بۆچی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەڕلەمانی عێراق چارەنوسسازە؟
وتار/
20/04/2018
765 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
بۆچی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەڕلەمانی عێراق چارەنوسسازە؟
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامیەوە لەساڵی 2003وە تاكو ئێستا 3 خولی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق
بەڕێوەچووە،و ئەم خولەی ئێستاش كە بڕیارە لە 12/5/2018دا ئەنجام بدرێت دەبێتە خولی
چوارهەم و تا ساڵی 2022 دەخایەنێت.ئەوەی ئاشكرایە كە لەدەستوری هەمیشەیی عێراقدا كەلەساڵی
2005دا نوسراوەتەوە دانی ناوە بەوەی كە سیستەمی حومكڕانی لە عێراقدا بریتیە لە سیستەمێكی
پەڕلەمانی و فیدڕاڵی و تەوافوقی و دیمكوراسی و ئەم بنەمایانە كراونەتە بنەمای سەرەكی
بۆ بەڕێوەبردنی عێراقی ئایندە، بەڵام لەسەر زەمینەی واقیع هیچ كام لەو بنەمایانە تاكو
ئێستا وەكو خۆیان و بەشێوەیەكی سروشتی و بێ گرفت جێبەجێنەكراون و هیچ كام لە سەركردە
و حیزبە سیاسیەكان كاریان نەكردوە بۆ چەسپاندنیان، ئەوەی كە بەتەنها هەوڵی چەسپاندنیانی
دەدا بریتی بوو لە كورد ،بەڵام ئەویش بەهۆی كەمی كورسی و ناتەبایی ناوخۆییان و
پاشگەزبونەوەی برا عەرەبەكان ((بە سونە و شیعەیانە))وە لە بەڵێن و پەیمانەكانیان،نەیتوانیوزە
جێبەجێیان بكات.
ئەوەتا لەماوەی 15 ساڵی ڕابووردوودا پەڕلەمانی هێراق نەیتوانیوە
یاسا گرنگەكان دەربكات و متمانە لە حكومەتە
یەك لەدوایەكەكان بسێنێتەوە و دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و داهات و خەرجی عێراق بەفیڕۆ
نەدات و هەژمونی خۆی بەسەر حكومەت و تەواوی ئۆرگانەكاا بسەپێنێت،ئەوەی لەبەرچاوە
حكومەت وەك دەسەڵاتی جێبەجێكار باڵادەست و ئاكتیڤە و نەچۆتە ژێر باری یاساكانی پەڕلەمانەوە،چونكە
زۆرینەی حكومەت لای عەرەبی شیعەن كە زۆرینەن و بەهێزیشن،بەهەمان شێوە دیموكراسی لە
عێراقدا نەك نەچەسپیوە بەڵكو لە پاشكشەی بەردەوامدایە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی
و ..هتد.هەموان بەئێستاشەوە حەز وخواستی تاكڕەوی و باڵادەستی و قۆرخكاری و
پاوانخوازی لەدەسەڵاتدا دەكەن.هەربۆیە دیموكراسیش تەنها بۆتە دروشمێكی بێ ناوەڕۆك.ئەوەی
كە ناوی تەوافوقی سیاسی و كاری پێكەویشە بۆتە دروشمێكی بێ بنەماو هیچ كام لە حیزب
و سەركردەكان كاری بۆ ناكەن و تەنانەت لەناو ماڵی شیعیشدا باوی نەماوە و هەموان
كار تەنها بۆ بەرژەوەندی حیزب و سەركردە و بنەماڵەكانیان دەكەن و لەناو سونە و
كوردیشدا بەهەمان شێوەیە،هەربۆیە لە ئێستادا و لەناو پەڕلەمان و حكومەت و سیستەمی
حوكمڕانی لەعێراقدا هیچ كام لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكان كاری پێكەوەیی
ئەنجام نادەن،تەنها لەبارێكدا نەبێت كە بەرژەوەندیە ئابوریەكانیان لێك نزیك ببێتەوە.
هەرچی مەسەلەی فیدڕاڵیشە،كەهەر لەسەرتاوە تەواوی عەرەبەكان
و كەمینەكانی تریش لێی ناڕازی بون و تەنها كورد داوای دەكرد،لە ئێستادا ئەویش كاری
پێناكرێت و تەنانەت هەوڵی سڕینەوە و ڕەتكردنەوەشی دەدرێت و ئەوەتا لەماوەی ئەم 15
ساڵەی ڕابووردوودا،كاری جدی نەكراوە بۆ پێكەوەنانی هەرێمەكانی تر و دانەمەزاراندنی
ئەنجومەنی هەرێمەكان و كەوتوشنەتە لەقاڵبدانی دەسەڵات و سنورەكانی تاكە هەرێمی فیدڕاڵی
لە هەرێمی كوردستانیشدا.
