خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانی‌ عێراق له‌به‌رچی‌؟ به‌ره‌و كوێ‌؟

وتار/ 19/07/2018 468 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

 خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانی‌ عێراق له‌به‌رچی‌؟ به‌ره‌و كوێ‌؟

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

•    له‌ ڕێكه‌وتی‌ 8 ته‌موزه‌وه‌، خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زایی‌ جه‌ماوه‌ری‌ پانوپۆڕی‌ عه‌ره‌بی‌ عێراقی‌ له‌ شاره‌كانی‌ باشور و ناوه‌ڕاستی‌ عێراق ده‌ستیان پێكردوه‌ و ماوه‌ی‌ زیاد له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و ته‌نانه‌ت توندوتیژیشی‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌  و بریندار و و قوربانیشی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌،ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ له‌شاری‌ به‌سره‌ی‌ دووه‌م گه‌وره‌ شاری‌ عێراق له‌دوای‌ به‌غدادی‌ پایته‌خته‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد و له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا  ته‌واوی‌ پارێزگاكانی‌ میسان و ناصریه‌ و دیوانیه‌ و زیقار و نه‌جه‌ف و بابل و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك گه‌ڕه‌كی‌ شاری‌ به‌غدادیشی‌ گرتۆته‌وه‌ . ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌م گوڕوتین و خێرایی‌ و فراوانیه‌ له‌ باشور و ناوه‌ڕاستی‌ عێراقدا ڕووبدات و زۆرینه‌ی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كانیش تیایدا به‌شدار بن و نه‌ك هه‌رئه‌وه‌ش به‌ڵكو ته‌واوی‌ مه‌رجه‌عه‌ بالاَكان و نوێنه‌ره‌كانیشیان له‌و پارێزگایانه‌ به‌ به‌یاننامه‌ و لێدوان و به‌شداریكردنیشیان بونه‌ پاڵپشتی‌ خۆپیشانده‌ران و هه‌موان دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ داواكاریه‌كانیان ڕه‌وایه‌ و ده‌بێت هه‌رچی‌ زووه‌ حكومه‌ت به‌ده‌م داواكاریه‌كانیانه‌وه‌ بچێت و بۆیان جێبه‌جێبكات.
•    پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ،كه‌ ئایا ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ خۆڕسك و له‌خۆوه‌ ڕوویانداوه‌ یان ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌پشته‌؟ بۆچی‌ له‌م كات و وه‌رز و ساته‌دا؟ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ ڕه‌وان و مافی‌ هاولاَتیانه‌؟ یان سه‌ركێشی‌ و سه‌رپێچیه‌ له‌ یاساكان؟ئایا هاولاَتیان مافیان پێشێلكراوه‌ ؟یاخود نه‌خێر له‌خۆوه‌ و به‌بێ‌ هۆكارێكی‌ ڕوون و ئاشكرا ده‌ستیانداوه‌ته‌ خۆپیشاندان؟و ده‌یان پرسیاری‌ تریش.
وه‌لاَمی‌ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌ به‌كورتی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڵێ‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ خۆڕسكه‌ و ته‌نها له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری‌ ڕه‌ش و ڕووت و بێ‌ خزمه‌ت و مافخوارو و چه‌وساوه‌ و زوڵملێكراوه‌وه‌ ڕوویانداوه‌ و هه‌موو هۆكاره‌كانیشی‌ نه‌بوونی‌ هیچ خزمه‌تگوزاریه‌كی‌ سه‌ره‌تاییه‌ بۆیان له‌ دابینكردنی‌ كاره‌با و ئاوی‌ شیرینی‌ خواردنه‌وه‌ و ته‌واوی‌ خوزمه‌تگوزاریه‌كانی‌ تر له‌ نیشته‌جێبوون و خوێندن و په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی‌ و ..هتد. حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ و هه‌موو حكومه‌ته‌ لۆكاڵیه‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ و ناوچانه‌ به‌جۆرێك سه‌رمه‌ستی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و له‌خۆبایبوون بوون كه‌ هیچ حسابێك بۆ داواكاری‌ و مافه‌ ڕه‌واكانی‌ جه‌ماوه‌ر ناكه‌ن و گوێ‌ به‌ پێداویستی‌ و خزمه‌تگوزاریه‌كانیان ناده‌ن و ئاوڕێكی‌ به‌ویژدان و خه‌مخۆرانه‌ له‌ ئێستا و ئاینده‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ میله‌ته‌كه‌یان ناده‌نه‌وه‌،ئه‌وان له‌به‌ر دزی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و نه‌بونی‌ یاسا و و نه‌بونی‌ چاودێری‌ و نه‌بونی‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێز و خه‌مخۆر له‌ به‌غداد ده‌ستیان داوه‌ته‌ ملهوڕی‌ و جه‌ماوه‌ریش بونه‌ته‌ قوربانی‌ ململانێ‌ سیاسی‌ و حیزبیه‌ ته‌سك و بچوكه‌كانی‌ حیزب و سه‌ركرده‌كان.
