قسه‌یه‌ك له‌ سه‌ر ڕیفراندۆم و ئیسڕائیل و مه‌سعود بارزانی

وتار/ 03/10/2017 1270 جار بینراوە

عه‌لی سیرینی

قسه‌یه‌ك له‌ سه‌ر ڕیفراندۆم و ئیسڕائیل و مه‌سعود بارزانی
عه‌لی سیرینی


چه‌ندین ساڵه‌ به‌رده‌وام نوسینم كردووه‌ دژ به‌ گه‌نده‌ڵیی پارتی و یه‌كێتی. له‌ هیچی په‌شیمان نیم. ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ق و ڕاست بینیومه‌ له‌ ویژدانه‌وه‌ نوسیومه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئیتر زه‌ڕبێك به‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ بێنم و بڵێم له‌ 100% شه‌ڕ و خراپه‌و شه‌یتانن. كه‌سێك ده‌توانێت ڕاست و چه‌پی ڕه‌ها به‌ سه‌ر خه‌ڵكدا بهێنێت، نێردراوی خودای گه‌وره‌ بێت و بێ تاوان بێـت. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، من به‌م شێوه‌ بیر ناكه‌مه‌وه‌ بڵێم تازه‌ بووه‌ته‌ عه‌یب، من چه‌ندین ساڵه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ پارتی و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ده‌گرم، ئیتر نابێت دانی خێر به‌ هه‌ڵوێستی چاكیان بنێم، ئه‌گه‌رچی ڕاستیش بێت، نه‌بادا خه‌ڵك بڵێن هه‌ڵوێستی گۆڕیوه‌. نه‌خێر من له‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ نیم. ئنجاش من له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌خۆ زوڵم و سته‌م هه‌یه، ئه‌مه‌ وام لێناكات هه‌ڵوێستی هه‌ڵه‌ بگرم، له‌ ئاست كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی میلله‌ته‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌م باره‌ی كوردستان گه‌ر تێك چوو، دوای 10 ساڵی تر كورد ده‌ربه‌ده‌ر و ماڵوێران و قاچاغ بوو، چ فایده‌یه‌كی هه‌یه‌ ئه‌وكات بڵێین "خۆزگه‌ هه‌ر چۆنێك بوایه‌ پشتگیری هه‌ڵوێستی مه‌سعود بارزانیمان بكردبوایه‌ ئه‌گه‌رچی بۆ ماوه‌ی 25 ساڵ ده‌سته‌ڵاتێكی پڕ له‌ گرفتی په‌یڕه‌و ده‌كرد"! ئه‌وكات له‌ هه‌ولێر، ئه‌بو عیزڕائیلێك وه‌ك ئاغا له‌ خه‌ڵكێكی به‌ كۆیله‌كراو ده‌خوڕێت، هه‌ڵوێستی نه‌رێنی ئێستای هه‌ندێك كورد، ئه‌وكات هیچ دادێك نادات و كه‌سیش منه‌تی پێ نابێت. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی هاو هه‌ڵوێستی ناحه‌زانی كوردن، زیاتر ده‌بنه‌ مایه‌ی بێ ڕێزیی و نه‌فره‌ت لێكردنی بێگانه‌.
هه‌ڵوێستی ئه‌وانه‌ی دژی ڕیفراندۆمن، پڕه‌ له‌ هه‌ڵه‌و پێچه‌وانه‌‌‌. له‌ لایه‌ك ده‌ڵێن نه‌ده‌بوا بارزانی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی بكردبا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو دونیا گوتیان نه‌خێر، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌ڵێن بارزانی ئه‌مه‌ی نه‌ده‌كرد، گه‌ر له‌ ژێره‌وه‌ گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵنه‌كرابێت. له‌ لایه‌ك ده‌ڵێن، ئیسڕائیل له‌ گه‌ڵیه‌تی، له‌ولاشه‌وه‌ش باوه‌ڕیان هێناوه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌ گه‌ڵی نیه‌. له‌ لایه‌ك ده‌ڵێن بارزانی بۆ ناو و ده‌نگ و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ی كرد، له‌ لایه‌كی تریش حه‌زیان ده‌كرد نه‌یكات بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر بیكه‌نه‌ گاڵته‌جاڕیی، بڵێن: ئه‌ها قسه‌ی خۆی نه‌برده‌ سه‌ر و هه‌ر ته‌نها موزایه‌ده‌ بوو و هیچی تر. ئه‌مانه‌و گه‌لێك به‌زمی تری پڕ له‌ هه‌ڵه‌ی نێوه‌ندێكی كوردی توڕه‌و ته‌سك بین و ناحاڵیی، ڕۆژانه‌ شه‌پۆڵ لێده‌دات!
