سه‌ره‌تای ناسینم بۆ فازڵ ڕه‌سول و گه‌ڕان به دوای میراته فیكریه‌كه‌ی
وتار/
06/10/2017
666 جار بینراوە
عه‌لی سیرینی
سه‌ره‌تای ناسینم بۆ فازڵ ڕه‌سول و گه‌ڕان به دوای
میراته فیكریه‌كه‌ی
عه‌لی سیرینی
سه‌ره‌تای ساڵی 1993، بۆ خوێندن به‌ره‌و دیمه‌شق كه‌وتمه
ڕێ. دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له مانه‌وه‌م له دیمه‌شق و گه‌ڕان به نێو شوێن و
بازاڕه‌كانی ئه‌م شاره، كه تا ئێستاش لای من خۆشترین شاره له نێو ئه‌و شارانه‌ی
بینیومه، سه‌ردانی كتێبخانه‌و دوكانه‌كانی كتێب فرۆشتنم كرد. نرخی كتێب هه‌رزان
بوو و چابخانه‌ی پێشكه‌وتوو و دوكانه‌كانی كتێب فرۆشتن زۆر بوون. ئێمه پێنج
قوتابی كورد بووین، له زانكۆ مینحه‌یه‌كمان وه‌رگرتبوو. له به‌شی ناوخۆی
قوتابیان له كولێژه‌كه ژووری حه‌وانه‌وه‌مان پێدرا. له خواره‌وه ژوورێكی گه‌وره
هه‌بوو كه هه‌م بۆ نوێژكردن بوو، هه‌میش بۆ خوێندنی قوتابیان بوو. پێم سه‌یر بوو
له دیمه‌شق، وێڕای ئه‌وه‌ی به ڕواڵه‌ت به عس حوكمی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و كتێبانه‌ی
له عێراق قاچاغ بوون له‌وێ به ئاشكرا له نێو بازاڕدا هه‌بوون. له به‌ر ئه‌وه‌ی
هه‌میشه تامه‌زرۆ بووین ناو و وێنه‌ی كوردمان به‌رچاو بكه‌وێت چ له ته‌له‌فزیۆن
و ڕادیۆ، چ له ڕۆژنامه‌و گۆڤار و كتێب، ئیتر به‌رده‌وام چاو و گوێمان كراوه بوو
بۆ هه‌ر پسته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی كورد. دیاره ئه‌وكات، له توركیا و له سوریا و له
ئێران به ڕێژه‌ی جیاواز ناوی كورد و كوردستان بڤه بوو. له دوكانێكی كتێب فرۆشتن
ناونیشانی كتێبێكم به‌رچاو كه‌وت به ناوی (الحیاة السیاسیة والحزبیة في كوردستان)
كه نوسه‌ره‌كه‌ی دكتۆر منذر الموصللی یه و خه‌ڵكی سوریا بوو. كتێبه‌كه‌م كڕی.
كاتی خۆی به‌رپرسیاره‌تی هه‌بووه له نێو ئاساییشی سوریا. منیش په‌له‌م بوو تا
كتێبه‌كه ده‌خوێنمه‌وه، بۆیه هه‌ر كه گه‌ڕامه‌وه حه‌وانگه‌ی قوتابیان، ده‌ستم
كرد به خوێندنه‌وه‌ی. تا ئێواره كتێبه‌كه‌م به نیوه كرد. ڕۆژی دواتر، هه‌ر له
دوای نانی به‌یانی، ئه‌وه‌ی ده‌مویست ئه‌نجامی بده‌م ته‌واوكردنی ئه‌م كتێبه بوو.
