حزبی بنەماڵە و حزبی عێل
وتار/
17/07/2017
838 جار بینراوە
عهدنان عوسمان
حزبی بنەماڵە و حزبی عێل
عەدنان عوسمان
راستە لە چەند شوێنێکی دنیا بنەماڵەی سیاسی هەیە کە رۆڵەکانیان ئامادەیی
سیاسی بەرچاویان هەیە، بەڵام مەگەر تەنها لە لوبنان و کوردستاندا جۆرێک لە تەوریسی
حزبی هەبێت لە باوکەوە بۆ کوڕ بە تایبەت دوای ئەوەی ئەو شێوازانە لە عێراق و یەمەن
و میسر تێکشکێندران.
بنەماڵەی بارزانی سەرەتای بە بنەماڵەیی کردنی حزب بون لە کوردستاندا. ئیتر
ئێستا ئەو حزبە بەشێکە لە مومتەلەکاتی بنەماڵەو رۆژ دوای رۆژ پشکی خێزان لە
سەرکردایەتی حزبدا لە برەودایەو سەرجەم جومگە سەرەکیەکانی حزبەکەیان بۆ خۆیان قۆرغ
کردوە. لەوێ سەرۆکایەتی حزب لە باوکەوە بۆ
کوڕەو لە چوار دەوریشیان ریزێک لە براو کوڕەزاو خزم ئامادەییان هەیە.
لە یەکێتیدا ئەم پرۆسەیە بە رێڕەوێکی دژواردا ئەڕوات. پێشتر کە گروپی
مەکتەبی سیاسی بەهێزبون، نەتوانرا بە ئاشکرا کار لەسەر ئەو مەسەلەیە بکرێت. تەنها
تاڵەبانی کەسە نزیکەکانی خۆی لە سکرتاریەتی خۆیدا جیگیر کردبو وەک هاوکاری خۆی.
بەڵام دوای دەرچونی بەشی بەرچاوی کەسایەتیە گرنگەکانی مەکتەبی سیاسی و نەخۆشکەوتنی
تاڵەبانی، دەرفەتێک بۆ خێزان وکوڕەکانی پەیدا بوو کە رۆڵی سەرەکی ببینن لە دەستەی
رابەرایەتی ئەو حزبەدا. ئێستا قوباد نوێنەرایەتی بنەماڵە ئەکات لە حکومەتداو
پاڤێڵیش بە هاوکاری دایکی، شانسی خۆی لە حزبدا تاقی ئەکاتەوە، بەڵام هێشتا نەریتە
کۆنەکەو، بونی چەند کەسێکی بەهێز لە مەکتەبی سیاسیدا، بواری بەسەرخستنی ئەم پرسە
نەداوە. نەمانی هێرۆخان لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەوانەیە شانسی کوڕەکانی لە
سەرکردایەتی کردنی یەکیتی لاوازتر بکات و ئەم خەونی بە بنەماڵەیی کردنە وەلانرێت،
بەتایبەت کە لە کەشی سیاسی ناوچەی سلێمانیدا، ئەم پرسە زۆر قێزەون و نامۆ
دەرئەکەوێت.
بەرامبەر بە هەوڵی بنەماڵەیی کردن، شیوازێکی تری کاری حزبی هەیە کە کاستێکی
سیاسی جێگیر سەروکاری لەگەڵی هەیەو ساڵانێکە بونەتە سیمای حزبایەتی لە کوردستاندا.
بەشی زۆری ئەم کاستە کە من پێیان ئەلێم عێلی سیاسی، تەنها بە مردن ،وەیا ئینشقاق
وەیا بە وازهێنانی خۆیان" کە زۆر دەگمەنە" لە کۆڵی حزبەکانیان ئەبنەوە.
