پرسی گەل کردنە قوربانی مەیلە یان جەھلە ؟!

وتار/ 02/11/2017 633 جار بینراوە

عوسمان حمەکریم زەڵمی

پرسی گەل کردنە قوربانی مەیلە یان جەھلە ؟!
عوسمان زەڵمی
  ڕوودانی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەو ئەو ئاڵوگۆڕە خێرایانەی سەرەتاکەیان تێ پەڕی لەھەرێمی کوردستاندا ، کە زۆر بەداخەوە تیایدا ھاوڵاتی کوردی کرایەوە قوربانی یەکەم و ، گەوھەرە بەنرخەکەش (نیشتمان) ڕێژەیەکی بەرچاوی ھەرزان فرۆش کراو کرایە دیاری نەیاران و بێگانەی بەرژەوەندی خواز !!
  ئەم نەکسەو نسکۆ و کۆستە گەورەی ھێنرا بەسەر کورددا بە چاوساغی خودی خۆی ، تەواوی ھاونیشتمانی ئەو ناوچە کوردستانیە کێشە بۆ دروستکراوانە ، کرانە قوربانی و کەوتنە بەر جۆرێکی تر لە قڕان ! بە شەھیدکردن و دەرکردن و ماڵسوتاندن و .. تاد . 
   پرسیارە جەوھەریەکە ئەمەیە : ئایا ئەم پرۆسـەی گەل کردنە قوربانی ، مەیل و بەرژەوەندیە یاخود نەزانی و جەھلە ؟! بێگومان ھەر وەڵامێکیان بێ ، لای ویژدانی زیندووی کوردان زۆر قورسەو ، دەسەڵاتدارانی دەسڕۆیشتوو لەھەرێمی کوردستان حەتمەن دەبێت بێنە گۆو وەڵامێکی دروست و متمانە بەخشیان بدەنەوە ، ئەگینا دەستی قەدر لە ساتەوەختی خۆیدا پەردە لەسەر نھێنیەکان ھەڵدەماڵێ !!
   چونکە ھەرگیز تاسەر کەس یان تەرەف ، لەبـەری نەڕۆیشتووە و ناڕوات ؛ بەو جۆرەی وا خۆی دەیەوێ و دەیخوازێ ئاوا ئاش بسوڕێ و ھەژارانی گەل ببنە دانی بەرداشی !! بەبێ خسـتنە ڕووی پاساوی ڕەوا و مەنتیقی ، وەیان بـێ وەرگرتنی وانە و پەنـدی ژیری ، یاخود بێ تۆڵەی سەختی گەل و سـزای ئەلیمی خوایـی .
  ئێستا بۆ ھەموان ڕوون و ڕۆشنە کەوا کەشتی نیشتمان بەرەو شەپۆلەکانی نوقم بوون ئاڕاستەی پێدراوە ، گەر ئەم کارە حەزو خواست و مەیل و بەرژەوەندی بـێ ، ئەوە باجەکـەی زۆر قورس و توند دەشکێتەوە بەسـەر کاپتن و تیمـی کەشتیەوانیـدا ، بـەجۆرێک ئێش و ئازار و تاڵاوی زۆر زیاتر و سەختتر دەبێ لە خۆشی و تام و چێژی . بەڵام گەر نەزانی و لێ نەھاتوویـی و دەرک پێ نەکردن بێ و ، بەردەوامی پێ بدرێ ، ئەوا ھەمان چارەنووسی ڕەش چاوەڕێیانـە .
   لێرەدا و لەم ساتە تەماوی و ئاڵۆزکاوەدا ، ئەرکی دڵسۆزانی گەل و نیشتمان زۆر سەنگنین و ورد و ھەستیارە ، کەمترین کەمتەرخەمی لە دروست خوێندنەوەی گشت ڕەوشەکە، یان بزرکردنی ھەر ھۆکارێکی کاریگەر لەسەری ، وەیان حسابنەکردن بۆ لاوازترین ئەگەری نەیارانی ، یاخود کات بەفیڕۆدان بۆ چارەسەری دروستی ، ئەوە حەتمەن بە زیان و زەرەری گشتی خاک و خەڵکمان دەشکێتەوە و بۆ مەوداێکی دوور لە چاڵنانی خەون و ئاواتی سەربەخۆیی بەرۆکمان دەگرێ !! 
