هه‌ندێك له‌و پڕۆژانه‌ی پێشكه‌شی حكومه‌تی هه‌رێمم كردن

وتار/ 12/07/2018 640 جار بینراوە

عه‌لی سیرینی

هه‌ندێك له‌و پڕۆژانه‌ی، ساڵی 2006، پێشكه‌شی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانم كردن
عه‌لی سیرینی
ساڵی 2006، به‌ سه‌ردان هاتمه‌وه‌ كوردستان. هه‌ندێك له‌و پڕۆژانه‌ی له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا، پێشكه‌شی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانم كردن، له‌ ساڵی 2006 بوون. له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گله‌یی و خه‌م و خه‌فه‌ت و قه‌هره‌ی ده‌مخوارد و خواردوومه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ كوردستان سیحرێكی سه‌یری هه‌یه‌ له‌ نێو ڕۆح و دڵ، به‌ قسه‌ باس ناكرێت، له‌ میانیشیدا میلله‌تی خۆمان، كه‌ وێڕای هه‌موو عه‌یب و عار و كه‌م و كوڕیی، ناتوانیت، دوای هه‌موو باس و خواس و گله‌یی و قه‌هرێك خۆشت نه‌وێت! هه‌میشه‌ قسه‌یه‌كی باو به‌ كه‌للـه‌ی هه‌مووماندا دێت كه‌ "ئه‌م میلله‌ته‌ بێ به‌خته‌"! وێڕای هه‌ڵه‌ و نا ڕاستیی ئه‌م قسه‌یه‌.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌، وێڕای بێ هیواییم، هه‌میشه‌ له‌ قسه‌یه‌ك كه‌ سودی هه‌بێت، یان بیرۆكه‌یه‌ك كه‌ڵكی هه‌بێـت، یان پڕۆژه‌یه‌ك تیشكێكی لێوه‌ باڵ بكێشێته‌ سه‌ر خاك و گه‌له‌كه‌مان، سڵه‌مینه‌وه‌م لێ نه‌كردووه‌.
ساڵی 2006، له‌ ده‌ورانی یاده‌وری تیرۆر كردنی بیرمه‌ندی گه‌له‌كه‌مان، فازڵ ڕه‌سول، دوای ساڵانێكی دوور و درێژ ده‌ستم كرد به‌ پرۆسه‌یه‌ك، كه‌ پلانم بۆی نه‌خشاندبوو. به‌ عه‌ره‌بی، له‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌ننه‌هاری لوبنانی وتارێكم بڵاو كرده‌وه‌. دواتر له‌ سایتی ئیلاف چه‌ند وتارێك و له‌ چه‌ندین پێگه‌ و شوێنی تریش. له‌ كوردستانیش، له‌ هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه‌، هاوڵاتی، ئاسۆ، كوردستان ڕاپۆرت، كۆمه‌ڵ، الأفق الجدید و چه‌ندین پێگه‌ی ئینترنێتیش، چه‌ند وتارێكم له‌ سه‌ر فازڵ ڕه‌سول بڵاو كردنه‌وه‌. له‌ كوردستانی نوێش، برای به‌ڕێز ڕۆژنامه‌نوس كاك دڵزار حه‌سه‌ن دیدارێكی له‌ گه‌ڵ ئه‌نجام دام، كۆڕێكیشمان له‌ هه‌ولێر به‌ست. له‌ گه‌ڵ برایانی به‌ڕێز، كاك فازڵ قه‌ره‌داغی و كاك هاوژین عومه‌ر و كاك صه‌ڵاح سالار و چه‌ند برایه‌كی به‌ڕێزی تر، چه‌ند چالاكیی و وتوێژمان ئه‌نجامدا. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه‌ به‌ هاوڕێیه‌تی ئه‌م برایه‌ به‌ڕێزانه‌ كردمان، سه‌ردانی نۆشێروان مسته‌فا بوو له‌ گرده‌كه‌، له‌ ڕۆژانی نه‌ورۆزی ساڵی 2007.
