گشتپرسـی بـە ڕاشـکاوی پێـی وتیـن

وتار/ 30/09/2017 656 جار بینراوە

عوسمان حمەکریم زەڵمی

 گشتپرسـی بـە ڕاشـکاوی  پێـی  وتیـن

  ئەو دروشمەی لەمەوپێش (کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی)، لەشێوەی پرسیار ئاڕاستەی ھاوڵاتی باشوری کوردستانی کردو وتی : ئایا دەتەوێ ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ ؟

  ڕۆژی (٢٥/ ٩/٢٠١٧) ھاوڵاتی ئەم نیشتمانە لەکەش و ھەواێکی ترس ئامێزو ھەڕەشە لەسەرو ماندو بە ناکۆکی ناوخۆیی و بونی چەندین گلە و گازندەی ناخی ناخب بەرانبەر سیاسەتی حوکمڕانی دوو ھێزی دەسەڵاتداری ئەم ھەرێمە ..  دواجار کەوتە خۆ و ئازادانە و بوێرانە بژاردەی خۆی بەرانبەر بەو پرسە گرنگە نیشتمانیە خستەڕو ، کە سندوقەکانی دەنگدان و ھەڵبژاردن ڕۆڵی نمایش کردنی ھەڵوێستەکەیان بینی ، ڕێژەی بەشداریکردنی ھاوڵاتی دەنگدەر لە سنوری دیاری کراوداودا ، لەسەدا حەفتاو (٧٢%) بوو   .

پاش سەرکەوتنی پرۆسەکە ؛ کە بۆخۆی دەسکەوتێکی گەورەیە ، جیاکردنەوەی دەنگی دەنگدەران بژاردەکانى بریتی بوون لە : (بەڵێ ، بایکۆت ، نەخێر ، نەویستن) ، بەڕێژەی زۆر جیاواز . بژاردەی (بەڵێ) بویە زۆرینەو ڕێژەی لەسەدا (٩٢ % ) دەنگی ھاوڵاتیانی بەدەس ھێنا . دواتر بژاردەی نەخێر ھات و بەڕێژەی لەسەدا (٧ % ) . کۆتا بژاردە نەویستن بوو بە ڕێژەی (١%) بوو  لەگەڵ ئەوەشدا بژاردەی بایکۆت و بەشداری نەکردن ڕێژەیەو جێی تێڕامانە .

   بۆ پرسێکی گرنگی نیشتمانی کە گەلی کورد تیایدا زۆرینەو چەوساوە ترینی چەندین ساڵەیانە ، جێی ھەڵوێستە لەسەر کردنەو دەبێت بەھەند بگیرێ ، کەم و کورتی ، خاڵی لاوازو نەرێنی ، خاڵی ھێزو ئەرێنی دەرەکی و ناوەکی ، درووست دیاری بکرێ ، تاوەکو لەم پرسە ھەستیارەوە فێر ببین چۆن مامەڵەی تەندروست لەگەڵ پرسە نیشتمانیەکاندا بکەین .

  گشتپرسی بەڕاشکاوی پێی وتین : بەرژەوەندی کەس و خێڵ و لایەن لای زۆرێک ھێشتا ھەر بەرترینە و نەتەوە و نیشتمان پلەی دووەمی وەرگرتووە ، ھەرچەندە پاساوی ھەبێ بەڵام لای ئەقڵ و مەنتیق و مێژوو ، ئەخرێتە ژێر پرسیارەوە .

   گشتپرسی بە ڕاشکاوی پێی وتین : ئەجێنداو بەرژەوەندی دەرەکی زاڵە بەسەر دەڤەردا و ، ئاشکراو ڕوون ئیرادەی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەندێکی کاڵ کردۆتەوە . جا ئەو دەستە دەرەکیانە لە تاو لەدەستدان و لاوازبوونی بەرژەوەندیان ، ھاو دەستەکەی ناوخۆی خستبووە ژێر گوشارو پاڵپەستۆوە ، زۆر بۆی زەحمەت بوو بژاردەی نیشتمانی لەلای پێشەنگ بێت .

  گشتپرسی بەڕاشکاوی پێی وتین : خەمساردی و لاوازی ھەستی بەرپرسیاری لەبەرانبەر پرسی نەتەوەو نیشتمان لای بەشێک لە ھاوڵاتیان ڕوون بەدی دەکرا ، ئەمەش بۆ ئەو ململانێ خراپەی نێوان لایەنەکانی حوکمڕانی پێشو و ئێستا ؛ ئەوانەی بەشدار لەدەسەڵات و پەڕلەمان دەگەڕێتەوە بەڕێژەی جیاواز . ئەمش وایکردووە ڕێژەیەک لە ھاوڵاتی بێزاربن و خەمساردی بنوێنن لە ئاست ئەو پرسە چارەنوس سازەدا ، ئەوان پێیان وایە گەر کورستان وڵاتێکی سەربەخۆشبێ ، خێرو بێر ھەر بۆ دەست ڕۆشتو و دەست و پێوەندەکانیان دەبێ !!

  گشتپرسی بەڕاشکاوی پێی وتین : تای ململانێی نەرێنی بۆ ناوو شۆرەت و دەسکەوت و کورسی ، ھێشتا ھەرماوەو سەرودڵی ئەو لایەنانەی بەرنەداوە کە گیرۆدەی بوون ، ئەمەش ڕێگربووە لە دروست بوونی متمانەو ئاشتەوایی و یەکڕیزی نیشتمانی .

