینی ئێران كە لەلایەن
وەزیری دەرەوەی ئێستای ئێران ((محمد جواد زەریفی)) كە پێشتریش نوێنەری ئێران بوە لە
نەتەوە یەكگرتوەكان و كەسایەتیەكی دیاری سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیشە لەكتێبێكیدا بەناوی
(( جەنابی سەفیر ))كە لە ساڵی 2017دا بڵاویكردۆتەوە كە پێشتر لەلایەن ئەحمەدی نەژادەوە
ڕێگەی بڵاوكردنەوەی نەدرابوو، هۆكاری ئەم ململانێیانەی ئەمریكا_ئێران دەگێڕێتەوە بۆ
4 هۆكار لەوانە:
سروشت و تێڕوانینی ئەمریكا و ئیسڕائیل بۆ نەهج و بەرنامەی
ئایدۆلۆژی ئیسلامی شیعە مەزهەبی ئێرانی و بەمەترسیەكی جدی دادەنێن بۆ سەر خۆیان و
دەترسن لەوەی كە ببێتە بیرێكی جیهانی.
دروستبوونی گرێیەكی دەرونی لەلای تەواوی ئەمریكیەكان بە
جەماوەر و سەركردە سیاسیەكانەوە دژ بە ئێران و ئەم حوكمڕانیەی بەهۆی داگیركردن و هەڵكوتانە
سەر بارەگای سەفارەتی ئەمریكا لە تاران لەلایەن كۆمەڵێك گەنجی شۆڕشگێڕی سەر بە خەتی
ئیمام لەساڵی 1979دا كە وەك دەوترێت تەنها جەنگی ڤێتنام ئەوەندە كاریگەری هەبوە لەسەر
ئەمریكیەكان.
دوژمنایەتیكردنی ئیسڕائیل لەلایەن ئێرانەوە ،ئەمەش هۆكارێكی
تری سەرهەڵدانی ململانێكانی ئەمریكا_ ئێرانە،چونكە ئیسڕائیل دروسكرواو و گەورەكراو
و هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریكایە لەناوچەكەدا.
ململانێی نێوان عەرەبە كەنداویەكان وئێران و پێشبڕكێیان
لەسەر سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتە
بچوكەكانی ناوچەكەدا.
بەڵام لەلایەن ئەمریكاوە هۆكاری ململانێكان جیاوازن و لەئێستادا
كورتكراوەتەوە لە:
كێشەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی
ئێران كە ئەمریكا بەمەترسی دادەنێت بۆ سەر ئیسڕائیل و هاوپەیمانە عەرەبەكانی لەناوچەكەدا
و گەرەكێتی بەهەر شێوەیەك بوە ڕێگە لە ئێران بگرێت بۆئەوەی ببێتە خاوەنی ئەو بۆمبە
ئەتۆمیە كە هەرچەندە ئێران ڕایدەگەیەنێت كە بەرنامەكەی بۆ ئاشتی و بەكارهێنانی
ئاشتیە نەك جەنگ.و تەنانەت ڕابەری كۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا خامنەئی دروستكردنی بۆمبی
ئەتۆمی حەرام كردوە.
ئەمریكا هەستی بەوە كردوە لەدوای كۆتایهاتنی جەنگی عێراق
ئێران لەساڵی 1988وە،ئێران هێز و توانای سەربازی بەهێزبوە و كەوتۆتە خۆی بۆ سەپاندنی
نفوز و هەژموونی خۆی لەناوچەكەدا و بەتایبەتیش لەدوای خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبیەوە
لەساڵی 2011دا، ئێران بەئاشكرا دەستیوەرداوەتە كاروباری ناوخۆی هەریەكە لە لوبنان
و سوریا و عێراق و یەمەن و ..هتد. لەڕێگەی پشتیوانی كەمایەتیە شیعە مەزهەبەكانی ئەو
وڵاتەوە لە دروستكردنی حیزبی چەكدار وەك حیزبوڵا و حوسیەكان و ئەوانی تر.
بەم شێوەیە ئەمریكا و ناوەندەكانی بڕیار لە ئەمریكادا لەهەر
سەردەم و قۆناغێكی سەرۆكەكانیدا هەندێكجار بە هێمنی و پەنابردن بۆ گوشاری سیاسی و
ئابوری و هەندێكجاریش بە توندی و هەڕەشەوە فشارەكانیان خستۆتە سەر ئێران،بەڵام لەئێستاداو
لەسەردەمی سەرۆك دۆناڵد ترامپی كۆماریەكان و بەپشتیوانی ((باڵی هەڵۆكان)) گەرەكێتی
بە یەكجاری دەسەڵات و نفوز و مەترسی ئێران لەناوچەكە و لەسەر بەرژەوەندیەكانی و لەسەر
هاوپەیمانەكانیشی كۆتایی بێنێت و زیاد لەو ڕۆڵەی كە بۆی دیاریكراوە پێڕانەكێشێت. ترامپ
هەر لەكاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتیەوە نیەتەكانی خۆی نەشاردەوە بەرامبەر ئێران لەڕێگەی
دانانی یاریدەدەر و وەزیرەكانی ئیدارەكەی كە زۆربەیان هەڵوێستی توندیان هەبوە بەرامبەر
ئێران و دواتر مەلەفی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێرانیان كردە بیانوو كە هەرچەندە لە سەردەمی
خولی دووەمی سەرۆك باراك ئۆبامادا ڕێكەوتنێك ئەنجامدرا لە نێوان هەریەكە لەلایەك پێنج
وڵاتەكانی ((ئەمریكا و ڕوسیاو چین و فەڕەنسا و بەریتانیاو ئەڵمانیا))و لەلاكەی تریشەوە
ئێران كە بە ((5+1)) ناسرابوو،بەڵام هەر ئەوكاتیش ئەمریكیەكان زۆر بە نابەدڵی ڕێكەوتنەكەیان
قبوڵكرد،و هەرچەندە بە گەواهی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی ئێران پابەندبوە بە تەواوی
بڕگەكانەوە بەڵام ئەمریكا نا،بەڵام لەئێستادا دۆناڵد ترامپ پێداگری دەكات كە ئەو ڕێكەوتنە
نەگونجاوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی داو دواتریش و لەهەموو وتەكانیدا ئێران بە((یەكەم
وڵاتی تیرۆریستی لەجیهاندا))ناودەبات.
