بۆچی هەرگیز نیشتمان نابێتە هی هەمووان؟
وتار/
05/04/2018
770 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
بۆچی هەرگیز نیشتمان نابێتە هی هەمووان؟
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
نیشتمان ئەو پارچە زەویەیە كە كۆمەڵە كەسانێك لەسەری نیشتەجێن
و دەبێتە زێدی خۆیان و نەوە و باوباپیرانیشیان، هەر ئەمەشە كە دەبێتە هۆكاری خۆشویستنی
و خۆبەختكردن لە پێناویدا،و ڕێگەنەدان بەهیچ داگیركەرێكی دەرەكی كە پێی بخاتە سەر
و خێروبێری وڵاتەكە بەهەدەر ببات و كوشت و كوشتاری تیادا بكات.
نیشتمان چەندە بچوك یان گەورە بێت ،یا دەوڵەمەند و هەژار
بێت یاخود چەندە ناخۆش بێت لەڕووی كەشوهەواو و ژینگە و نەبونی سیستەمێكی حوكمڕانی
دادپەروەر كە ئازادیەكانی تاك و كۆمەڵگای تیادا زەوتكرابێت و دیموكراسیەت و مافی
مرۆڤی تیادا پێشیل بكرێت،هەر خۆشەویستە و هیچ كات مرۆڤەكان ناتوانن دەستبەرداری
ببن، نیشتمان لانكە و نەوای هاونیشتیمانیانی خۆیەتی،هەرچەندە ئەو تاكانەش نادڵسۆز
و بێ وەفاو بێ ئەمەك و خەمخۆریش نەبن بۆی.
نیشتمان ئەو دایكە بەسۆزەیە كە هەموان بە باش و خراپەوە
لە ئامێز دەگرێت بەبێ جیاوازی،بەڵام ئەوە مرۆڤەكانە خۆیان لێدەگۆڕێت و دەبنە كەسانی
سپڵە و بێ ئەمەك بۆ نیشتمانەكەیان.
مرۆڤەكان یاخود هەندێكی كەم لە مرۆڤەكان بەڕێكەوت یان بە
تۆپزی خۆیان دەكەنە دەمڕاست و لێپرسراو و سەركردەی نیشتمان و هالە و خەرمانەیەكی
درۆینە بەدەوری خۆیاندا دروست دەكەن یان كەسانی دەوروبەریان لە هەلپەرست و گەندەڵ
و مشەخۆرەكان بۆیان دروستدەكەن و لەبارچاوی خۆیانیشدا خۆیان لێ گەورە دەكەن و لە زۆرینەی جەماوەر دایاندەبڕن و دەیانگەیەنن كەشكەلانی
ئاسمان و بەرزیان دەكەنەوە و دەیانخەنە ((صەومەعەیەكی))داخراوی لە خوا و لەجەماوەریش
دوور ،ئیدی لێرەوە مەینەتیەكانی نیشتمان دەستپێدەكات و چەندین چینی جیاواز دروست دەبێت
و ململانێ چینایەتیەكان سەرهەڵدەدەن و كۆمەڵگاش شەقار شەقار دەبێت، چینێكی دەسەڵاتدار
و خۆ بەزلزان و مەغرور و بێ منەت لەگەل و نیشتمان لەسایەی دەسەڵات و پۆست و پلە و
ئیمتیازاتەكانەوە كە دوور لە مافی ڕەوای خۆیان بەدەستیان هێناوە ،چینێكیش هەمیشە
سووتەمەنی خەبات و خۆپیشاندان و شۆڕش و ڕاپەڕینەكان بوە لەلایەك دژ بە داگیركەرانی
دەرەكی و دواتریش لەسەردەمی حوكمڕانی خۆیەتیدا
دەبنە سووتماك بۆ هەوەس و ئارەزووەكانی شۆڕشگێڕانی دوێنێی نیشتمان و و خۆسەپێن و تاكڕەوی دەسەڵاتی ئەمڕۆ،ئیدی ئەم
دوو چینە دژ بەیەكە نیشتمان دابەش دەكەن لەنێو خۆیاندا،چینە كەمینە دەسەڵاتدارەكە
بەناوی ((شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە))هەموو حەرام و تابۆكانی نیشتمان بۆ خۆیان حەڵاڵ دەكەن
و لەزۆرینەی جەماوەری بەش مەینەتی حەرام دەكەن، ئیدی لێرەوە نیشتمان نابێتە هی هەموان
وەك یەك وبەیەكسانی،چونكە هەموان لەسایەی ئاسمان و لەسەر زەمینی نیشتماندا هەست بەیەكسانی
و دادپەروەری ناكەن و ئازادی و مافەكانیان لێ زەوتكراوە و تەنها لەكاتی تەنگانە و
شەڕ و جەنگە ناڕەواكاندا نیشتمان دەبێتە هی زۆرینەی بێ دەسەڵات كە هەمیشە سووتەمەنیەكی
هەرزانكراون بۆ قوربانیدان و خۆشكردنی گڕی جەهەنەمێكی ب ناڕەوا داگیرساو كە تەڕو
وشكی نیشتمان پێكەوە دەسوتنێنێت.
