ڕۆڵی كۆمەڵگا لە خوڵقاندنی سەركردەدا ...

وتار/ 20/03/2018 835 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

ڕۆڵی كۆمەڵگا لە خوڵقاندنی سەركردەدا ...
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان هەر لەسەرەتا و دەستپێكی ژیان و گوزەران لەسەر گۆی زەویدا و لەدەستپێكی مێژووی مرۆڤایەتیەوە ڕۆڵ و كاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر پێشكەوتن و گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوە و پێگەیاندنی تاكەكان و دروستكردنی دەوڵەت و حوكمڕانی و ڕێكخستنی هەموو بوارەكانی ژیان،تاگەیشتۆتە ئەم ئاست و پێگەیەی ئێستا كە بەهەمو پێوانەكان گەیشتۆتە ترۆپكی داهێنان و خۆشگزورانی و پێشكەوتنەكان.
كۆمەڵگا بۆ خۆی بریتیە لە گردبونەوەی كۆمەڵە كەسانێك كە بەرژەوەندیەكی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە لەنمونەی خوێن ،بازرگانی ،پیشەسازی،نەتەوە،ئاین،مەزهەب،شار،گوند،خێزان و...هتد.هەربۆیەش كۆمەڵگاكان دەكرێنە سێ‌ جۆرەوە لەسەر بنچینەی دروستبونیان،وەك:
كۆمەڵگا جێگیرەكان بەمەبەست: لەنمونەی:زانكۆ و قوتابخانە و سەندیكا و ڕێكخراو و حیزبە سیاسیەكان،كە لەپێناو مەبەستێكی دیاریكرداودا دروستكراون.
كۆمەڵگا ناجێگرەكان بەبێ‌ مەبەست: لەنمونەی، گردبونەوەی خەڵكی لەدەوری ڕووداوێك لە شەقامێكدا، یان گردبونەوەی كۆمەڵە كەسانێك لە یاریگایەكدا بۆ بینینی یاریەك.
 كۆمەڵگا خۆڕسكە جێگیرەكان: لەنمونەی،نەتەوە و شار،گوند. ئەم جۆرەشیان لەسەر بنچینەی سادەیی و ئاڵۆزی دەكرێتە دوو جۆری ترەوە لە: كۆمەڵگا سادە و ساكارە سەرەتاییەكان و كۆمەڵگا ئاڵۆزەكانی ئەم سەردەمە.
ئەوەی كە زانستی كۆمەڵناسی لەسەری ڕێكەوتوە ئەوەیە كە هەموو جۆرە كۆمەڵگاكان بە بێ جیاوازی پێكهاتەو جۆری پەیوەندی وسروشتی دروستبونیانەوە،هەموانیان ڕۆڵ و كاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر خوڵقاندنی ڕووداوەكان ،بە ئەرێنی و نەرێنیانەوە و ڕۆڵیان هەیە لە پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوەو  هەڵكەوتنی سەركردە و ڕابەرایەتی كۆمەڵگاكان.
جا چەند كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان ئاستی هوشیاری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و تێگەیشتن و زانست و تەكنەلۆجیایان بەرز بوبێت و دووركەوتبنەوە لە كۆمەڵگا سادە و سەرتاییەكان و بوبنە خاوەنی فەلسەفە و ڕێباز و ئایدیای مرۆڤایەتی و  هەنگاویان نابێت و پلانیان هەبوبێت بۆ خۆشگوزەرانی تاك و كۆمەڵگاكانیان و بەدوای سیستەمی حوكمڕانیەكی ڕەشید و دادپەروەردا گەڕابن كە هەموو مرۆڤەكان تیایدا ئازادی و سەربەخۆ بووبن و مافەكانیان دابینكرابێت و هەموان هەست بەبون و كەرامەت و پیرۆزیەكانیان بكەن و سیستەمێكی حكومڕانی دیموكراسییان پێكەوە نابێت،بەدڵنیایی لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا تاكی بەهرەمەند و لێهاتوو و زیرەك و داهێنەر و پڕ بەخشش پەیدا دەبێت و دەخڵقێت و لەناویشیاندا سەركردەی هەڵكەوتوو كاریزماش دێتە بەرهەم،كە دواتر ئەم سەركرد و ڕابەرانە جارێكی تر  دەبنەوە هۆكاری پێشكەوتنی كۆمەڵگاكانیان و دووركەوتنەوە لە نایەكسانی و توندوتیژی و زوڵم و چەوساندنەوەو دەبنە هۆی پێەوەكەوەنانی كۆمەڵگای ڕەفا و پێشكەوتو و ئازادیخواز و لیبڕاڵ كە تیایدا تاك و كۆمەڵگا هەست بە دادپەروەری و پێكەوەژیان و كاری هاوبەش و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بكەن.
بۆیە پەیوەندی نێوان كۆمەڵگا و سەركردە سیاسیەكان بریتیە لەهاوكێشەیەكی دوو ئاڕاستەیی و تەواوكەری یەكتر،بەو شێوەیە كۆمەڵگای هوشیار سەركردەی هوشیار دەخوڵقێنێت و سەركردەی هوشیار و كاریزماكانیش كۆمەڵگاكانیان بەرەو لوتكەی بەرزی و پێشكەوتن و داهێنانی زیاتر دەبەن.

