ئەوەی دەگوزەرێ بەناوی بەرەی خەڵک و بەرەی حەق

وتار/ 18/09/2017 600 جار بینراوە

عوسمان حمەکریم زەڵمی

ئەوەی دەگوزەرێ بەناوی بەرەی خەڵک و بەرەی حەق


  بەداخەوە ئەوەی بووەتە دەردو دیاردەو، بارە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئیسلامیەکەی لاسەنگ کردووە و ئەم ھەموو دەردەسەری و نەھامەتی و قەیرانەی بۆ ھەمووان پێش ھێناوە . بەڕای من بەشێکی سەرەکی بریتیە لە تێکەڵکردنی چەمک و پێوەرەکان لەلای زۆرێک لە سەرکردە و کادری باڵاو ناوەندی لایەن و ڕێکخراوەکانەوە .
  لەکاتێکدا بوونی جیاوازی لەناو مرۆڤەکاندا شتێکی زۆر سروشتی و ڕەوایە و پەیوەندی بە جۆر و ئاست و ڕێژەی بیرکردنەوە و زانست و تێگەیشتن و پەیپێبردن و بەرژەوەندی تاک و کۆوە ھەیە لەو پرسانەدا کەدێنە پێش و خوێندنەوەیان بۆ دەکەن .
  جا لەبەر ئەوەی ھەمووان مرۆڤین و پلەو پایەی باڵا وەک (پێغەمبەر)ی ، پێمان نەدراوە . دەی ئیتر کەس مافی ئەوەی نیە ھەق بەخۆی بداو ڕاو بۆچون و تێگەیشتنی تایبەتی خۆی فەرز کات بەسەر ئەوانی تردا ، یاخود پێی وابێ حەقی ڕەھا لای ئەوەو ئەوانی دیکە لەھەڵەو خەتادان و تاوانبارن ، یاخود ئەو جەماوەرەی پشتیوانی لە تێگەیشتن و ڕاوو ھەڵوێستی ئەوو دەستەکەی دەکەن تەنھا ئەوان لەسەر ھەق و لەبەرەی خەڵکدان و ، باقیەکەی تر بەرەی خراپکارو ناھەق و خۆفرۆش و خیانەتکارن !!
   زۆر بەداخەوە ئەم دەردە زۆر باوەو بەبێ گەڕانەوە بۆ پێوەرە ڕاست و شەرعیەکان ، بە نمونە گەر لایەنێک ڕێژەی جەماوەری وەربگرین کە لە ھەڵبژاردنەکاندا بەدەستی ھێناوەو شەرعیەتی وەرگرتووە ، دەی تەنھا بە ئەندازەی ئەو ڕێژە شەرعیەی میللەت پێی بەخشیوە مافی ئەوەی ھەیە ڕەوایی بە ڕاو ھەڵوێستەکانی بدات ، چونکە ئەوانی دیکەش شەرعییەتیان لەخەڵکەوە وەرگرتووە ، وە ئەو جەماوەرەش کەوا متمانەو قەناعەتی بەڕاو ھەڵوێستی ئەوان ھەیە ھەر بەشێکن لە خەڵک و ھاونیشتمانین .
  دەی کەی ڕەوایە تۆی نەوعی تەنھا دەنگدەرو ھەواداری خۆت بەبەرەی خەڵک و حەق بزانی و ، غەیری ئەوان بەمەیلی خۆت ئاوت کەیت و تۆمەتی ناحەقی بدەیتە پاڵیان . بۆ ئەم پرسە گرنگە گەر وڵاتانی پێشکەوتوو بەنمونە وەربگرین ، دەبینین تەنانەت لە پرسە چارەنوس سازەکاندا وەک پرسی جیابوونەوە لە دەوڵەتی فیدراڵ یان مانەوە تیایدا ، ئەوەی بەڵێ دەکا یان نەخێر ھەردوو بۆچونەکە ڕێز لێگیراون و کەسیان نابێتە ناپاک و خائین و خۆفرۆش و ئەویدی پاک و پەری و دڵسۆزی خەڵک و وڵات .
 گەر لەڕووی ئاینەوە سەردەمی وەحی وەربگرین بەنمونە کە خاوێنترینە ، ئەوا بەجوانی تێدەگەین کە لەو پرسانەی بەڕاو ڕاوێژو زۆرینە یەکلایی کراونەتەوە ، ئەوانی دی کەوا کەمینەو کەم بوون و ڕاکەیان وەرنەگیراوە ، لەبازنەی ئیمان و ئیسلام نەچونەتە دەرەوە ، تەنانەت جاری واش بووە خودی پێغەمبەر (د.خ) ڕای جیابووە لەگەڵ زۆرینە ، کەچی کاری بە ڕای زۆرینە کردووە ، وەک دەرچون لە شار بۆ (شەڕی ئوحد) و توشی شکستى كاتى بوون . دواتریش کەس بەر لۆمەو گازندە نەکەوتووە لەسەر ڕاو بۆچونەکەی . 
 کەچی زۆر بەداخەوە تەواوی کاری ئیسلامی ئەمڕۆ ئیجتھادی و تێگەیشتنە لەدەقە جێگیرەکان بە ئەقڵ و ئاوەزی مرۆڤەکان ، کەچی ئەو ھەمووە ناوو ناتۆرە ناشیرینە دەبیسین ، بگرە تا گەیشتووە بەخوێن حەڵاڵکردن و دەرکردن لە دین و ناردنیان بۆ دۆزەخ و ، دواتر شانازی پێوەکردن و پەشیمان نەبوونەوە !!
  بۆچارەسەری ئەم دەردو بەڵا نەتەوەیی و نیشتمانیە کوشندەی کە پێوەی گیرۆدە بوین ، زۆر پێویستمان بە ناسین و کارپێکردنی ئادابی جیاوازی و مامەڵەی تێگەیشتن لە ڕای جیاواز ھەیە . کە دەکرێ دابەشی کەین بۆ ئەم بوارانەی خوارەوە .

