دەربارەی حزبە ئیسلامیەکان و ڕەوشی هەنوکەی کوردستان

وتار/ 20/12/2017 856 جار بینراوە

عه‌لی سیرینی

دەربارەی حزبە ئیسلامیەکان و ڕەوشی هەنوکەی کوردستان
عەلی سیرینی
لە 16ی ئۆکتۆبەر، ئەو پێشبینیەی کرا کە ڕێڕەوی ڕەوشی شپرزە و تێکشکاوی کورد بەرەو هەڵدێر دەڕوا، لە ئەرزی واقیعدا، لە نەکسەیەکی قوڕس بەرجەستە بوو. نەکسەکەش لە قوڵایی هەڵدێری پێشبینیکراو، بە تەقینەوەیەکی گەورە کۆتایی هات، کە دوای لاچوونی تەپ و تۆز، ڕووی خیانەتێکی گەورە دەرکەوت. ئەم خیانەتە لوتی کوردی شکاند. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو، ئەم لوت شکانە بووە مایەی دڵخۆشیی و چەپڵە لێدانی چەند چین و گروپێکی کورد، بە بەهانەی ئەوەی دوژمنی کورد (شیعە، بە سەرۆکایەتیی ئێران) وا خەریکە دەستەڵاتی گەندەڵی هەرێمی کوردستان لا دەدەن! ئەم دڵخۆشیی و چەپڵە لێدانە حاڵەتی هاوشێوەی تری بیرخستینەوە وەکو دڵخۆشیی و چەپڵە لێدانی چەند چین و گروپێک، کاتێک ئەمریکا خاکی کوردستانی موشەک باران کرد، گوایە ئەنساڕولئیسلامی کردۆتە ئامانج. بەڵام دوای چەندین ساڵ دەرکەوت، کە موشەکەکان مادەی جۆراوجۆری ژینگەپیسیی هەڵگرتبوو، کە تا ئێستاش منداڵبوونیی شێواو، لە ناوچە بۆمباران کراوەکان بەردەوامیی هەیە. لەوانەیە ئەم چین و گروپانەی نێو کورد دەگمەن بن لە نێو میللەتان، چونکە زەحمەتە خەڵکی وڵاتێک بدۆزیتەوە، دڵخۆش بن، چونکە دوژمنێکی خۆیان زەرەری گەیاندووە بە خاک و نیشتمان و هاونیشتمانیانی خۆیان! مخابن لە نێو کورد ئەم کارەساتە بوونی هەیە کە خەڵک هەیە کوردە، کەچی چەپڵە بۆ دوژمنی دەرەکیی لێدەدا چونکە هێرشی هێناوەتە سەر بەشێکی تری کورد!
قسەکردن لە سەر گەندەڵیی و زوڵم و ناعەدالەتیی دەستەڵاتی هەرێم، بە تایبەتیی پارتی، بە کتێب تەواو نابێت. من ساڵانێکە بە عەرەبیی و کوردیی وتاری زۆرم نوسیوە، کە ئەندامانی پارتە ئیسلامیەکان بە نهێنیی دەستخۆشیان لێکردووم چونکە بە ئاشکرا نەیان وێراوە، یان لە گەڵ دەستەڵات بوونە! بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە چونکە پارتی دەستەڵاتێکی گەندەڵ و پڕ ستەمی بە سەریەکەوە ناوە، نابێت پشتگیریی هەڵوێستی ڕاستی سەرکردەکەی بکەین، بە تایبەتیی کە هەڵوێستی ئەم سەرکردە (مەسعود بارزانی) تەنانەت لە نێو خودی پارتیشدا ڕەت کراوەتەوە، یان بووەتە جێگای نا ڕەحەتیی، چونکە غیرەت و مەردایەتیەکی زۆری ویستووە، پاڵپشتیی هەڵوێستێکی ئاوا بکەیت کە هەموو دونیا دژیەتی.