له‌ ساڵی 2006، سه‌ردانی وه‌زیری ڕۆشنبیری ئه‌وكاتم كرد، فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی. پڕۆژه‌یه‌كی 7 لاپه‌ڕه‌ییم له‌ پێش دانا. ئه‌لحه‌ق، فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ڕێزی زۆری لێگرتم و وه‌عدی دا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكات و سه‌رسامی خۆی نیشان دا. دواتر یان خۆی په‌شیمان بوویه‌وه‌، یان په‌شیمانیان كرده‌وه‌! به‌ داخه‌وه‌ دوو مانگ منیان هێنا و برد و ستافی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌،‌ له‌ ئاستێكی كرێت و ناشیرین، ڕۆژانه‌ به‌ درۆ و "به‌یانی وه‌ره‌وه"‌، مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌ڵ ئه‌م پڕۆژانه‌ ده‌كرد!
پڕۆژه‌كان:
پڕۆژه‌كان بریتی بوون له‌ سازدانی ڤیستڤاڵێك له‌ یادی تیرۆركردنی فازڵ ڕه‌سول، كه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌ بانگهێشت بكرێن:
له‌ نه‌مساوه‌:
سۆزان ڕه‌سول.
له‌ فه‌ڕه‌نساوه‌‌:
سه‌رۆكی پێشووتری ئێران (ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی سه‌در).
له‌ میسره‌وه‌:
ڕاوێژكار تاریق ئه‌لبوشری.
محمد سه‌لیم ئه‌لعه‌وا.
نادیه‌ مسته‌فا.
فه‌همی هوه‌یدی.
عه‌لیه‌دین هیلال (وه‌زیری پێشووتری گه‌نجان).
محه‌ممه‌د عماره‌.
له‌ لوبنانه‌وه‌:
ڕیزوان ئه‌لسه‌ید.
وه‌جیهـ كه‌وسه‌رانی.
سعود ئه‌لمه‌ولا.
له‌ سوریاوه‌:
مونزر ئه‌لموسڵلی.
محه‌ممه‌د سه‌عید ڕه‌مه‌زان ئه‌لبوتی (وه‌ك میوانی شه‌ره‌ف).
له‌ جه‌زائیره‌وه‌:
سه‌رۆكی پێشووتری جه‌زائیر ئه‌حمه‌د بن بێللا.
وێڕای چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی تر له‌ ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان. جگه‌ له‌م ڤیستڤاڵه‌، پڕۆژه‌ی دروستكردنی سه‌نته‌رێكی لێكۆڵینه‌وه‌م به‌ ناوی سه‌نته‌ری فازڵ ڕه‌سول، له‌ پێش فه‌له‌كه‌دین دانا. هه‌وره‌ها پڕۆژه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی گۆڤاری (منبر الحوار)، كه‌ بگوازرێته‌وه‌ هه‌ولێر و ئیتر هه‌ولێر ببێته‌ درێژه‌ پێده‌ری ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كه‌ زانا و بیرمه‌ند و ئه‌كادیمستانی عه‌ره‌ب و ئێرانی تیایاندا به‌شداریان ده‌كرد. ئامانج له‌ بانگهێشتكردنی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ ناودارانه‌، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ته‌نها بۆ ڤیستڤاڵێكی چه‌ند ڕۆژی بێنه‌ هه‌ولێر. به‌ڵكو، هه‌وڵی جیددییان له‌ گه‌ڵ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ هه‌ولێر نیشته‌جێ ببن و خه‌ریكی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بن، له‌ زانكۆكانی كوردستانیش به‌ پاره‌یه‌كی باش و ئیمتیازاتی زۆره‌وه‌ عه‌قدیان له‌ گه‌ڵ ئیمزا بكرێت، ئیتر وه‌ك ڕاوێژكاریش بۆ ناوه‌وه‌ی كوردستان سودیان لێوه‌ربگیرێت. بێگومان كه‌مێك له‌مانه‌، له‌وانه‌ بوو نه‌توانن، وه‌كو ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی سه‌در، به‌ هۆی نزیكی ئێرانه‌وه‌ له‌ كوردستان. به‌ڵام گومانم نیه‌ ئه‌وانه‌ی تر پێخۆشحاڵ ده‌بوون.
ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌ بكرابا، هه‌ولێر سه‌رنجی دونیای عه‌ره‌ب و ئێرانی له‌ ئاست زانست و فیكردا بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشا و ده‌بووه‌ سه‌نته‌رێكی قوڕسی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات. چونكه‌ قوڕسایی ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌، له‌ وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ ئاستێكی زۆر به‌رز دایه‌. لێره‌دا، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، كه‌ تا ئێستاش كورد پێویستی پێیه‌تی، زه‌خمێكی گه‌وره‌ی به‌ خۆوه‌ ده‌بینی، هه‌ر له‌ ناو كوردستانه‌وه‌، له‌ ڕێگای كه‌سایه‌تیه‌ به‌رزه‌كانی جیهانی عه‌ره‌ب و ئێران و دواتر توركیاش به‌ره‌و جیهانێكی فراوان. له‌ میانی ئه‌و شتانه‌ی بۆ ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌م پێشنیار كرد، ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌كرێت له‌ گوندێك له‌و گوندانه‌ی تازه‌ خه‌ریك بوون دروستیان ده‌كردن، یان ئه‌و شوقانه‌ی دروستكرابوون، جێگای حه‌وانه‌وه‌یان پێ بدرێت. واته‌ به‌ ئیمتیازاتێكی زۆره‌وه‌، ده‌كرا ئه‌مانه‌ ببنه‌ زه‌خیره‌ و گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ كوردستان، سودێكی زۆر بۆ قوتابیان و خوێندكاران و سیاسه‌تمه‌دارانی كوردستانیش. جگه‌ له‌مه‌ش ده‌بوونه‌ چاودێر و چاوساغی كورد بۆ جیهانی ده‌ره‌وه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌كرا وه‌ك ڕاوێژكاریش له‌ بواری جیا پرسیان پێبكرێت و سودیان لێوه‌ربگیرێت.
له‌ ته‌ك ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، پێشنیارم كرد، له‌ هه‌موو كوردستان چه‌ند سه‌د قوتابیه‌كی زیره‌ك و به‌ توانای ده‌رچووی ئاماده‌یی، ڕاهێنانیان پێ بكرێت بۆ ئاینده‌. واته‌، هه‌ڵبژاردنی چه‌ند سه‌د قوتابیه‌ك بۆ ناردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌، بۆ خوێندن له‌ بواری (فه‌لسه‌فه‌، سیاسه‌ت، مێژووی ڕۆژئاوا، كۆمه‌لناسیی، ده‌روون ناسیی...هتد)، له‌ ئوستڕالیا و كه‌نه‌دا و ئه‌مریكا و ئه‌وروپا. ئنجا هه‌ڵبژاردنی هه‌ر كۆمه‌ڵێك له‌م چه‌ند سه‌د كه‌سه‌ بۆ خوێندن له‌ یه‌كێك له‌م بوارانه‌ به‌ پێی حه‌ز و توانای هه‌ر قوتابیه‌ك. ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌ بكرابا، ئێستا له‌ 2006 وه‌ تا ئێستا ئه‌م قوتابیانه‌، به‌كه‌لۆریۆس و ماسته‌ر و دكتۆرایان هێنابوویه‌وه‌ و ببوونه‌ زانا و ئه‌كادیمست و كادیری هه‌ره‌ پێشكه‌وتووی میلله‌ته‌كه‌مان.