   گشتپرسی بە ڕاشکاوی پێی وتین : وێڕای بوونی ئەو ھەمووە لە نەھامەتی و قەیران و مەحرومیەتی ناڕەوا ، ھێشتا پرسی سەربەخۆیی لای ھەرە زۆری ھاوڵاتیان خواستی یەکەمە و ڕیزبەندی پێشەنگی گرتووە ، ئەوان ئامادەن چاو لەھەموو شتی نەرێنی بەشێوەی کاتی بپۆشن لەپێناو سەرخستنی ئەم پرسەدا ، ھەرچەندە نەیارانی ناوەوە و دەرەوەی زۆربێت .

   ئەو ڕاستیانەی ئاماژەمان پێدان زۆر بەڕونی مومارەسە کران : لەخراپ ئیدارەکردن و بەڕێوەبردن لە کابینەکانی ڕابوردوودا ، ساختەیی لە ھەڵبژاردنەکان ، تەبا نەبوون لە حکومەتی بنکە فراوان ، پەکخسـتنی پەڕلەمان ، نەسـازان و پێک نەھاتنەوە ، برسی کردنی ئەنقەستی ھاوڵاتی ، جیاکاری لەخزمەتگوزاری ، نەبوونی کۆدەنگی لەپرسی ڕیفراندۆم ، ناوچەگەری لەبانگەشەی ھەڵبژاردن ، کەمی و کزی بانگەشەکردن و پشتگوێ خستنی ھەندێ شوێنی گرنگ بەھۆکاری جیاواز (دەڤەری ھەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین) بەنمونە ، لەلایەن خودی بەڕێز بارزانی و بەرپرسەکانی دیکەوە .

   دروستکردنی فشاری دەرەکی و ناوخۆ بۆ دواخستن و نەکردنی گشتپرسی ، بڵاوکردنەوەی ترس و نائومێدی لە دەرنجامی گشتپرسی لای ھاوڵاتی ، درەنگ و سارد ھاتنە ناوەوەی دوو ھێزی دیارو خاوەن خەبات ، بەھەند نەگرتنی داوای بەشداریکردن بە بەڵێ لەلایەن زۆرێک لە کادرو ئەندام و ھەوادارانی ئەو دوو لایەنەوە ، کە دواتر بایکۆتکردنی ناوەندەکانی دەنگدان بویە شایەتى زيندوو لەسەریان  .

   بزربوون و کەم دەرنەکەوتنی ھەندێ لە بەرپرسی باڵا ، دەرکەوتنیان بەلێدوانی نەرێنی . ڕۆڵی نەرێنی و خراپی زۆرێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە بڵاوکردنەوەی زۆرترین ھەواڵ و ڕاپۆرتی دژو نەرێنی لەسەر ئەم پرسە چارەنوس سازەی کە خەونی مێژینەی نیشتمانێکەو زەمانێک لەم سەرزەمینە قوربانی بۆ دراوە  .

   ئەم ئاماژانە و چەندانی تریش بوونە ھۆی ھێنانەدی جیاوازی بژاردەکانی ھاوڵاتیان بە : (بەڵێ ، بایکۆت ، نەخێر ، نەویستن) ، دڵسۆزانی نیشتمان لە ھەمولایەک پێویستە بەھەستی بەرپرسیاریەوە لەم پرسە مەزنەی گشتپرسی بڕوانن ، بەتایبەتی کە  بژاردەی (بەڵێ) بەڕێژەی لەسەدا (٩٢ % ) دەنگی زۆرینەی ھاوڵاتیانی ھەرێم و ناوچە کوردستانیەکان بووە ، وەشایەتی زيندوى چاودێرانی بیانی و نێودەوڵەتیش جوانی و پاکی و یاسایی بەڕێوە چوونى ، بە پرۆسەکە بەخشيوە .

  گرنگەو ئەرکە بۆ قۆناغی دانوستانی ئاشتی دوای گشتپرسی ، لەگەڵ بەغداو وڵاتانی دراوسێ و نەتەوە یەکگرتووەکان. دەبێت کۆدەنگی نیشتمانی تەباو تۆکمەو بەھێز بۆ ئەم پرسە نیشتمانیە دروست بکەین ، بەھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و ، لادانی گشت ناکۆکی سیاسی و  کارکردن بەدەستە جەمعی و بەھێز کردنی ڕۆحی وەرزشی . وە پێویستە بۆ ھەمیشە بەرژەوەندی گشتی بە واقعی لەبەرچاوبگيرئ و پێش بخرێ لەپرسە نیشتمانیەکاندا .

   ئەو لایەنانەی بەھەر پاساو ھۆکارێک نەیاری ئەم پرسە بوون ، یان لێی بێباک و ساردو سڕبوون . گرنگە و ئەرکيانە بچنە پاڵ براکانیان و پێکەوە ببنە پشتیوانی ڕاو بژاردەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان کەداوای دەوڵەتی سەربەخۆیان کردووە .    

   ئەوانەش فەزڵی بڕیاردان و بەڕێوەبردن و بژاردەی (بەڵێ) یان پێ بەخشرا نابێت لەخۆبایی و لوتبەرزی بیانگرێ و خێری ئەم چاکەیە بدەن بەئاوا . بەڵکو دەبێت چاکەی خاوەن نیعمەت لەبیر نەکەن ، درووست سوپاسی جەماوەری کوردستان بکەن بەگشتی و داوای لێبوردن لەھەر خراپەیەک کە دەرھەق بەوان لەڕابردوو کردویانە بکەن ، بۆ لەمەودواش خواستی ڕەواو بەرژەوەندیان ڕیزبەندی یەکەمی پێ بدەن لە سایەی پەیڕەوکردنی دەسەڵاتێکی دادپەروەردا .

عوسمان حمەکریم زەڵمی





نوێترین نوسینەکانی عوسمان حمەکریم زەڵمی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