ڕاستیه‌كه‌ی، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی منذر الموصللی مرۆڤێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی عروبیی بوو،
له زۆر شوێن به توانج و په‌لار باسی كورد ده‌كات، به‌ڵام نوسه‌رێكی به توانا
بوو و نوسینه‌كانی سه‌رنج ڕاكێش بوون. نه‌ختێك هه‌ستم به ئازاری زگ ده‌كرد. چووم
له ژووری خوێندن و نوێژی قوتابیان نه‌ختێك پاڵ كه‌وتم. عبدالقادر عاشور، گه‌نجێكی
تونسی ئه‌خلاق جوان و نه‌رم و نیانی خه‌په‌و مووی زه‌رد باو، هه‌ستی كرد نه‌ختێك
ئازارم هه‌یه. كه زانی زگ ئێشه‌م هه‌یه، چوو هه‌ندێك هه‌نگوینی خسته نێو
ئاوێكی گه‌رم و دوعایه‌كی به‌سه‌ردا خوێند و دایه ده‌ستم. ئیتر كه‌وتینه قسه‌و
باس و پرسیاری تونس و ڕژێمه‌كه‌ی زه‌ینولعابدینم لێ‌كرد كه به خراپی به‌رگوێمان
كه‌وتبوو. ده‌ستی كرد به قسه‌و زانیاری زۆری باسكرد ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕژێمه
ملهوڕه. دواتر، عه‌بدولقادر به‌ره‌و كاری خۆی ڕۆیشت و منیش سوپاس و ده‌ستخۆشیم
لێ‌كرد. تا ئه‌وكاته‌ی پێكه‌وه بووین له دیمه‌شق ڕۆژانه قسه‌و باس و خواسمان ده‌كرد.
منیش به پاڵكه‌وتنه‌وه ده‌ستم كرده‌وه به ته‌واو
كردنی كتێبه‌كه‌ی منذر موصللی، تا گه‌یشتمه سه‌روبورده‌ی چۆنیه‌تی كوژرانی دكتۆر
قاسملوو، كه حه‌زمده‌كرد به ته‌فصیله‌وه بیزانم. كه خوێندمه‌وه، ده‌بینم
موصللی له‌م سێ تیرۆركراوه‌ی كورد جگه له قاسملوو و عبدالله قادری ئازه‌ر، باسی
دكتۆر فازڵ ڕه‌سولی كردووه، كه چۆن كوردێكی عێراقه‌و ڕۆشنبیرێكی گه‌وره‌یه‌و
ماركسیی عه‌لمانیی بووه‌و دواتر بووه‌ته ئیسلامیی، هاوڕێی ئه‌حمه‌د بن بللا و به‌نی
سه‌در بووه‌و گۆڤاری (منبر الحوار)ی له ساڵی 1986 له به‌یروت و ڤیه‌ننا دامه‌زراندووه.
ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌م زانیاریه نه‌ك هه‌ر نوێ بوو، به‌ڵكو شتێكی سه‌ر سوڕهێنه‌ر بوو.
چونكه خۆم له ناو ئه‌ده‌بیاتی ئیسلام، به كۆن و نوێوه، په‌روه‌رده ببووم، گه‌ر
نوسه‌رێكی ئیسلامیی له هه‌ر شوێنێكی جیهانی ئیسلام هه‌بوایه، گه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌شمان
نه‌خوێندبایه‌وه، ناوه‌كه‌یمان بیستبوو. ئیتر منیش بیرم له‌وه كرده‌وه گوتم
دیاره موصللی به هه‌ڵه ده‌ڵێ فازڵ كوردی عێراقه، له‌وانه‌یه كوردی ئێران بێت
یان ئه‌سڵه‌ن گه‌ر به ئه‌سڵ كورد بوو بێت، یان له‌وانه‌یه هه‌ر زانیاریه‌كانی ته‌واو
هه‌ڵه بن، گه‌رنا بۆ ئێمه كه‌سایه‌تیه‌كی ئاوامان به‌ر گوێ نه‌كه‌وتووه؟! ئیتر
ئه‌م هه‌واڵه‌م لا بوو به مه‌ڕاق. كه‌وتمه پرسیار كردن له‌و كوردانه‌ی له شام
بوون، كه ئه‌وكات ژماره‌ی كورد له‌وێ زۆر كه‌م بوو و زۆربه‌مان یه‌كتریمان ده‌ناسی.
هه‌ر كه‌سێك پرسیارم لێی كرد ده‌رباره‌ی فازڵ ڕه‌سول، سه‌ری باده‌داو ده‌یگوت نه‌مبیستووه.
ئنجا له نێویان ئیسلامیی، پارتی، یه‌كێتی، پارتی گه‌ل، حسك، پاسۆك و خه‌ڵكی تریش.
ئیتر كه‌وتمه دوو دڵیی له قسه‌كانی موصللی. به‌ڵام ئه‌و له كتێبه‌كه‌ی، باسی
گۆڤاری (منبر الحوار)ی كردبوو كه له به‌یروت ده‌رده‌چوو. ئێمه‌ش نه‌مانده‌توانی
سه‌فه‌ری لوبنان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بچم سۆراغی ئه‌م گۆڤاره‌و فازڵ ڕه‌سول بكه‌م.
