بۆچی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لە عێراق و كوردستانیشدا سەرهەڵنادات؟

وتار/ 22/07/2018 486 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

بۆچی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لە عێراق و كوردستانیشدا سەرهەڵنادات؟
=========================
 نەوزادی موهەندیس
[email protected]
ئاشكرایە ژیانی سیاسی لەهەر وڵات و كۆمەڵگایەكدا دەكەوێتە ژێر هەژموون و كاریگەریەكانی تایبەت بەو وڵات و كۆمەڵگایانەوە و سروشت و دابونەریتی ئەو كۆمەڵگایانە كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر سەرهەڵدان و لەدایكبوونی هەر ڕەوت و بزوتنەوە و پارت و دیاردەیەكی سیاسی یان ئابوری یان كۆمەڵایەتی و هەموانیان زادەی بیر و ئەندێشە و ئاستی هوشیاری ئەو كۆمەڵگایانە دەبن و هەموانیان لەهەناوی تاك و كۆمەڵگاكانەوە هەڵدەقوڵێن و دواجاریش دەبنە ڕەنگدانەوەی واقعی كۆمەڵگاكانیان.
جا ژیانی سیاسی و حیزبایەتی هەر كۆمەڵگایەكیش لەو ڕاستیانە بەدەر نیە و بەهەمان شێوە دەكەوێتە ژێر هەمان كاریگەر و سروشتی تاك و كۆمەڵگاكانەوە، ژیانی سیاسی ساغڵەم  لەهەر جێگەیەكدا بێت  دەبێت لەدوو جەمسەری هاوكێشەیەكی سیاسی پێكبێت كە بریتین لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن،هەركات یەكێك لەو جەمسەرانە لاوازبوو یان هەر بوونی نەبوو ئەوا ژیان و دۆخی سیاسی بەشێوەیەكی سروشتی گەشە ناكات و هەمیشە ناجیگیری سیاسی بوونی دەبێت و تاك و كۆمەڵگاش هەمیشە توڕە و ناڕازی دەبن.چونكە بەسروشتی مرۆڤەكان هیچ كات هەمووان نەلەدەسەڵات ڕازین و نەهەموانیش دەبنە ئۆپۆزسیۆن،بۆیە بوونی فرە حیزبی لەلایەك و بونی هێزی ئۆپۆزسیۆن وەك پێویستیەكی حەتمی كۆمەڵگاكان و ژیانی سیاسی زۆر پێویستن،چونكە ناكرێت كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان سەرتاپایان یەك ڕەنگ و یەك دەنگ بن لەسەر هەموو مەسەلە جیاوازەكانی ژیان و ئیدارە و سیاسەت و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیو فەرهەنگی و ..هتد.كەواتە هەركات دەسەڵاتێكی بەهێز هەبوو دەبێت ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزیش هەبێت بۆئەوەی هاوسەنگی هاوكێشە سیاسیەكان ڕابگیرێتو هەركاتیش هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز پەیدا ببێت ئەوا بەدڵنیایی دەسەڵاتێكی توندوتۆڵیش دروست دەبێت لانی كەم بۆ پارێزگاری لەدەسەڵات و مانەوەی خۆی لەسەر كورسی دەسەڵات و ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی مامەڵە بكات چونكە باش دەزانێت چاودێریەكی ووردی لەسەرە و بەرەنگاری دەكات،بەمەش لەكۆتادا وڵات و كۆمەڵگا قازانج دەكەن..
