چۆن پڕۆسەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا ببوژێنینەوە ؟
وتار/
07/06/2018
763 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
چۆن پڕۆسەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا ببوژێنینەوە ؟
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
سەرجەم وڵاتان
بەگەورە و بچوكیانەوە ،بەدەوڵەمەند و هەژاریانەوە،لەسیستەمی حوكمڕانی تاكڕەویدا بێت
یان دیموكراسیدا بێت،گەر بیەوێت وڵات بەرەو پێشەوە بەرێت و دۆخی ئابوری و بازرگانی
گەشەپێبدات و ئاستی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی بەرزبكاتەوە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابینبكات،گەر بیەوێت دیاردە زیانبەخش و
كوشندەكانی ناو كۆمەڵگا كەمبكاتەوە یان بنەبڕیان بكات لە هەژاری و دواكەوتویی و بێكاری وڕێژەی تاوان
و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی وهەڵاوسان ..هتد. ئەوا پێویستە هەوڵبدات لە پاڵ داهات
و بودجەی گشتی وڵاتدا بگەڕێت بەدوای هێنانە ناوەوەی سەرمایەی بیانی بۆ ناو وڵات بۆ
ئەوەی ببێتە پاڵپشت و تەواوكار و هاوكاری حكومەت و دەسەڵاتە نیشتیمانیەكان،چونكە لەدونیای
سەردەمدا هیچ دەسەڵات و حوكمڕانیەك بەتەنها و بێ هاوكاری و یارمەتی سەرمایەی دەرەكی
و وەبەرهێنان ناتوانێت ڕابگات بە دابینكردنی هەموو پێداویستیەكانی وڵات و هاوڵاتیانیدا
و ناتوانێت تەواوی سێكتەر و بوارەكانی ژیان و پێشكەوتن و گەشەكردنی وڵات فەراهەم
بكات،هەربۆیە پێویستی بەیارمەتی و كۆمەكی دەرەكی دەبێت و ئەم كارەش هیچ نەنگی و كەموكورتی
نیە و وڵاتانی پێشكەوتوو و زلهێزیش پەنایان بۆ بردوە ،نمونەی وڵاتانیش زۆرن لەو
بوارەدا هەر لە زلهێزەكانەوە وەك ئەمریكا و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیاو
...هتد . تادەگاتە وڵاتە گەشەسەندوەكانی وەكو هندستان و چین و وڵاتانی كیشوەری ئەمریكای
لاتین و ئاسیا و ئەفریقیا و ..هتد.
لەلایەك وەك پڕۆسەی وەبەرهێنان و ڕاكێشان و هێنانەناوەوەی
سەرمایەی دەرەكی لە ڕێگەی جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژیەكانەوە كە پێویستیان بەسەرمایەی
گەورە هەیە لەگشت بوارەكانی كشتوكاڵو پیشەسازی و نەوت و گەشتوگوزاری و نیشتەجێبوون..هتد.
ئەوە بە كارئاسانیكردن دەبێت بۆ خاوەن سەرمایە و كۆمپانیاكانلەڕێگەی :
1. دابینكردنی كەشوهەوایەكی سیاسی و ئابوری جێگیر
لەوڵاتدا چونكە بەبێ ئەم دۆخە هیچ سەرمایە و سەرمایەدارێك بوێری ئەوە نەكات كە مەترسی
بخاتە سەر داهات و سەرمایەكەی وەك دەڵێن ((سەرمایە ترسنۆكە))بۆیە پێویستە وڵات و دۆخی
سیاسی جێگیر بێت و دووربێت لە شەڕ و جەنگ و
ململانێكان،ئەوەتا دەبینین هەر وڵاتێك كە شەڕ و جەنگ و ناكۆكی دەرەكی یان ناوخۆیی
تیادا بێت سەرمایە ڕووی تێناكات و بگرە بەجێشیدەهێڵێت.
هاندان و كارئاسنیكردنە بۆ سەرمایەدار و كۆمپانیاكان بەوەی
كە یاسا و ڕێسای گونجاو ومۆدێرنیان بۆ دەربكات
و زەوی و خزمەتگوزاری پڕۆژەكانی بۆ دابین
بكات ئەگەر بەنرخی ڕەمزیش بێت ولەباجی گومركی و ڕسومات بیانبەخشێت و لەهێنانە ناوەوەی
ئامێر و كەل و پەلەكانیاندا هاوكار و كارئاسانیان بۆ بكات.دەكرێت كوردستان سوود لە
ئەزموونی سەركەوتووی وڵاتانی ناوچەكە و جدونیا وەربگرێت لەو بوارەدا بە گونجاندنیان
لەگەڵ هەرلومەرجی كوردستاندا.