بە پێچەوانەشەوە كۆمەڵگا داخراو و قەتیس و دۆگما و هەژار و نەخۆش و دواكەوتوەكان كە تیایدا تاكەكان هەست بەزوڵم و چەوساندنەوە و كۆیلایەتی دەكەن لەئەنجامی پیادەكردنی سیستمی حوكمڕانیەكی تاكڕەو و چەوسێنەر و خۆسەپێن و سیستەمێكی حوكمڕانی داخراو و نوخبەیی و بنەماڵەییەكانەوە،هەمیشە ئەو كۆمەڵگایانە تاكی ناتەندروست لە جەستە و عەقڵ و بیركردنەوەدا بەرهەمدێنن و دواتریش دەبنە ماكینەی بەرهەمێنانی سەركردەی تاكڕەو و خۆپەسەندو مەغرورو هیچ نەزان ،كە لەئەنجامیشدا بەهەمان شێوە كۆمەڵگا بەدەست سیاسەت و بیركردنەوە و مامەڵەی چەوت و هەڵەی ئەو سەركردانەوە توشی دەیان كارەساتی جەرگبڕ دەبێت و كۆمەڵگاش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو دواكەوتویی زیاتر و هەژاری و نەهامەتی و نەخوێندەواری و توندوتیژی و دەمارگیری و داخراوی زیاتر و چەوساندنەوەو بەكۆیلەكردن دەچێت.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ،كە ئایا كۆمەڵگا و سەركردەكانی كورد لەكوێی ئەم هاوكێًشەیەدان ؟
بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی كە كۆمەڵگای كوردەواری لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابوری و ئەمنی و زانستیەوە بەكۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو دانانرێت ،بەڵام لەڕووی سیاسیەوە كۆمەڵگایەكی هوشیارە و حەز و خواستی بۆ پێشكەوتن و ئازادی و دیموكراسی و مافەكانی و دادپەروەری و یەكسانی و خۆبژێوی و كرانەوە بەسەر كۆمەڵگاكانی تردا بەهێزە و گەرەكیشێتی هاوبەشی بكات لە پێكەوەنانی ژیان و ئاشتی ناوچەیی و دونیاشدا و لەو پێناوەشدا بە سەدان ساڵ خەبات و قوربانیداوە و بەردەوامیشە،هەربۆیە كۆمەڵگایەك هەست بە بەرژەوەندی و مافەكانی بكات و خەبات و قوربانیشیان لە پێناودا بدات بەدڵنیایی كۆمەڵگایەكی هوشیارە،بەڵام بەداخەوە سەركردەكانی ناهوشیار ولەئاست پێویست و قوربانیدانەكانی كۆمەڵگای كوردیدا نەبون و نین،هەربۆیە نەتوانراوە كۆمەڵگای كوردەواری لەهەموو بوارەكانی تریشدا هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت،بۆیە هەموو كارەسات و نوشست و شكستە سیاسی و سەربازی و شۆڕش و خۆپیشاندانەكانی كورد لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا بەشێكی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆی ڕابەر و سەركردەكانەوە نەك كۆمەڵگای كوردەواری،هەربۆیەش تائێستا نەگەیشتونەتە ئامانج و دوامەنزڵی سەركەوتن و هەر لەناو بازنەیەكی بۆشدا دەخولێینەوە و نەتوانراوە نە لەناوخۆدا دۆستی یەكتر بین و نەلەدەرەوەش دۆست و هاوپەیمانی كۆنكرێتی پێكەوە بنێن و هەر بێ‌ پشتیوان و بێ‌ دۆستی ماوینەتەوەو تەنها شاخەكان بەپشتیوانی ڕاستەقینەی خۆمان دەزانین و نمونەكانیشمان هەموو كارەساتەكانی ئەنفال و كیمیاباران و هەڵەبجە و جینۆساید و لەئێستاشدا بێ‌ دەنگی ناوچەكە و دونیا و تەنانەت خۆشمان لەسەر عفرین و مقاوەمەت و بەرخۆدانە بێ‌ وێنەكەیەتی كە نزیكەی دوو مانگە بەبێ‌ كەسی و بێ‌ پشتیوانی و بەتەنها ڕووبەڕووی گەورەترین سوپا و چەتە تیرۆریستەكانی ناوچەكە بۆتەوەو خۆڕاگری دەكات.
جا هەركات توانیمان بەمانای وشە كۆمەڵگایەكی هوشیار پێكەوە بنێین ئەوا ئەوكات دەتوانین سەركردەو ڕابەرانێكیش دروستبكەین كە بتوانن كۆمەڵگای كوردی بپەڕێننەوە ئەوبەری ئەمان و ئاسایش و دەوڵەتی سەربەخۆ و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و پڕ لە یەكسانی وڕەفا و دوور لە نادادپەروەری.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