لە ئان و ساتی 16ی ئۆکتۆبەر، هەلێکی زێڕین بۆ ئیسلامیەکان لە ئاسمانەوە دابەزیی، بۆ ئەوەی موعجیزەی چاکسازیی بە ئاسانیی بکەنە واقیع. لەم ئان و ساتەدا نامەیەکی کراوەم بۆ بەڕێز م. علی باپیر نوسی. چەند پێشنیارێکم بۆی کرد و بە نامەی تایبەتیی و پرس و ڕا گۆڕینەوەش پێشنیاری ترم کردووە. هەندێک پێشبینیم کردن ڕاست دەرچوون. بۆ نمونە، لە نامە کراوەکەدا ئاگاداری بەڕێزیانم کردەوە کە نەچێتە بەرەی سوک و چروک و دابەزین بۆ ئاستی لاهور و پاڤێڵ و شاسوار و سروە و ئەوانی تر. چونکە ئەم بەرەیە پڕ لە جەهل و کارەسات و سەر شۆڕیە. کەچی برادەرانی کۆمەڵ بە خەندە و خۆشیی و هەندێک گاڵتە پێکردنیش بە بەندە، باسی ئەوەیان دەکرد کە ڕۆژێکی نوێ بەڕێوەیە و پارتی و یەکێتی دەبێ بڕۆن و ئیتر وڵاتانی دونیا و دەوروبەر، میللەتیش، ئەم دەموچاوانەی ناوێت و دەبێت دەستەڵات بگۆڕێت. قەناعەتیان هێنا کە هێزی شیعەی عێراق و ئێران، فیعلەن، تا "سەری ڕەش" ناوەستن و بارزانی دەستبەسەر دەکەن و دەیبەن بۆ دادگای بەغدا. شکستەکەی بارزانیشیان بە شکستی صەدام چواند بەرامبەر بە ئەمریکا لە ژێر ڕەشماڵی صەفوان! لە بەر ئەمە کەوتنە مەلەکردن لە ناو پەرداخی پێکهێنانی حکومەتی ئینقاز! من بە ڕاشکاویی گوتم، ئەم شتەیە ڕوو نادات و بەناو حکومەتی ئینقاز و هەڵوەدای هاوشێوە، تەنها خەیاڵ و خەونە و بڵقی سەر ئاوە. لە شوێنێک گوتم سەیرە کۆمەڵی ئیسلامیی بەم شێوە بیر دەکاتەوە. کادیرێکی پێشکەوتووی کۆمەڵ پێی گوتم "ڕاستیەکەی، سەیر و سەمەرە، ئەم بۆچوونانەی تۆیە". ئەم زوو کەوتنە مەلەیەی کۆمەڵ، بۆ بیرۆکەی حکومەتی ئینقاز، دەریخست ئەم حزبە بەڕێزە پاشخانی مەعریفەتی لە مەیدانی پەیوەندیە نێو دوڵەتیەکان و سیاسەت بە گشتیی، هەر زۆر هەژارە، گەر نەڵێین هەر تەواو خاڵیە! تا چەندیش پابەندە بە بنەماکانی شەرع و فیقهـ هەر لەولاوە، چونکە ئەمەشیان بۆ خۆی کارەساتێکە!
بەڕێز م. عەلی باپیر وتارێکی دا، پەلەپڕوزە و ساتیکردنی لێکردبوو و زوو تێیکەوت. وتارەکە، جێگای داخ و جێگای بێ هیوایی کەسانی تێگەیشتوو و دڵسۆزیی میللەت بوو. ئێستا ئەم وتارە لە بیری کەس نەماوە، تەنها ئەوە نەبێـت کە مامۆستای بەڕێز ڕەتی کردەوە کردارەکەی پاڤێڵ و لاهور بە خیانەت بناسێت، دەڵێ "با تەخوینی یەکتر نەکەین". دواتریش لە ڕێگای سەرکردەیەکی کۆمەڵ تەئکید بوومەوە، کە دیارە کۆمەڵ 16ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت نازانێت. دیارە هەر لەبەر ئەمەش، بارەگای کۆمەڵ لە کەرکوک دەستی لێنەدرا و پاسەوانەکانی بە چەکەوە مانەوە. هەر دوای ئەم وتارە و پەلەکردنی کۆمەڵ بۆ کەوتنە مەلە بە پەرداخێک ئاو، گوایە حکومەتی ئینقاز پێک دەهێنن، م. عەلی بروسکەی کرد پشدێنی مرۆیی بۆ بکەن لە بەرامبەر هێرشی چەند هەوادارێکی پارتی، کە دیارە بەرەو بارەگای بەڕێزیان ناڕەزایەتیان بە شێوازێکی نا تەندروست نمایش کردبوو. ئنجا کارەساتی ناواخنی ئەم حاڵە لە ڕووی شەرع و سیاسەتیش ئەوەیە، کە چۆن ئەمیرێک (سەرکردەیەک) داوای دەستەڵات و ئینقاز دەکات، توانای بەرگریکردنی لە خۆی نیە بەرامبەر چەند هەوادارێکی حزبی دەستەڵات، کە بە مەزەندەی کۆمەڵ بەرەو نەمان ملی ڕێگەی گرتووە؟ ئەمە لە کاتێکدا، کە بە کۆمەڵ گوتراوە بۆ بەرگریی لە کەرکوک ناکەن، وەڵامەکە ئەوە بووە کە کۆمەڵ چەکی نیە. هەر چەندە ئەم بەهانەیە ڕاست نیە، هۆکاری تر هەن بۆ ئەم مەسەلە، بەڵام ئەی چۆن حزبێک توانای بەرگریکردنی لە خاک نەبێت و لە نمایشی نا تەندروستی هەوادارانی حزبی دەستەڵات بترسێت و داوای پشدێنی مرۆیی بکات؛ ئەی بە چ عەقڵێک دەیەوێ ببێتە مونقیزی میللەت و حکومەت تەشکیل بکات؟!