 ئاشكراشە لەهەموو سیستەمە دیموكراتیەكاندا هەردوو هێزی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەیە و هەمیشەش لە ململانێیەكی بەردەوامدانو توانیویشیانە ژیانی حیزبایەتی و سیاسی وڵاتەكانیان بەروپێشبەرن و ببنە هۆكاری گۆڕانكاری و داهێنان و پێشكەوتنیشو ئەم دیاردەیەش دیاردەیەكی زۆر ساغڵەم و تەندروستەو هیچ زیانێكی نەگەیاندوە بە ڕەوتی پێشەكەوتن و گەشەكردنی وڵات و كۆمەڵگاكان و بگرە ئاستی هوشیاری تاكەكانیشی بەرزكردۆتەوە و ئینتیمای بۆ نەتەوە و نیشتیمانیش تۆخكردۆتەوە و هەریەكەیان خۆی بەخاوەن و ئایندەی وڵاتەكانیان دەزاننو بەبەردەوامیش لە پێشبڕكێدان كە چۆن دەسەڵات بگرنە دەست بۆ ئەوەی زیاترین خزمەت بە نیشتیمانەكەیان بكەن،بەڵام بەداخەوە لە وڵات و كۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەكان بەگشتی و دواكەوتوو هەژار و نادیموكراسی و تاكڕەوەكاندا هەمیشە دەسەڵات لەهەوڵی بچوككردنەوە و نەمان و ناشیرینكردنی هێزی ئۆپۆزسیۆندایە و ڕێگە نادات كە چالاكی سروشتی خۆی ئەنجام بدات و لەلایەكی تریشەوە هێزە ئۆپۆزیۆنەكانیش بۆخۆیان نەبونەتە هێز و جەمسەری بەهێز لەهاوكێشە سیاسیەكاندا و نەیانتوانیوە ببنە جێگرەوەی دەسەڵات و لەكاتی بونیانیشدا نمونەیەكی جوان و جیاوازیان لەدەسەڵات پیشان نەداوە.بەو شێوەیە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بە ڕەوت و لەدایكبونێكی سروشتیدا نەهاتوون وزەرورەتی قۆناغەكەش پەیدای نەكردوون ،بگرە ئەوەندەی وەك پەرچەكردا هاتونەتە بوون نیوهێندە پێویستی قۆناغەكە و گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و هوشیاری سیاسی كۆمەڵگا نەیخواستوون. هەربۆیەشە ژیانی حیزبایەتیلەم كۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیانەدا هیچ كات سەقامگیری سیاسی بەخۆیانەوە نابینن.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ،كە ئایا بۆچی هێزی ئۆپۆزسیۆن لەعێراق و كوردستانیشدا دروست نابن؟ ئایا حیزب و سەركردە سیاسیەكان نایەنەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات ڕێگەیان پێنادات؟ئۆپۆزسیۆن بوون یانی مردن و پوكانەوەی حیزبی سیاسی یان گەشە و بەردەوامبونیان؟ئۆپۆزسیۆن بون لە پێناو گرتنە دەسەڵات یان مانەوە بەبەردەوامی وەك هێزێكی دژە دەسەڵات و وەك ئۆپۆزسیۆن؟و دەیان پرسیاری تریش.
بەداخەوە ژینگەی سیاسی لە عێراق و تاڕادەیەكیش لەكوردستاندا ئامادە نین بۆ دروستبوون و سەرهەڵدانی هێزی ئۆپۆزسیۆنێكی خۆڕسك و ڕەسەن كە وەڵامدانەوەیەكی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانەی سروشتی كۆمەڵگا و داواكاریەكانی هاوڵاتیان بێت،بەهۆی ئەوەی كە سیستەمی حوكمڕانیەكە هەرچەندە بەناو دیموكراسیە بەڵام لەناخی مرۆڤ و تاك و كۆمەڵگا و سەركردە سیاسیەكاندا ئاڕاستەیەكی قۆرخكاری و پاوانخوازی و تاكڕەوی و خۆسەپێنی هەیە  هەر ئەمەش وادەكات كە هەموان هێندەی حەز بەدەسەڵات و ئیمتیازات و خۆشی و شیرینیەكانی دەسەڵات دەكەن نیوهێندە حەزبە ئۆپۆوسیۆن بوون ناكەن،لە عێراق و كوردستانیشدا دەسەڵات مانای دەوڵەمەندبوون و ژیانێكی خۆش و دەسەڵاتی ڕەها و وەرگرتنی ئیمتیازاتەكانە بە ڕەوا و ناڕەوا،نەك مانای خزمەتكردن و پێشكەوتن و گەشەكردن و هوشیاربونەوەی كۆمەڵگا و وڵات بێت،بۆیە هەموان هەوڵی دەسەڵات و هاوبەشی و شەراكەت دەكەن لە دەسەڵاتدا،لەم وڵاتەدا بەداخەوە ئۆپۆزسیۆن بوون مانای بچوكبونەوە و پوكانەوەی حیزب و لێدووركەوتنەوەی هاوڵاتیانەچونكە هیچ دەسەڵات و ئیمتیازاتێكیان لا نیە بیدەنە لایەنگر و ئەندام و جەماوەریش، هەربۆیەش