زۆرانبازی‌ ئه‌مریكاو ئێران له‌ عێراقدا به‌ره‌و كوێ‌ ؟

وتار/ 24/01/2018 399 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

 زۆرانبازی‌ ئه‌مریكاو ئێران له‌ عێراقدا به‌ره‌و كوێ‌ ؟


نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

نزیكه‌ی‌ 15 ساڵی‌ ڕێكه‌ كه‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ صدامی‌ ڕوخاوه‌ له‌عێراقدا به‌هێزی‌ هاوپه‌یمانان به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ ئه‌مریكا و ئیدی‌ له‌وكاته‌وه‌ گه‌لان و خاكی‌ عێراق ڕزگاریانبوه‌ له‌دڕنده‌ترین ڕژێمێكی‌ تاكڕه‌و و سته‌مكاری‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م،هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ ده‌ستپێك و سه‌ره‌تایه‌كی‌ قۆناغی‌ نوێ‌ بوو بۆ گه‌لانی‌ عێراق و مایه‌ی‌ دڵخۆشیان بوو،به‌لاَم له‌دوای‌ ئه‌و به‌رواره‌وه‌ و به‌درێژایی‌ ئه‌م 15 ساڵه‌ی‌ ڕابووردوو نه‌گه‌لانی‌ عێراق و نه‌ ناوچه‌كه‌ش ئارامیان به‌خۆیانه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ كه‌ هه‌موانیان وایان ده‌زانی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ صدام حسێن هۆكاری‌ ئه‌و گرژی‌ و نائارامیه‌ بوه‌،به‌لاَم له‌ئێستادا بۆیان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ململانێ‌ ناوخۆیه‌كانی‌ نێوان حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ململانێ‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئاینی‌ و مه‌زهه‌بیه‌ جیاوازه‌كان  هۆكاربونه‌ و له‌پاڵ ئه‌مانیشدا ململانێ‌ ناوچه‌ییه‌كان و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش به‌ به‌هێزیه‌وه‌ ئاماده‌گیان هه‌بوه‌.بۆیه‌ ماوه‌ی‌ ئه‌م 15 ساڵه‌ی‌ ڕابووردوو گه‌لانی‌ عێراق به‌ری‌ ڕه‌نجی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ خه‌بات و قوربانیه‌كانی‌ 30 ساڵه‌ی‌ قۆناغی‌ ڕژێمی‌ صدام حسێنیان نه‌چنیه‌وه‌ تا ڕووبارێك خوێن و فرمێسك و قوربانی‌ تری‌ هاته‌ سه‌رو تائێستاش به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌ و ئه‌وسه‌ری‌ ڕێگا و تونێله‌كه‌ش ناڕوون و نائاشكرایه‌ بۆ ئاینده‌.

ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كانیش هه‌ریه‌كه‌یان به‌ پێی‌ توانا و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆیان ده‌ستیان وه‌رداوه‌ته‌ ناو كاروباری‌ عێراقه‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ به‌مه‌رامێك و بۆ جێگه‌ كردنه‌وه‌ی‌ پێگه‌یه‌كی‌ شیاو له‌ ئاینده‌ی‌ عێراقی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ و ..هتد.گه‌ره‌كیانه‌ بمێننه‌وه‌ و له‌و پێناوه‌شدا ململانێ‌ ده‌كه‌ن.

له‌ناو هه‌موانیاندا ململانێی‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران زۆر ئاشكرایه‌ و زۆریش تونده‌و هه‌ریه‌كه‌یان كێبكڕكێی‌ ئه‌ویتریان ده‌كات بۆ سه‌ركه‌وتن و به‌ ئانامج گه‌یشتنیان له‌ چه‌سپاندنی‌ ده‌سه‌لاَت و هه‌ژموونی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازی‌ خۆی‌ له‌ عێراقدا.عێراق له‌ ئێستادا بۆته‌ گۆڕه‌پانێكی‌ كراوه‌ بۆ ململانێ‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و به‌تایبه‌تیش ئێران و ئه‌مریكا.هه‌ردووكیان گرنگی‌ ته‌واو ده‌ده‌نه‌ ئاینده‌ی‌ عێراق،چونكه‌ باش له‌ گرنگی‌ و كاریگه‌ری‌ جێگه‌ و پێگه‌ی‌ عێراق ده‌زانن له‌ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناویندا،چونكه‌ عێراق ولاَتێكی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هێز و خاوه‌ن 38ملیۆن كه‌س و یه‌ده‌گێكی‌ زه‌به‌لاحی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتیه‌ و پێگه‌ و هه‌ڵكه‌وته‌یه‌كی‌ جیۆسیاسی‌ گرنگی‌ هه‌یه‌ له‌ناوجه‌رگه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناویندا و ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر ولاَتانی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بی‌ و ده‌روازه‌ی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بیه‌ بۆ ئێران و هه‌ریه‌كێك له‌ ئێران  یان ئه‌مریكا بتوانێت عێراق كۆنتڕۆڵ بكات وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌موو ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوینی‌ كۆنتڕۆڵ كردبێت.بۆیه‌ ئه‌م ململانێیانه‌ی‌ ئێران و ئه‌مریكا به‌ته‌نها له‌عێراقدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو په‌لی‌ كێشاوه‌ بۆ ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ سوریا و لوبنان و فه‌له‌ستین و میسر و یه‌مه‌ن و عومان و به‌حره‌ین و ...هتد.پڕیشكی‌ ئه‌م ململانێ یان زۆرانبازیه‌ دوو قۆڵیه‌ په‌لی‌ هاویشتوه‌ و مه‌ترسیشی‌ دروستكردوه‌ بۆسه‌ر نفوز و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا و هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ناوچه‌كه‌دا به‌وێنه‌ی‌ سعودیه‌ و میسر و ئیسڕائیل. هه‌ربۆیه‌ پێناچێت ئه‌م ململانێیه‌ به‌ئاسانی‌ كۆتایی‌ پێبێت و كۆتاییه‌كه‌شی‌ كۆتاییه‌كی‌ مه‌ترسیدار و خوێناویش ده‌بێت بۆ ناوچه‌كه‌،چونكه‌ له‌لایه‌ك هیچ كامیان پاشه‌كشه‌ ناكه‌ن وله‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ بۆخۆی‌ ئاگری‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌تیرۆریستانی‌ داعش و هاوشێوه‌كانی‌ هێشتا به‌ته‌واوه‌تی‌ كۆتایی‌ نه‌هاتوه‌.