هه‌رچه‌نده هه‌وڵم دا هه‌واڵێك یان شتێكی له سه‌ر په‌یدا بكه‌م، به‌ڵام بێ سود
بوو. كتێبێكی كوردییم ده‌ستكه‌وت به‌ناوی هه‌ڵوێستی تاڵه‌بانی و یه‌كێتی سه‌باره‌ت
به شۆڕشی باشوری كوردستان، له نوسینی ئاسی ڕه‌باتی. له‌وێدا، ڕه‌باتی ده‌ڵێت
ساڵی 1975 له به‌غدا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی كه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی
نیشتمانی بوو، ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌كه دژی ئه‌وه ده‌به‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی و
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه بكه‌ن. به‌ڵام عه‌لی عه‌سكه‌ری و
فازیلی مه‌لا مه‌حمود، نیگه‌رانیان نا‌بێـت له به‌شداریكردنی هه‌ردووكیان. ئه‌وكات
هه‌ستمكرد كه دیاره فازیلی مه‌لا مه‌حمود هه‌ر خودی فازڵ ڕه‌سوله.
له مانگی پێنجی ساڵی 1995، دوای دوو ساڵ خوێندنی كولێژ
له دیمه‌شق و دوو ساڵ خوێندنی حه‌وزه لای شیعه‌كان، به یه‌كجاریی و بێ گه‌ڕانه‌وه،
به‌ره‌و به‌یروت كه‌وتینه ڕێ. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی له خه‌یاڵمدا بوو، سه‌روسۆراغكردنی
فازڵ ڕه‌سول و كتێب و گۆڤاره‌كانی بوو. هه‌مان ساڵ له به‌یروت گۆڤارێك ده‌رده‌چوو
به ناونیشانی (كوردنامه)، كه وتارێكی فازڵ به‌ناو نیشانی (الإسلام والقومیة:
الأكراد نموذجا) ی تێدابوو، ئه‌م وتاره‌م دواتر ته‌رجه‌مه‌ی كوردیی كرد و بڵاو
كرایه‌وه. هه‌روه‌ها وتارێكی ڕزوان سه‌ید و یه‌كێكی تری (وجیه كوثرانی) تێدا بوو
كه ئه‌وانیشم له گه‌ڵ چه‌ندین وتاری تر ته‌رجه‌مه‌ی كوردی كرد، ئێستا له
ئینترنێت به‌رده‌ستن. له وتاره‌كه‌ی ڕزواندا، زانیاری باش هه‌بوو ده‌رباره‌ی فازڵ
و به‌رهه‌مه‌كانی، كه ئێستا جگه له به‌رهه‌مێكیان ئه‌وانی ترم هه‌مووی لایه
(فازڵ كتێبێكی نوسیوه به‌ناونیشانی تأریخ الأكراد فی الإسلام، كه ئێستا دیار نیه
لای كێیه. قه‌ول وابوو ساڵی 1989 له قاهیره ده‌ربچێت به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی
تیرۆركردنی فازڵی به‌سه‌ردا هات ئێستا مه‌علوم نیه ئه‌م دوستنوسه لای كێیه!).
