شانشینی ئال سعود لەبەردەم قۆناغی خۆرئاوابونی دەسەڵاتیاندا !
وتار/
15/11/2017
685 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
شانشینی ئال سعود لەبەردەم قۆناغی خۆرئاوابونی دەسەڵاتیاندا
!
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
ئەوەی ئاشكرایە شانشینی سعودیە تەمەنی لە ئێستادا 85 ساڵ
تەواو دەكات كاتێك لەلایەن شا عەبدول عەزیزی دامەزرێنەرەوە لە 23ی ئەیلولی ساڵی
1932دا توانی سەرجەم خاكی نەجد و حیجاز و تائیف لەلایەك ڕزگاربكات لەژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی
عوسمانی ئیسلامی بە هاوكاری و پشتیوانی ئینگلیزی
مەسیحی و لەلایەكی تریشەوە زاڵبوونی ئال سعود بەسەر هەموو بنەماڵە و خێڵ و ڕكابەرە
سیاسیەكانیان لە بنەماڵەی شەریفی كوڕی حوسەین و ئەوانی تردا،و بۆخۆیان بونە باڵادەست
و دەسەڵاتداری یەكەمی ئەم شانشینە و توانی شانشینی سعودیە دابمەزرێنێت لەدوای یەكگرتنەوەی
هەموو خاكەكەی.
ئیدی لەو ساتە وەختەوە تاكو ئێستا و بەدرێژایی تەمەنی
شانشینەكە بنەماڵەی ئال سعود كۆنتڕۆڵی هەموو جومگە و ئۆرگانە گرنگ و هەستیارە سیاسی
و ئابوری و سەربازیەكانی ئەو وڵاتەیان خستۆتە ژێر ڕكێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە و ئەندامانی
بنەماڵەیان دابەشكردۆتە سەر هەموو ناوچەكان و لەسایەی سیاسەتێكی ئاینی و مەزهەبی سەلەفی
دواكەوتوو كۆنەپارێزی وەهابیەتەوە و بەناوی زیندووكردنەوە و پارێزگاریكردن لە پێشینە
صاڵحەكانی ئیسلام(( سلف الصالح)) ئەوپەڕی توندیان نواندوە لەسەپاندنی بنەما فكری و
ئاینی و مەزهەبیەكانی خۆیان و بەشێوەیەك سعودیەیان كردۆتە سەرچاوەی توندڕەوی ئاینی
ئیسلام و هاندان و پشتیوانی زۆرێك لە گروپ و ڕێكخراوە ئیسلامیە توندڕەوەكان لە جیهاندا
بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری داهاتی نەوت و جێگە پیرۆزەكانی مەكە و مەدینەوە،و نمونەی
ئەو گروپانەش وەك ڕێكخراوی ئەلقاعیدەی ئوسامە بن لادن و تاڵیبانی ئەفغانشتان و
موجاهیدەكان لە پاكستان و كشمیر و داعش و بەرەی ونوصرە و زۆری تر كە هەریەكەیان بەناوی
جیاوازەوە لە وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامیدا بڵاوبونەتەوە و كاری تیرۆر و تۆقاندن
ئەنجام دەدەن، لەلایەك بەناوی جیهادی پیرۆزەوە دژ بە نا موسوڵمان و حوكمڕانە تاغوتە
ئیسلامیەكان و لەلایەكی تریش بەناوی وەستانەوە دژی هەڵكشان و گەورەبون و تەشەنەكردنی
مەزهەبی كەمینەی شیعی وەك ڕكابەری سەرەكی مەزهەبی زۆرینەی سونە لە ئیسلامدا كە لەلایەن ئێرانی مەجوس و
فارسیەوە ڕابەرایەتی دەكرێت و لە ئێستادا بۆتە مەترسی هەرە گەورە بۆ سەر نفوز و پێگە
و دەسەڵاتی ئال سعود لە ناو خودی سعودیە و ناوچەكە و دونیای ئیسلامیشدا.
ئاشكرایە كە ململانێی توند و خوێناوی شیعە و سونە
مەزهەبەكان بەقوڵایی مێژووی ئیسلامی 1400 ساڵەیدا قوڵبۆتەوە و ڕەگی داكوتاوە و ئەستەمە
بەسانایی كۆتایی بێت.