جارێ پێش هه‌موو شتێك حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌ بڵێم، گه‌ر ئیسڕائیل فیعله‌ن له‌ گه‌ڵ كورد بێت، كه‌س نیه‌ له‌م دونیایه‌ بتوانێت فزه‌ بكات و كردار بنوێنێت، مه‌گه‌ر بۆ موزایه‌ده‌یه‌كی هه‌رزان نه‌بێت. چونكه‌ ئه‌مڕۆی جیهان، ته‌واو ده‌سته‌مۆی جوله‌كه‌یه‌ و جوله‌كه‌ ده‌سته‌ڵاتی باڵا ده‌ستی هه‌یه‌. بنه‌ماڵه‌ جوله‌كه‌كانی وه‌ك ڕۆثچایڵد و ڕۆكفله‌ر، حوكمی دونیا ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و پاپای ڤاتیكانه‌، كه‌ هیچ سیاسه‌تمه‌دارێكی ڕۆژئاوایی حه‌دی نیه‌ له‌ به‌رامبه‌ری دابنیشێت و بێ منه‌تانه‌ قاچ بخاته‌ سه‌ر قاچی، ده‌ستی كۆمه‌ڵێك له‌م جوله‌كانه‌ ماچ ده‌كات كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌مڕۆی جیهانن، له‌ نێوانیاندا كه‌سانی بنه‌ماڵه‌ی ڕۆثچایڵدن، هه‌روه‌ها هێنری كێسنجه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ئه‌مریكا (ڤیدیۆیه‌كه‌ له‌ خواره‌وه‌یه‌)*. حه‌یفه‌ كورد ئه‌وه‌نده‌ خۆش باوه‌ڕ بێـت وابزانێت، ئیسڕائیل له‌ گه‌ڵیه‌تی، به‌ڵام ئه‌مریكا و ئه‌وروپا نا! بۆ كه‌س هه‌یه‌ به‌ ڕاستیی بتوانێت له‌ ناو ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ڕوسیا، بڵێت له‌ڵ، له‌ ئاست بڕیارێك ئیسڕائیل بڵێت به‌ڵێ؟!
ئنجا ئه‌و به‌زم و ڕه‌زمه‌ی ئێران و كلكه‌كانی ده‌یكه‌ن، به‌ ناوی ئه‌وه‌ی ئیسڕائیلی دووه‌م و ئه‌م جۆره‌ قسه‌ بازاڕیانه‌و پڕوپوچانه‌، ئه‌مه‌ ته‌نها به‌زمی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانه‌ بۆ فریودان و هیچی تر (ساڵی 1997 خۆم له‌ وتارێكی شێخ محه‌مه‌د مه‌هدی شه‌مسه‌دین 1936-2001، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌نجومه‌نی باڵای شیعه‌ له‌ لوبنان، ئاماده‌ بووم. شێخ شه‌مسه‌دین هێرشێكی توندی كرده‌ سه‌ر حزبولڵا، چونكه‌ ئه‌و پێی وابوو شه‌ڕی ئه‌م حزبه‌ دژ به‌ ئیسڕائیل، بۆ چه‌ند ئه‌جێندایه‌كی كاولكه‌ره‌ دژ به‌ لوبنان و میلله‌تانی ناوچه‌كه‌و زه‌ره‌ر به‌ ئیسڕائیل ناگه‌یه‌نێت). ئنجا كه‌سایه‌تیه‌كی هه‌ره‌ به‌رزی شیعه‌ ئه‌مه‌ بزانێت و خه‌ڵكی تر نه‌یزانن، ئه‌مه‌یان جێگای تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌!