عێراق به‌گشتی‌ بۆته‌ گۆڕه‌پانی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ ململانێ‌ ناوخۆیی‌ و ناوچه‌یی‌ و دونیاییه‌كان و هه‌موان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان ده‌ستوه‌رده‌ده‌نه‌ كاورباری‌ ناوخۆی‌ و عێراق به‌ خاك و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ بۆته‌ قوربانی‌ و سووته‌مه‌نی‌ و ته‌نها شه‌ڕ و ماڵوێرانی‌ و جه‌نگ و هه‌ژاری‌ و جه‌هل و نه‌خۆشیه‌كانی‌ بۆماوه‌ته‌وه‌ و خێرو بێره‌كه‌شی‌ ته‌نها وته‌نها بۆ ده‌سته‌و تاقم و گروپ و سه‌ركرده‌ مافیا ئاسكانی‌ سیاسه‌ت و بازرگانانی‌ جه‌نگه‌.
به‌ڵێ‌ به‌شێكی‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ش پێده‌چێت پیلانی‌ ولاَتانی‌ دراوسێ و ته‌نانه‌ت زلهێزه‌كانیش بێت  له‌لایه‌ك بۆئه‌وه‌ی‌ درێژه‌ به‌ ناجێگیری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ له‌عێراقدا بده‌ن و عێراق به‌ده‌ردی‌ سوریا ببه‌ن و عێراق له‌ئاینده‌شدا توانای‌ هه‌ستانه‌وه‌ و به‌هێزبوونی‌ نه‌بێت و نه‌توانێت ڕۆڵی‌ كارای‌ خۆی‌ له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا ببینێت،هه‌روه‌ها ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ش له‌ ئێران و توركیا و ولاَتانی‌ كه‌نداویش هه‌ریه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان عێراقێكی‌ لاوازیان گه‌ره‌كه‌ و به‌تایبه‌تیش ولاَتانی‌ سونه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌نداو و به‌پشتیوانی‌ ئه‌مریكا گه‌ره‌كیانه‌ شه‌ڕی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌عێراقه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن و هێواش هێواش ئێران له‌په‌ل و پۆ بخه‌ن و گه‌مارۆی‌ بده‌ن و ئه‌وكات كوته‌كی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌  یه‌ك پیاوی‌ خۆیانی‌ پیادا بكێشن،له‌كاتێكدا له‌یه‌مه‌نیش هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی‌ سعودیه‌ و ئیمارات سه‌ركه‌وتنیان وه‌ده‌ستهێناوه‌ به‌سه‌ر حوسیه‌كانی‌ لایه‌نگرانی‌ ئێراندا .
 ئه‌مریكا و ڕوسیاش كه‌ له‌  16 ته‌مووزدا كۆبونه‌وه‌ی‌ لوتكه‌ی‌ هه‌ردوو سه‌رۆك ترامپ و پۆتین له‌ هێلسنكی‌ كۆبونه‌ته‌وه‌،خاڵی‌ سه‌ره‌كیان بریتیه‌ له‌ دۆخی‌ سوریا و دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگاچاره‌ و وه‌ده‌رنانی‌ هێزه‌كانی‌ ئێران له‌و ولاَته‌دا،چونكه‌ باش ده‌زانن تاكو ئێران له‌ سوریادا بێت سه‌خته‌چاره‌سه‌ر و گفتوگۆ سیاسیه‌كان سه‌ربگرن.بۆیه‌ له‌م گه‌مه‌ قێزه‌ون و له‌م ململانێ‌ ناڕه‌وایانه‌ی‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كان ته‌نها عێراقیه‌كان ده‌بنه‌ سووته‌مه‌نی‌ و قوربانی‌.
جگه‌ له‌هه‌موو ئه‌م هۆكاره‌ ده‌ره‌كیانه‌،بۆخۆی‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌لاَتدارانی‌ عێراق هۆكاری‌ سه‌ره‌كین بۆ سه‌رهه‌ڵدان و ته‌قینه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندان وتوڕه‌ییه‌كانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ عێراقی‌ چونكه‌ لانی‌ كه‌می‌ ژیان و گوزه‌رانێكی‌ مرۆڤانه‌یان بۆ دابیننه‌كردوون،بگره‌ هه‌موو دیارده‌ دزێوه‌كانی‌ هه‌ژاری‌ و بێكاری‌ و نه‌خوێنده‌واری‌ و نه‌خۆشی‌ و تاوان و بێ‌ یاسایی‌ و ناعه‌داله‌تی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ تاسه‌ر ئێسقان له‌ماوه‌ی‌ 13 ساڵی‌ ڕابووردوودا به‌رۆكی‌ تاك به‌تاك و خێزان به‌خێزانی‌ عێراقی‌ گرتۆته‌وه‌،هه‌ربۆیه‌ پشوودرێژی‌ جه‌ماوه‌ر هه‌موو سنوره‌كانی‌ به‌زاندوه‌ و ئه‌م كات و سات و وه‌رزه‌ پڕگه‌رما و سوتێنه‌ره‌یان هه‌ڵبژاردوه‌ بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ جامی‌ ڕق و تۆڵه‌یان له‌هه‌موو ده‌سه‌لاَتداران،بۆیه‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ سه‌ره‌تایه‌ گه‌ر ده‌سه‌لاَتداران به‌هۆش خۆیان نه‌یه‌نه‌وه‌،ئه‌گینا له‌كاتی‌ دوباره‌بونه‌وه‌یاندا ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێنن و هیچ حیزب و سه‌ركرده‌ و باره‌گایه‌كیان به‌سه‌لامه‌تی‌ ده‌رناچن و پڕۆسه‌ی‌ دووه‌می‌ ڕزگاركردنی‌ عێراقیشی‌ لێ سه‌وز ده‌بێت،و به‌ ئاقارێكی‌ مه‌ترسیدار و نه‌خوازراویشدا هه‌نگاوده‌نێت و به‌ره‌و پێش ده‌چێت.

[email protected]

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