بەم شێوەیە ئێرانیش لەسەر زاری وەزیر و بەرپرس و تەنانەت
سەرۆك كۆمار و ڕابەری گشتیشەوە خامنەئیەوە وەڵامی توندی هەڕەشەكانی ترامپیان داوەتەوە.
گەیشتە ئەو ئاستەی كە ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورموزی نێودەوڵەتی بكات.
بۆیە ئەمریكا پێدەچێت زۆر موكوڕ بێت لەسەر گۆڕانكاری و ڕووخاندنی
ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ئەوەتا كەوتۆتە پاڵپشتیكردنی خۆپیشاندانەكانی جەماوەری ئێران
و كردنەوەی وێسگەیەكی ڕادیۆیی بەردەوامی 24 كاتژمێری دژ بە سیاسەتەكانی ئێران و ئاڕاستەكراوە
بۆ جەماوەری ئێرانی. بەهەر شێوەیەكیش بێت دەیەوێت پەیوەندی ڕوسیا و ئێران بەگەرموگوڕی
نەمێنێتەوە و تێكبچێت، لەو پێناوەشدا لەكۆبونەوەی دووقۆڵی(( ترامپ و پۆتین)) لە هێلسنكی
باسیان لەو بابەتە كردوە ،چونكە ئێران یەكێكە لە هاوپەیمانە ستراتیژیەكانی ڕوسیا و
بەتایبەتیش لە كێشەی سوریادا.پێدەچێت چۆن ئۆكرانیا بوە هۆی تێكچوونی پەیوەندیەكانی
ئەمریكا و ڕوسیا ،ئێرانیش ببێتە مایەی تێكچوونێكی نوێ بەهۆی دەستهەڵنەگرتنی ڕوسیا
لە پشتیوانیكردنی ئێران
لەلای سێهەمیشەوە بەشێك لەعەرەبەكان ئەم ململانێیانەی ئەمریكا
و ئێران بە گەمەیەكی سیاسی دەزانن و لەبەرژەوەندی خۆیانیدا نایبینن بەتایبەتیش ((سعودیە
و ئیمارات و بەحرەین) كە زۆر باش دەزانن هەموو ئەو ململانێیانە لەسەر حسابی سەروەت
و سامانی ئەو وڵاتانە دەكرێت.
بەم شێوەیە ئەم ململانێیانە لە ئێستادا پێیان ناوەتە قۆناغێكی
باڵاتر و مەترسیدارتر و كێرڤی هەڕەشە و وەلامدانەكان بەرەو لوتكە دەكشێت و پێدەچێت
لەكۆتایدا و لەكاتی نەگەیشتنە ئەنجام لەڕێگەی دانوسانی نهێنی و ئاشكراوە ،ئەوا ئەمریكا
بەهاندانی ئیسرائیل و عەرەبە هاوپەیمانەكانی پەنا بباتە بەر جەنگی ڕاستەوخۆی سەربازی
و هەوڵی جدیش بدات بۆ گۆڕانكاری لە حوكمڕانی ئیسلامیەكانی ئێراندا كە ماوەی 39 ساڵە
بەردەوامن و بەمەش پەردەیەكی شانۆگەریە سیاسیەكە دابدرێتەوە و ناوچەكەش ڕووبەڕووی
گۆڕانكاری و پێشهاتی تازە ببێتەوە بەوەی كە هەژموونی ئەمریكا زیاتر بچەسپێت لەناوچەكەدا
لانی كەم بۆ دەیە ساڵێكی داهاتوو كە زۆر پێویستی بەسەرچاوەی وزە هەیە لەنەوت و گازی
سروشتی ناوچەكە.بەڵام دەكرێت دەسەڵاتدارانی ئێران بەهەمان شێوەی كۆریای باكور هەنگاو
بنێن و ئێران و ناوچەكەش لە جەنگێكی ماڵوێرانكەری حەتمی دووربخاتەوە و ئیدی كۆتایی بە ململانێیەكی 40ساڵەی بهێنێت لەگەڵ
ئەمریكادا و ئاشتی و ئاسایش و پێشكەوتنی ناوچەكەش مسۆگەرتر بكات.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021