یەکەم :  ئادابی ئەخلاقی : لەم ڕووەوە گرنگ خۆمان ڕابێنین لەسەر مامەڵەکردنی ئەخلاقیانە لەمەڕ ڕاو ڕای جیاواز بە ڕەچاوکردنی ئەم بنەماو پرەنسیپە بەنرخانە :
 ١ ـ نرخ دانان و ڕێزگرتنی بەرانبەر :  ئەویش مرۆڤە ، ئاقڵە ، ئازادە ، سەربەستە لە بیرکردنەوەو وتن و بڕیارو ھەڵوێست گرتندا . بەھیچ پاساوێک دروست نیە بەکەم سەیرکردن و سوکایەتی پێکردن . یان ناچارکردن و سەپاندن بەسەریدا ، چون کەرامەتی مرۆڤ لای خوا ھێڵی سوورە . بە بەڵگەی : (يا أيها الذين آمنوا لا يسخر قوم من قوم عسى أن يكونوا خيراً منهم).  
٢ ـ گومانی چاکبردن :  زۆر ھەڵەیە مەحکوم کردنی نیەتی بەرانبەرو مەحکەمە کردنی ، یاخود بێ بەڵگەو ساغکردنەوە زڕاندن و شکاندنی : (يا أيها الذين آمنوا اجتنبوا كثيراً من الظن) . ھەرگیز ھەق و ڕەوانیە لەسەر گومان و تێڕوانینی خراپ حوکمدان بەسەر نیەت و مەبەستی بەرانبەردا ، ھەرکەس بیکات ئەگەر سەحابەش بووبێ لێی وەرنەگیراوە ، ئەوەش بەڵگە : (هلا شققت قلبه) .  
 ٣ ـ بەخراپە باسنەکردن لە پاشملە : چون ئەمە جۆرێکە لە بریندارکردن و کوشتنی کەسایەتی بەرانبەر ، باسکردنی بە شتانێک کە خۆی پێی ناخۆشەو حەزناکا غەیر بیبیسێ ، دەی ئەوە ئابڕوو بردنە لێی بدوێی گەرچی وتراوەکان ڕاست بن ، خۆ ئەگەر درۆبن ئەوە بوختانە و تاوانی گەورەیە : (ولا يغتب بعضكم بعضاً أيحب أحدكم أن يأكل لحم أخيه ميتاً فكرهتموه) .
 ٤ ـ نیشانە نەگرتن لە ھەڵەکان : کارێکی زۆر نەشیاوەو لەگەڵ جوامێری مرۆڤبووندا ناێتەوە کەوتنە دوای بەرانبەرو ڕاوکردنی خەتاکانی بە قەستی خستن و زاڵبوون و سەرکەوتن بەسەریدا . چونکە سروشتیە مرۆڤ لەئەنجامی کارکردنیدا دەکەوێتە ھەڵەوە ، کەچی تۆ بێیت و چاکەکانی داپۆشی و بکەویتە قەرەوڵگرتن و ڕاوکردنی کەم و کورتیەکانی . دوپاتی دەکەمەوە کەرامەتی مرۆڤ لای خوا ھێڵی سورە : (من يتَّبع عورةَ أخيهِ المسلِمِ يتَّبعِ اللَّهُ عورتَه ومن يتَّبعِ اللَّهُ عورتَه يفضحْهُ ولو في جوفِ رحلِه/ الراوى : ابن حجر العسقلاني ) .