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌ر ئه‌م مالیكی و عه‌بادیه،‌ به‌ ده‌بابه‌ی ئه‌مریكا و ڕێخۆشكردنی ئێران، هاتن عێراقیان كاولكرد و بوون به‌ حاكمی كۆنتڕۆڵكراوی ژێر ده‌ستی ئێران و ئه‌مریكا. ئێستاش ئه‌مریكا و ئیسڕائیل نایانه‌وێ به‌ره‌ی شیعه‌ لاواز بێت، چونكه‌ كه‌مینه‌یه‌كی دوژمنه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ی ئیسلام (واته‌ زۆرینه‌ی سوننه‌)، بۆیه‌ مانه‌وه‌ی شیعه‌ به‌ هێز و ده‌سته‌ڵاته‌وه‌، زه‌ڕوره‌تێكی حه‌تمیه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجه‌كانی ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا له‌م ناوچه‌ی ئێمه‌دا. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و تێڕوانین و شۆكه‌، هه‌ڵوێستی ئۆردوغان و توركیایه‌. من تا ئێستاش باوه‌ڕ ناكه‌م ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ زۆر جددی بێت، چونكه‌ گه‌ر فیعله‌ن جددی بێـت، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ته‌واو بێ ئاگایه ‌و له‌ ژێر كاریگه‌ریی هه‌ڵچونێكی ئه‌تاتۆركیانه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ وه‌رده‌گرێ، كه‌ مه‌علومه‌ 100 ساڵه‌ ئه‌تاتۆركیه‌ت ده‌م و لوتی توركی له‌ قوڕ وه‌رداوه‌، وه‌كو باوه‌ڕێك‌ ڕه‌گ و ڕیشاڵی له‌ نێو ناخیان كوتاوه‌. به‌ هه‌رحاڵ، گه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی توركیا جدی بێت، له‌ دواڕۆژ زه‌ره‌مه‌ندی یه‌كه‌م خودی توركیا ده‌بێت و له‌ یه‌كتریش ده‌پرسینه‌وه‌.
له‌ ئه‌رزی واقیعدا، توركیا گۆڕه‌پانێكی پانی ژێر قاچه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسڕائیل بووه‌ و خه‌ڵكی تری غه‌یره‌ تورك كراوه‌ته‌ قوربانی. ئێستاش ئیسڕائیل، مووی سه‌ری توركیا به‌ 10 وڵات ناگۆڕێته‌وه‌. ئه‌مه‌ موزایه‌ده‌یه‌كی زۆر هه‌رزانه،‌ كاتێك تورك ده‌یانه‌وێ به‌م ناوه‌وه‌، دژ به‌ ئیراده‌ی میلله‌تی كورد بوه‌ستنه‌وه‌. ئنجا گه‌ر ئێرانیش به‌ فیعلی دژی ئیسڕائیله‌، ئه‌وا ده‌توانێت له‌ گه‌ڵ عێراق و سوریا و حزبولڵا بچن هه‌رچی موشه‌ك و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان هه‌یه‌ بیده‌ن به‌سه‌ر ئیسڕائیله‌وه‌! به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌م شته‌ ناكه‌ن، چونكه‌ دوژمنی ئه‌ووه‌ل و ئاخیری ئێران و شیعه‌ به‌ گشتیی، ئیسڕائیل و جوله‌كه‌ و ڕۆژئاوا نین،‌ به‌ڵكو ئوممه‌تی ئیسلامه‌ (سوننه‌)، كه‌ سه‌دان ساڵه‌ ئه‌م حیقد و بوغزه‌ی شیعه‌ دژی دانه‌مركاوه‌ته‌وه‌. پێویسته‌ تاكی كورد وریاتر و چاوكراوه‌تر بیر بكاته‌وه،‌ له‌وه‌ی ببێته‌ قوربانی ته‌پڵ و هه‌ڵلای میدیای باو!
