توركیا و ئەردۆگان بەرەو دیموكراسیەت یان دیكتاتۆریەت ؟

وتار/ 11/06/2018 558 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

توركیا و ئەردۆگان بەرەو دیموكراسیەت یان دیكتاتۆریەت ؟
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
وابڕیارە 24 ی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا و پەڕلەمانیش ئەنجام بدرێت و ئیدی لەم ڕۆژە بەدواوە و دوای نزیكەی 95 ساڵ لە پیادەكردنی سیستەمی پەڕلەمانی كە تاڕادەیەكی باش ڕێگر بوە لە سەرهەڵدان و دروستبونی دیكتاتۆریەت لەو وڵاتەدا،ئیدی ئەو سیستەمە كاری پێناكرێت و دەگۆڕێت بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی و تیایدا زۆرینەی ڕەهای دەسەڵاتەكان كۆدەبنەوە لە دەستی سەرۆك كۆماردا. ئەمەش نەك بە نیەتی خزتمەتكردن وبەرەو پێشچوونی دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی وڵات بێت و لە پێناو گەشە و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیاندا بێت،بەڵكو تەنها لە پێناو نەزوەی كەسی و خەونی زڕی ئەردۆگان و سیاسەتی ئاك پارتیدا دەبێت بۆ ئەوەی ئەردۆگان ببێتە تاكە پیاوی دەسەڵاتداری تاك ڕەو لە توركیادا و خەونی بون بە سوڵتانەكانی عوسمانی ببوژێنێتەوە چونكە زۆر سەرسامە بە كار و كردەوەی سوڵتانەكانی عوسمانی و بەسەردەمی زێڕینی توركیا و ئیسلامیشی دادەنێت . حەزكردنەكەشی بۆ گەڕانەوەی بۆ ئەو سەردەمە لە حەز و خولیای فراوانخوازی و پاوانخوازی و داگیركردنی وڵاتان و پیادەكردنی جەور و ستەمە هەروەك چۆن سوڵتانەكانی باوباپیرانی پیادەیان كردوە لە ڕابووردوودا.بەڵام ئەردۆگان نابێت ئەو ڕاستیەشی لەبیر بچێت كە كۆتایی ئەو 600 ساڵی حوكمڕانانی عوسمانیەكمانیش هەر بە دۆڕاندن و هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی ئەو سەڵتەنەتە شەڕخوازە كۆتایی هاتوە لەسەر دەستی ئازادیخوازان و دونیای دیموكراسی و دادپەروەریدا.و بۆ هەتاهەتاشە خەونی خەلافەتی ئیسلامی لە گۆڕنرا.
ئەردۆگانی تەمەن 64 ساڵ خۆی بە كاندیدی بەهێز دادەنێت و پشتی ئەستورە بە پشتگیركردنی حیزبی توندڕەوی نەتەوەیی توركیا بەڕابەرایەتی دەوڵەت باخچەلی كە هاوپەیمانیەكیان پێكەوە ناوە بەناوی ((هاوپەیمانی كۆماری))و هەندێك هێزی پارێزگار و كۆنەخواز و هەندێك لە دەنگەكانی كورد و ژمارەیەك حیزبی بچووكیش.بەڵام سەركەوتنیشی لە خولی یەكەمدا زۆر مسۆگەر نیە و خۆشی باش دەزانێت  چونكە دەبێت 50% دەنگەكان بەدەستبێنێت ،ئەگەر خولی دووەم هەبێت ئەوا لە 8ی تەموزدا سازدەكرێت ئەوكات دەتوانێت سەربكەوێت بەسەر كاندیدی بەرامبەریدا لە حیزبی گەلی كۆماری (( محرم ئینجە)) كە جێگری سەرۆكی حیزب و سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپەیە لە پەڕلەماندا. یان خاتوو میڕاڵ ئكشنەر سەرۆكی حیزبی باش.
چانسی ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا لەبەر چەند هۆیەك زیاترە بۆ بردنەوە لەوانە:
ئەردۆگان و حیزبەكەی ماوەی 16 ساڵی ڕێكە لە دەسەڵاتدان و 4 خولی بەدوایەكدا سەركەوتنیان بەدەست هێناوە جگە لە هەڵبژاردنی 7 حوزەیرانی ساڵی 2017 نەبێت كە دۆڕانێكی بەرچاویان پێكەوت.
هەروەها لەم ماوەیەشدا توانیویەتی هەندێك كار بكات كە بەڕواڵەت وەك سەركەوتن و دەسكەوت بۆی هەژمار دەكرێت لە بوژاندنەوەی ئابوری وڵاتدا و گەشەو پێشكەوتنی پیشەسازی و بازرگانی و..هتد.