بەوم شێوەیە ئەو دەستور و بنەمایانەی بۆ عێراقی نوێ
دانراوە هیچ كامیان كاری پێناكرێت و عێراق بۆتە وڵاتێك كە تەنها زۆرینەی باڵادەستی عەرەبی شیعە دەیبات بەڕێوەو ئەویش بەپێی
نەك بەرنامەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی عەرەبیو عێراقی بەڵكو بە پێی ئەجێندای دەەوڵەتانی
دراوسێ لەتوركیا و بەتایبەتیش ئێرانی شیعە مەزهەب.بۆیە عێراقی ئایندە تەنها دروشمێكی
بێ ناوەڕۆكە و زۆر دوورە عێراقێكی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتوو و دیموكراسی
ببینین كە تیایدا هاوڵاتی و هاونیشتیمانیان هەست بە كەرامەت و سەلامەتی و پاراستنی
ماف و ئازادیەكانیان بكەن لەسایە ی حومكڕانیەكی ئاینی و مەزهەبی توندڕەو و تەسك و
دواكەوتوەوە.
ئەوەی لێردا بۆتە پرسیار ئەوەیە ،بۆچی ئەم هەڵبژاردنە هەموان
بە چارەنوسساز لێیدەڕوانن و بەگەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ دەكەن و گەرەكیانە زۆرترین
ژمارەی كورسی بەدەست بێنن؟
بەكورتی و كرمانجی هەموان لەهەوڵی بەدەستهێنانی پلە و پۆست
و ئیمتیازاتی مادین و نیوهێندە بەتەنگ بەرژەوەندیە باڵاكانی نە عێراق و نەكوردستانیشەوەن،
بەڵكو هەموان گەرەكیانە خۆیان ببنە زۆرینەی پەڕلەمانی و حكومەت پێكەوە بنێن ،ئەوەی
زۆر بەڕوونی هەستی پێدەكرێت لەناو ماڵی شیعەكاندایە و بەتایبەتتریش لەناو حیزبی دەعوەدا
وەك گەورەترین حیزبی سیاسی و هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرینەی پەڕلەمانی دەدات و بە
ئاشكراش نوری مالكی ڕایگەیاندوە كە لەگەڵ حكومەتی زۆرینەدایە ئەمەش بەواتای ئەوە دێت
گەر سەركەوتنی گەورە بەدەستبێنێت ئەوا عێراقی ئایندە بەرەو دواوە دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی
تاكڕەوی و تاك حیزبی و تاك سەركردەیی بەهەمان شێوەی ڕژێمی بەعسی صدامی.بۆیە بەڕاستی
ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خاڵی جیاكەرەوە و چارەنووساز بۆ هەموان بە عەرەب و كورد و كەمینەكانی
تریشەوە،و عێراق دەكەوێتە سەر دووڕیانی مانەوە وەك وڵاتێكی فیدڕاڵی و دیموكراسی و
پێكەوەیی و پەڕلەمانی یاخود بەرەو تاكڕەوی و تاك حیزبی و تاك سەركردەیی هەنگاو دەنێت.
بۆیە عێراقی ئێستا و ئایندە دوای نەمانی یان لاوازبون و
كزبوونی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش و بەرزبونەوەی نرخی نەوت و دەستكردن بە ئاوەدانكردنەوەی
وڵات و تاڕادەیەك ئارامی و ئاشتیەكی كاتی هەیە و هەستیپَدەكرێت،هەموان گەرەكیانە زۆرترین سوود و قازانجی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بكەن.و
بۆ 4 ساڵی ئایندە ببنە پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و ناوچەكەشدا. چونكە ئەوەی
دەركەوتوە حومكڕانانی عێراق لەماوەی دەسەڵاتیاندا
هێندەی بەتەنگ كۆكردنەوەی سەروەت و سامانەوەن نیوهێندە بەتەنگ ئایندەی گەلان و خاكی
عێراقەوە نین.
ئەوەی لەسەر كەوردیش ماوەتەوە،ئەوەیە كە بەڕاستی ئەم خولەی
پەڕلەمان زۆر گرنگ و چارەنوسسازە ـچونكە دوای تەواوبونی شەڕی داعش و دوای داگیركردنەوەی
نویوەی خاكی كوردستان و دوای هەستكردن بەكەمكردنەوە و لەقاڵبدانی دەسەڵاتەكانی هەرێمەوە
دێت كەهەموان نیازی پاكیان نیە ،بۆیە دەبێت
كورد بەیەك و یەكگرتوییەوە بچێتەوە بەغداد و پێداگیری لەسەر بنەماكانی سیستەمی
حوكمڕانی بكات لە چەسپاندنی فیدڕاڵیەت و كاری پَكەوەیی و دیموكراسی و سیستەمی پەڕلەمانیداو هەوڵی جدیش بدات بۆ جێبەجێكردنی
مادەی 140ی دەستور كە زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی خاكی لەدەستچووی كورد و گەڕانەوەی شكۆی
كورد و هێزی پێشمەرگەش بۆ ئەو ناوچانە.
هەربۆیە هەموان خۆیان لە هەڵوێست و وێسگەیەكی گرنگ و هەستیار
و چارەنووسسازدا دەبیننەوە و هەوڵی جدی دەدەن بۆ سەركەوتن و تەنانەت دەوڵەتانی دەروردراوسێ
بەشیعە و سونە و بە فارس و تورك و زلهێزەكانیش بەچاوێكی پڕ گومان و مەترسیەوە سەیری
ئەم هەڵبژاردنە دەكەن و هەریەكەیان گرەوی لەسەر ئەسپێكی دیاریكراو كردوە كە چەند دەتوانێت لانی كەم بەرژەوەندیەكانیان لە 4 ساڵی ئایندەدا بپارێزێت و مسۆگەریشی بكات.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021