سه‌باره‌ت به‌ مه‌سعود بارزانیش، ڕاسته‌ چارێكه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌سته‌ڵاتێكی پڕ له‌ گیر و گرفت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، به‌ڵام لێره‌دا پێویسته‌ هه‌ندێك شت ڕوون بكه‌ینه‌وه‌. بارزانی به‌ ته‌نیا به‌رپرس نیه‌ له‌م گه‌نده‌ڵیی و زوڵمه‌. یه‌كێتی نیشتمانیی و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و دونیا و حزبه‌كانی تری ناوخۆی كوردستانیش، پشكیان به‌رده‌كه‌وێت. ئنجا خودی میلله‌تیش پشكێكی زۆری به‌رده‌كه‌وێت. یه‌كێك له‌و حیكمه‌تانه‌ی حه‌دیسی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌ سه‌ر بێـت) كه‌ ده‌فه‌رموێ (ئه‌گه‌ر دوو حاكم كردیان به‌ شه‌ڕ له‌ ملی یه‌كێكیان بده‌ن)، بۆ ئه‌وه‌یه‌ زوڵم و سته‌م و گه‌نده‌ڵیی دروست نه‌بێـت، خه‌ڵك ببێته‌ قوربانی. له‌ 1991ه‌وه‌ یه‌كێتی نیشتمانیی مونافیس و دژه‌به‌ری سه‌رسه‌ختی پارتی بووه‌. كاتێكیش شه‌ڕ له‌ نێوانیان دروست بوو، به‌ هۆی پێویستیان بۆ جه‌نگاوه‌ر و هێز، ده‌بوایه‌ چاوپۆشیی بكه‌ن له‌ كادیر و به‌رپرسه‌كانیان، كه‌ ده‌ستیان كرد بوو به‌ دزی و ڕاو و ڕووت و گه‌نده‌ڵیی. لێره‌شدا ڕۆژ به‌ ڕۆژ گه‌نده‌ڵیی زیاتر په‌ره‌ی ده‌سه‌ند، تا گه‌یشته‌ ڕۆژگارێك چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ی بوو به‌ ئه‌سته‌م. گه‌ر باسی گه‌نده‌ڵیی بكه‌ین پێویسته‌ وتارێكی تێر و ته‌سه‌ل ئاماده‌ بكه‌ین، بۆ ده‌ستنیشانكردنی ناوه‌ڕۆكی گه‌نده‌ڵیی چۆن په‌ره‌ی سه‌ند. به‌ هه‌رحاڵ تاكی كورد به‌ گشتیی بێ تاوان نیه‌ له‌ ئاست ئه‌م مه‌سه‌له‌، به‌ڵام تاوانی ده‌سته‌ڵات زۆر گه‌وره‌تره‌. به‌ كورتیی، كاره‌ساتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌ به‌ر سیاسه‌ت و مه‌سه‌له‌ ورده‌كانی ناوخۆ، هه‌ڵوێستی چه‌وت بگریته‌ به‌ر و له‌ ئاست مافێكی باڵای میلله‌ت، ببیته‌ شه‌یتانێكی كه‌ڕ و ڵاڵ، یان ویستی میلله‌ته‌كه‌ت بۆ ئازادیی بخه‌یته‌ ژێر توانج و پلار و گاڵته‌جاڕیی!
هه‌ڵوێستی مه‌سعود بارزانی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا.
به‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی زۆرێك له‌ خه‌ڵك، كه‌ پێیان وایه‌ مه‌سعود بارزانی دارده‌ستی ڕۆژئاوایه‌، ئه‌م پیاوه‌ له‌ ناخه‌وه‌ ناحه‌زێكی سه‌ر سه‌ختی وڵاتانی ڕۆئاواو زلهێزه‌كانه‌. بۆ؟
مه‌سعود بارزانی له‌ ساڵی 1946، له‌ كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد، له‌ دایك بووه‌. دوای 12 ساڵ، واته‌ ساڵی 1958، چاوی به مه‌لا مسته‌فای‌ باوكی خۆی ده‌كه‌وێت كه‌ له‌ سۆڤیه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وكات هۆكاری نه‌دیتنی باوكی خۆی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ پلانێكی نێو ده‌وڵه‌تی (ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و سۆڤیه‌ت) كۆماری كوردستانی له‌ ناو بردووه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ مه‌لا مسته‌فا به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ئاواره‌ بووه‌. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی باوكی به‌ چوار ساڵ، بارزانی ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشێكی نوێی كورد تا ساڵی 1975. واته‌ ڕێك 13 ساڵ له‌ نێو ئه‌م شۆڕشه‌ خه‌باتی چه‌كداری ده‌كات، تا پلانێكی تری نێو ده‌وڵه‌تیی (ئه‌مریكا و عێراق و ئێران، به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وروپا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر)، دیسانه‌وه‌ وێڕای شكستپێهێنانی كورد، خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی دووچاری ئاواره‌یی ده‌بنه‌وه‌. له‌ هه‌شتاكان، ته‌واوی وڵاتانی ڕۆژئاواو سۆڤیه‌تیش دژ به‌ كورد بوون و هات و هاواری كوردیان له‌ ده‌ست ئه‌نفال و كیمیا، به‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ ده‌ناساند. له‌ 1991، دوای ڕاپه‌ڕینێكی سه‌رتا