لەكۆتایی پڕۆژەكانیشدا لەڕێگەی ڕێكەوتن و تێگەیشتنی هەردوولاوە
دەتوانرێتكە خاوەندارێتی پڕۆژەكان بگەڕێتەوە بۆ حكومەت دوای تەواوبونی ماوەی كەڵك وەرگرتنی پڕۆژەكە لەلایەن
وەبەرهێنەكەوە لەڕێگەی ((موساتەحەوە)) بێت یان دیاریكردنی چەند ساڵێك لەداهات و
قازانجی پڕۆژەكە یان پێدانی ئیمتیازاتی تر.
بەم شێوەیە دەكرێت هانی وەبەرهێنەرەكان بدرێت و كار و پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی جێبەجێبكەن و وڵات
و ئابوری وڵاتیش گەشە پێبدەن.
لەلایەكی تریشەوە پێویستە حكومەتەكان و دەسەڵاتە نیشتیمانیەكانیش
بۆخۆیان لە بودجەی گشتی وڵات بەشێكی زۆری داهاتەكانیان تەرخان بكەن بۆ پڕۆسەی بونیاتنانەوە
و بوژاندنەوەی سەرجەم كەرتەكانی ژیان و هەوڵی
دروستكردن و پتەوكردنی ژێرخانی ئابوری وڵات بدەن و بتوانن زۆرترین ئەو پڕۆژانە جێبەجێبكەن
كە پێویستیان بەسەرمایەی زۆر گەورە نیە و لەتوانای حكومەتەكان خۆیاندایە. بۆ ئەم
كارەش پێویستە حكومەت پلانی زانستی و كردارەكی خۆی هەبێت و بە شێوەیەكی یەكسان و
دادپەروەرانە پڕۆژەكان لە تەواوی ناوچە جیاوازەكانی وڵاتدا جێبەجێبكات دوور لە ئینتیمای
حیزبایەتی و بەسیاسەتكردنی ئەو بوارە و لەسەر پێداویستی و تایبەتمەندی ناوچەكانیش
پڕۆژەكان جێبەجێكات لەڕووی بوونی كەرەسە خاوەكان و هەرزانی دەستی كار و بوونی شارەزاو پسۆڕ لەناوچەكاندا.ئەم جۆرە لە پڕۆسەی
ئاوەدانكردنەوە ناودەبرێت بە ((بەڵێندەرایەتی)) و حكومەت لەڕێگەی كۆمپانیا و بەڵێندەرە
ناوخۆیی و دەرەكەیەكانەوە و بە پارە و بودجەی خۆی پڕۆژەكان جێبەجێدەكات بە ڕێژەیەكی
دیاریكراو لە قازانج و دواتریش كۆی پڕۆژەكە دەبێتە موڵكی حكومەت و خاوەندارێتیەكەی
بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
لەم پێناوەشدا هەردوو كەرتی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتیش
پێویستە هاوكار و كارئاسانی تەواویان بۆبكرێت لەلایەن حكومەتەكانەوە و هەردوو وەبەرهێن
و بەڵێندەرانیش بە هاوكار و تەواوكەری خۆی بزانێت نەك نەیار و ناحەز ،هەربۆیە چۆن
حكومەتەكان دەبێت لەبونی پڕۆژەكاندا قازانج بكەن بە پێشكەوتن و بوژاندنەوەو وگەشەی
ئابوری و ژێرخانی خۆی ئاوهاش دەبێت وەبەرهێن و بەڵێندەرەكانیش قازانج بكەن.هەردووكلایان
بریتین لە دوو جەمسەری تەواوكەری هاوكێشەی ئابوری و بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوەی
وڵات.