شانشینی سعودیە بەم هەموو ململانێ ناوخۆییەی كە هەیەتی
لەناو خودی بنەماڵە و پێكهاتە جیاوازەكانی
كۆمەڵگای سعودیدا لە سونە و شیعە و بێباوەڕانیش و جۆری سیستەمی حومڕانی داخراو و كۆنە
پارێز و لەگەڵ بون و بەردەوامی دیاردەی گەندەڵی ئیداری و دارایی و سیاسی و سەربازی،
بڵاوبنەوەشی لەناو خودی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و دواتریش بۆ هەموو ئۆرگانەكانی وڵات
و دەوڵەتدا و دەوڵەمەندبوونی دەستە و گروپ و چینێكی دیاریكراو لەبنەماڵەی فەرمانڕەواو
هەژاركەوتنی چێنێكی گەورەتری كۆمەڵگای سعودیە سەرەڕای بوونی سەروەت و سامانێكی
سروشتی لەو وڵاتەدا بەتایبەتیش نەوت و غازی سروشتی كە سعودیە یەكەمین وڵاتی بەرهەمهێن
و هەناردەكاری نەوتە لە ناوچەكە و لەسەر ئاستی دونیاشدا دووهەمینە و ڕۆژانە زیاد لە
10 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دێنێت.بەڵام بەهۆی دەستگرتنی دەستە و گروپێكی
مافیایی بەسەر توانا و وزەی ئەو وڵات و كۆمەڵگایەدا و بونی گەندەڵیەكی گەورە ـسعودیە
وەك چاوەڕوان دەكرێت ناتوانێت بۆ چەند دەیە ساڵێكی تر لەسەر ئەم ڕێتمی حوكمڕانیە بەردەوام
بێت كە خۆی دەنوێنێت لە پشتاوپشتكردنی دەسەڵات لەنێوان ئەندامانی خێزانی شاهانەی پیر
و بەتەمەنەكاندا كە لەگەڵ پێشكەوتن و تەكنەلۆجیا و گۆڕانكاریە نوێكان و نەزمی نوێی
جیهاندا وێكنایەنەوە و توانای وەرگرتن و بەرەوپێشبردنی
شانشینی سعودیەیان نیە ، بۆیە لەهەنگاوێگی چاوەڕواننەكراو و دەرچوو لە عورف و
عاداتی هەشتاساڵەی بنەماڵەی فەرمانڕەوا و دوای كۆچی شا عەبدوڵا و هاتنە سەر حوكمی
شا سەلمان یەكسەر و ڕاستەوخۆ و بەدڵنیایی لەدوای ڕاوێژ و ئامۆژگاری و فشاری دونیای
دەرەوە بەتایبەتی ئەمریكی و ئەوروپیە دۆستەكانیان،شا سەلمان لەماوەی كەمتر لەساڵێكدا
كۆمەڵێك بڕیاری گەورە و گرنگ و هەستیاری دەركرد لە گۆڕانكاری وەزیر و پۆست و پلە
گرنگەكان و لەناویشیاندا لابردنی جێنشینی خاوەن ئەزموون و پیازی شارەزا لە بواری ئەمنیدا
محمد كوڕی نایفی برازای و هێنانە پێشەوەی كوڕەكەی خۆی محمد كوڕی سەلمانی تازە پێگەیشتووی
تەمەن 32 ساڵ و كردنی بەجێنشینی خۆی و پێدانی
چەند پۆست و دەسەڵاتێكی گەورە و گرنگ وەك وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆك وەزیران و سەركردەی
هێزی نیشتیمانی و پاسەوانی پادشایی و لێپرسراوی مەلەفی ئابوری و ئەمنی و زۆری تر.
كە بەشێوەیەك لە ئێستادا ئەو بۆتە شا و بڕیاربەدەستی كۆتایی شانشینی ئال سعود و وەك
پێشبینیش دەكرێت بۆئەوەی بەتەواوەتی ئامادەی بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی پادشای سعودیە
شا سەلمان لە هەنگاوێكی دژە باودا خۆی دەستلەكاربكێشێتەوە بۆئەوەی محەمەدی كوڕی ببێتە
پادشا و ئیدی كۆتایی بەنەریتی كلاسیكی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بهێنێت و بیكاتە فەرمانڕەوای
ڕەها لە سعودیەدا.وەك دەنگۆی ئەوە بڵاوە كە تاكۆتایی ساڵی 2017 و سەرەتای ساڵی
2018 ئەو گۆڕانكاریە گەورەیە ئەنجام بدرێت.