بەڵام لەبەرامبەریشدا گەلێك خاڵی لاوازیشی هەیە لەوانە :
نەیتوانیوە توركیا بگەیەنێتە ئاستێك لە هیچ ڕوویەكەوە نە سیاسی و نە ئابوری و نە ئەمنی وا كە بتوانێت هاوڵاتی توركیا هەست بە ئارامی و خۆشگوزەرانی بكات، ئەوەتا پەیوەندیە سیاسیەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا ساڵ بەساڵ ڕوو لە خراپیە لەگەڵ هەریەكە لە سوریا و عێراق و ئێران و میسر و سعودیە و ئیمارات و ئیسڕائیل كە ئەم وڵاتانە ڕۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەیە بۆسەر ئاسایشی ناوچەیی و تەنانەت لەگەڵ ئەوروپی و ئەمریكاشدا دۆخی سیاسی زۆر خراپە و لەگەڵ ڕوسیاشدا لەهەڵبەز و دابەزدایە بەهۆی هەڵسوكەوت و تاكتیكە سەرلێشواویەكەی ئەردۆگانەوە و هەڵپەی بەدەستهێنانی دەسكەوت لە جەنگی دژی تیرۆریستان لەسوریا و عێراقدا و گەرەكێتی خۆی بكاتە وڵاتێكی حساب بۆكراو و دەمڕاستی ناوچەكە.
 لەڕووی ئابوری و دارایی و بازرگانی و گەشتوگوزرایشەوە  لەئێستادا لە خراپترین دۆخدایەو لیرەی توركی بە ڕێژەیەك دابەزیوە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكیدا كە مەترسی گەورەی داڕمانی ئابوری لێدەكرێت.
 لەڕووی ئەمنیشەوە نەیتوانیەوە  ئارامیەكی تەواو دابین بكات بۆ هاوڵاتیانی بەهۆی دەستوەردانە بەردەوامەكانی لەكاروەباری وڵاتانی ناوچەكە و پشتیوانی بۆ داعش و تیرۆریستانی ترو تێكدانی پەیوەندیە ناوچەیی و جیهانیەكانیشی.
هەموو ئەم خاڵانە خاڵی لاوازن بۆ ئەرۆدگان و هاوڵاتیانی توركیاش حسابی بۆ دەكەن،ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە :
لەناوخۆی وڵاتیشدا بەهۆی سیاسەتە خۆسەپێن و قۆرخكاریەكانیەوە و هەڵمەتی ڕاوەدونان و وگرتن و دوورخستنەوە و دادگایكردن و فەصڵكردنی فەرمانبەران و داخستنی ڕۆژنامە وتەلەفزیۆن و گرتنی ڕۆژنامەنوسان هیچ جۆرە ئازادیەكی نەهێشتۆتەوە كە هاوڵاتی هەناسەیەكی ئاسودەیی تیادا بدات بەناوی ڕاوەدوونانی كۆمەڵی خزمەتی فەتحوڵا گولەن و  پەكەكە و ..هتد. و تەنانەت لەناوخۆی حیزبەكەی خۆشیدا و لەگەڵ هاوڕێ‌ كۆن و نوێكانیشدا پەیوەندیەكانی خراپە وئەردۆگان گەرەكێتی كۆمەڵگایەكی پڕ لە ترس و دەسەڵاتێكی تۆقێنەریش دابمەزرێنێت و پێكەوە بنێت.
بەڵام ئەوەی چانسی ئەردۆگانی زیاتر كردوە بۆ بردنەوە بریتیە لە بوونی زیاد لە كاندیدێك كە ئەمەش دەبێتە هۆی پەرتبونی دەنگەكان و دواتریش بەقازانجی ئەردۆگان دەشكێتەوە.چونكە لەلایەك هیچ كام لەو كاندیدانە هێندە بەهێزنین كە بتوانن لە خولی یەكەمدا سەركەوتوبن و لەخولی دووهەمیشدا ئاسایی دەنگە پەرتوبوەكانی حیزب و كاندیدەكانی تر بە ڕێكەوتنی پێشوەختە لە (( ڕاستڕەوی نەتەوەیی  یان ڕاستڕەوی پارێزگار و دەنگدەری كوردیشی هەیە)) بەزۆرینە دەگەڕێنەوە بۆ ئەردۆگان وەكو هەموو جارەكانی تر.
كاندیدەكانی ڕكابەری ئەردۆگان بریتین لە هەریەكە لە:
1.محرم ئینجە، 54 ساڵ وجێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری و سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپە لە پەڕلەماندا.سەرسەخترین كاندید دژی ئەردۆگان.