ئەم عێلە رەگ و ریشەیان لە هەموو حزبەکاندا هەیەو، سەرباری جیاوازی فکری و سیاسیان، بەڵام ئەو دەم
و چاوانەن کە دەیان ساڵە لە شەڕ و ئاشتیدا، دەسەلاتداری رەهای حزبەکانیانن و هەر
ئەوانن دوا نەقشی سیاسی و ئاراستەی کاری حزبی دیاری ئەکەن. عێلی سیاسی بەقەدەر
بنەماڵەی سیاسی مەترسی بەسەر پرۆسەی سیاسی و گیانی دەستاودەستی دەسەڵات و
نوێنەرایەتی کردنی نەوە تازەکان و توانا نوێکان هەیە. راستە بنەماڵەی سیاسی ڕەوایەتیدانی
موتڵەقە بە هەژمونی بنەماڵە لەسەر بنەمای ئینتیما نەک توانا، بەلام لە عێلی
سیاسیشدا هەمان میتۆد بە شێوەی تر و لەژێر پەردەی تێکۆشان و پاسەوانی کۆن و
خەباتگێڕی ماندوو و دەیان قەوان و بەیت و بالورە، رەوایەتی بە مانەوەی لەسەر
هەرەمی حزبدا ئەدات و جگە لە بوارێکی تەسک" ئەویش لە ژێر کۆنترۆڵی
خۆیدا" ئیتر هیچ مەجالێک بە نەش و نماکردنی توانا جیاوازەکانی نەوەکانی تر
نادات. مەترسی عێل لەوەدایە بۆ بەردەوامی هەژمونی حزبیی، جگە لەهەوڵی رەوایەتی
تێکۆشان، پەنا بۆ دەستەگەرێتی و دەستو پێوەند دروستکردن و بەخشینەوەی ئیمتیازات و
دروستکردنی رەعیەتی گوێڕایەڵ ئەبات.
گۆڕان، دروستبونەکەی بە جیا لە پەیامە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی، لێدانێک
بوو هەم لە بنەماڵەی سیاسی و هەمیش لە عێلی سیاسی. پەیامی نەوشیروان مستەفا، کە
گۆڕانخوازان لەسەری کۆکن و داکۆکی سەرسەختانەی لەسەر ئەکەن، رێگری کردنە لە دروستبون و هەژمونی بنەماڵەکان و
ئەبەدیەتی کاستێکی سیاسییە. ئەو کەسانەی کە جڵەوی رابەرایەتی گۆڕان ئەگرنە دەست،
نە بەهۆی بنەماڵەو نە لە ریگەی عێلەوە دەبێت، بەڵکو تەنها بە تواناکانیان و ئاستی
فکری و سیاسی و رادەی دڵسۆزی بۆ پەیامەکانی بزوتنەوەکە دەبێت.
لە گۆڕاندا بەهیچ جۆرێک بوارێک بۆ بونی بنەماڵەو مەترسی دەستبەسەرداگرتنی
گۆڕان لەلایەن بنەماڵەیەکەوە نییە، تەنانەت کەسیش جورئەتی بیرکردنەوە لەهەنگاوێکی
وا مەترسیدار و خراپ ناکاتەوە، هەر لە بنەماڵەی کاک نەوشیروانەوە کە لەسەر رێبازی
نەوشیروان مستەفا سورن، هەمیش هیچ هەڵسوڕاوێکی راستگۆی گۆڕان خۆی ناهێنێتە ئاستێکی
وا لاوازەوە کە بانگەشە بۆ ئەم شێوازە دواکەوتو و نا دیموکراتیە بکات. بەڵام دەبێ
بەهەمان شێوەش دژ بە کاست و عێلی سیاسی ئەبەدی و هەتاهەتایی بوەستینەوەو بوارەکانی
ئیدارەدانی بزوتنەوەکەش لە یەک دوو کەس و چەند کەسێکدا قەتیس نەکرێت و بەعەقڵیەتی
عێل بیر لە پڕکردنەوەی پۆستە گرنگەکان نەکرێت.
بیرمان نەچێت یەکێک لە نەریتەکانی عێل ئەوەیە: پاڵپشتی براکەت بە، باش بو
یاخراپ!!
تێبینی: مەبەستم لە عێل، عەشیرەت نییە، بەڵکو دەستەو گروپێکی سیاسییە، کە
لە چوارچێوەی بنەماکانی عێلدا کار ئەکەن و، رەوایەتی بە مانەوەی هەمیشەییان لەسەر
لوتکەی حزبەکاندا ئەدەن.
نوێترین نوسینەکانی عهدنان عوسمان
-
عهدنان عوسمان
08/01/2018
-
عهدنان عوسمان
02/10/2017
-
عهدنان عوسمان
28/09/2017
-
عهدنان عوسمان
20/09/2017
-
عهدنان عوسمان
16/08/2017
-
عهدنان عوسمان
16/08/2017