  دووەم : ئادابی زانستی : گرنگەو پێویستە بەرلەوەی ڕاو ھەڵوێستی بەرانبەر دابگرینەوە و دایپڵۆسێنین ، دەبێ بەوردی ئاگاداری بیرو ڕاو ھەڵوێست و قەستی خاوەنەکەی بین. وەک زانراویشە بۆ حوکمدان بەسەر ھەر پرسێکدا لەپێشدا دەبێت دروست شارەزای تەواوی وردەکاری و جوزئیات و حەیسیاتی بین ، ئەمەش دوای بەدواداچون و خوێندنەوەیەکی بابەتیانە دەبێت بۆی . لەوەش زیاتر پێویستە توانای سەرنج و ڕاو ھەڵوێستی بەھێزترو بە ھەق ترمان ھەبێت ، وە قەست و مەبەستمان تەنھاو تەنھا دەرخستن و ناساندنی حەق بێت نەوەک ھیچی تر . (وإنا أو إياكم لعلى هدى أو في ضلال مبين) .  

  سێیەم : ئادابی کۆمەڵایەتی : ئەوەی بەلامەوە گرنگە و جەختی دەکەمەوە تەسلیم بوونمانە بەم جیاوازیەو کاریگەریەکانی لەمەیدان و واقعدا ، کاتێک ھەریگز ناتوانین جیاوازی مرۆڤەکان ڕەت بکەینەوە ؛ لەوەختێکدا بۆ ئەمە خەلق کراوین (ولذلك خلقهم) ، چونکە جیاوازی تاقیکردنەوەی خواییە ، دەی گرنگەو ئەرکە تێی پەڕێنین بەدوور لە سەلبیاتی ، جا بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجە مەزنەش پێویستە :
 ١ـ بەدروستی قەبوڵی ئەوانی دی بکەین، نەک تەنھا لەبیرو بۆچونیاندا ، بەڵکو بەھەموو بونیانەوە . وە لەڕێی ئەم قەبوڵکردنەوە دەکرێ پێکەوە ژیانێکی ئیجابی و بەرھەمدار فەراھەم بکەین ، بەسود وەرگرتن لەپێشبڕکێ و مونافەسەی شەریفانە لەنێوان تاکەکانداو بە قەستی پێشخستنی ئەوەی وا چاکترە لە ڕووی بیرو کارو ئاکارو سەمەرەوە .
 ٢ـ پاشقول نەگرتن و نەخستن لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە . ئەمەش بە پارێزگاری و پاراستنی جوانی و پیرۆزیەکانی یەکتری دەبێ ، چونکە ھەرگیز کۆمەڵگە پێش نەکەوتووە و ناکەوێ کاتێک تاکەکانی بیر لە یەکتر خستن و وەراندن و سڕینەوە بکەنەوە . ئەوەتا ئەو کۆمەڵگانەی ئەم دەردانەیان تێپەڕاندووە پێشکەوتوون ، زۆر جوان ڕاو بۆچونی جیاوازی یەکتریان کردووە بە خاڵی ئیجابی و جێی پێشبڕکێ لە بواری خزمەتی چاکترو زیاتری یەکتردا .
   بەھیوای ئاوڕدانەوەیەکی بەرپرسانە و دڵسۆزانە بۆ چارەسەری ئەم دەردو بەڵا کوشندەیە ، کە دووچاری کۆمەڵگەکەمان بووە و تاک و کۆمان بەزاھیر لێی وەڕەس و بێزارین و چاومان لە فەریادڕەسە بۆ قوتار بوون . خۆ چارەسەر لای خۆمان و لەدەس خۆمانە ، تەنھا ویست و قەستی ڕاست و ھەنگاونانی دروستی دەوێ ، ئەویش ئاسان دەکرێ و دەنرێ گەر بمانەوێ .  
 عوسمان حمەکریم زەڵمی


نوێترین نوسینەکانی عوسمان حمەکریم زەڵمی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