من ئاشناییم له گه‌ڵ نوسینه‌كانی ڕزوان و وجیهـ هه‌بوو و ئاگاداری به‌رهه‌مه‌كانیان
بووم. به‌رده‌وام وتاری ڕزوانم له ڕۆژنامه‌كانی لوبنان ده‌خوێنده‌وه. وه‌جیهـ كه‌متر
وتاری بڵاو ده‌كرده‌وه‌و زیاتر به نوسینی كتێب خه‌ریك بوو. كه‌وتمه سه‌ر و
سۆراغی هه‌ردووكیان تا بیان بینم. ئه‌وكات له شارۆچكه‌ی (بڕلیاس)ی سه‌ر به شتوره
بووم. تا ڕزوانم دۆزیه‌وه زۆری پێچوو. ئه‌مه‌یان سه‌روبورده‌یه‌كی دوور و درێژه،
له كتێه‌كه‌مدا ده‌رباره‌ی فازڵ ڕه‌سول باسی ده‌كه‌م. به هه‌ر حاڵ كه ژماره‌ی
ته‌له‌فۆنی ڕزوانم ده‌ستكه‌وت، په‌یوه‌ندیم پێیه‌وه كرد و ناونیشانی ماڵه‌كه‌ی
باوكی یان خه‌زوری پێم‌دا كه له شتوره بوو. له ئێواره‌یه‌كی ساردی شتوره، له ساڵی 1996 چووم بینیم. ئیتر
باسی فازڵی كرد و ناونیشانی وه‌جیهـ كوثرانی پێدام له به‌یروت. ته‌له‌فۆنم بۆ وه‌جیهـ
كرد و ڕۆژێكیان به‌یانیه‌كه‌ی، سعات 10 له ڕۆژێكی خۆشی سارد و هه‌تاویی پاییز،
چووم له ئۆفیسه‌كه‌ی خۆی له به‌یروت بینیم. به‌رهه‌مه‌كانی دكتۆر فازڵی
نیشاندام، له نێویاندا دكتۆراكه‌ی به چاپكراوی به زمانی ئه‌ڵمانی، ئنجا ژماره‌كانی
گۆڤاری (منبر الحوار)یش. نزیكه‌ی 10 تا 15 ژماره‌ی پێبه‌خشیم و منیش وێڕای
خۆشحاڵیم، زۆر سوپاسم كرد. بۆ كتێبه‌كانیش ده‌ستم كرد به پرسیار كردن بۆ ئه‌وه‌ی
بیانكڕم به‌ڵام ده‌ست نه‌ده‌كه‌وتن جگه له كتێبه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی (عه‌لی شه‌ریعه‌تی)
نه‌بێـت، كه له به‌یروت په‌یدام كرد. لێره‌وه بۆم ڕوون بویه‌وه كه به‌ڵێ ئیتر
ڕاسته فازڵ خه‌ڵكی سلێمانیه‌و له كۆندا ماركسیی ماویی بووه، دواتر به‌ره‌و
ئیسلام گه‌ڕاوه‌ته‌وه. یه‌كێك له گرفته بچوكه‌كانی نه‌ناسینی فازڵ له ناوه‌كه‌یه‌تی.
له نێو ئه‌و كورده كه‌مانه‌ی فازڵ ده‌ناسن، به ناوی فازڵی مه‌لا مه‌حمود
ناسراوه. منذر الموصللیش ناوی مه‌لا مه‌حمودی هێناوه، به‌ڵام هه‌ر به فازڵ ڕه‌سول
ناوی ده‌بات. به‌ڵام له نێوه‌ندی عه‌ره‌بیی و ئیسلامیی و ئه‌وروپیی، به‌ناوی فازڵ
ڕه‌سول ناسراوه و خودی فازڵیش هه‌ر به‌م ناوه به‌رهه‌مه‌كانی بڵاو ده‌كرده‌وه.
من ئیتر بڕیارم دا كه فازڵ ڕه‌سول به نێوه‌ندی كوردی بناسێنمه‌وه‌و هه‌وڵ بده‌م
به‌رهه‌مه‌كانی په‌یدا بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له نوێ له چاپی بده‌ینه‌وه‌و بیخه‌ینه
به‌رده‌می خوێنه‌رانی كورد. ئه‌وكات و ئێستاش باوه‌ڕم وابوو، كه ناسینی هزرڤانێكی
وه‌ك فازڵ گه‌نجینه‌یه‌كی به‌هره‌دار و به نرخه بۆ په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌ی نوێ
له سه‌ر ئه‌و به‌هاو پڕه‌نسیپ و له خۆ بورده‌ییه‌ی كه هه‌ر میلله‌تێك پێویستیه‌تی.
ساڵی 1996، شێخ محه‌ممه‌د به‌رزنجی (ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسیی ئه‌وكاتی بزوتنه‌وه‌ی
ئیسلامیی) به سه‌ردان له گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی هاتنه به‌یروت. شێخ محمد، كه زانی
ئێمه بۆ سه‌فه‌ركردن به‌ره‌و ئه‌وروپا هاتووین بۆ لوبنان، ئه‌ویش باسی كرد كه له
هه‌شتاكاندا سه‌ردانی وڵاتانی ئه‌وروپیی كردووه، پێی خراپ نه‌بوو ئێمه بچینه
ئه‌وێ و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستین. منیش پرسیارم لێیكرد ئایا فازڵ ڕه‌سول ده‌ناسێت
یان بینیویه‌تی؟ گوتی به‌ڵێ (كوڕێكی باش بوو). جگه له مه شتێكی تری نه‌وت!
