خوێندنەوەیەك بۆ ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی توركیا...

وتار/ 30/06/2018 500 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خوێندنەوەیەك بۆ ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی توركیا...
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
لە 24/حوزەیرانی 2018دا هەڵبژاردنێكی چارەنوسساز بۆ پەڕلەمان و سەرۆكی كۆماری توركیا  سازدرا كە بۆیەكەم جارە  بەپێی هەمواركردنەوەی دەستوری ئەو وڵاتە سیستەمی پەڕلەمانی دەگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنەكە پێشوەختە بوو بەپێی پیلانی ئاكەپە و ئەردۆگان و مەهەپە و ململانێكی زۆر توندیش هەبوو لە نێوان تەواوی پارت و سەركردە سیاسیەكاندا.
ئەنجامە بەراییەكان  بۆ پەڕلەمان و سەرۆكی كۆمار كە تەنها دوای 7 كاتژمێر لەدوای داخستنی بنكەكانی دەنگدان بە دەركەوتن بەم شێوەیە بوون:
1. ئەردۆگان ڕێژەی  6ر52%  دەنگ و حیزبەكەشی ئاكەپە 4ر42%
2.  محرم انجە ڕێژەی 6ر30%  و حیزبەكەشی جەهەپە 7ر22%
3. صلاح الدین دەمیرتاش  ڕێژەی 4ر8% و حیزبەكەشی هەدەپە 6ر11%
4.  میراڵ ئەكشنار ڕێژەی  3ر7%  و حیزبەكەشی پارتی باش 10%
5. تەمیل كەرەم الله ڕێژەی  9ر0%
6. دۆغۆ بێرنجیك ڕێژەی 2ر0%  و حیزبەكەشی سەعادەت 3ر1%
((مەهەپە)) بەڕابەرایەتی دەوڵەت باخچەلی تەنها وەك حیزب بەشداری هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كردوە و ڕێژەی 1ر11% ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە ، و بۆ سەرۆك كۆماری كاندیدی نەبوە چونكە هاوپەیمانی ((كۆماری)) لەگەڵ ئاكەپەدا پێكهێنا و ڕێككەوتن كە دەنگی مەهەپە بۆ ئەردۆگان بێت.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوەبوو كە ڕێژەی بەشداربوان بریتی بوو لە   2ر86% كە تاڕادەیەك ڕێژەیەكی بەرزە،ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هەمووان بەهەموو توانایانەوە بەشداریان لەپڕۆسەكەدا كردوە بۆئەوەی زۆرترین دەنگ كۆبكەنەوەو پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەیان بەلاوە گرنگ و چارەنووسازبوە. لە ئێستادا كۆی ژمارەی دانشتوانی توركیا دەگاتە 80 ملیۆن كەس و لەو ژمارەیەش تەنها  59354840 كەس مافی دەنگدانیان هەیە لەناوەوە و دەرەوەی توركیادا و ئەو كەسانەشی كە بەكردارەكی دەنگیان داوە بریتین لە 51188524 كەس و لەو ژمارەی دەنگدەرانەش تەنها 50059249 دەنگ بێ‌كێشە بوون و حساب كراون.
ئەو پێشبینی و هەڵسەنگاندنەی لەو ئەنجامە بەراییانە دەخوێنرێتەوە بریتین لە :
 1. ژمارەی كورسییەكانی ئاكەپە بریتی دەبێت لە 293 كورسی كەمتر لە نیوەی  كۆی كورسیەكان كە 600 كورسین
2. جەهەپە 146 كورسی
3.هەدەپە 66 كورسی
4.مەهەپە 49 كورسی
5. پارتی باش 46 كورسی
بەم شێوەیە تەنها 5 حیزبی سیاسی توانیویانە كە بەربەستی 10% تێبپەڕێنن و بچنە ناو پەڕلەمانی توركیاوە.
ئەگەر هاوپەیمانی(( ئاكەپە و مەهەپە )) بەردەوام بێت لە پەڕلەماندا ئەوا كۆی كورسیەكانیان دەكاتە 342 كورسی كە دەكاتە زیاتر لە نیوەی كۆی كورسیەكانی پەڕلەمان كە 600 كورسیە و دەتوانن حكومەت پێك بێنن،بەبێ‌ پێویست بوون بە دەنگی لایەنەكانی تر.
