نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ به‌ڕێز م.عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی

وتار/ 22/10/2017 1467 جار بینراوە

عه‌لی سیرینی

نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ به‌ڕێز مامۆستا عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی
عه‌لی سیرینی
به‌ڕێز مامۆستا عه‌لی باپیر. سلاوێ خوای گه‌وره‌تان لێبێت. له‌ به‌ر ئه‌و په‌ڕیی هه‌ستیاریی و ترسناكیی ئه‌م وه‌زعه‌ی كه‌ به‌ سه‌ر كوردستان تێده‌په‌ڕێت، وه‌ك ئه‌ركێكی دینیی، نیشتمانیی و برایه‌تیی به‌ پێویستم زانی ئه‌م نامه‌یه‌تان ئاڕاسته‌ بكه‌م. جه‌نابت ده‌مناسیت كه‌ قسه‌م هه‌ق و ڕه‌قه‌و من موجامه‌له‌ ناكه‌م. ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌كی زۆرم بۆ جه‌نابت هه‌یه‌. هه‌میشه‌ به‌ خۆشیتان خۆشحاڵبوومه‌و بۆ ته‌نگانه‌تان دڵته‌نگ بوومه‌. گه‌ر له‌ ڕابردووش قسه‌ی هه‌ق و ڕه‌قم ئاڕاستته‌تان كردبێت و ڕه‌خنه‌م توند بووبێت، ئه‌مه‌یان له‌ دڵسۆزییه‌وه‌ بووه‌ نه‌ك شتێكی تر. خوای گه‌وره‌ بۆ قیامه‌ت شاهێده‌. هه‌روه‌ها جه‌نابتان و برایانی كۆمه‌ڵیش ئاگادارن، كه‌ ڕه‌خنه‌و قسه‌م چه‌ند ڕه‌ق و تیژ بووه‌، دژ به‌ پارتی و یه‌كێتی.
مامۆستای به‌ڕێز، ئه‌مڕۆ وه‌ك جه‌نابتان ده‌بینن كوردستان ڕوو به‌ ڕووی دڕنده‌ترین و ترسناكترین په‌لاماری سه‌ر سه‌ختترین دوژمنی بووه‌ته‌وه‌. به‌هانه‌ی ئه‌م په‌لامارانه‌ كۆنن و زۆرن، تا حاڵی كوردیش ئاوا بێ قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ بمێنێته‌وه‌، به‌هانه‌ی ئه‌م دوژمنانه‌ش له‌ بن نایێت. ئه‌مڕۆ دوای ئه‌وه‌ی ڕیفراندۆم به‌ ئه‌نجام گه‌یشت و خه‌ڵكی كورد ئازادانه‌ و ئاشتیانه‌ ته‌عبیری له‌ ویستی خۆی دا، دیاره‌ ئه‌مه‌ كراوه‌ته‌ به‌هانه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ بێ  ڕیفراندۆمیش، هه‌مان پیلان و شه‌ڕانگێزیی هه‌ر دژی كوردستان دروست ده‌بوو. ئه‌وپه‌ڕیی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوا ده‌كه‌وت. ڕاستیه‌كه‌ی گه‌ر ڕیفراندۆم نه‌كرابوا، ئه‌مه‌یان، كاره‌ساتێكی گه‌وره‌تری لێده‌كه‌وته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ده‌سته‌وه‌دانی به‌هانه‌یه‌كی به‌هێز بوو بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌ت و هێزانه‌ی كه‌ دژی كوردن، به‌وه‌ی بڵێن كورد گه‌ل نیه‌و له‌ سه‌ر بنه‌ڕه‌تترین و ساده‌ترین مافی به‌ نه‌ته‌وه‌بوونی خۆی مساوه‌مه‌ ده‌كات. ته‌نانه‌ت گه‌ر كورد ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ی نه‌كردبوا، په‌رته‌وازبوونی كورد و قیتكردنه‌وه‌ی هێزگه‌لێكی چوو بۆ ژێر ڕكێفی دوژمن، ئه‌وكاته‌، ده‌یانگوت مه‌سعود بارزانی ته‌نها بۆ ئیستفزاز و ده‌ستكه‌وت مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆمی هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌و ئه‌مه‌شیان بۆ ئیبتزازكردنی كورد و عێڕاقه‌، كه‌واته‌ ده‌بێ ڕاده‌ستی عه‌داله‌ت بكرێت و هێزه‌كانی له‌ كه‌ركوك بكشێنێته‌وه‌. به‌ كورتیی، پیلانی داگیركردنی كوردستان له‌مێژه‌ هه‌یه‌و، ده‌ستبه‌سه‌ر گرتنی بارزانیش ویستێكی كۆنی شیعه‌ی عێراقه‌.
