فزت ورب الكعبه‌ تیماری شكست ناكات

وتار/ 21/05/2018 578 جار بینراوە

عه‌لی سیرینی

فزت ورب الكعبه‌ تیماری شكست ناكات
عه‌لی سیرینی
جه‌نابی به‌ڕێز مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین تا بڵێیت مرۆڤێكی ڕه‌وشت و به‌رز و به‌ ئه‌ده‌به‌ و هه‌ر كه‌سێك ئه‌مه‌ی له‌ به‌ر چاو نه‌بێت، مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێكه‌ گوێ نادات به‌ هه‌ق و عه‌داله‌ت. له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ش، پێویسته‌ مرۆڤ به‌ چاوی ڕه‌خنه‌وه،‌ وتاری ئه‌م مامۆستایه‌ به‌ڕێزه‌ و مامۆستا به‌ڕێزه‌كانی تر هه‌ڵسه‌نگێنێت، چونكه‌ باسه‌كه‌ له‌ سیاسه‌ته‌ نه‌ك جه‌لسه‌ی زیكر و ته‌هلیل، تا ئێمه‌ش ته‌نها سه‌ر بابده‌ین و زیكره‌كه‌ بڵێینه‌وه‌. گه‌ر باسه‌كه‌ زیكر بێت، من لای ده‌رگا، لای پێڵاوه‌كان، داده‌نیشم و سه‌ریشم داده‌گرم و جگه‌ له‌ گوتنه‌وه‌ی زیكره‌كه‌ قسه‌یه‌كی تر ناكه‌م.
به‌ڵام ئه‌مه‌ سیاسه‌ته‌ بۆیه‌ پێویسته‌ قسه‌ی له‌ سه‌ر بكه‌ین.
ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێت، عمومی ئیسلامیه‌كان، كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی فیلمی ڕیساله‌ی ده‌رهێنه‌ر (مصطفی عقاد) و چه‌ندین فیلم و زنجیره‌ دڕامای مێژووی ئیسلامیی، كه‌ تیایدا زۆرێك له‌و له‌قتانه‌ی تیایه‌ كه‌ له‌ بیر ناكرێن، وه‌كو (فزت و رب الكعبة، أحد أحد، أنا علی دین محمد... هتد) كاتێك یه‌كێك له‌ سه‌حابه‌كان له‌ مه‌یداندا كوژراوه یان لێدراوه‌‌، قسه‌یه‌كی كردووه‌ كه‌ دواتر بووه‌ به‌ شیعارێك له‌ كاری ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریدا به‌ كار هاتووه‌.
به‌ڕێز مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین ئه‌م مه‌شهه‌ده‌ دێنێته‌ پێشه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردن توشی دۆڕان هاتوون. ده‌یه‌وێ بڵێت نه‌ماندۆڕاندووه‌، به‌ڵكو براوه‌ین. ئه‌گه‌ر باسه‌كردنی بردنه‌وه‌كه‌ بۆ قیامه‌ته‌، من ناتوانم قسه‌ی له‌ سه‌ر بكه‌م، چونكه‌ هیچی ده‌رباره‌وه‌ نازانم. نازانم له‌ قیامه‌ت كێ براوه‌یه‌ و كێ دۆڕاوه‌، به‌ غه‌یری ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆز باسی كردووه‌. واته‌ لێره‌دا، هیچ قسه‌یه‌كم له‌ سه‌ر قسه‌ی ئه‌م مامۆستا به‌ڕێزه‌ نیه‌. به‌ڵام بۆ سیاسه‌تی دونیا، ڕاستیه‌كه‌ی یه‌كگرتوو و حزبه‌كانی تر دۆڕاو بوون. ئنجا تۆ دێیت ده‌ڵێی ئه‌مه‌ ته‌زویر بووه‌. ئێ خۆ 27 ساڵه،‌ هه‌ر به‌ ته‌زویر و ساخته‌یی و كه‌ڵه‌گایی و به‌ زه‌بری چه‌ك ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ براوه‌ بووه‌. ئایا تازه‌ كه‌شفتان كردووه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ته‌زویرچیه‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ڵێ یه‌، تازه‌ ئه‌م كه‌شفه‌ كراوه‌، ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌ دوای 27 ساڵ تازه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵسیت، كه‌شفی بكه‌یت، كه‌ ده‌سته‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ت ته‌زویر چیه‌. گه‌ر بشلێیت نا، له‌ مێژه‌ ده‌زانین ده‌سته‌ڵات ته‌زویرچیه‌، كاره‌ساته‌كه‌ قوڕستره‌، چونكه‌ ئه‌و كات له‌و كه‌سانه‌یت كه‌ له‌ كونێكه‌وه‌ ده‌یان جار گه‌زتراوی به‌ڵام ته‌مبێ نه‌بوویت. ئه‌مه‌ش ڕێك پێچه‌وانه‌ی فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ره‌ درودی خوای له‌ سه‌ر بێت. ئه‌گه‌ر وانیه‌، چۆن دوای 27 ساڵ له‌ ته‌زویر و ساخه‌ته‌ و ته‌ڵه‌كه‌بازیی ده‌سته‌ڵات،  له‌ گه‌ڵی ده‌چیته‌ نێو گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی بێ ئاكام؟
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌م به‌هانه‌یه‌ وه‌كو به‌هانه‌ی تیمێكی تۆپانه‌یه‌ كه‌ یاری جوان ده‌كات و دواتر به‌ هۆی هه‌ڵه‌ی ناوبژیوان، یان هه‌ر فرت و فێڵێكی تر ده‌یده‌ۆڕێنێت، ئیتر نایبڕێته‌وه‌ هه‌ر باسی ده‌كات چۆن یاری جوان كردووه‌ و موسته‌هه‌قی بردنه‌وه‌ بووه‌. به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ داد نادات چونكه‌ تازه‌ جامی بردنه‌وه‌كه‌ لای ئه‌و تیمه‌ ده‌مێنێت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ مێژوو باسی ده‌كرێت. قسه‌كردنیش له‌ سه‌ر فڕت و فێل، بۆ ماوه‌یه‌كی كورت بازاڕی پێ گه‌رم ده‌بێت و دواتر له‌ بیر ده‌كرێـت.
باشتر وایه‌، له‌ جیاتی ئه‌م قسانه‌ كه‌ سڕكه‌رن، به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ڕێز مامۆستا صلاح الدین مه‌به‌ستی بێت، ده‌چنه‌ خانه‌ی گێلكردنی خه‌ڵكانی خۆی. من گومانم نیه‌ ئه‌م مامۆستایه‌ به‌ڕێزه‌ خاوه‌ن ئه‌خلاقێكی به‌رزه‌ و به‌ دوای فرت و فێل نیه‌ و كه‌سێك نیه‌ چه‌واشه‌ی خه‌ڵكانی خۆی بكات، به‌ڵام ئه‌م پینه‌ و په‌ڕۆیانه‌ تیماری شكستی 27 ساڵه‌یان ناكات له‌ بواری سیاسه‌ت.
باشتر وایه‌، جه‌نابی مامۆستا، له‌ گه‌ڵ جه‌نابی مامۆستایانی تری سه‌ركرده‌ی شه‌ش لایه‌نه‌ دۆڕاوه‌كه‌، ده‌رگاكانیان بكه‌نه‌وه‌ بۆ پێشنیار و پڕۆژه‌ و پێداچونه‌وه‌یه‌كی گشتیی، بۆ ڕێگا دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك. چاره‌سه‌ریش له‌وه‌ نیه‌ بكه‌ویته‌ دوای ده‌نگی با بردوو، چونكه‌ هه‌ر چی كورد هه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق، توانای جوڵاندنی ده‌نكه‌ خورمایه‌كیان نابێـت، بێ فه‌رمانی ئه‌مریكا و سیستانی و خامه‌نه‌ئی. باقی خول لێدانه‌وه‌یه‌ له‌ نێو بازنه‌یه‌كی بۆشدا!
گه‌ر خوای گه‌وره‌ش ماوه‌ی دام، له‌ داهاتووێكی نزیك پڕۆژه‌یه‌كی مته‌وازیع ده‌خه‌مه‌ به‌ر ده‌ستی سه‌ركرادیه‌تیی ئه‌م لایه‌نه‌ به‌ڕێزانه‌، وه‌ك ده‌‌ستپێكێك بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای وتوێژ له‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌.

نوێترین نوسینەکانی عه‌لی سیرینی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