دڵه‌كه‌ی بارزانی و نه‌وت

وتار/ 09/09/2016 1271 جار بینراوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

مه‌لامسته‌فای بارزانی كه‌ركوكی به‌ دڵی كوردستان ناوبردوه‌ ، گوایه‌ جارێكیان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیشی گوتوه‌ هه‌رچیتان بۆ كه‌ركوك كردوه‌ بیبه‌نه‌وه‌و وه‌ك له‌پی ده‌ست بمانده‌نه‌وه‌ ، ئێستا ئه‌و دڵه‌ خه‌ریكه‌ كون كون ده‌كرێت و له‌ بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵك و خاكه‌كه‌ی بپارێزرێ‌ تاڵانی نه‌وته‌كه‌ی ده‌كرێت ، شه‌ڕه‌كه‌ له‌ سه‌ر هاڤاناو بای حه‌سه‌ن نیه‌ كه‌ هه‌رێم ده‌یبات و پاره‌كه‌شی وه‌ك هه‌موو پاره‌كانی هه‌رێم دیار نیه‌ ، شه‌ڕه‌كه‌ له‌ سه‌ر بابه‌گوڕگوڕو جه‌مبورو بیره‌ كانی تره‌ ، ئاخۆ ئێستا كه‌ركوكیه‌كان له‌وه‌ تێده‌گه‌ن شین و شه‌پۆڕ بۆ ئه‌وان نه‌بوو بۆ نه‌وت بوو .
خه‌ریكه‌ له‌سه‌ر نه‌وتی دڵه‌كه‌ی بارزانی رۆمه‌ڵغه‌زا هه‌ڵده‌ستێ‌ ، هێز ده‌جوڵێنرێ‌ و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كرێت وچاو سورده‌كرێته‌وه‌ ، ، هێشتاش له‌ نێو دڵه‌كه‌دا خه‌ڵك له‌و په‌ڕی هه‌ژاری و نه‌داریدا ده‌ژین ، خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی مناڵه‌كانی فڕێ‌ ئه‌دات ، فه‌رمانبه‌ره‌كانی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ هه‌رێمن سێ‌ چوار مانگ جارێك بیرده‌كه‌ونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌كه‌ موچه‌یان بدرێتێ‌ .
له‌ راستیدا من سه‌ری خۆم ده‌هێشێنم له‌سه‌ر كه‌ركوك ، شارێك جگه‌ له‌ ئازار هیچی به‌من نه‌به‌خشیوه‌ قسه‌ ده‌كه‌م ، به‌ڵام ناكرێ‌ كه‌ركوك له‌ خه‌می گێڕانه‌وه‌و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ هه‌رێمه‌وه‌ بكرێ‌ به‌خه‌می ئه‌وه‌ی چه‌ند بۆشكه‌ نه‌وتی لێده‌ڕوات و چه‌ندی بۆ یه‌كێتیه‌و چه‌ندی بۆ پارتی ، ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم پارتی وه‌ك جۆرێك له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكی كه‌ركوكدا ده‌كات ، كه‌ ده‌نگی پێویستی لێنه‌هێناوه‌ ، ئێ‌ خۆ مسته‌فا بارزانی كه‌ كه‌ركوكی به‌ دڵی كوردستان ناوده‌برد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بوو كه‌ هه‌ر ده‌بێت پارتی زۆرترین ده‌نگی شاره‌كه‌ به‌رێت .
پرسی نه‌وتی كه‌ركوك خه‌ریكه‌ وه‌ك پرسی ئاسایش و پۆلیس و گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوك دابه‌ش ده‌كرێت و شه‌ت و په‌ت ده‌كرێ‌ لێ‌ پێده‌چێت پارتی له‌مه‌دا بیه‌وێت له‌ په‌نجا به‌ په‌نجا زیاتر به‌رێت ، بۆیه‌ به‌ شه‌راكه‌تێكی زیاتر له‌ هه‌ڕاجكردن هه‌م وای كرد هۆشیار زێباری ماوه‌یه‌تر شالیار بێت ، لانی كه‌م تا دوای جه‌ژن ، تا ئه‌وده‌میش هه‌ر وانابێ‌ دۆخه‌كه‌ ، هه‌م وای كرد ده‌ستبخاته‌ نه‌وته‌كه‌ی دیكه‌شه‌وه‌ ، واته‌ نه‌وته‌كه‌ی بابه‌گوڕگوڕو جه‌مبور .
كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتی خۆی بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ به‌ر چاوی میدیا پێكه‌وه‌ سوكانی بۆڕیه‌كه‌یان بادا، كه‌چی ئێستا پارتی ئه‌و بۆڕیه‌ وه‌ك بۆڕی حزب سه‌یر ده‌كات نه‌ك بۆڕی هه‌رێمی كوردستان ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مێشوله‌ش به‌و بۆ ڕیه‌دا بڕوات ده‌بێت خۆی زه‌رد كات .

نوێترین نوسینەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