كۆتایی ساڵی 1999، له به‌یروت ڤیزای ئوستڕالیام وه‌رگرت
و مانگی شوباطی 2000، به‌ره‌و ئوستڕالیا سه‌فه‌رم كرد. له هه‌مان ساڵدا، به ته‌له‌فۆن
قسه‌م له گه‌ڵ دكتۆره سۆزانی خێزانی دكتۆر فازڵ كرد، كه كاتی خۆی ژماره‌كه‌ییم
له دكتۆر وه‌جیهـ وه‌رگرتبوو. ساڵی 2010 جارێكی تر قسه‌مان كرده‌وه. هه‌ر له هه‌مان
ساڵ به ته‌له‌فۆن قسه‌م له گه‌ڵ ڕزوان كرده‌وه‌و چه‌ند پرسیارێكم ئاڕاسته‌ی كرد.
له هه‌مان ساڵیش‌دا په‌یوه‌ندیم به كاڕۆڵ پڕانهوبه‌ر كرد كه كتێبێكی له سه‌ر
قاسملوو و چۆنیه‌تی تیرۆركردنه‌كه‌ی نوسیوه. 29 پرسیارم لێیكرد و وه‌ڵامی دامه‌وه.
به هه‌ر حاڵ، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م گفت و گۆیانه‌و سه‌روبورده‌كان به تێر و ته‌سه‌لیی،
له‌و كتێبه‌ی ده‌مه‌وێ بینوسم باسی ده‌كه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی شایه‌نی باس بێت، كه
دكتۆره سۆزان له ته‌له‌فۆن پێی گوتم ئه‌وه‌بوو كه:
"فازڵ مرۆڤێكی دڵ ساف و خۆش باوه‌ڕ بوو، چه‌ندی پێم گوت با من بچم بۆ مفاوه‌زاته‌كه
له جیاتی تۆ، نه‌بادا پلانی كوشتنت هه‌بێت، كه‌چی فازڵ ده‌یگوت نا مه‌ترسه. فازڵ
نێوانی له گه‌ڵ ئێرانیه‌كان خۆش نه‌بوو، به‌ڵام هیوای وابوو به‌ڵكو ڤیزایه‌ك وه‌ربگرێت
و بچێت له‌وێ دایكی خۆی ببینێت، كه ئیتر ئه‌مه‌ش نه‌بوو. هه‌روه‌ها هیوایه‌كی گه‌وره‌ی
هه‌بوو كوردی ئێران له گه‌ڵ ڕژێمی ئێران ڕێكبكه‌ون و ببنه پشت و په‌نا بۆ كوردی
عێراق، كه ئیتر نه‌ختێك له‌م ئازار و میحنه‌ته‌یان له سه‌ر كه‌م بێته‌وه كه
دووچاری هاتوون، ئنجا به‌ڵكو به‌هه‌مان شێوه ڕژێمی عێراقیش بكه‌وێته گفتوگۆ له
گه‌ڵ كوردی ئه‌وێ".
فازڵ له ڕووی ئه‌منیه‌تی خۆیه‌وه، كه‌سێكی وشیار بووه.
گوایه چه‌كیشی هه‌بووه، به‌ڵام ڕۆژی یه‌كه‌می جه‌ژنی قوربان، پێنجشه‌مه‌ی 13 ی
ته‌موزی 1989، بێ چه‌ك چووه‌ته شوێنی مفاوه‌زات و ئێواره‌كه‌ی ده‌ستڕێژیی گولـله‌ی
لێده‌كرێت، له گه‌ڵ دكتۆر قاسملوو و عه‌بدوڵلا قادری ئازه‌ر ده‌كرێته قوربانیی.