چه‌ندین ساڵه‌ موچه‌ی كورد بڕاوه‌. بێگومان، پێشنیاری موچه‌ بڕینه‌كه‌ش له‌ لایه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی شیعه‌ كرا كه‌ ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسیی لایه‌نێكی كورده‌، ئێستا باڵێكیان له‌ به‌ره‌ی دوژمنانی كورده‌. پیلانی بڕینی موچه‌ بۆ هاندانی خه‌ڵك بوو دژ به‌ بارزانی به‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی. ڕاسته‌ پارتی حزبێكی گه‌نده‌ڵه‌. كه‌س نكۆڵیی له‌ مه‌ ناكات. به‌ڵام پێویسته‌ پرسیار بكه‌ین، ئایا ئه‌م هه‌موو جه‌غتكردنه‌وه‌ی دوژمنانی كورد به‌ گشتیی و شیعه‌ به‌ تایبه‌تیی، له‌ سه‌ر مه‌سعود بارزانی، هۆكاره‌كه‌ی چیه‌؟ ئایا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن یان بۆ پشت شكاندنی كورد؟
حه‌زده‌كه‌م لێره‌دا زۆر به‌ ڕاشكاویی به‌ جه‌نابت بڵێم، له‌ كاتێكدا به‌ سه‌دان وتارم هه‌یه‌ دژ به‌ گه‌نده‌ڵیی و سته‌می پارتی، ئه‌مرۆ مه‌سعود بارزانی بووه‌ته‌ سیمبوڵ و قه‌ڵغانی مافی كورد و كوردستان. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه‌ دوژمنانی كوردی توشی هیستیریا كردووه‌. دیاره‌ له‌ پێناو شكاندنی كه‌ڕامه‌ت و وره‌ی كورد، په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر بڕینی موچه‌و نانی كورد. ئه‌مه‌یان كراوه‌ به‌ به‌هانه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێك كورت بین و هه‌ڵپه‌رست و هه‌رزه‌ی نه‌زان، كه‌ هه‌ندێكیان به‌ هۆی بوغز له‌ پارتی ناتوانن به‌ ته‌واوی دیمه‌نی ئه‌م ڕه‌وشه‌ ببینن. ئه‌م واقیعه‌ی ئێستای كورد، كه‌ تیایدا سه‌ركرده‌و پێشڕه‌وه‌كه‌ی كراوه‌ته‌ ئامانج، هه‌مان واقیعه‌ چه‌ند باره‌ ده‌بێـه‌وه‌، له‌ شێخی حه‌فید و شێخی پیراوه‌نه‌وه‌، تا قازی محه‌مه‌د و مه‌لا مسته‌فا. هه‌موو جارێكیش به‌شێكی كورد، به‌ هۆی ترس و نه‌زانیی و كورتبینیی و نه‌فه‌س كورتیی، چوونه‌ته‌ به‌ره‌ی دوژمنانی كورد.
به‌داخه‌وه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ندێك گه‌نجی بێ ئه‌زمونی نێو كورد، به‌هۆی كاریگه‌ریه‌ نه‌رێنیه‌كانی گه‌نده‌ڵیی و سته‌می ده‌سته‌ڵاتی هه‌رێم، خه‌ریكه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی هه‌ره‌ ترسناك له‌ قووڵایی هه‌ڵدێڕێكی كوشنده‌ خۆیان ده‌بیننه‌وه‌. داوای لێبوردن ده‌كه‌م، گه‌ر بڵێم، له‌ نێو كۆمه‌ڵی ئیسلامیش چینێكی گه‌نج هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تیی له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی، كه‌ دیاره‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی میدیای ئه‌و ده‌ڤه‌ره،‌ كه‌ چووه‌ته‌ ژێر ڕكێفی دوژمنانه‌وه‌؛ هه‌مان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ترسناك و چه‌وته‌یه‌ی هه‌یه‌، كه‌ تیایدا ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی ده‌خرێـته‌ سه‌ودا كردنێكی زۆر قێزه‌ون، به‌رامبه‌ر به‌ موچه‌ و نان! واته‌، ئه‌م چینه‌ گه‌نجه‌ی كۆمه‌ڵ، ئێستا به‌رده‌وام له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌پڵی لێدانی موچه‌و نان لێده‌ده‌ن به‌رامبه‌ر به‌و ئامانجه‌ی، مه‌سعود بارزانی زۆر مه‌ردانه‌ ملی خۆی نایه‌ به‌ر. به‌داخه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ مێژووییه‌ی بارزانی ده‌درێته‌ به‌ر ڕێژنه‌ی جڕت و چه‌قه‌نه‌ی گاڵته‌ پێكردن، كه‌ ئه‌مه‌یان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی ئیسلام و ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاقه‌. هه‌روه‌ها گاڵته‌ كردنیشه‌ به‌ كه‌ڕامه‌ت و به‌رخودانی میلله‌تی كورد. ئایا قه‌ول وایه‌ میلله‌تی كورد دووچاری هیچ ناڕه‌حه‌تیه‌ك و سه‌ختیه‌ك نه‌بێـته‌وه‌، له‌ پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی، تا ئه‌م ناڕه‌حه‌تیه‌ی ئێستا كورد پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، بخرێته‌ مل بارزانی و ئنجا وه‌ك شكست و كاره‌سات له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت و بخرێته‌ به‌ر توانج و پلاری گاڵته‌ پێكردنه‌وه‌؟! ئایا هیچ میلله‌تێك هه‌یه‌، ئاوا به‌م شێوه‌ گاڵته‌جاڕییه‌ مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌یه‌كی خۆی بكات، كه‌ زۆر مه‌ردانه‌و دلێرانه‌ و ئازادانه‌و ئازایانه‌ بڕیاری كورد به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و (نه‌خێر)انه‌ی دونیا زاڵ كرد، كه‌ تێكڕا به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ رووی كورددا ته‌قاندیانه‌وه‌؟! ئایا سه‌ركرده‌یه‌كی له‌م جۆره‌ جێگای گاڵته‌ پێكردنه‌، یان پێویسته‌ ڕێز و ته‌قدیری بگیرێت؟!
ده‌ه‌وێ لێره‌ ئه‌وه‌ بیر جه‌نابت بهێنمه‌وه‌، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ڕاستگۆ و مه‌ردی كورد، كه‌ ساڵانێكی دوور و درێژه‌ داكۆكی له‌ مافی ڕه‌وای گه‌لی كورد ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ كه‌مترین هه‌ڵوێستی ئه‌م و ئه‌و بكه‌ن، چ له‌ ناوخۆ یان له‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌ر له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، به‌ڕێزتان پێشڕه‌و بوونه‌ له‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی مافه‌كانی كورد. ده‌یان وتار و نوسین شاهێدی ئه‌وه‌ن. من گومانم نیه‌، هه‌ڵوێستی جه‌نابتان له‌مه‌دا نه‌گۆڕه‌، وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ر ڕاست و هه‌ق و ڕه‌ق و مه‌رد و خاوه‌ن هه‌ڵوێست، هه‌ر به‌ هه‌مان ڕێچكه‌ به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌ خه‌باتكردن بۆ ئه‌م سه‌روه‌ریه‌ی كورد.
ئه‌م دوژمنه‌ی ئه‌مڕۆ هاتووه‌ته‌ سه‌ر كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ی نان و موچه‌ ده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌ به‌رچاوی ئێمه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌ركرده‌كانی تریش ڕاده‌ستی به‌ناو داگا بكات، ئه‌مه‌یان ده‌ستدرێژیكردنێكی زۆر قێزه‌ونه‌ بۆ سه‌ر كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. له‌ملاشه‌وه‌ چینێكی هه‌رزه‌ی ده‌مڕوتیان هانداوه‌و ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌پڵی نان و موچه‌ بۆ خه‌ڵك لێبده‌ن، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ دژی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ ڕاپه‌ڕێنن كه‌ زۆر مه‌ردانه‌ بڕیار و ده‌نگی كوردی سه‌رخست. مامۆستای به‌ڕێز، به‌یانی گه‌ر شیعه‌ بێنه‌ هه‌ولێر، جه‌نابت له‌ پێشه‌كی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی، ناو لیسته‌كه‌ی شیعه‌یت، كه‌ پێویسته‌ له‌ ناو ببرێن، هه‌روه‌ك چه‌ندین كه‌سایه‌تیی سوننه‌ی عه‌ره‌ب تیرۆر كران و له‌ناو بران. ئه‌مه‌ هێزێكی عه‌قائیدیی دوژمن به‌ دین و دوژمن به‌ گه‌له‌كه‌مانه‌، یه‌ك زه‌ڕره‌ حیساب بۆ هیچ لایه‌ن و سه‌ركرده‌یه‌ك ناكات. ئامانجیان پێكانی ئه‌و حه‌زه‌ گڵاوانه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵقوڵاوی مه‌زهه‌به‌كه‌یانه‌.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌، ئه‌و هه‌رزه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووانه‌ی پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له‌ گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لیستی به‌رهه‌م صاڵح به‌ره‌یه‌ك پێك بێنن، بۆ لادانی سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌مه‌ پێشنیارێكی زۆر قێزه‌ون و منداڵانه‌یه‌ و هه‌وڵێكی زۆر نه‌فامانه‌یه‌، خوا نه‌خواستا، بۆ حه‌یا بردنی كۆمه‌ڵ و له‌كه‌داركردنی ناو و ده‌نگی جه‌نابتان، بۆ ئه‌وه‌ی بتان هێننه‌ ڕیزی شاسوار و لاهوڕ و سروه‌و ئاڵا تاڵه‌بانی و...هتد!