لەبەرامبەریشدا كۆی كورسیەكانی (( جەهەپە و هەدەپە و پارتی باش)) بریتی دەبێت لە 258 كورسی، كە كەمترە لەنیوەی كورسیەكان كە 300 كورسیە.بەمەش ناتوانن حكومەت پێكبێنن و دەبێت وەكو هێزی ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە.
بەڵام خاڵێكی گرنگ ئەوەیە كە گەر هەر بڕیارێك لە پەڕلەمان پێویستی بە 2/3 دەنگ بێت ئەوا ئاكەپە و مەهەپە پێویستیان بەدەنگی یەكێك لەو سێ‌ لایەنەی تر دەبێت. بۆئەوەی دەنگەكان ببێتە 400 ئەوا لەو كاتەدا تەنها حیزبی جەهەپە و هەدەپە دەتوانن ئەو كارە بكەن چونكە حیزبی باش بە 46 كورسیەوە ناتوانێت ئەو داواكاریەی  ئاكەپە و مەهەپە بێنێتە دی.بۆیە وەك گریمانەیەك دەكرێت(( هەدەپە )) لەو كاتەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ تەواوكردنی دەنگی ئاكاپە و بتوانێت مەرج و داواكاری كورد جێبەجێبكرێت و تەنانەت بەشداری حكومەتی ئایندەش بكات.(( هەڵەی هەڵبژاردنی 6/2015 دووبارە نەكاتەوە)).
ئەوەی ئاشكرا بوو كە هیچ كام لە سەركردە و پارتە توركیەكان كوردیان قبوڵ نەبوە لە هاوپەیمانیەكانیاندا((دەسەڵاتدار(( ئاكاپە و مەهەپە))/ هاوپەیمانی كۆمار  و ئۆپۆزسیۆن(( 4 حیزب))/ هاوپەیمانی گەل ))، كە ئەم هەڵوێستەش وا لە هەدەپە دەكات كە هیچ جۆرە لێكنزیكبونەوەیەك لەگەڵ هیچ كامیاندا نەكات و تەنها خاوەنی دەنگ و ڕەنگی كورد بێت لە پەڕلەماندا و بەو 66 كورسیەی كە هەیەتی سیاسەتی خۆی بكات لە پێناو بەرژەوەندی كورد و حیزبەكەیدا و داكۆكیش بكات لەمافە ڕەواكانی گەلانی توركیا بەبێ‌ جیاوازی.بەڵام خۆ گەر سیاسیانە كاربكات و لە پێناو دەسكەوتی زیاتر و ڕێكەوتن لەسەر بەرنامەیەكی كاری باش بۆ هەموو توركیا بەگشتی و وكوردیش بەتایبەتی، گەر هەدەپە لەگەڵ ئاكەپەدا جۆرێك لێكتێگەیشتنیان هەبێت كەڵكی هەیە و زیانی كەمترە.
ئەوەی بەدەردەكەوێت هەردوو پارتی هەدەپە /نەتەوەیی كوردی(( هەرچەندە نوێنەری گەلانی توركیایە)) و مەهەپە/ نەتەوەیی توركی ڕێژەی دەنگەكانیان بریتیە لە(( 6ر11% و 1ر11% )) و زۆر نزیكن لەیەكتر.ئەمەش ئەوە دەردەخات دەنگدەری كورد و توكیش دووركەوتونەتەوە لە گیانی نەتەوەیی و دەمارگیری و هەردووكیان كەمینەن لە كۆمەڵگای توركیادا.
خاڵێكی تر ئەوەیە كە زۆرینەی دەنگدەر كە خۆی لە ئاكپارتیدا دەبینێتەوە ،توركیایەكی ئارام و خۆشگوزەران و ئابوریەكی بەهێزیان گەرەكە.دوور لەشەڕ و كاولكاری و و توندوتیژی و دەمارگیری ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی،كە ئاكەپەش بۆ ماوەی 15 ساڵە زۆر باش لە زهنیەت و خوێندنەوە و تێفكرینی تاك و كۆمەڵگای توركی تێگەیشتوە و كاری لەسەر كردوە و تاڕادەیەكی باشیش سەركەوتوو بوە و بەهێزترین و یەكگرتووترین حكومەتی لە مێژووی نوێی توركیادا پێكهێناوە بە زۆرینەی پەڕلەمانی دوور لە حكومەتە لاواز و لەرزۆكە ئیئتیلافیەكان كە دەیەكانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابووردوو توركیایات خستبوە گێژاو و ناجێگیریەكی سیاسی و ئابوری و ئەمنی توندەوە.تا ساڵی 2002 كە ئاكەپە بۆ یەكەم جار سەركەواتنی بەدەستهێنا و بەتەنهاش حكومەتی پێكهێنا.