ساڵی 2005، وتارێكم له سه‌ر فازڵ نوسی و به فاكس بۆ هه‌فته‌نامه‌ی
میدیام نارد له هه‌ولێر، به سوپاسه‌وه بڵاویان كرده‌وه. پێش ئه‌وكاته ساڵی
2003 به سه‌ردان گه‌ڕابوومه‌وه كوردستان و چوومه سلێمانی له زانكۆی سلێمانی
چاوم به ئامۆزای فازڵ، دكتۆر عزالدین مسته‌فا ڕه‌سول كه‌وت. ساڵی 2006 دیسانه‌وه
سه‌ردانی كوردستان‌م كرد و به مه‌به‌ستی زیاتر كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی و به‌رهه‌م
له سه‌ر فازڵ، دیسانه‌وه سه‌ردانی سلێمانیم كرد و چاوم كه‌وته‌وه به دكتۆر
عزالدین و برا گه‌وره‌ی فازڵ، كاك نوری له ماڵه‌كه‌ی خۆی. له ئاوێنه وتارێكم له
سه‌ر فازڵ بڵاو كرده‌وه. ئنجا چه‌ند وتارێك له هاوڵاتیی و ئاسۆ و كۆمه‌ڵ و الأفق
ی عه‌ره‌بیی یه‌كگرتووش. برای به‌ڕێز كاك دڵزار حه‌سه‌ن، كه وتاره‌كه‌ی منی له
میدیا خوێندبووه‌وه ئه‌ویش به حه‌ماسه‌ته‌وه حه‌زی ده‌كرد زیاتر فازڵ به نێوه‌ندی
كورد بناسرێته‌وه، دیدارێكی له گه‌ڵم ئه‌نجامدا و له كوردستانی نوێ بڵاوی كرده‌وه.
له گه‌ڵ نوسه‌ر و شاعیر كاك فه‌ریدون سامان، كۆڕێكیشی بۆ ڕێكخستم له مه‌ڵبه‌ندی
ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی له هه‌ولێر. ئازاد جوندیانی دیداره‌كه‌ی خوێندبووه‌وه، به‌دوایدا
هه‌واڵی بۆ ناردبووم كه حه‌ز ده‌كات بمبینێت. گوتی تۆ ده‌ڵێی فازڵ (مفكر)ه كوا
فازڵ كتێب و شتی وای هه‌یه تا بڵێیت (مفكر)ه؟!! پێم سه‌یر بوو به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی
حزبێكی زل و زه‌به‌لاح، ئاگاداریی فازڵ نه‌بێت كه هه‌فتاكان یه‌كێك بووه له
دامه‌زرێنه‌رانی حزبه‌كه‌ی خۆی!
سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییم كرد و چاوم كه‌وت به فه‌له‌كه‌دین
كاكه‌یی. چوومه وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و وه‌زیرم بینی كه ئه‌وكات چنار سه‌عدوڵلا
بوو. مامۆستا عه‌لی باپیرم بینی. ئنجا فه‌رهاد عه‌ونی و دوو ڕۆژیش پێش نه‌ورۆزی
ساڵی 2007، به هاوڕێیه‌تی برایانی به‌ڕێز و ئازیز كاك هاوژین عومه‌ر و كاك فازڵ
قه‌ره‌داغی، نۆشێروان مسته‌فام له گرده‌كه بینی. چه‌ندین كه‌سایه‌تیی تر و دام و
ده‌زگاو ته‌له‌فزیۆن و هه‌فته‌نامه‌و...هتد بینی، بۆ ناساندنه‌وه‌ی فازڵ و
گرنگیدان به میراته فیكریه‌كه‌ی. زۆرینه‌ی وه‌ڵامه‌كان نه‌گێتیڤ بوون و هه‌ماهه‌نگی
زۆر كز بوو. یه‌كێتی كه‌یفی به چاره‌ی فازڵ نایێت. هه‌روه‌ها پارتیش فازڵی به‌لاوه
گرنگ نه‌بوو. ئیسلامیه‌كانیش هه‌ندێكیان له ترسی ئێران و هه‌ندێكیش له ته‌مبه‌ڵیی
و مێشك سستیی (به هۆی قه‌یرانه زۆره‌كانی كوردستان!). یه‌كگرتوش فازڵی به‌لاوه
گرنگ نه‌بوو چونكه له‌وان نه‌بوو! كاك زانا ڕوستایی (ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی
كۆمه‌ڵی ئیسلامیی) پێی گوتم: "جگه له وتار له هه‌فته‌نامه‌ی كۆمه‌ڵ،
ناتوانین له ته‌له‌فزیۆن باسی فازڵ بكه‌ین له به‌ر ئێران"!
