ئێران لەبەردەم توڕەیی ئەمریكادا...
وتار/
24/05/2018
590 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
ئێران لەبەردەم توڕەیی ئەمریكادا...
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
ئێران هەر لەساڵی 1979وە تاكو ئێستا هیچ كات وا مامەڵەی
نەكردوە نە لەناوچەكەدا و لە سەر ئاستی دونیاش وەك دۆستی ئەمریكا و هیچ كات نەچۆتە
ناو خولگە و بازنەی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاوە گەر بۆ ڕواڵەتیش بوبێت، هەمیشەش هەر
كات بۆی هەڵكەوتبێت هەنگاو گەلێك یان سیاسەت و مامەڵەیەكی پیادە كردوە چ ڕاستەوخۆ
دژ بە ئەمریكاو بەرژەوەندیەكانی بوە یان دژ بە دۆست و هاوپەیمانەكانی بوە لەناوچەكەدا
كە هەموانیان چونەتە چوارچێوەی دژایەتی سیاسەت و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكاوە و ئایندەی
ئەو بەرژەوەندی و پلانانەی ئەمریكای خستۆتە بەر مەترسیەوە.هەربۆیە هیچ كات و لەماوەی
ئەو 39 ساڵەی ڕابووردووەدا ئەمریكاش ئێرانی بەدۆست و لایەنگری خۆی نەزانیوە نەك هەرئەوە
بەڵكو هەمیشە لەخانەی دوژمنان و وڵاتانێكدا بوە كە پشتیوانی تیرۆر و تیرۆریستانی
كردوە و خستویەتیە ناو لیستی ڕەشەوەو بەدرێژایی ئەو ماوەیەش گەمارۆی ئابوری و سیاسی
و سەربازی خستۆتە سەر ئێران و دەسەڵاتدارانی.بەكردارەكیش بۆماوەی 8ساڵ گیردۆدەی جەنگی
لەگەڵ عێراقی صدام حسێندا كرد.
ئەم دوو وڵاتە هەریەكەیان هەژموون و كاریگەری گەورەیان هەیە
لەناوچەكەدا،ئێران لەلایەك بەهۆی هەڵكەوت و پێگە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكەیەوە
و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی هەڵكەوتەی وەك گەورەترین وڵاتی ئیسلامی شیعە مەزهەب بۆتە
هۆی ئەوەی كە سیاسەت و نفوزی لەناوچەكەدا گەشە بكات و هەژموونی خۆی بسەپێنێتە سەر
زۆرێك لە دەسەڵاتداران و وڵاتانی ناوچەكە و وابكات كە لەخولگەی بەرژەوەندیەكانی ئێراندا
بسوڕێنەوە،ئێرانی ئیسلامی لەساڵی 1979وە هەوڵی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی داوە
بۆ دەرەوەی خۆی و بەتایبەتیش وڵاتانی دەرودراوسێی و ویستویەتی كە((مانگی شیعی))لەناوچەكەدا
بسەپێنێت و لە ئێستاشدا گەرەكێتی ئەو مانگە یەكشەوەیە بكاتە مانگی چواردەشەو وسەرتاپای وڵاتانی ناوچەكە بگرێتەوە.لە ئێستادا
ئێران بۆتە وڵاتی ژمارە یەك كە دژایەتی یان ململانێ لەگەڵ ئەمریكا و ڕۆژئاواییەكاندا
دەكات لەناوچەكەدا و لەهەحقیقەتیشدا بۆتە مەترسی گەورەش بۆ سەر بەرژەوەندیەكانیان،ئێران
توانیویەتی كە هەژموونی خۆی لە وڵاتانی عێراق و سوریا و لوبنان و فەلەستین و بەحرەین
و قەتەر و عومان و یەمەن و تەنانەت مەترسیشی بۆ سەر كوێت و سعودیە و ئیسڕائیلیش پەیدا
كردوە بە نزیكبونەوەی لە سنورەكانیان،هەر ئەمەشە كە بۆتە هۆی ئەوەی ئەمریكا جامی
توڕەیی و نەفرەتی خۆی بەسەر ئێراندا بڕێژێت و بیكاتە تاكە ئامانجی نزیكی خۆی و لەو
پێناوەشدا كاری جدی دەكات بۆ گەمارۆدانی توانا ئابوری و سەربازیەكانی و گەرەكێتی بەكارتی
فشاری ئابوری و دارایی و دروستكردنی قەیران و تەنگژەی دارایی تەنگ بە ئێران هەڵبچنێت
و بەهۆی شەڕە بەردەوامەكانی و گیرۆدەكردنی لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەندا
توشی نەزەیفی دارایی بكات و كاتێك بەخۆی بزانێت كە هیچ توانایەكی نەماوە بۆ بەرگریكردن.