ئێستا، حکومەتی ئینقاز بوو بە قازێکی سەر شۆڕ، بە نێو پوش و پەڵاشی چەمێکی ڵێڵ ون بوو. ئەو کادیرەش کە بۆچوونەکەی منی پێ سەیر و سەمەرە بوو، تەپڵی ئینقازی لە دەست دڕا، ئێستا دوای بێ هیوایی، دەستی کردووە بە پۆستی دوعا کردن لە دەستەڵات!
گرفتی گەورەی ئیسلامیەکان بە گشتیی و کۆمەڵیش بە تایبەتیی، نەزانینە، هەروەها قووڵ بوونەوەیە لەناو وەهمدا! گرفتێکی تریان، بێ پەل و پۆیی و بەستەزمانیە لە ناو سیاسەتدا و دوور کەوتنەوەیانە لە خودی شەریعەت و فقهدا، تا ڕاددەی ئەوەی زۆر بە ئاشکرا، ڕوون بووەتەوە کە مانەوە وەک مسوڵمانێکی سەر بە حزب یان گروپێکی ئیسلامیی، گەیشتۆتە پلەی حەڕام، چونکە سەرپێچیی تەواوی تیایە بۆ فەرمانی خودای گەوره و سوننەتی پێغەمبەر (درودی خودای لە سەر بێت). بۆ نمونە خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێ (واعتصموا بحبل الله جمیعا ولا تفرقوا). کەچی حزب و گروپە ئیسلامیەکان، بوونەتە هۆی پەرتەوازبوونی مسوڵمانان و لێکترازانیان، بەڵکو ناکۆکیی و ناحەزیی لە نێوانیاندا!
ساڵی 2006، چەند پێشنیارێکم بۆ بەڕێز م. عەلی باپیر و کۆمەڵ کرد. لە ڕەمەزانی 2006 لە ماڵی ئەندام سەرکردایەتیەکی کۆمەڵ بە یاوەری ئەکادیمستێکی کورد، ئەم پێشنیارانە کران و دواتریش بۆ بەڕێز م. عەلی باپیر لە ئۆفیسەکەی خۆی. بەڵام ئەم پێشنیارانەی کران لە لایەن چەند کەسێکەوە، بە پشتگوێخستن و بێ ئەهەممیەتی مامەڵەیان لە گەڵ کرا. کەچی پێشنیارەکان سەلماندیان کە ئەگەر کۆمەڵ کاری بەم پێشنیارانە بکردبا، ڕۆژگاری ئەمڕۆی شتێکی تر دەبوو. یەکێک لەم پێشنیارانەی کردم ئەوە بوو کە سیاسەت بە ناوی حزبی ئیسلامیەوە نەکرێت، ئاماژەشم دا بە نمونەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) لە تورکیا، کە ٣ ساڵ بوو حوکمی تورکیای گرتبووە دەست.