ئه‌م سه‌روبوردانه دوور و درێژن وه‌ك گوتم به ته‌فصیل
له كتێبێك باسیان ده‌كه‌م. من پڕۆژه‌م دا به حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی و
شه‌هیدان و كۆمه‌لی ئیسلامیی و یه‌كگرتوو و یه‌كێتی نوسه‌ران و...هتد سه‌باره‌ت به
فازڵ ڕه‌سول. به‌ڵام بێ سود بوو. فه‌له‌كه‌دین یه‌كه‌م جار وه‌عدی دا چه‌ندین
هزرڤان داوه‌تی كوردستان بكات و یادی فازڵ بكه‌ینه‌وه، ئنجا پڕۆژه‌ی منبر الحوار
زیندوو بكه‌ینه‌وه. دواتر وه‌عده‌كه‌ی درۆ ده‌رچوو. له هه‌فته‌نامه‌ی میدیا قسه‌یه‌كی
تری كرد و وه‌ڵامم دایه‌وه. فه‌له‌كه‌دین زیاتر به‌دوای كچه گۆرانی بێژه‌كانه‌وه
بوو. له هه‌مانكاتدا، واته سه‌ری ساڵی 2007 كچه گۆرانی بێژێكی كوردی له ئه‌وروپا
داوه‌ت كرد و نزیكه‌ی 50 هه‌زار دۆلاری بۆ سه‌رف كرد. ئه‌مه جگه‌ی له‌و پارانه‌ی
كه سه‌رۆك وه‌زیران و ده‌زگای ئاراس و حزب و ڕێكخراوه‌كان پێیان به‌خشی. كه‌چی بۆ
ئه‌وه‌ی بانگهێشتی ئه‌و كۆمه‌ڵه هزرڤانانه‌ی عه‌ره‌ب و ئێران كه دۆستی فازڵ
بوون، ویستمان بێنه كوردستان، فه‌له‌كه‌دین و ستافه‌كه‌ی زیاتر له دوو مانگ ده‌ستی
ده‌سیتان پێم كرد وچه‌ندین ڕۆژ به ته‌كسی، له وه‌زاره‌ته‌وه ده‌چوومه به‌ڕێوه‌باره‌یه‌تی
سه‌ر به وه‌زاره‌ت، له نزیك سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین. فه‌له‌كه‌دین مرد،
به‌ڵام وه‌زاڕه‌تێكی پڕ گه‌نده‌ڵیی و نزمیی و قێزه‌ونی دوای خۆی جێهێشت. فازڵیش له
پێناو كورد خوێنی ڕژا، مێژوویه‌كی پڕ سه‌روه‌ریشی له دوای خۆی جێهێشت.
ئه‌وه‌ی گرنگه ئێستا، شوكر بۆ خوای گه‌وره فازڵ به‌نێوه‌ندی
كورده‌وه ناسراوه‌ته‌وه، به‌رهه‌مه‌كانی له به‌ر ده‌ستن. ئه‌وانه‌ی پێیان خۆشه
چاویان ڕوون، إن شا‌ء الله، له ناسینه‌وه‌ی فازڵدا سودمه‌ند و به‌هره‌مه‌ند ده‌بن.
بۆ نه‌وه‌ی نوێش نمونه‌یه‌كی به‌رز و جوانه، چونكه فازڵ پیاوی باوه‌ڕ و به‌های
به‌رز و ئه‌خلاقی جوان و هزر و زانست بوو. ئه‌وانه‌ی پێشیان ناخۆشه كه فازڵ
ناسراوه‌ته‌وه، با ئاوی سارد بخۆنه‌وه، چونكه له دایك بوونه‌وه‌یه‌كی نوێیه
بۆ فازڵ و ئاشنابوونیه‌تی به میلله‌ته‌كه‌ی خۆیه‌وه!
إن شا‌ء الله فازڵ لای خوای گه‌وره زیندووه‌و به شه‌هید
قه‌بولی كردووه. لای ئێمه‌ش مسوڵمانان به گشتیی و كورد به تایبه‌تیی، فازڵ
برایه‌كی ئازیزه‌و و هه‌میشه له ڕێگای میراته‌كه‌یه‌وه به زیندووی ده‌مێنێته‌وه.
سڵاو له گیانی فازڵ ڕه‌سول و سه‌رجه‌م تێكۆشه‌ر و شه‌هیدانی
ڕێگای هه‌ق.
نوێترین نوسینەکانی عه‌لی سیرینی
-
عه‌لی سیرینی
13/02/2019
-
عه‌لی سیرینی
31/01/2019
-
عه‌لی سیرینی
26/01/2019
-
عه‌لی سیرینی
06/01/2019
-
عه‌لی سیرینی
18/12/2018
-
عه‌لی سیرینی
14/11/2018