عێراق لەبەردەم دەرگای جەهەنەمدا !!!
وتار/
19/06/2018
498 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
عێراق لەبەردەم دەرگای جەهەنەمدا !!!
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
هەڵبژاردنی 12/5 و ئەنجامەكانی عێراقیان خستە بەردەم دووڕیانێكی مەترسیدار و یەكلایكەرەوە،بەوەی
كە ئەوهەڵبژاردنە بوە هۆی دووكەرت بوون و دابەشبوونی سەركردە و پارتە سیاسیەكانی عێراق
بەكوردستانیشەوە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك و ناكۆك،بەرەیەك كە خۆیان بە براوەی گەمە سیاسیەكە
دەزانن و ئەنجامەكانیان قبوڵە و داوادەكەن كە دادگای فیدڕاڵی دانی پێدابنێت بۆئەوەی
دەستبكەن بە گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق. بەرەی دووەمیش بریتین لە
دۆڕاوەكان وبەرەی دژ و ئەنجامەكان سەرتاپا ڕەتدەكەنەوە و خۆیان بە مەزڵوم دەزانن و
داوا دەكەن یان هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە یانیش دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكرێنەوە
بەو هیوایەی كە گۆڕانكاری لە ئەنجامەكاندا ڕووبدات وئەمانیش بتوانن بەهێزەوە بەشداری
حكومەتی ئایندەی عێراق بكەن.
بەم شێوەیە عێراق لە ئێستادا و دوای نزیكەی 40 ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی
ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە كەوتۆتە دۆخێكی سیاسی ئاڵۆز و
ناجێگیر و شڵەژاویەكی قوڵەوە كە ئومێدی زوو پێكهێنانی حكومەتی لێناكرێت،لەلایەك لەبەر
دووری و ناكۆكی سیاسی كۆنی نێوان سەركردە و پارتە سیاسیەكان و لەلایەكیشی تریشەوە
دووری و فراوانی نێوان بەرنامە و دیدگا و تێڕوانینی ئەو لایەنە سیاسیانەی عێراق لەسەر
بەرنامە و كاری حكومەتی ئایندە ، بۆیە پێكەوەنانی هاوپەیمانی و كوتلەی گەورەی پەڕلەمانی
زۆر ئەستەم بوە تەنانەت لە نێوان لیستە براوە گەورەكانیشدا و لەناو یەك مەزهەبی ئاینیشدا.
هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەیی نێو ماڵی شیعەكان و سونەكان و كوردەكانیش و هەموانیش لە
دیدگایەكی تەسكی حیزبایەتی بچوكەوە دەڕواننە مەسەلە گرنگەكان و هێندەی لەخەمی دەسكەوت
و پلە و پۆست و ئیمتیازاتدان نیوهێندە لەخەمی نەتەوە و نیشتیماندا نین و هەریەكە گەرەكێتی
گەورەترین بەشی بەربكەوێت.
