ریفراندۆم و گۆڕان

وتار/ 28/09/2017 815 جار بینراوە

عه‌دنان عوسمان

ریفراندۆم و گۆڕان
عەدنان عەسمان
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمە شەق وشڕەکەی، ئیتر بارزانی ئەکشێتەوە دواوەو رێگە بە نێچیرڤان و هەندێ دەستپێوەندی خۆی لە ناو یەکێتیدا دەدات ئەو چاڵە گەورەیەی دروستی کرد، پڕ بکەنەوە. وەک دەیان جار وتمان ریفراندۆم بەشێک لە هیچ پرۆژەیەک بۆ سەربەخۆیی نەبو، بەڵکو راوەرگرتن(استبیان) بو، ئەوەش تەنها بۆ پێشاندانی بارزانی وەک سەرکردەی بالای کورد لە غیابی تالەبانی و نەوشیروان مستەفادا. بارزانی بەو مەبەستەی خۆی گەیشت، دیارە بە هاوپشتی کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم بە بەڵێنی شەراکەت و دواخستنی هەلبژاردن، چونکە چیتر یەکێتی ناتوانێت ببێتەوە بە حزبی هەڵبژاردن.
خەڵکانێکی زۆر کەوتنە نێو پەتای ناسیۆنالیستیانەی ریفراندۆمەوە. خەڵکانێک کە تا دوا سات روبەروی ئەم پرۆسەیە بونەوەو هەزار ناو و ناتۆرەیان لێدەنا، لە پڕێکدا ١٨٠ پلە بایاندایەوەو تەسلیم بەهاشوهوشەکە بون و تەنانەت وەک ئەوەی نەبەردیەکیان کردبێت، هەم دەنگی خۆیان ئاشکرا ئەکرد و هەم بانگەشەشیان بۆی ئەکرد. ئەمە لە کورتترین مانادا، تەسلیم بون بو بەو پەتایەو جۆرێک بو لە بەیعەتدان بە بارزانی کە ئەو رابەری پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمانە. مەعلومیشە بەشێکی بەرچاوی دەنگدەران، تەنها لە سۆنگەی خەمی نیشتمانەوە ئامادەی بەشداری لەمەدا بون.
لەم پرسەدا دەرکەوت عێلی سیاسی کورد، هەم هاوڕان هەم تەسک بین، ئەوان پێ دەچێت بەعەقڵی خێڵ کاربکەن، کە لە کاتێکدا کەسێکی خێڵ کارێکی نابەجێ ئەکات، نابێت ئێمە قورستری بکەینەوە لەسەری، بەڵکو دەبێت وەک برایەکی باش لە ئێستادا پشتی بگرین، جا لەسەر حەق بێت یا نا، پاشان بیر لە رێگە چارەسەر بکەینەوە.
ئاکامی راستەقینەی هەڵبژاردنەکە لەبەردەمی بارزانی و کۆسرەت رەسول و هێرۆخان و سەرجەم لایەن و کۆمسیۆن و چاودێران و دەنگدەرانە. هەمومان ئەزانین رێژەیەکی بەرچاوی خەڵک، هەر بڕوای بەم شانۆگەریە نەبوە، سەرباری هەمو ئەو حەماسەتە نەتەوەییە کە لە دواکاتدا، بەرۆشنبیر و عەوامەوە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە "لبیک" یان بۆ ئەوت. بینیمان بەشێکی زۆری هاوڵاتیان، چیتر بە هاش و هوشی نەتەوەچی و ریفراندۆمچی و ئەم دەسەڵات و ئەم عێلە سیاسیە ناخەلەتێن. بایکۆت ونەخێر، دژ بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان نەبو، بەڵکو رێک دژ بەم دەسەڵات و بەم عێلە سیاسیە شکستخواردوە بو، وە  نیشانەی هۆشیاری خەڵکی کوردستانە. پەنابردنی دەسەڵات و حزب بۆ تەزویراتێکی بەربلاو، گەورەترین خیانەتی نیشتمانی و رێزنەگرتنە لە ویستی گەل و دواتریش متمانە بە خۆ نەبونە تەنانەت لەم پرسەدا.