2. خاتوو میڕاڵ ئكشنەر/ 60 ساڵ وسەرۆكی حیزبی باش لە 2017و وەزیری ناوخۆی پێشتر و سەرەكیترین كاندیدی دژ بە ئەردۆگان و ناسراو بە (ژنە گورگەكە یان ژنە ئاسنینەكە))
3.تیمیل كارامۆلا ئۆغڵو/ سەرۆكی حیزبی سەعادەت
4.دۆغۆ بێرینجیك/سەرۆكی حیزبی نیشتیمان((چەپی نەتەوەیی)
5.وجدات اوز/سەرۆكی حیزبی دادپەروەری ((ڕاستڕەوی نەتەوەیی))
6.صلاح الدین دێمێرتاش/ سەرۆكی پێشتری حیزبی هەدەپە((كورد)) و بەندكراو بەتۆمەتی تیرۆر لەساڵی 2016وە
ئەوەی جێگەی سەرنج و تێبینیە و وەك حاڵەتێكی نائاسایی دێتە پێش چاو،بریتیە لە بونی صلاح الدین دەمیرتاشی كورد و سەرۆكی هەدەپە لەناو كاندیدەكاندا،كە تائێستا لە زینداندایە و نەیتوانیوە و ڕێگەی نەدراوە بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن بكات  و تەنها لەلایەن ڕۆژنامەیەكی ئەڵمانیەوە بۆ ماوەی 10 خولەك چاوپێكەوتنێكی لەگەڵدا سازكراوە.بۆیە ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردن و خودی هەڵبژاردنەكەش نادادپەروەری زۆری تیادایە، كورد بۆخۆشی باش دەزانێت كە چانسی سەركەوتنی زۆر كەمە بەڵام وەك تەحەدایەك و ڕووبەڕووبونەوەیەك و بۆ سەلماندنی بوون و مان و مقاوەمەتی كورد لەبەرانبەر سیاسەتە خۆسەپێن و ملهوڕیەكانی ئەردۆگاندا  نوێنەری خۆی كاندید كردوە، یەكەم خاڵ لەبەردەم دەمیرتاشدا بریتیە لە تێپەڕاندنی ڕێژەی 10% ی دەنگەكان و ئەوكات دەتوانرێت بوترێت كە چانسی سەركەوتن هەیە یان نا.چونكە زۆرێك لە حیزب و كاندیدە بچوكەكان ناتوانن ئەو ڕێژەیە تێبپەڕێنن هەربۆیە چانسی بردنەوە تەنها بۆ كاندید و حیزبە گەورەكانە.خۆشبەختانە هەدەبە و دەمیرتاش لە دوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەڕلەمانیدا بە ئاسانی ئەو ڕێژیەیان تێپەڕاندوە و ئەم جارەش پێبینی دەكرێت ببەزێنرێت و زۆرینەی دەنگی كورد و گەلانی تریش بۆ بەڕێز دەمیرتاش بێت وەك هاوسۆزی بۆ دەمیرتاش و بۆ دژایەتی ئەردۆگان.
بەهەرحاڵ بردنەوە یان دۆڕاندنی ئەردۆگان دەبێتە مایەی پشێوی نانەوەی زیاتر و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەتوركیادا و توندبونەوەی ململانێ‌ حیزبیەكان و تەنانەت سەركردنیش بۆ هەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی و ..هتد.چونكە لە سەركەوتندا ئەردۆگان دەبێتە تاكە دەسەڵاتدار و تاكە خاوەن بڕیار و هێندەی تر مەغرور دەبێت و سەركێشی و كار و هەنگاوی هەڵە و شێتانەی زیاتر دەكات لەناوچەكە و ناوخۆشدا و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دژایەتی و پەیداكردنی دوژمنی زیاتر بۆ ئەردۆگان و توركیاش. بە دۆڕاندنیشی توركیا بەرەو ناجێگری سیاسی و ئابوری و ئەمنی زیاتر دەبێتەوە و جارێكی تر ململانێ‌ حیزبیەكان توندتر دەبنەوە و گروپ و ڕێكخراوی توندڕەو سەرهەڵدەدەن و ڕەنگە حكومەتێكی لاوازیش دروست ببێت و بەمەش توركیا و ئەردۆگان لاواز و دەبن و بەزیانی گەورە دەگەڕێتەوە بەسەر توركیادا.
بەم شێوەیە ئەم هەڵبژاردنە و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانیە كارێكی چارەنووسازە و ئایندەی توركیا دەیاریدەكات بە باش یان خراپ.جا بەهەرلایەكدا بشكێتەوە ناوچەكە  ڕووبەڕووی پشێوی و ناكۆكی و لێكترازانی زیاتر دەبێتەوەو ئاشتی و ئارامی ناوچەیی و جیهانیش تێكدەچێت،بەتایبەتیش كە ناوچەكە بۆخۆی بۆتە كوانوی جەنگێكی سارد_گەرمی نێوان وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكان و لەهەموو ئان و ساتێكدا ئەگەری هەڵایسانی جەنگی خوێناوی لێدەكرێت.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