ئاشكرایە لەدوای 30/6/2018وە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەڕلەمانی
عێراق كۆتایی دێت و ئیدی گەر تەمەنی خۆی درێژنەكاتەوە ئەوا عێراق دەكەوێتە نێو بۆشاییەكی یاساییەوە و
زەحمەتە بە ئاسانی كارەكان ڕێك بكرێنەوە و حكومەتیش دەبێتە حكومەتی كار بەڕێكەر و
توانا و دەسەڵاتی بڕیاری گرنگ و چارەنوسسازی نامێنێت. ئەوكاتیش عێراق دەرگای جەهەنەمێگی
پڕ ئاگر و سوتێنەری بەسەردا دەكرێتەوە و تەڕ و وشك پێكەوە دەسوتێنێت،چونكە دەوڵەت
بونێكی مادی نامێنێت و داموزدەزگاكانیش مەرجەعێكی یاسایی و ئیداریان نامێنێت و وڵات
دەبێتە پاشاگەردانی و سەرهەڵدانی میلیشیای چەكداری و تیرۆر و تۆقاندن و گەندەڵی و
تاوان و هەموو دیاردە دزێوەكان سەرهەڵدەدەن و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەمی
ساڵانی 2003 تا 2005 و هەڵایسانی شەڕی تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی و ناوخۆیی. عێراق
بەرەو وێرانبونی زیاتر و لێكترازان و جیابونەوەش هەنگاو دەنێت. ئەمە ئەو مەترسیانەیە
كە ڕووبەڕووی عێراقی ئایندە دەبێتەوە ,گەر سەركردە و پارتە سیاسیەكان پەرۆشی و خەمخۆری
خۆیان دەرنەبڕن لە زوو پێكەوەنانی حكومەتی ئایندەدا.چونكە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بۆخۆی بۆتە جێگەی ناكۆكی و ململانێ جیهانیەكان و بەتایبەتیش لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا
كە هەردووكیان خاوەن نفوز و هەژموونی گەورەن لە عێراقدا و تەواوی ململانێكانی خۆیان
چڕكردۆتەوە لەناو عێراقدا و خاك و ئاو و گەلانی عێراقیان كردۆتە گۆڕەپانی ململانێكانیان
و ئەنجامیش تەنها عێراقیەكان دەبنە سووتەمەنی. كێشەكانی نێوان عەرەب _ئیسڕائیل و كێشەی
سوریا و یەمەن و وڵاتانی كەنداو و توركیا و..هتد.هەموو ئەمانەش دەبنە مەترسی بۆسەر
عێراق و وا پێویست دەكات كە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەموو ئەم مەترسیانە عێراق ببێتە
خاوەن حكومەت و دەسەڵات و پەڕلەمانێكی بەهێزی وەها كە بتوانێت بەرەنگاری و وەڵامی هەموو ئەو مەترسیانە بداتەوە،چونكە
عێراق وڵاتێگی گەورە و گرنگ و دەوڵەمەندی ناوچەكەیە و هەموو ئەو ئاڵنگاریانە بەباش
یان خراپ كاریگەریان دەبێت لەسەری.
عێراق جگە لەم كێشە و ململانێ ناوخۆییانەی خۆی ، ڕووبەڕووی
كێشە گەلێگی گەورەتر بۆتەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتیش ئێران و توركیا بەوەی
كەدەبێت وەڵامی هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بداتەوە و وەڵامی بڕین و گرتنەوەی ئاوی
هەردوو ڕووباری دیجلە و زێی بچوك بداتەوە لەلایەن ئێران و توركیاوە كەهەموو ئەمانە
پێشێلكردنی یاسا و ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكانن و پێشێلكردنی سیادە و سەروەری عێراقن
و ئەركی دەوڵەتی ناوەندیشن لە بەغداد نەك هەرێمی كوردستان.
كوردیش لەم نێوەندەدا هەموو پڕیشك و ئازار و ململانێ و
ناكۆكیەكانی عێراقی بەردەكەوێت و كاریگەری زۆر خراپیشی لەسەر دادەنێن ،چونكە نێوماڵی
كوردیش زۆر پەرتەوازە و ناڕێك و لێكترازاوە،گەرەكە سەركردە و پارتەسیاسیەكانیش زیاتر
لەوانەی عێراق بەخەم و تەنگی كوردستانەوە بێن و هەوڵی ئاشتەوایی و لێكنزیكبونەوە و
ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد بدەن بۆئەوەی نەبنە سووتەمەنی هەموو ئەو ململانێ ناوچەیی
و نێودەوڵەتیانە و بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتیش نەخەنە سەروو بەرژەوەندیە باڵاكانی
نەتەوە و نیشتیمانەوە،گەرەكە كوردستان و كوردایەتی نەكەنە قوربانی چەند كورسیەكی پەڕلەمان
و چەند دەسكەوتێكی كەموكورت لە بەغداد كە هیچ كاریگەری گەورەیان نابێت بۆ مەسەلەی
كوردایەتی،بۆیە گەر ئەو پەرۆشیە نەنوێنن ئەوا بەدڵنیایی دەرگای جەهەنمێكی سووتێنەر
بەسەر عێراق و كوردستاندا دەكرێتەوە و هەموانیش بێ جیاوازی لێی بەرپرسیار دەبن.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021