  ئەم پرسە ھەنوکەییە کەبریتیە لە (گەل کردنە قوربانی ، مەیل و بەرژەوەندیە یاخود نەزانی و جەھلە ؟!) ئەرکەو دەبێ ھەرچی زووە لەکەشێکی ئارام و برایەتی ڕاستەقینەدا بکرێتە بەرنامەی باس و خواس و لێکۆڵینەوەی جددی دڵسۆزانی گەل و نیشتمان ، بەکۆکردنەوەی تەواوی خێرو چاکەی ئەقڵە شارەزاو پسپۆڕییەکانی .
  بێگومان لەم پرسەشدا گشتاندن کارێکی ھەڵەیەو ھیچ خزمەت ناکات ، با ڕوونتر بڵێین : ( گەل کردنە قوربانی ) نە بەتەوای بە مەیل و حەزو خواست و بەرژەوەندی بووە ، وە نە گشتی بە نەزانی و جەھل کراوە . بەڵکو بۆ ھەردوو بوارەکە ڕێژەییە و دەکرێ لە ھەرلایەنی پەیوەندیدار بەم پرسە ھەردوو جۆرەکە ببن ، بەڵام بە ئاستی جوداو ڕێژەی جیاواز .  
  جا یەکێک لە ھەڵە زەق و کوشندەکانی ئەم مەملەکەتەی ئێمە بریتیە لە قوڵپ کردنەوەی خێرو چاکەی ھەرکەس و لایەنێک ، کاتێک کە خەتاو خراپەو تاوانی لێ بەدی دەکرێ !! لەبری ئەوەی خەتاکار بەگوێرەی تاوانەکەی سزا بدرێ ، دەبینین چواردەورەکەشی تێوە دەگلێ و بەرەکە بە نەزانی و لەقازانجی بەرژەوەندی نەیاران گەورە دەکرێ .
   ھەڵەیەکی دیکە کە زۆر جێی داخە ، زۆرێک لە گەورە سیاسی و نوخبە ڕۆشنبیریەکان پێشەنگی ھەڵەچنی و ھەڵەکارین ، زۆر شت کـە شوێنی بازنەی داخراوە باس بکرێ بەقەستی چارەسەر ، کەچی دەبرێتە بەردەم مایک و دەدرێتە شاشەی ڕایەڵە جیھانیەکان ، جا دەگونجێ ئەمەش بۆ ناوو شۆرەت و ئافەرینی کاتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بێت ، وەیان کەوتنە داوی نەیارانی بەرژەوەندی خواز بێ لەتاو چەورتر بوونی پارووەکەی !!
 خەتاێکی تر بریتیە لە بێڕیزی نواندن بەرانبەر دامەزراوە شەرعیەکان و بچوک کردنەوەیان بەشێوەی جیاواز ، چ ( پەرلەمان بێت ، یان دەسەڵاتی تەنفیزی ، یاخود دادوەری ) . وەک بەدروستی بەکاری خۆ ھەڵنەستان ، پێشێلکردنی یاسای و ڕێسا ، بەکار ھێنانی بۆ خزمەتی حزب و شەخس و خێڵ ، ھەڵکوتانە سەرو حەرەم بەزاندن .. تاد .
  تاوانێکی دیکە بیرتیە لە یەکتر قەبوڵ نەکردن و بەرە بۆ کردنەوە ! وەختێک ڕێگە بدرێ بارەگا بسوتێنرێ ، سوکایەتی بە ڕەمزو نوخبە بکرێ ، ئەمە بۆخۆی مانای قەبوڵنەکردن و پێچانەوە و سڕینەوەی بەرانبەرە . چونکە خەتاکار دەبێ بە ئەندازەی خەتاکەی لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ ، ئەویش بەڕێگەی یاسای تەندروست .