ئێران  وه‌ك زلهێزێكی‌ ناوچه‌یی‌ خۆی‌ نمایش ده‌كات وهه‌رچی‌ هه‌وڵی‌ هه‌یه‌ بۆ پاوانكردن و فراوانكردنی‌ ده‌سه‌لاَت و نفوزی‌ خۆیه‌تی‌ و پاڵپشتیشی‌ هێزه‌ ڕۆحی‌ و ئاینی‌ و مه‌زهه‌بیه‌كه‌یه‌تی‌ له‌ناو گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌دا و هه‌رچی‌ ئه‌مریكاشه‌ وه‌ك زلهێزێكی‌ جیهانی‌ مه‌به‌ستی‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ ته‌واوی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ڕووی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منیه‌وه‌،چونكه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ زلهێزه‌كانی‌ ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌لاَتیش گرنگی‌ خۆی‌ هه‌یه‌.

له‌ ئێستادا ئه‌مریكا له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی‌ واقع و له‌ناو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراقدا به‌ ڕاده‌ی‌ ئێران نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت به‌هۆی‌ لایه‌نگری‌ زۆرینه‌ی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بی‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ بۆ ئێران و هه‌رواش سونه‌ی‌ عه‌ره‌ب و كورده‌كانیش له‌ بێ‌ به‌ڵێنی‌ ئه‌مریكا وه‌ڕس بون و شكسته‌ سیاسی‌ و سه‌ربازیه‌كانیان بۆ ئه‌مریكا ده‌گێڕنه‌وه‌ و توركومانه‌كانیش توركیا به‌پاڵپشتی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆیان ده‌زانن و كه‌مینه‌ی‌ مه‌سیحیه‌كانیش له‌و نێوه‌نده‌دا بێ‌ ده‌سه‌لاَت ماونه‌ته‌وه‌.له‌ ئێستادا زۆرانبازیه‌كی‌ ئه‌مریكا و ئێران  له‌ پاڵپشتی‌ هه‌ریه‌كه‌یان ده‌رده‌كه‌وێت بۆ سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ پێكه‌وه‌نانی‌ لیستی‌ و قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانیه‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئاینده‌ و هه‌ریه‌كه‌یان گه‌ره‌كێتی‌ لایه‌نگرانی‌ خۆیان سه‌ركه‌وتوبن تابتوانن بۆ 4 ساڵی‌ ئاینده‌ به‌رده‌وامی‌ به‌هه‌ژموون و مانه‌وه‌یان به‌ده‌ن له‌ عێراقدا.

هه‌ربۆیه‌ ئه‌م زۆرانبازیه‌ی‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر حسابی‌ خاك و گه‌لانی‌ عێراق بۆ ماوه‌یه‌كی‌ تریش به‌رده‌وام ده‌بێت تائه‌وكاته‌ی‌ ئه‌مریكا ده‌توانێت گۆڕانكاری‌ له‌ناوخۆی‌ ڕژێمی‌ ئێرانیدا دروستده‌كات و ده‌بێته‌ هۆی‌ گۆڕینی‌ سیسته‌می‌ حكومڕانی‌ له‌ئێراندا و به‌مه‌ش ده‌توانێت سه‌ركه‌وتنی‌ كۆتایی‌ به‌ده‌ست بێنێت،به‌لاَم ئه‌م كاره‌ش بۆخۆی‌ نه‌ئاسانه‌ و نه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ زوودا دێته‌دی‌ ،به‌ڵكو هێنده‌ی‌ تر ناوچه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ مه‌ترسی‌ و جه‌نگێكی‌ تری‌ تیرۆریستی‌ ده‌كاته‌وه‌،هه‌ربۆیه‌ ئاینده‌ی‌ ململانێكه‌ و كۆتایی چاره‌نوسی‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ش به‌تاریكی‌ و لێڵی‌ ده‌مێنێته‌وه‌.و نارامی‌ له‌نماوچی‌ه‌كه‌شدا به‌رده‌وامی‌ ده‌بێت.

[email protected]

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