چەند سەرەقەڵەمێک
وتار/
20/09/2017
864 جار بینراوە
عهدنان عوسمان
چەند
سەرەقەڵەمێک
عەدنان
عوسمان
- بێدەنگی سیاسەت کردن نییە، هەڵوێستیش نیە!!
- ئەو ریفراندۆمە با مەسعود بارزانی و بنەماڵەی تالەبانی و سیاسیە
فاشیلەکانی کورد لەناو خۆیاندا بیکەن، کە هەموو کارنامەیان لە ٢٠٠٣ تا ئێستا عێراقچێتی
و بەهێزکردنی عێراق و دژایەتی سەربەخۆیی بوە. ئەوەتا بارزانی خۆی دان بەو هەڵەیەیدا
ئەنێت کە هەر لەو کاتەدا ( راستیەکەی هەر لە ١٩٩٢ەوە)دەیان هەزار دڵسۆزی ئەم نیشتمانە
داوای سەربەخۆیی یا لانی کەم جۆرێک لە کۆنفیدرالیان دەکرد نەک خۆ خستنە باوەشی بەغدا
بۆ چنگێک پارەو پۆست.
- کاتێک دەنگت بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەبێت کە بەدەنگی بەرز بڵێی
من دژی ئەم پرۆسەیەم کە بارزانی بۆ مەبەست و ئەجیندای تر هێناویەتە پێشەوە. دڵنیام
هەمومان لەبەرەی بەڵێین بۆ سەربەخۆیی، بەلام دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت ئەم ریفراندۆمە
ریفراندۆمی بارزانی و هەنگاوی بەیعەتدان و جیاکردنەوەی بەرەی بەڵی و نەخێرە بە هەژمونی
خۆی و بنەماڵەکەی.
- هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد چەند مانگێکە خۆی یەکلاکردۆتەوە کە دابڕانێکی
تەواو لەگەڵ میراتی پێشوتریدا ئەکات. ئەو لە ٢٠١٤ وتی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەل نەوشیروان
ئەکەم و سلێمانی تەسلیم ناکەم، ئەوە بوو ئاکامی هەڵبژاردنەکەی لە ١٧ بە ٦ کرد بە
١٢ بە ١١، ئێستاش ئەڵێ یەکێتی ناکەمە قوربانی پارتی و گۆڕان، راستیەکەی ئەوەیە بەرژەوەندی
خۆی و خێزان و کوڕەکانی ناکاتە قوربانی گەل و نیشتیمان و ئایندەی کوردستان. هیوادارم
فریودەرانێک لەم گۆڕانکاریە دراماتیکیەش تێبگەن. لە دواکۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی
دا پەیڤێکی بیست چرکەیی هەبوو کە ئەو بەتەواوی لەپاڵ ریفراندۆمەکەی بارزانیە.
- رێکەوتنی گۆڕان یەکێتی: گەر من بڕیار بەدەستی گۆڕان بم، ئەو رێکەوتنە
مردوە لە زەرفێکی شەق و شڕدا ئەنێرمەوە بۆ ئەوانەی لە ئیمزاکردنەکەیدا بەشدار بون.
دەرکەوت عیبرەت لە جێبەجێکردن نیە بەتەنها، بەڵکو عیبرەت لە بونی شەهامەتیشە. ئەو
رێکەوتنە دەبێ کۆتایی پی بێت و سەرکردایەتی هاوبەشیش هەڵوەشێنرێتەوە. مەکتەبی سیاسی
یەکیتی عەزمی خۆی جەزم کردوە کە تابعێکی پارتی ئەبێت و سپێرەکەی تەنها بۆ پارتی ئەبێت.
- لیستەکەی د بەرهەم: کارێکی باش و هەنگاوێکی پێویست بوو، جێگای دەستخۆشییە،
سەرەتایەکی باشیشە بۆ جۆرێک لە کاری هاوبەشی گرایشە فکریە جیاوازەکان. بەهیوام پێش
هەڵبژاردن هاوپەیمانیەکی بەهێز لەدەوری بزوتنەوەی گۆڕان دروست بێت، بۆ ئەوەی هەم مەرجەعییەتی
سلێمانی( دەڤەری سلێمانی بەگەرمیان و کوێستانیەوە) و هەمیش هاوسەنگی هێز یەکلابێتەوە.
گرنگە گۆڕان و هێزە نزیکەکانی، بگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی دروست بونی یەکەم لیستی ئۆپۆزسیۆن
لە ٢٠٠٩دا و پەیامەکانی کاک نەوشیروان وەک رابەرێکی هاوبەشی هەمومان. با وریای لەت
و پەت کردنی دەنگی ئەم دەڤەرە بین.
- دەرکردنی کاک رابون مەعروف لە فراکسیۆنی گۆڕان، کارێکی خراپە، تەوقیتەکەشی
گونجاونیە، هەست ئەکەم زۆرتر کاردانەوە بێت لەوەی وردبینی تیا کرابێت، لە بری دەرکردن
دەکرا هەنگاوی یەکەم هوشداری پێبدرێت. هەنگاو و هەڵوێستەکانی کاک رابونیش بە دروست
و حزبیانە نازانم، ئەو دەبێت خۆی یەکلا بکاتەوە. پاراستنی گۆڕان وەک هێزێکی یەکگرتوی
خاوەن داینەمۆی کارکردن، یەکێکە لە ئەرکە سەرەکیەکانی هەڵسوڕاوەکانی.
- کاک رێبین تۆش! زۆر جوانت نوسیوەو بیانوی زۆرت بۆ دواهەلوێستت هێناوەتەوە،
دەکرێ شانامەیەک لەسەر نامەنتقی بونی ئەو قسانەت بنوسرێت، بەڵام کورد جوانی وتوە:
قسە هەزارەو دوانی بەکارە: تۆ لەگەل ریفراندۆمەکەی بارزانیت. قسەکانی ترت تەنها ئەتوانم
بڵێم: کلام حق یراد بها الباطل. دەنا کەس قسەی لەسەر بەڵێ و نەخێر نیەو نەبوە لەسەر
سەربەخۆیی.
نوێترین نوسینەکانی عهدنان عوسمان
-
عهدنان عوسمان
08/01/2018
-
عهدنان عوسمان
02/10/2017
-
عهدنان عوسمان
28/09/2017
-
عهدنان عوسمان
20/09/2017
-
عهدنان عوسمان
16/08/2017
-
عهدنان عوسمان
16/08/2017