ئەمریكا سیاسەت و پلانی پشوودرێژی لەگەڵ ئێراندا پیادە دەكات و سەرەتاش لەدۆستەكانی
دوور دەخاتەوە ودایدەبڕێت لەهەریەكە لە ڕوسیا و كۆریای باكور و چین،ئەوەتا نێوانی
ئەمریكا و كۆریای باكور هێندە لێكنزیكبۆتەوە و ئاسایش بۆتەوە كە دوای نزیكەی 60 ساڵ
بەمنزیكانە هەردوو سەرۆك لە سەنگافورە لە 12/6 كۆببنەوە و كۆریاش ئامادەیی پیشانداوە
كە دەستهەڵبگرێت لەبەرنامە ئەتۆمیەكەی و 3 هاوڵاتی ئەمریكیشی وەك نیازپاكی كە چەندین
ساڵبوو لە كۆریا بەندبوون ئازادكرد و گەڕانیانەوە بۆ ئەمریكا.
لە ئێستادا ئەمریكا هەوڵی سەرەكی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانێتی
لەگەڵ كۆریای باكور بۆ دابڕانی لە ئێران و پاراستنی ئاسایشی نیمچە دورگەی كۆریا و یابان،ئەوكاتیش
دەستی واڵا دەبێت بۆ ئێران و سزادان و گەمارۆدان و لێپرسینەوە لەگەڵیدا و تەنانەت
شەڕ كردن لەگەڵی و هێرش و پەلاماردانیشی، بەهۆی ئەو سەركێشی و ململانێیانەی كە لەگەڵ
ئەمریكا و دۆستەكانی دەیكات لەناوچەكەدا،وەك هەریەكە لە ئیسڕائیل و سعودیە و تەواوی
وڵاتانی كەنداوی فارسی،چونكە هەموو ئەو وڵاتانە دۆست و هاوپەیمانی هەمیشەیی و تاسەری
ئەمریكان و بەبەشێك لە ئاسایشی ئەمریكایان دادەنێت بەهۆی دەوڵەمەندیان لەسەرچاوەكانی
نەوت و غازی سروشتی وەك دوو سەرچاوەی گرنگی وزە بۆ ئایندەی پیشەسازی ئەمریكا.
لە ئێستادا ئەمریكا و ئێران ڕاستەوخۆ لە هەریەكە لە عێراق
و سوریا و لوبنان و تەنانەت یەمەنیش ڕووبەڕووی یەكتری بونەتەوە و ململانێیەكی سەخت
دەكەن لەسەر زەمین،بەڵام هەموو بۆچونەكان وای بۆدەچن كە ئێران ناتوانێت تاسەر بەردەوام
بێت لەو گەمە پڕ مەترسیەدا،چونكە لەلایەك توانا سەربازی و ئابوریەكانی هێندەی ئەمریكا
بەهێز نیە و لەناوخۆی خۆشیدا هاوڵاتیانی 80 ملیۆن كەسی زۆربەی لێی ڕازی نین و تەنانەت
لەنێو باڵەكانی دەسەڵاتدارانی ئێرانیشدا ململانێی توند هەیە دژ بەیەكتری كە هەموو
ئەمانە بۆخۆی دەبنە فاكتەرێكی گەورەی مەترسیدار بۆ بەهێزی هێشتنەوەی ئێران،ئەمریكا
بەجدی كاردەكات بۆ بچوككردنەوەی ئێران و دابڕینی لە بازاڕەكانی جیهان و نەوت و بەهەر
نرخێكیش بوە نایەوێت ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و لە نزیكترین هەنگاویشدا لەلایەن سەرۆك
ترامپەوە ڕێكەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ((5+1))ی هەڵوەشاندەوە و وەك بەرزكردنەوەی
كارتی سوور بۆ وەستاندنی ئێران.بەهەمان شێوەش ئیسڕائیلیش لەماوەی مانگێكدا دووجار
هێرشی ئاسمانی كردۆتە سەر بنكە و مۆڵگەی سەربازی ئێرانی لە سوریادا و لەیەمەنیش هێزی
حوسیەكان لەسەر دەستی هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆكایەتی سعودیە لە پاشەكشەدان و لە عێراقیش
ئەمریكا گەرەكێتی حكومەتی ئایندە زۆر نزیك نەبێت لە ئێران.
بەم شێوەیە لە ئێستادا ئێران كەوتۆتە بەر هەڕەشە و توڕەیی
و بەردەمی تۆپخانەی ڕاستەوخۆی ئەمریكا و زۆر دوور نیە لەماوەیەكی نزیكدا ئەمریكا یان
لەڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەری ناوخۆیی ئێرانەوە وەك ئەوەی لەساڵی 1979دا دژ بە شای
ئێران هەڵایسا، یانیش لەڕێگەی سەربازیەوە پەلامار و گوشارەكانی بۆسەر ئێران زیاد
بكات و بەدەردی ڕژێمەكەی تاڵیبانی ئەفغانستان و صەدامی عێراقی بەرێت،هەرچەندە ڕووخاندنی
ڕژێمێكی ئیسلامی گەورە و بەهێزی شیعە مەزهەب لەئێراندا هێندە ئاسان نیە،بەڵام كارێكی
نەكردەش نیە و بەكەوتنی ئێرانیش ناوچەكە و بەتایبەتیش كورد قازانجی زۆر گەورە دەكەن
و دەروازەكانی ئایندەی بەگەشی بەڕوودا دەكرێنەوە،ئەوەش وەستاوەتە سەر وەستایی و
دانایی و بیرتیژی و دووربینی سەركردایەتی كورد لە قۆزتنەوەی هەل و بوارە هەڵكەوتوو
و گۆڕانكاریەكاندا.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021