لەكۆتایدا ئەوەی هەموان چاوەڕوانیان دەكرد بەدڵی خۆیان نەبوو:
1.  ئاكاپە و ئەردۆگان چاوەڕاوانی ئەنجامی زۆر باشتر بوون چونكە  بە حسابی خۆیان توانیویانە دژی كورد سەركەوتوبن و داگیركاری عفرین بكەن و دژی پەكەكە و گوڵەنیەكان كاربكەن وەكو دەسكەوت. بەڵام لەبەرامبەریشدا بەرتەسككردنەوەی ئازادیەكان و گرتن و ڕاوەدونان و خراپی باری ئابوری هەلی سەركەوتنی گەورەی لەدەستدان.
2. هەدەپەش چاوەڕوانی زۆر باشتری دەكرد بەوەی كە سەرۆكەكەی لە زینداندایە و لەوانەیە دەنگی باشتر بێنێت بەڵام ئەوەش نەهاتە دی و نیوەی كوردی باكور دەنگیان بە ئاكەپە داوە. و هەدەپە تەنها لە 10 شاری كوردیدا دەنگی زۆرینە یان لەنیوە كەمتری هێناوە.بەڵام بۆ بون و بەردەوامی و مقاوەمەتی كورد و چونە ناو پەڕلەمانەوە سەركەوتنی باش بوە سەرەڕای دژایەتی زۆری ئاكاپە و ئەردۆگان بۆ هەدەپە و دەمیرتاش.
3. ئەوەی چاوەڕوانی دەكرا كە جەهەپە و پارتی باش و میراڵ ئاكشنەر دژی ئەردۆگان دەنگی زۆر بێنن ئەوەش نەهاتە دی.
بۆیە ئەم ئەنجامانە سەركەوتنن بەتامی دۆڕاندن و هیچ كامیان دڵخوازی نین.بەڵام لەكۆتایدا ئاكەپە و ئەردۆگان بونە براوەی گەمە سیاسیەكە و لانی كەم تا 5 ساڵی تر لەدەسەڵاتدا دەمێننەوە. و دەتوانن توركیا بە ئاڕاستەی دیموكراسیەت بەرن یان بە ئاڕاستەی دیكتاتۆریەت بەرن ،ئەمەیە كە دەگوترێت لەڕێگەی((دیموكراسیەوە دیكتاتۆریەت دەسەپێنرێت)).
ئەردۆگانیش لە دوو ڕیانێكی مێژوویدایە گەر بیەوێت سیاسەتێكی ژیرانە و سەردەمیانە بكات و توركیا بەرەو پێشەوە بەرێت و بیكاتە دەوڵەتێكی یاسایی و دیموكراسی و لەگەڵ    چوار دەورە ناوچەیی و جیهانیەكەیدا بیگونجێنێت ئەوا دەبێتە سەرۆك كۆمارێكی بێوینە و ناویشی بە گەشاوەی دەچێتە مێژووی نوێی توركیاوە و گەر بەپێچەوانەشەوە مامەڵە و سیاسەت بكات و توشی غرورو شێتێتی مەزنبوون ببێت ئەوا بە دڵنیایی دەبێتە دیكتاتۆرێكی قێزەون و تاكە دەستڕۆیشتوی توركیا لەسەدەی بیست و یەكەمدا.و مێژوە ڕەش و خوێناویەكی سەردەمی عوسمانیاكان دێنێتەوە یادی هەموان كە بۆخۆی خەونی زۆری پێوە دەبینێت و گەرەكێتی نازناوی خەلیفەی موسوڵمانانیش هەڵبگرێت.ئاشكراشە هەموو ئەم ئەگەرانە كات و زەمان لە ئایندەدا ڕاستی و ناڕاستیان وەدەردەخات.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