جەماوەریش بەداخەوە لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان گەر هەبن كۆنابنەوە،جەماوەریش سروشتی حیزب و سەركردەكانیان وەرگرتوە و ئەوانیش هەمیشە حەز بە نزیكی لەدەسەڵات دەكەن چونكە زۆر باش دەزانن كە ژیان و گوزەرانیان بەندە بە حیزب و سەركردە و دەسەڵاتدارانەوە، لەبەرئەوەی سیستەمی حكومڕانیەكە لەسەر پایە مرۆڤدۆستیەكان لە یەكسانی ودادپەروەری و سەروەری یاسا و ڕێزگرتن لەتاك و هاوڵاتیان و ئازادیەكان دروستنەبوە،بەپێچەوانەوە هێندەی گەندەڵی و سیخوڕی و نادادپەروەری و پێشێلكردنیمافەكان و یاسا برەویان هەیە نیو هێندە پەروشی و خەمخۆری باویان نەماوە.لەلایەكی تریشەوە هێز و سەركردە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بۆخۆیان نەیانتوانیوە ببنە نمایندەیەكی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە بۆ داواكاری و مافەكانی چین و توێژەكان و سەرجەمی هاوڵاتیانیش، كە بەشێوەیەك زۆرینەی كۆمەڵگا لەدەوریان كۆببنەوە،ئەوانیش نمونەیەكی جوانتر و باڵاتریان لەدەسەڵات پیشان نەداوە،ئەوان هێندەی دواكەوتە و داهێنەری دروشم و بەرنامەی دوور لە لۆجیكن نەیانتوانیوە لەسەر زەمینەی واقع ببنە جێگرەوەیەكی بەهێزی دەسەڵات، هەر لەبەر ئەمەشە كە هیچ كات یان لانی كەم لە مەودایەكی كورت و نزیكدا هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز نە لە عێراق نە لەكوردستاندا دروست نابێت،چونكە هێز و سەركردە سیاسیەكان هێندەی چاویان بڕیوەتە بەشداری لەحكومەت و بەركەوتنی بەشە كێكی شیرین لە دەسەڵات و ئیمتیازاتەكان نیوهێندە پەرۆشی پێشكەوتن و خزمەتكردنی كۆمەڵگاكانیان نین،هەربۆیە دەبینین لە ماوەی 27 ساڵ لەكوردستان و 15 ساڵ لە عێراقدا و دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی تاكڕەو و خۆسەپێن كەچی هێشتا سیستەمێكی دیموكراسی ڕاستەقینە نەهاتۆتە بون و نەچەسپیوە و هەموان هەر حەز بە سەردەمی تاكڕەوی و قۆرخكاری  دەكەن و گیانی تۆڵەسەندنەوە و گزیكردن و ساختەكاری تیایاندا بەرزە .
یەكێك لەهۆكارەكانی دروستنەبوون و پێكەوەنەنانی هاوپەیمانی  لەنێوان هێزە براوەكانی هەڵبژاردنەكانی 12 ی ئایاردا بە شیعە و سونە و كوردیشەوە بۆ پێكەوەنانی حكومەتی ئایندەی عێراقیش و دواتریش لەكوردستاندا هەرئەوەیە كە هیچ هێز و سەركردەیەكی سیاسی ڕازی نیە ببێتە هێزی ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، هەموان حەز دەكەن و هەوڵیش دەدەن بەشداربن لەدەسەڵاتدا، وهەرگیز ئامادە نین لەدەسەڵات دووربخرێنەوە یان خۆیان دووربكەونەوە ،هەرئەمەشە كە بۆتە هۆی دواكەوتن و وێرانبوونی هەموو بنەماو و بەهاكان لەم وڵاتەی ناوی عێراقە بەكوردستانیشەوە.جا تا‌وئەوكاتەشی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز و خۆڕسك و خاوەن دیدوبۆچون و بەرنامەیەكی نیشتیمانی سەرهەڵنەدات هیچكات دۆخی سیاسی عێراق بەكوردستانیشەوە جێگیر نابێت و هەمیشە توڕەیی و ناڕەزایی و خۆپیشاندانە جەماوەریەكان ئامادەبوزنیان هەیە و ئەگەری تەفینەوەیان لەهەر ئان وساتێكدا ئامادەگی هەیەو پێدەچێتیش لەئایندەشدا پەناش ببرێتە بەر كودەتای سەربازی گەر جەماوەر و سوپابگەنە دوا سنوری بێئومێدی و بێ‌ متمانەی بە دەسەڵاتداران و سەركردە و حیزبە سیاسیەكان. كەئەمەش هێندەی تر دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و عێراق بەكوردستانیشەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەمی خۆخۆری و دواكەوتویی و هەژاری وبێ‌یاسایی و ئایندەیەكی ناڕۆشنیش.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