 بەداخەوە بەزار و لێدوان ھەموان دژی خەتاو خەتاکارین ، کەچی لەناوماندا چەند بارەش دەبێتەوە ، ئەم دیاردەیە بەئاشکرا پێمان دەڵێ ئێمە بە یاساو ڕێسا شەرعی و مەدەنیەکان مامەڵە لەگەڵ خۆمان و دەوروبەر و ڕووداوەکاندا ناکەین ، ھەرلایەنەو پێی خۆشە تەنھا لەسەر دەستی ئەوان نەتەوە و نیشتمان تووشی خێر و خۆشی ببێت ، تاکو بیکاتە موزایەدە و ھەڵا و منەت و ئەزیەت بۆ سەر ئەوانی دیکە ، ھەر بۆیە خێرو چاکەی یەک زۆر کەم دەبینین ، کەچی فرەتر خراپەچن و خەتا ھۆن و ئابڕوبەرین .
  ئەم دەرو دیاردەیە بە ئاشکرا پێمان دەڵێ : ئێوە وەک لایەن و ڕێکراو بەشێکی زۆر لەم سێ چەمکە سەرەکیەی ژیریتان بزرکردووە ، کـە ئەوانیش بریتین لە : ( ئازایەتی ، خۆڕاگری ، دانایی ) . کە لەکاتی ھەڵسوکەوت و مامەڵە لەگەڵ ڕووداو نەیاردا گرنگە بەوردی و دروستی لەسەریان بووەستین و لە ئەداماندا جوان ڕەنگ بدەنەوە ، بەم شێوەیە : 
  دەبێت (ئازایەتی) ، بریتی بێت لەدروست گۆڕینی شتە نامۆو بێزراوەکانی تاک و دەستە و کۆمەڵ و نەتەوە و نیشتمان ، لە کات و شوێنی خۆیاندا ، وە گرنگە بۆ ئەم پرسە نەھج و دەستورێکی مەدەنیمان ھەبێت و بەدروستی خاڵ لەسەر نامۆ و بێزراو دابنێ و ھەموان لەسەری کۆک و کۆ بین ، وە نامۆ ئەوە بێت کە بەزیانی ھاوڵاتی و نەتەوە و نیشتمان بشکێتەوە لە ژیاندا .
  ھەروەک دەبێت (خۆڕاگری) ، بریتی بێ لە قەبوڵکردن و مامەڵە لەگەڵ کردنی ئەو شتانەی لە کێشدا نین بەدروستی لادرێن لەو دەمەدا ، تاکو زەمینەیان بۆ سازو لەبار دەبێت ، ھەرچەندە لەگەڵ مەقاسدی شەرعی و خواستی ڕەوای گەلدا نەیەنەوە ، چونکە ئاوا نەبێ و نەکرێ ئەوە زۆر نزیکە بەدەس ھاتووە چاکەکەش لەبار ببرێ .
 ھەروەھا پێویستەو ئەرکەو دەبێت (دانایی) ، بریتی بێت لە جیاکردنەوەی چاکترین (ڕحسن)ی نێوان دوو بژاردەی چاک و ، پەسەندکردنی سوکترین (ڕھون)ی نێوانی دوو بژاردەی خراپ . کە یەکەمیان بە زۆرترین قازانج و بەرژەوەندی ھاونیشتمانیان بشکێتەوە و ، دووەمیشیان بە کەمترین زیان و زەرەر لێی دەرچن .
 وەختێک لەم سۆنگەوە دڵسۆزان بچنەوە نێو ھاوکێشەی پرسی (گەل کردنە قوربانی ، مەیل و بەرژەوەندیە یاخود نەزانی و جەھلە ؟!) بە دروست کەڵک وەرگرتن لەبیرخراوە ئاماژە پێدراوەکان ، بەدڵنیایەوە دەتوانن بەپێی گەڵاڵەیەکی زانستی دەقیق و واقعی بکەونەوە مەیدانی خۆ کۆکردنەوە ڕێککەوتن و ڕێکخستنەوەی ماڵەگەورە نیشتمان .
   کە بۆ ئەمدەمە ئاڵۆزکاوە ، ئەم حەقیقەتە دەبێتە گەرەنتی ناوخۆیی و دەرەکی ، تاکو لە کەمترین ماوەدا کەشتی نیشتمان بکەوێتە سەر ئاڕاستەی دروستی خۆی و ، بەرەو لەنگەر گرتن لە کەناری سەربەخۆیی ڕەوادا دروست حەرەکەت بکا .

نوێترین نوسینەکانی عوسمان حمەکریم زەڵمی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