شازادە محمدی كوڕی شا سەلمان گەنجێكی وەك دەوترێت بەتوانا
و وزەی گەورەیە و تاڕادەیەك لەماوەی ڕابووردوودا توانیویەتی توانا و لێهاتوویی خۆی
پیشان بدات و پەیوەندیە ناوچەیی و عەرەبی و ئەوروپی و ئەمریكی و ڕوسیەكانی گەشە پێبدات
و خۆی بكاتە دۆست و پشتیوانیی ئەوانیش بەدەستبێنێت، شازادە محمد كاریگەری بنەماڵەی
زایدی ئیماراتی لەسەرە و بەتایبەتیش جێنشینی ئیمارات شازادە عەبدوڵای كوڕی زاید كە
هاوتەمەن و هاوڕاو و زۆر نزیكن لەڕووی فكر و كردارەوە و ئەویش لە ئیماراتدا ڕۆڵی گەورە
و بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی وڵاتەكەیدا.
شازادە محەمەد لەدەرەوەی سعودیە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەك
وەزیری بەرگری سەركردایەتی بەرەیەكی عەرەبی ئیسلامی سەربازی دەكات دژ بە حوسیەكانی
یەمەن ،هەرچەندە سەركەوتنی گەورەی بەدەستنەهێناوە بەڵام توانیویەتی بەر بە گەورەبون
و پێشكەوتنیان بگرێت كە بونەتە مەترسی ڕاستەقینە لەسەر سعودیە و ئاشتی و ئارامیەكەی.هەروەها
خاوەنی پڕۆژەی گەشەداری ئابوری گەورەیە كە تاساڵی 2030 بەنیازە جێبەجێی بكات ،و ڕووی
لە ئازادكردنی ئابوری و بازاڕە و تەنانەت بوار و كەرتی نەوتیش بەدەر نیە لەو بەرنامەیە
كە ئاشكرایە نەوت و داهاتەكەی تاكە سەرچاوەی گەورەی ئابوری سعودیەن و لە سەر ئاستی
كۆمەڵایەتیش هەڵگری بیر وباوەڕی كراوەنەوەی زیاتری كۆمەڵگا و خاوكردنەوەی بیروباوەڕی
توندڕەوە ئاینیەكانە و لایەنگری پێدانی ئازادی زیاترە بەتاكی سعودی لە پیاوان و
ژنان و ڕێگەی داوە كە ژنان ببنە شۆفێر و لێخوڕی ئۆتۆمبێل كە تائێستا لەكارە قەدەغە
و حەرامكراوەكان بوە و لایەنگری كرانەوەی بواری پەروەردە و فێركردنیشەو لایەنگری
لابردنی فكری توندڕەویە لە بەرنامە و مەنهەجی خوێندندا.
جا لە پێناو سەرخستنی ئەم ئاوات و خواست و بەرنامانەدا پێویستی
بە چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتەكەی دەبێت بۆئەوەی ببێتە پیاوی یەكەمی بێڕكابەر و ئەمەش
گەرەكە كە بەپلەی یەكەم دژی گەندەڵی و گەندەڵكارانی ناو بنەماڵەی شاهانە و دەستەبژێری
حومڕانی و دەوڵەمەند و سەرمایەدار و خاوەن
پۆستە تایبەتیەكان بوەستێتەوە،هەربۆیە لە ڕێكەوتی شەمەی 4ی نۆڤەمبەرەوە دەستی كردوە
بە ڕاگەیاندنی هەڵمەتێكی چاكسازی و لێپرسینەوە لەگەندەڵكاران و لەو كاتەوە تائێستا
11 شازادەی بنەماڵەی شاهانە كە لەناویاندا وەلید كوڕی تەلالی سەرمایەدار و ملیاردێری
بەناوبانگی جیهانی هەیە و 4 وەزیر و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان و سەرمایەدانی ئەو
وڵاتەی دەستگیركردوە و خستونیەتە ژێر چاودێری و لێكۆڵینەوەوە و بلۆككردنی 1700
حسابی بانكیشی ئەنجامداوە . لە سەر ئاستی دەرەكیشدا كۆمەڵێك مەترسی و ئاڵنگاری ڕووبەڕووی
دەبێتەوە هەر لە حوسیەكانی یەمەن بە پاڵپشتی ئێران و ناكۆكیەكانی لەگەڵ دەوڵەتی قەتەری
دراوسێدا و لەگەڵ ئێران و عێراق لە ناوچەكەدا و تەنانەت توركیا و میسر و و ئسیرائیلیش
.