بۆیە پێویستە و ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە چیدی
خۆی نەبەستێتەوە بە سیاسەتی ئابوری داخراو و مەركەزی بەڵكو هەوڵی كرانەوەی سەرجەم دەرگاكان بدات بەڕووی
وەبەرهێنە ناوخۆیی و بیانیەكاندا و بتوانێت هەلومەرجی سیاسی گونجاو ولەبار دابینبكات
بۆ هاندانیان بۆ هاتنەوە ناوەوەی وڵات،گەر وانەكات ئەوا ڕۆژ بەڕۆژ وڵات بەرەو دواكەوتویی
و هەژاری و بێكاری و وێرانبوون هەنگاو دەنێت،ئەم پڕۆسەیەش بۆخۆی دوولایەنەیە و دەكرێت
بەباش یان خراپ ڕەنگدانەوەی هەبێت بەسەر ئایندەی وڵاتدا،ئەم جۆرە پلان و پڕۆسە گەورانەش
دەبێت دووربێت لەدیاردەی گەندەڵی و و شەراكەتكردن لەگەڵ كۆمپانیاكاندا و قۆرخكاری و پاوانكردنی تەواوی سێكتەرەكان لەلایەن
دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوەكانەوە و دەبێت لە وڵاتدا یاسا سەروەر بێت و ڕێگە بەهیچ كەس
و گروپێك نەدرێت بۆ قازانجی خۆیان دەسەڵاتەكانیان وەگەڕ بخەن.و ببنە مەترسی بۆ سەر
وەبەرهێن و بەڵێندەرەكانیش،كەبەداخەوە ئەم دیاردەیە لە هەرێمی كوردستاندا باوەو و
زیانی گەورەی گەیاندوە بە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵات و ترساندنی وەبەرهێنەكان وهەڵاتنیان
لە كوردستان.
لێرەدا پرسیارێك خۆی دەسەپێنێت،كە ئایا لەماوەی ساڵانی ڕابووردوودا
حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆسەیەكی وەبەرهێنانی سەركەوتووی ئەنجامداوە؟ئایا بە
مانای وشە وەبەرهێنی ڕاستەقینە و بەهێز و خاوەن سەرمایەی گەورەمان لە دەرەوەو ناوەوەی
كوردستان هێناوە؟ ئایا ئەو پڕۆژە بەناو وەبەرهێنانەی كە ئەنجامدراون لە ئاست خواست
و ویستی هاوڵاتیاندا بوون؟ ئایا گەندەڵی و مەحسوبیەت ڕۆڵیان نەبوە لە پێدانی پڕۆژەكاندا؟
ئایا بەپێی پلانی پێشوەختە پڕۆژەكان دانراون لەناوچە جیاوازەكاندا؟ و دەیان پرسیاری
تریش..
وەڵامی هەموانیان بەداخەوە نەخێرە ،چونكە ئەنجامی ئەو پڕۆژانە
لەگەڵ ئەو بودجە زەبەلاحەی ساڵانی نێوان 2008 -2014دا،نەتوانراوە كار و پڕۆژەی وەبەرهێنی
گەورە لە هیچ كەرت و سێكتەرێكدا جێبەجێبكرێت كە ڕۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەبێت بۆ
ئایندە.جگە لەهەندێك پڕۆژە كە بەپەنجەی دەستێك دەژمێردرێن.
حكومەت و دەسەڵاتدارەكان دەبێت شانبەشانی ئەم پڕۆسە
ستراتیژی و گەورەیە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانی
تریش گەشە پێبدات و پێشیان بخات لە كەرتی دارایی و بانكی و كارگێڕی و ..هتد.چونكە
ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی سەرمایە گەورەكان لەنێوان وڵاتاندا پێویستی بە سیستەمێكی بانكی
و دارایی گەشەكردو و پێشكەوتوو هەیە نەك وەك ئەو سیستەمەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە
و پیادە دەكرێت.
لەكۆتایدا ڕێگەی گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوە و پێشخستنی وڵات
زۆر ڕوون و ئاشكرایە ،گەر نیەتی ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینە هەبێت بۆ جێبەجێكردن و سەرخستنی
،بەو هیوایەی ئاشتی و ئارامی لە وڵاتماندا بەرقەرار بێت و حكومەتیش بتوانێت بە ئەرك
و كارەكانی خۆی هەڵبستێت و بتوانێت كۆمەڵگای كوردەواری لەهەموو ناوچەكاندا بەرەو پێش
ببات و ببوژێنێتەوە و پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەش باڵبكێشێت بەسەر تەواوی جومگە و ئۆرگانەكانی
ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیاندا و وڵاتمان ببێتە نمونەیەكی گەشی ئاوەدانی و پێشكەوتن
لەناوچەكەدا هەروەك وڵاتانی تری دونیا و ناوچەكە
كە چەندە بچوكن بەقەوارە و ژمارەی دانیشتوان بەڵام گەورە و كاریگەرن بەهۆی ئیدارە
و ئاوەدانی و گەشەو پێشكەوتنە بێوێنەكانیانەوەلەڕووی ئابوریەوە ،وەكو وڵاتانی ئیمارات
و سەنگافورا و مالیزیا و تایوان و تەنانەت یابانیش.بەهیوای ئەوەی ئەو ڕۆژانە نزیك
بێت هەموان بەچاوی خۆمان كوردستانێكی ئاوەدان و پێشكەوتوو ببینین.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021