ئەردۆگان توركیا بەرەو چ ئایندەیەك دەبات ؟
وتار/
01/06/2018
549 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
ئەردۆگان توركیا بەرەو چ ئایندەیەك دەبات ؟
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
وابڕیارە كە لە 24/6/2018دا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار
و پەڕلەمانی پێشوەختە لە توركیادا سازبدرێت،لەسەر داوای ئەردۆگان و ئاك پارتی،چونكە
گەرەكێتی ساڵێك و 5 مانگ لە پێش كاتی بڕیارلێدراوی خۆیدا كە دەبوو لە مانگی
نۆڤەمبەری 2019دا سازبكرایە بەپێی ئەو هەموارەی كەلەدەستوری توركیادا كرا ئەنجام
بدرێت. بەڵام حەز و ویستە كەسیەكانی ئەردۆگان بۆئەوەی هەرچی زووترە ببێتە دیكتاتۆر
و سیستەمی حوكمڕانی لەتوركیادا لە پەڕلەمانیەوە بگۆڕێتە سەرۆكایەتی و بۆخۆی ببێتە
بكوژ و ببڕ لە توركیادا و تەواوی دەسەڵاتەكان لە لای خۆی كۆبكاتەوە و سەردەمی تاك
سەركردەیە و تاك حیزبی دەسەڵاتدار ببوژێنێتەوە،كە ئەمە بۆ یەكەم جارە لە دەوڵەتی
نوێی توركیادا كەلەساڵی 1923وە دامەزراوە ڕووبدات،تەنانەت لەسەردەمی كمال
ئەتاتوركیشدا وانەبوە و هەمیشە سیستەمی پەڕلەمانی پیادە كراوە بۆ ڕێگرتن لە
دروستبوونی دیكتاتۆریەت.
ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا پشتی بەستوە بە حیزبی
نەتەوەیی توركیا بە ڕابەرایەتی دەوڵەت باخچەلی كە دوژمنێكی سەرسەختی مەسەلەی كورد
و كوردایەتی و هەموو مافێكی كوردانە و ئەردۆگانیش ئەم هەل و چانسە لەكیس خۆی نادات
و گەرەكێتی بەم هاوپەیمانیە شەڕانیە ببێتە تاكڕەو لەتوركیادا و بەم شێوەیەش ڕووی
ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات لەوەی كە هیچ كات بڕوای بە نەدیموكراسیەت هەبوە نە بە
ئازادی و نە بەمافی كەمینەكان و هەمیشە لەناخیدا تۆوی دووبەرەكی و توندوتیژی
شاردۆتەوە ولە ئێستادا كە گەرەكێتی تەواوی
دەسەڵاتەكان لای خۆی كۆبكاتەوە ئەوكات بەتەواوەتی ڕووی ڕاستەقینەی دزێو و شەڕانگێزی خۆی پیشانی هەموان دەدات بەتایبەت هێزە
نەتەوەیی و دیموكراسی و عیلمانی و سۆسیالیستەكان. ئەرۆدگان لەسەر بنەمای ((لەپێناو
بەئامانج گەیشتندا هەموو كارێك ڕەوایە))،لەهیچ كۆسپ و تەگەرە و ڕێگریەكی یاسایی و
ئەخلاقی و ئاینیش ناپرینگێتەوە و تەنها ئامانجەكانی خۆی لامەبەستە.
بەڵام ئەم هەڵبژاردنە زۆر سانا و ئاسان نایەتە دەستی
ئەردۆگانەوە چونكە دوو حیزبی سەرەكی جەهەپە و هەدەپە بەتوندی دژی پڕۆژە و پیلان و
خەونەكانی ئەردۆگانن و سەرسەختانەش بەرگری لە بڕوا و بەرنامەكانی خۆیان دەكەن و
بونەتە ڕێگری سەرەكی و لەبەرامبەر ئەردۆگانیشدا كاندیدی خۆیان پاڵاوتوە بۆ
سەرۆكایەتی كۆماركە بریتین لە هەریەكە لە((صلاح الدین دیمێرتاش/لەهەدەپە و محرم
ئینجە لە جەهەپە))،بۆیە بەهۆی
ڕووداوەكانی دوای كودەتا سەرنەكەوتوەكەی ساڵی 2016و گرتن و ڕاوەدونان و سزادانی
سەدان هەزار كەسی مەدەنی و سەربازی و خێزانەكانیان لە توركیادا وداواكردنی فتح
الله گولەنیش لەئەمریكا كە ڕابەری ڕەوتی خزمەتە و زۆریش بەهێزە و خاوەن جەماوەرێكی
پانوپۆڕە لەتوركیادا و هەروەها بەهۆی كێشە و ناكۆكیە سیاسیەكانی توركیا و ئەردۆگان
لەگەڵ دەرودراوسێكان لە عێراق و سوریا و ئیسڕائیل و میسر و تەنانەت وڵاتانی كەنداو
لە سعودیە و ئیمارات و دواتریش بۆ ئێران و ڕوسیا و لەكۆتایشدا ئەمریكا و تەواوی
ئەوروپادا لەسەر مەسەی تیرۆر و پشتیوانی لەتیرۆریستان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ
و دیموكراسیەت و ئازادیەكانی تاكەكەسی و گروپ و ڕۆناژمە و میدیاكان و كێشە و گرفتە
ئابوریی و داراییەكان كەلە ئێستادا لە قوڵترین و سەخترین قۆناغیدایە و نرخی لیرەی توركی
بەڕادەیەك دابەزیوە كە زۆر مەترسیدارەو بۆتە هۆی بێ كاری و هەڵاوسان،ئەمە
سەرەڕای كێشە و گرفتەكانی لەبواری
پەروەردە و فێركردن و گەنجان و خوێندكاران و ...هتد.و كێشەی ئاوارە سوریەكان و
تیرۆریستانی داعش و..هتد. كە هەموانیان كۆمەڵە كێشەیەكن كە بە ئاسانی چانسی
ئەردۆگان ڕەش دەكەن و هیوای سەركەوتنیش كەم دەكەنەوە ئەگەر بەتەواوەتی نەیسڕنەوە.
بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەردۆگان و ئاكپارتی دوا چانس و
چارەنوسسازیشە،چونكە بە بردنەوەی ئەردۆگان دەتوانێت تا 10 ساڵی تر ببێتە سەرۆكێكی
تاكڕەو و ئاكپارتیش لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە وبەمەش گرەوە گەورەكەی خۆی و خەونە سوڵتانیەكەی بباتەوە و بهێنێتەدی و
ئەگەریش دۆڕا ئەوە بۆ هەتاهەتایە ئەردۆگان و پارتەكەشی دەچنە زبڵدانی مێژوەوە و
لەبیر دەكرێن و كۆتایی بە ژیانی سیاسیان دەهێنرێت،هەربۆیە ئەردۆگان هەموو هەوڵێك
دەدات بۆ سەركەوتن و ئامادەشە نەرمونیانی و تەنانەت تەنازولیش بكات بۆ
داواكاریەكانی كەمینە نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینیەكانیش لە كورد و عەلەویەكان و
چەركس و....هتد.
بۆیە ئەرۆدۆگان بە بردنەوەی یان بەدۆڕاندنی چارەنوسی
توركیا بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبات ،چونكە لەسەركەوتنیدا هێندەی تر مەغرور و
توشی نەخۆشی خۆبەزلزانین و بەهێزی دەبێت و خۆی لێدەبێتە سوڵتانەكانی عوسمانی و خۆی
بەدەم ڕاستی وڵاتانی ئیسلامی و ناوچەكە دادەنێت و بەمەش كێشە و گرفتی ئاڵۆزتر
دەخوڵقێنێت و توركیاش هێندەی تر دادەبڕێت و كەنارگیری دەخات كە هەموو ئەم كێشانەی
ڕووبەڕووی ناوچەكە و گەلانی دەكاتەوە و بەمەش ئایندەیەكی ڕەش و نادیار
دەنەخشێنێت،بەپێچەوانەشەوە لەكاتی دۆڕانیدا توركیا دەبێتە وڵاتێكی بێسەروبەرەیی و
فەوزا و گەڕانەوەی دەسەڵاتی سەربازەكان و تەنانەت ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی
نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینیش بەدوور نازانرێت و بەمەش توركیا دەبێتە گۆمی توندڕەوی
و خوێناوی لە ناوچەكەدا وكاریگەریە خراپەكانیشی پەخش دەكاتەوە بەسەر ناوچەكەدا و
ئایندەیەكی تارك و تون گەرچی بۆ ماوەیەكیش بێت ڕووبەڕوی توركیا و گەلانی توركیا
دەكاتەوە.
بۆیە ئەردۆگان و ئاكپارتی و سیاسەتەكانی بەڕاستی بونەتە
جێگەی مەترسی بۆ تەواوی ناوچەكە و خودی توركیاش و كۆتایهاتنی ئەم قۆناغە لە ژیانی
سیاسی توركیادا بۆتە كارێكی ئێجگار پێویست،و لە ئێستادا زۆرینەی حیزب و سەركردە
سیاسیەكان و جەماوەری توركیاش بونەتە ناڕازی لەسیاسەتەكانی ئەردۆگان ، بەمەش كورد
لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە تەواوی گەلانی توركیا و ناوچەكەش قازانج دەكەن و لە
كەسێكی مەغرور وسەركێش ڕزگاریان دەبێت و ئاشتی و ئارامیش بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە و
دەروازەیەكی گەورەش بەڕووی چارەسەر مەسەلەی كوردا دەكرێتەوە لەباكوری كوردستاندا.
لێدانێكی بەهێزیش دەبێت بۆ هەموو هێزە تیرۆریستەكان و داعش و ئەوانی تر و دەشبێتە
هەنگاوێك بە ئاڕاستەی چارەسەری كێشەی سوریا و هەركاتیش ئەمە هاتە دی ئەوا سێبەر و
هەوری جەنگێكی گەورەی ناوچەیی و دونیایی لە نێوان ڕوسیا و ئەمریكادا دەڕەوێتەوەو
ئاشتی و ئارامی جیهانیش تاڕادەیەك دەچەسپێت و هەموان لەجەنگ و كاولكاریەكی حەتمی
دوور دەكەونەوە.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021