سه‌ریی له‌ كوردستان، دیسانه‌وه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا، ده‌ستی سه‌دامیان ئاوه‌ڵا كرد بۆ لێدانی كورد و شكستپێهێنانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی. ساڵی 1992 له‌ گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌ردانێكی وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكایان كرد. له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا، هه‌ر زوو تاڵه‌بانی موژده‌ی ئه‌وه‌ی دا، كه‌ ڕۆژئاوا پشتگیری مافی چاره‌ی خۆ نوسینی كورد ده‌كات. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵك چاوه‌ڕوان بوون بارزانی بێت ناوه‌ڕۆكی هه‌ڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایان پێ بڵێت، له‌ پێش باڵه‌خانه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی ئه‌مڕۆ، له‌ به‌رده‌م سه‌دان هه‌زار كه‌س (خۆم له‌وێ ئاماده‌ بووم)، بارزانی گوتی "چاره‌سه‌رمان له‌ به‌غدایه‌و وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچمان پێ ڕه‌وا نابینن و پشتگیریمان ناكه‌ن". له‌ نێوه‌ ڕاستیی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌ ڕۆژنامه‌ی سه‌فیری لوبنانیی، چاوپێكه‌وتنێكم له‌ گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی خوێنده‌وه،‌ كه‌ تیایدا ڕۆژنامه‌ڤانه‌كه‌ پرسیار ده‌كات ئایا ئه‌مریكا هه‌وڵ نادات شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی و پارتی بوه‌ستێنێت، بارزانی له‌ وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێت "كێ ده‌ڵێت ئه‌مریكا خۆی ئه‌م جه‌نگه‌ی ئێمه‌ی پێ خۆش نیه‌؟!". له‌ 2003، بارزانی دژی داگیركردنی عێراق بوو، هه‌میشه‌ جه‌غتی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێت زه‌مانه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی هه‌بێت بۆ پاراستنی كورد و مافه‌كانی. ڕژێمی عێراق ڕوخا، كورد له‌ ژێر فشاری نێو ده‌وڵه‌تیی و هه‌رێمیی، چوویه‌وه‌ به‌غدا بۆ دروستكردنی حكومه‌تێكی نوێ. له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا، عێراق به‌ پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاواو ئێران، ده‌ستی ده‌ستی به‌ كورد ده‌كات و مافه‌كانی پێشێل ده‌كات. ساڵی 2014، داعش موسڵی گرت. بارزانی له‌ ناو په‌رله‌مان گوتی "ئه‌مه‌ مێژووێكی نوێیه‌ و سایكس بیكۆ به‌ره‌و كۆتاییه‌ و ئه‌م شه‌ڕه‌ هی كورد نیه‌. داوا ده‌كه‌م له‌ په‌رله‌مان له‌ چه‌ند مانگێكی كه‌م ئاماده‌كاریی ڕیفراندۆم بكات، چونكه‌ ئێمه‌ تازه‌ ناتوانین له‌ گه‌ڵ عێراق بمێنین و عێراقی نوێ شكستی هێنا و كۆتایی هات". ئێران و ئه‌مریكا و ئه‌وروپا هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت. به‌ هاوكاریی په‌كه‌كه‌ و یه‌كێتی، به‌ فشارێكی زۆر و به‌ پلانێك كه‌ داعشیش تێیه‌وه‌ گلا، بارزانی به‌ زۆر توشی شه‌ڕی داعش كرا. ڕۆژئاوا ده‌ستی كرد به‌ ته‌پڵ لێدان بۆ پێشمه‌رگه‌، گوایه‌ له‌ جیاتی هه‌موو دونیا شه‌ڕ دژی تیرۆر ده‌كه‌ن. به‌ زۆر چه‌كی كۆنی عه‌مباره‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌ پێشمه‌رگه‌ ساغ كرایه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا، گیرفانی كورد به‌تاڵ كرایه‌وه‌و به‌ ملیاران دۆلار بردرایه‌ نێو حیسابه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوای چه‌ك فرۆش (ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئیتاڵیا، نه‌مسا، بولگاریا، كڕواتیا، پۆڵه‌ندا، سڕبیا، و ڕوسیا...هتد). بارزانی پێی وا بوو، كه‌ داعش به‌ره‌و كۆتایی هات له‌ عێراق، وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌ سه‌ریانه‌ دان بنێن به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان. به‌ڵام هه‌ر زوو ده‌ركه‌وت كه‌ سروشتی ڕۆژئاوا به‌رامبه‌ر به‌ كورد نه‌گۆڕاوه‌، هه‌ر له‌ 1946ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ.