تائێستا لەناوخۆی وڵاتدا دەستخۆشی و بەگەرمەوە پێشوازیكردنی
لەم هەنگاوانەی شازادە محەمەد كراوە و زۆرینەی كۆمەڵگای سعودیە بەدەستپێكی قۆناغێكی
نوێی كرانەوە و بوژاندنەوەو ئاوەدانكردنەوەی زیاتری لێكدەدەنەوە و لەسەر ئاستی
ناوچەكە و زلهێزەكان و دونیای دیموكراسیشدا پێشوازی گەرمیان لێكردوە.
بەڵام ئەم هەنگاو وخواست و بەرنامە خۆشخەیاڵیانەی ئەم
شازادە گەنج و كەم ئەزمون و خۆسەپێنەی شانشینی سعودیە ،ئایا دەكرێت ببێتە فریادڕەسی
ئێستا و ئایندەی شانشینەكە؟ یان دەبێتە هۆكارێك بۆ زووتر و خێراتركردنی هەنگاوەكانی
لێكهەڵوەشان و نەمان و بچوكبونەوەی پێگەو نفوزی شانشینەكە لەناوچەكە و دونیاشدا؟
ئایا ئەم هەوڵ و پاوانخوازی و خۆسەپێنیەی ئەم شازادەیە نابێتە هۆی سەرەتایەك بۆ كۆتایهاتنی
یەكجارەكی دەسەڵاتی 85 ساڵەی بنەماڵەی ئالسعود؟ ئایا هەموو ئەم گۆڕانكاریانەی بە
سانایی بۆ دەچێتە سەر؟ یان ڕووبەڕووی دژایەتی و مقاوەمەتی ئەندامانی بنەماڵەی شاهانە
دەبێتەوە بۆ ڕێگریكردنی؟
بۆیە هەموو ئەگەرەكان ڕێگەیان تێدەچێت و كراوەن و دەكرێت
وەك گریمانەیەكی مەترسیداریش لێیان بڕوانرێت،لەكاتێكدا گۆڕانكاریەكان و پێشهات و
ململانێ سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانی ناوچەكە ڕۆژ بەڕۆژ گەرمتر و توندتر دەبن كە
هەموانیان پێكەوە دەبنە مایەی تەقینەوەی بارودۆخەكە بەرەو خراپتربون و تێكچوون و فەوزا
و بێسەروبەری زیاتر كە ئەمە تەنها كۆمەڵگا و گەلان و دەسەڵاتدارانی ناوچەكە زیانی
لێدەكەن و لە پێش هەموانیشەوە بنەماڵەی ئالسعود كە لە ئێستادا گیرۆدەی لێكترازان و
لێهەڵوەشان و ململانێی ناوخۆیی بنەماڵەیی بونەتەوە بەشێوەیەك باس لە هەڵهاتنی هەندێك
لەشازادەكان دەكرێت بۆ ئێرانی دژوژمنی سەرسەختی ئال سعود و دەسەڵاتەكەیان و بەهەمان
ئەزمونی ساڵانی شەستەكاندا تێپەڕ دەبن كاتێك كۆمەڵێك لە شازادەكانی بنەماڵە و لەناویشیاندا
باوكی وەلیدی ملیادردێر پەنایان بردە بەر عەبدولناصر لە میسر بۆ دژایەتیكردنی دەسەڵاتداری
سعودیە لە سەردەمی شا فەیسەڵدا.ئەوكات توانرا بەحیكمەت و ژیری بیرمەندان و خاوەن ئەزمونی
بنەماڵەكە سەربكەون بەسەر ئەو تێكچوون و لێكدابڕانەی ناو بنەماڵەی شاهانەدا،بەڵام
لە ئێستادا و لەئەنجامی ئەم سەركێشی و خوێنگەرمی و لەخۆبایبونەی شازادە محەمەدەوە و نەمانی حەكیمەكانی بنەماڵە لەدەسەڵاتدا مەترسی
زۆر هەیە لەسەر زیاتر تێكچوون و هەڵوەشاندنەوەی یەك و یەكگرتوویی بنەماڵە و دواتریش
تەواوی دەسەڵاتی 85 ساڵەی ئال سعود. گەر هەندێك پێیان وابێت ئەم قۆناغە هەڵهاتنی ڕۆژێكی
نوێیە بۆ شازادە محەمەد ئەوا بەدڵنیای قۆناغی خۆرئاوابونی دەسەڵات و یەك و یەكگرتوویی
ئال سعود دەبێت .كەبۆخۆشی ئەم ڕووداوە كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر تەواوی ئاشتی و
ئارامی ناوچەكە و تێكدانی پلان و بەرنامەی زلهێزەكان و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لەداگیر
و دابەشكردنەوەی ناوچەكە بۆ 100 ساڵی ئایندە.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021