ئاخر بەچی نیشمان ببێتە هی هەموان؟ لەكاتێكدا ئیمتیازات
و خۆشیەكانی ژیان تەنها بۆ كەمینەیەكی دەسەڵاتدار لە سەركردە و حیزبەكان بێت و زۆرینەش
لێی بێبەش بن،لەكاتێكدا ئەو كەمینە گەندەڵ و خۆسەپێن و پاوانخوازانە كۆنتڕۆڵی تەواوی
جومگەكانی ژیان و گوزەرانی نیشتمانیان كردبێت،بەڵام لەبەرامبەریشدا زۆرینە لەو نیشتمانەدا
بێ بەشكراو وبرسی و كرێنشین بن،ئیدی چی دەیانبەستێتەوە بەو نیشتمانە و چۆن ئینتیمایەكیان
بۆی هەبێت؟
كەواتە تا سیستەمێكی حوكمڕانی ڕەشید و ژیر و دیموكراسی تەواو
نەچەسپێت كە هەموان وەكویەك هەست بەیەكسانی ئەرك و مافەكانیان نەكەن و دادپەروەری
نەبینن لەكار وكردەوە و دابەشكردنی خێروبێری نیشتماندا و نیشتمان نەبێتە بەهەشتێك
بۆ خۆیان ونەوەكانیشیان هەرگیز نیشتمان نابێتە هی هەموان و ئەوكاتیش هەركەسە دەیەوێت
چیتر لەو نیشتمانەدا نەمێنێتەوە و خۆی لێ ڕزگار بكات و بەجێی بهێڵێت.
بەداخەوە سەركردە و حیزب و شۆڕشەكانی كورد بەگشتی لەهەر
چوار بەشەكەیدا و بەتایبەتیش لە باشووری كوردستاندا هەر لە قۆناغی شاخ و شۆڕشەوە
تاكو ئێستای سەردەمی حومكڕانی و دەسەڵاتدا،نیشتمان هەر بۆ كەمینەیەكی دەسەڵاتدار
بوە و زۆرینەش خۆیان بەبێگانە زانیوە،هەربۆیەش نیشتمان سەرناكەوێت و پێشناكەوێت و
لەبازنەیەكی بۆشدا دەسوڕێتەوە و زۆرینە تیایدا هەست بە ئەمان و ئاسایش ناكات،چونكە
سەركردە و حیزبە سیاسیەكان هێندەی بۆ بەرژەوەندی كەسی و بنەماڵەیی لەهەوڵدان نیوهێندە
لەخەمی زۆرینە و نیشتماندا نین،ئەوەندی بەرژەوەندیە تەسك و بچوكە حیزبی و سەركردەیی
و بنەماڵەیی و ناوچەییەكانیان لامەبەستە نیوهێندە بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمانیان
لا پیرۆز نیە.جا تا ئەوكاتەی كە هەموان وەكو
یەك لە پێناو نیشتماندا قوربانی نەدەن هیچ كات نیشتمان نابێتە هی هەموان.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021