جه‌نابتان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌ترن ناو و ده‌نگتان و مێژووتان به‌م شێوه‌ له‌كه‌دار بكرێت. میلله‌تی ئێمه‌ برسیه‌تیی زۆری بینیوه‌. كاره‌سات و كۆستی زۆری بینیوه‌. به‌ڵام قه‌ت سه‌ودای نانی نه‌كردووه‌ له‌ گه‌ڵ كه‌رامه‌ت و سه‌روه‌ریی خۆی. چونكه‌، میلله‌تی ئێمه‌، میلله‌تی دینداریی و كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌ف و شه‌هامه‌ت و سوارچاكیه‌. ئنجا گه‌ر قه‌وله‌ بوده‌ڵه‌كانی شیعه‌ی به‌غدای نۆكه‌ری ئێران، موچه‌ بده‌ن به‌ كورد، ئه‌وا باشتر وایه‌ بڕۆن بیده‌ن به‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و ناسڕیه‌و به‌سڕه‌، كه‌ بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵه‌كانیان، بازرگانی به‌ لاشه‌كانیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌تا به‌ سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له‌ كوردستان كه‌وتوون. چه‌ندین به‌ڵگه‌ی ته‌له‌فزیۆنیی هه‌یه‌ له‌ كه‌ناڵه جۆراو جۆره‌كانی عێراق و له‌ سه‌ر یوتیوب كه‌ هه‌ژاریی و نه‌داریی و نه‌هامه‌تیی چی به‌ شیعه‌ی عێڕاق كردووه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌م ڕژێمه‌ دڕنده‌یه‌.
مامۆستای به‌ڕێز، جه‌نابت وه‌ك سه‌ركرده‌و زاناو تێكۆشه‌ری میلله‌ته‌كه‌مان، كه‌ ڕیشتان سپی كرد له‌ نێو سیاسه‌ت و نوسین و زانست، حه‌یفه‌ ڕێگا بده‌ن به‌ هندێك هه‌رزه‌و گه‌نجی تازه‌ پێگه‌یشتووی ناو كۆمه‌ڵ، به‌ هه‌واو جرت و چه‌قه‌نه‌ی ئه‌و باڵه‌ی سلێمانی هه‌ڵپه‌ڕن كه‌ ئێستا هه‌رچی كورده‌ به‌ خائین له‌ قه‌ڵه‌میان ده‌دات!
من پێشنیار بۆ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست و پایه‌ به‌رز ده‌كه‌م، كه‌ پشتی كاك مه‌سعود بارزانی له‌م كۆسته‌دا به‌ر نه‌ده‌ن و ئه‌و له‌ هه‌مووكاتێك زیاتر پێویستیی به‌ پیاوی مه‌رد و ته‌نگانه‌ی وه‌ك جه‌نابتانه‌. بۆیه‌ من به‌ سه‌روه‌ریی و ئه‌و په‌ڕیی به‌رزیی ده‌بینم گه‌ر جه‌نابتان سه‌ردانێكی به‌ڕێزیان بكه‌ن و دڵنه‌وایی بده‌نه‌وه‌و متمانه‌ی ئه‌وه‌ی پێ بده‌ن، كه‌ به‌ ڕاستیی به‌رگریی لێده‌كه‌ن، به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌ست درێژییه‌ك، كه‌ سه‌ره‌نجامه‌كشی ده‌ستدرێژیه‌ بۆ سه‌ر جه‌نابت و كۆی میلله‌ته‌كه‌مان. له‌ پیاوی به‌رز و سه‌نگین هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستی به‌رز و سه‌نگین چاوه‌ڕێ ده‌كرێـت.
له‌ گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕیی ڕێز و سڵاوی براتان
عه‌لی سیرینی  

نوێترین نوسینەکانی عه‌لی سیرینی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