ویژدان لە نێوان حكومەت و جەلال فوئاد دا...

وتار/ 25/12/2017 711 جار بینراوە

مه‌عروف مه‌جید

ویژدان لە نێوان حكومەت و جەلال فوئاد دا...
مەعروف مەجید
گومانم هەیە لەم پەندە كوردییەی كە دەلێ‌ ( حكومەت باوكی میللەتە) ئیتر نازانم ئەم حكومەتەی خۆمان وایە یان ئەوەی ناوی حكومەت بێت وەكو ئەمەی لای خۆمان وایە.
لەهەموو دونیادا هەركات میللەت توشی كێشەو قەیران هات حكومەت كارئاسانی دەكات، باووباپیرانمان باسی سەدام حوسێنی دیكاتۆریان زۆر بۆ كردین كە لە دەرەوەی وڵات خواردنی دەهێنا و لە وڵاتدا بە زەرەر دەیدایەوە بە هاوڵاتییەكانی، هەر ئەمەشە وای كردووە حكومەتەكان كارئاسانی بكەن بۆ ئەوەی لانیكەم میللەتەكانیان ژیانێكی ئاسایی و شایستە بەڕێ بكەن، بەڵام ئەمەی خۆمان، بە پێچەوانەوەیە، رێك دەڵێی باوەپیارەیە، ئەوەی هەشتە لێتی زەوت دەكات.
لەم ماوەیەدا وێڕای پێنەدانی موچەی تەواو بە فەرمانبەران، حكومەت داوای پارەی ئاو و كارەبا و پێشینەكان و كۆمەڵی شتی دیكە لە هاوڵاتیان دەكات و چەند پارەیەكی دیكەیشی زیاد كردووە لە هاوڵاتیانی وەربگرێت، بۆ نمونە: پارەی زبڵ و خاشاك، پارەی ژینگەی ئۆتۆمبیل و پارەی هەڵواسینی ریكلامی دووكانەكان و تا كۆتایی. لە كاتێكدا خۆی باش دەزانێ‌ كە وەكو پێویست هیچ تاكێكی كۆمەڵگە ناتوانێ‌ ئەو پارەیە دابین بكات و بیداتەوە بە حكومەت.
ئەمە پێی دەڵێن حكومەت ، بە كاك جەلالیش دەڵێن هاوڵاتی...
ویستم هەڵسەنگاندنێك بكەم لە نێوان ویژدانی حكومەت و ویژدانی كاك جەلال فوئاد كە بەڕێزیان دانیشتووی قەزای رانیەیە و خاوەنی بازاڕی (ئەپل)ە لە بەرامبەر مزگەوتی گەورەی ئەو قەزایە، بەپێی زانیارییەكانی بەندەش لە ماوەی رابردوودا بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێك زیانێكی زۆر بەر دووكانەكانی كەوتووە.
كاك جەلال وەك خەمخۆرییەك بۆ دووكاندارەكانی بازاڕەكەی، بریاری داوە كرێی ئەم مانگەیان لێ وەرنەگرێت، ئەویش بەهۆی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان دەرفەتی ئەوەی پێنەداون دووكانەكانیان بكەنەوە، بە وتەی بەشێك لە دۆستانم لە رانیە، شوێنی هەڵكەوتەی ئەو دووكانانە كەمترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لێ ئەنجام دراوە، ئەوەی دیارە بڕی ئەو پارەیەیە كە بەڕێز كاك جەلال فوئاد لە دووكاندارەكانی وەرناگرێت كە بریتییە (پێنج ملیۆن و سەد هەزار دینار)، لەم كاتەدا هەم بۆ دووكاندارەكان زۆر زۆرە و لەهەمانكاتیشدا بۆ خاوەنی بازاڕەكەش برێكی زۆرە.
خۆزگە حكومەتەكەمان چاوی لە ویژدانی كەسانێكی وەها دەكرد و لانیكەم لەبری خزمەت، بیری لە سزادانی هاووڵاتییەكانی نەدەكردەوە.
هەمیشە ئەم وڵاتە رۆژ لە دوای رۆژ رەشتر دەبێ‌ لەلای هاوڵاتییەكانی، بەڵام ئەم دیاردانە وات لێدەكات بڵێی: سوپاس بۆ تۆ خوایە گیان هێشتا كەسانی ویژدان زیندووتر لە حكومەت لە كۆمەڵگەدا هەن.
دەكرێ‌ ئەم هەڵویستەی كاك جەلال بكرێتە سەرمەشقێك بۆ سەرجەم خاوەن كارەكانی دیكە بۆ ئەوەی لەم كاتەدا لانیكەم بیر لەوە بكەنەوە هاوكاری و كارئاسانی كەسانێك بكەن كە لانیكەم ئەوان دەتوانن ئەركی سەرشانیان كەم بكەن.
لە كۆتاییشدا ئاواتە خوازم حكومەت هێندەی تۆزقاڵێك پەند لەم كاك جەلالە وەربگرێت، ئەویش بیر لەوە بكاتەوە خزمەتی هاوڵاتییەكانی بكات و هێندەی دیكە بیر لەوە نەكاتەوە لەسەر گیرفانی ڕەش و ڕووتەكانی ئەم هەرێمە زیاتر خۆی دەوڵەمەند بكات.

نوێترین نوسینەکانی مه‌عروف مه‌جید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