لە 2006 چەند قسەیەکیشم کرد بۆ برایانی کۆمەڵ دەربارەی مەترسیی شیعە و ئێران بۆ کورد و ئایندەی کوردستان. لە دوای منەوە، کادیرێکی پێشکەوتووی کۆمەڵ، لە هەمان ساڵدا، لە پێش چەند کەسێکی نزیک لە منەوە گوتبووی "کاک عەلی زۆر تەڕکیز دەکاتە سەر گەورەکردنی مەترسیی شیعە، کە ڕاستیەکەی وانیە. موبالەغەیەکی زۆر دەکات"! ئەوکات یەکێک لە پێشنیارەکان پڕۆژەیەک بوو، کۆمەڵ لە بەر ئێران نەیتوانی ڕایپەڕێنێت و سەرکردەیەکی کۆمەڵ ڕوو بە ڕوو پێی گوتم "داوای لێبوردن دەکەین لە بەر ئێران ناتوانین"!
کەواتە بونیادی کۆمەڵ ناڕێکە و نا تەندروستە و پڕە لە هەڵە و کارەسات. کاتێکیش کەسێک لە سۆنگەی دڵسۆزیەوە پێشنیاریان بۆ دەکات، گەر پێشنیارەکان ناکۆک بوون لە گەڵ ئەم بونیادە نا تەندروستە، بە داخەوە، کۆمەڵ و ئەندامانی بێ ئەوەی حیسابێک بۆ قیامەت و شەرع بکەن، بێ ئەوەی نەختێک عەقڵ بە کار بێنن، دەکەونە بەخشینەوەی تۆمەت و تەشهیر و قسەی سوک. ئەمە گەر مانایەک ببەخشێت، ئەوەیە کە کۆمەڵ فەشەلی هێناوە لە دروستکردنی کادیری تێگەیشتوو و خوێندەوار و دوور بین و سنگفراوان! بێگومان وێڕای ڕێز و تەقدیریشیم بۆ چینێکی عاقڵ و هۆشمەند کە لە بابەتەکان تێگەیشتوون و بە سنگی فراوان و ڕێزەوە مامەڵە دەکەن.
هەندێکیشیان هەر بێ ئەوەی یەک زەڕە عەقڵ بە کار بێنن بۆ تێگەیشتن، پاڵپشتیی و داکۆکیی من لە ڕیفراندۆم و هەڵوێستی بارزانی بەوە لێک دەدەنەوە، کە دەبێت من بووبم بە پارتی یان بە پارە و دەستکەوت ئەم هەڵوێستە هاتبێتە ئاراوە!
ئەم تێڕوانینە سوک و چروکە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە. یەکەمیان وەک گوتم، کۆمەڵ نەیتوانیوە ئەندام و لایەنگرانی جوان پەروەردە بکات لە ڕووی پەروەردەی ئیسلامیەوە، کە ئەوەندە زوو بێ بەڵگە تۆمەت بۆ خەڵک نەبەخشنەوە. دووەمیش، لە بەر ئەوەی خودی کۆمەڵ ئاڵوگۆڕی زۆری لە گەڵ دەستەڵات هەبووە و هەیە. ژێر بە ژێریش، سەرکردەکان و کادیرە پێشکەوتووەکانی وێڕای ئەوەی لە گەڵ ئێران پەیوەندی پتەویان هەیە، لە گەڵ پارتی و یەکێتیش هەیانە. کادیرێکی پێشکەوتووی کۆمەڵ پێی گوتم "کۆبوونەوەکانی مەکتەب سیاسیی کۆمەڵ هێشتا تەواو نابن، مەحزەری کۆبوونەوەکان گەیشتۆتە دەست پاراستن و دەزگای زانیاریی"!
ئەمەیە حاڵی کارکردنی حزبایەتیی بەناوی ئیسلام. کە ڕەخنەشیان لێدەگریت، وەک حزبەکانی تر دەیکەن بە هەڵلا!
پێشنیاریشم پێیە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام لێرە پێویست ناکات خەساری بکەم، گەرنا نوسیومە. بەڵام پێشنیار و پڕۆژەی چارەسەرکردن، دەخەمە بەردەم لایەنی شیاو، لە کات و شوێنی گونجاو، بەڵکو گوێ لە قسەی خێر بگیرێت و خوای گەورە، ئایندەیەکی خێر بۆ هەموومان بێنێتە کایەوە. 

نوێترین نوسینەکانی عه‌لی سیرینی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