بۆ كه‌سێك ته‌مه‌نی له‌ سه‌رووی هه‌فتا ساڵه‌وه‌یه‌ و له‌ نێو سیاسه‌ت سه‌ری سپی كردووه‌، ده‌یان جار میلله‌ته‌كه‌ی زوڵمی لێكراوه‌، دواهه‌مینیان، بڕینی بودجه‌و موچه‌ بوو له‌ لایه‌ن به‌غدایه‌ك كه‌ كورد له 2003 له‌‌ سفره‌وه‌ دروستی كرده‌وه‌؛ ئیتر شتێك نه‌ماوه‌ هیوای پێ ببه‌ستیت و زه‌ره‌رێك نه‌ماوه‌ لێی بترسیت كه‌ دووچاری كورد نه‌هاتبێت. له‌ به‌ر ئه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ تێكڕای جیهان پێكه‌وه‌ به‌ یه‌ك ده‌نگ دژی ویستی كورد ده‌نگیان هه‌ڵبڕی، بارزانی دوای ته‌مه‌نێكی دوور و درێژ له‌ نێو به‌زمی ئه‌م سیاسه‌ته‌ پڕ له‌ درۆ و نیفاقه‌ی جیهان، به‌ یاخیبوونێكی كوردانه‌ گووتی نه‌خێر بۆ هه‌موو جیهان، ڕیفراندۆم هه‌ر ده‌كه‌ین.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی بارزانی یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخ، نه‌ك هه‌ر له‌ سه‌ر ئاستی كورد، به‌ڵكو له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌و جیهانیش به‌ گشتیی. چونكه‌ تا ئێستا نه‌بووه‌، میلله‌تێك كه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت نیه‌ و ته‌واوی جیهان دژی بێت، كه‌چی سه‌ركرده‌كه‌ی یاخی بێت و دژی ڕای سه‌پێندراوی جیهان بوه‌ستێته‌وه‌. بێگومان، یه‌كێك له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌كانی ئه‌م بڕیاره‌ش بڕیاری كاتالۆنیا بوو كه‌ زوو ڕیفراندۆمی خۆیان به‌ ئه‌نجام گه‌یاند. كاردانه‌وه‌ی تریشی به‌ دوادا دێت. له‌ ئاینده، لای توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ڤانان،‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌رز ده‌نرخێنرێت، ئێستا كه‌متر جێگای بایه‌خ ده‌بێـت. گه‌ر بهاتباو پارتی حزبێكی گه‌نده‌ڵ نه‌بوایه‌، دار و ده‌ست و پێوه‌ندی مه‌سعود بارزانیش پاك و سه‌ر ڕاست بوونایه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ زۆر پڕشنگدارتر ده‌بوو، به‌ڵام حه‌یف، ده‌ور و پشتی مه‌سعود بارزانی هه‌وری  په‌ڵه‌ ڕه‌شی گه‌وره‌ن، بۆیه‌ پڕشنگداریی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان ته‌نیوه‌ و بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ستیش له‌ نێوان ئه‌م و به‌شێكی زۆری ڕه‌نجاوی میلله‌تێكی مه‌زڵوم!

* ڤیدیۆی ده‌ست ماچكردنی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی ناوداری جوو له‌ لایه‌ن پاپای ڤاتیكانه‌وه‌:
https://www.youtube.com/watch?v=7KfuRW1c5Mk




نوێترین نوسینەکانی عه‌لی سیرینی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