بۆ ئه‌م پڕۆژانه‌، فه‌له‌كه‌دین و چه‌ندین كه‌سایه‌تیی تری كوردستان، خۆشحالیی خۆیان ده‌ربڕی. فه‌له‌كه‌دین داوای لێكردم په‌یوه‌ندی به‌م به‌ڕێزانه‌وه‌ بكه‌م. ئنجا گوتی "ئه‌گه‌ر ئاماده‌ بن بێنه‌ هه‌ولێر، با ده‌ست به‌ كار بین و پرۆژه‌كه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردن". فه‌له‌كه‌دین گوتی به‌ناوی منه‌وه‌ قسه‌یان له‌ گه‌ڵ بكه‌. زۆر خۆشحاڵ بووم و بیرم له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر گه‌ش و ڕووناك ده‌كرده‌وه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان. ئیتر هه‌ر له‌وێوه‌، خۆم ئاماده‌ ده‌كرد بۆ پڕۆژه‌ی تر، كه‌ له‌ مێژ بوو له‌ ناو سه‌رمدا ده‌هاتن و ده‌چوون. منیش ته‌له‌فۆنم بۆ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ك كرد له‌مانه‌، بۆ نمونه‌، وه‌جیهـ كه‌وسه‌رانیی و ڕیزوان ئه‌لسه‌ید. هه‌ردووكیان خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕێ بۆ هاتن بۆ هه‌ولێر. گه‌ڕامه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی، هه‌واڵم دا به‌ فه‌له‌كه‌دین كه‌ ئه‌مانه‌ ئاماده‌ن بێنه‌ هه‌ولێر. ئیتر چاوه‌ڕێی ده‌ركردنی فه‌رمانه‌كه‌ بووم. له‌وێ ئیتر له‌ فه‌له‌كه‌دینه‌وه‌ بۆ ژووری ستافی وه‌زاره‌ت... هتد، ئه‌م پڕۆژه‌ دوو مانگ ده‌ستی ده‌ستی پێكرا، تا دواتر فه‌له‌كه‌دین به‌ ڕه‌نگی سه‌وز له‌ سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی نوسیبوو: ئه‌م پڕۆژه‌ ڕابگیرێت!
دواتر چوومه‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان، چاوم كه‌وت به‌ چنار سه‌عد وه‌زیری شه‌هیدان. پێشنیارم بۆی كرد كه‌ به‌ناوی وه‌زاره‌ته‌وه‌ بانگهێشتی خێزانی فازڵ ڕه‌سول له‌ نه‌مساوه‌ بكات، چونكه‌ فازڵ له‌ پێناو دۆزی كورددا گیانی به‌خشیوه‌، له‌ كاتی گفتوگۆی قاسملوو و ئێرانیه‌كان تیرۆر كراوه‌. پێیم گوت ده‌كرێت میدالیای ڕێز لێنان ببه‌خشرێت به‌ سۆزان ڕه‌سول و هه‌ندێك دیدار و چالاكیی بۆ ئاماده‌ بكرێت، وه‌كو سیمینار و دیداری ته‌له‌فزیۆنیی و كۆبوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كان. چنار گوتی ئیمكانیاتمان نیه! پێیم گوت هه‌موو ئه‌م شتانه‌ به‌ دوو سێ هه‌زار دۆلار ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سۆزان بێته‌ هه‌ولێر جگه‌ له‌ مه‌سروفی تیكێتی ته‌یاره‌، ئه‌وپه‌ڕیی هه‌فته‌یه‌ك له‌ هوتێل ده‌مێنێته‌وه‌. جگه‌ له‌ مه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتێكی ڕه‌مزیش بكرێت كه‌ پاره‌ی تێناچێت. به‌ڵام ئیتر بێ سود بوو.
له‌م نێوه‌دا، ئه‌وانه‌ی بینیمن بۆ گفتوگۆ و قسه‌كردن یان پڕۆژه‌پێدان ده‌رباره‌ی فازڵ ڕه‌سول، ئه‌م چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ی خواره‌وه‌ بوون:
دكتۆر محه‌ممه‌د شه‌ریف (كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامیی له‌ هه‌ولێر).
ته‌له‌فزیۆنی زاگرۆس.
ته‌له‌فزیۆنی كوردستان تی ڤی.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
مامۆستا عه‌لی باپیر.
ستافی هه‌فته‌نامه‌ی میدیا.
ستافی هه‌فته‌نامه‌ی هه‌ولێرپۆست.
یه‌كگرتووی ئیسلامیی.
فه‌رهاد عه‌ونی.
چه‌ندین نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و خوێندكاریش كه، به‌ داوای لێبوردنه‌وه‌،‌ ئێستا ناوی یه‌كه‌ یه‌كه‌یان نایه‌ته‌وه‌ یادم.

نوێترین نوسینەکانی عه‌لی سیرینی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