گۆڕان و کۆمەڵ بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دژ بەم پرۆسەیە وەستان و داوای دواخستنیان کرد. ئەم دوو هێزە وەک دوو هێزی نیشتمانی و خەباتکار، بە سەدان هەزار لایەنگرەوە، عەیب و عار و نادروستی پرسەکەیان خستە روو، وە ئاماژەیان بەوە دا کە سەربەخۆیی و نیشتمانسازی بەم هەنگاوە کاڵ و کرچە نابێت و ئەمە تەنها پرسێکی حزبیە. کەچی لە پڕێکدا، رێک پێچەوانەی ئەو مەنتقە بەهێزە، هەردوو حزب کەوتنە نێو نەشئەی ریفراندۆمچیەکان و "لبیک" یان بۆ بارزانی وت. ئەم هەنگاوەیان نەک هەر پێچەوانەی دروشمەکانیان بو، بەڵکو تێنەگەیشتن بو لەئەرکی حزبی سیاسی کە پێویستە خۆڕاگر و تەنانەت ئامادەی باجدانیش بێت.
جڤاتی گۆڕان لە ٢٤/٩ دوا بڕیاری خۆیدا. لەو کۆبونەوەیەدا زۆرینە دژ بە بەڵێ بون، کەمایەتیەکیش لەگەڵی بو. ئەوە حاڵەتێکی ئاسایی و حزبیانەیە و دەبێت رێزلێگیراوبێت. راگەینراوەکەی جڤات پاش رەخنەیەکی زۆر لەم پرسە، باس لە جۆرێک لە ئازاد بون ئەکات بۆ ئەندامەکانی لە دەنگداندا، بەڵام هەرکەس ئەو بەیانە بەو پێشەکیەوە بخوێنێتەوە، تێئەگات کە زۆرتر بەلای بایکۆتدا دەیشکێنێتەوە. کەچی بەیانی رۆژی بەناو ریفراندۆمەکە( چونکە ئێستا خودی بارزانی ئەلێ ریفراندۆم نەبو، هەر پرسکردنی رای خەڵک بو، واتە پرسە گورگانە) رێکخەری گشتی گۆڕان، نەک هەر بایکۆتی نەکرد، بەڵکو بە حەماسەوە رۆشت بۆ دەنگدان( کە تا ئێرە وەک مافێکی کەسی خۆی ئاساییە) بەڵام کاتێک، ئاشکرای ئەکات کە دەنگی بەبەڵێ داوە، وە لەو مەوقعەوە کە رێکخەری گۆڕانە، ئیتر بەرای من هەم دژ بە بڕیارەکەی جڤاتەو هەمیش بانگەشەیە بۆ بەڵێ. دیارە کاک عومەر وەک کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەر و خەباتگێڕ، وە وەک کەسێک کە پەرۆشی بزوتنەوەکەیەتی لە روانگەی بیرکردنەوەی خۆیەوە، ئەو کارەی بە باش زانیوە، بەڵام وەک ئەرکێکی حزبی و بەو حوکمەی باڵاترین پۆستی گۆڕانی لایە و، دەنگی ئەو کاریگەری بەسەر لایەنگرەکانیەوە ئەبێت، دەبوایە بەو کارە هەڵنەستایە. من ئەو هەنگاوەی بە پێشێلکردنی بڕیاری جڤات ئەزانم.
گۆڕان لەگەل هەموو ئامانجە نیشتمانیەکانی خەڵکی کوردستانە لەم بەشەو لەهەموو بەشەکانی تریدا، بەڵام حزبێکی ناسیۆنالیستی نیە. بەرنامەی گۆڕان لەسەر بنەمای هاونیشتمانی و بەرژەوەندی و مافەکانی هاوڵاتیان دانراوە. خەڵک و خاک دووانەی لێکگرێدراوی بەهاکانی گۆڕانن. لەم ریفراندۆمەدا، دەرکەوت جۆرێک لە هەستی ناسیۆنالیستی تەسکبین لە گۆڕاندا خەریکی نەش و نمایەو بە هاش و هوشێکی پارتی، دەکەوێتە هەلەکەسەما، تەنانەت هەندێ تەنزیریشی بۆ ئەکات، گوایە پرسی ریفراندۆم لەگەڵ هەڵبژاردن و دژایەتی گەندەڵی دوو شتی جیان، کە لەراستیدا ئەوە خۆگێلکردن و خەڵک چەواشەکردنە، چونکە کاتێک ئەوە راستە کە رەشمەکەی تەنها بەدەستی کەس و حزبێکەوە نەبێت.
ترسی ئەوەم هەیە ئەم دیدگا ناسیۆنالیستیە، لە ماوەی داهاتودا، ناچارمانبکات بکەوینە ژێرکاریگەری هاش و هوشی کوردایەتی یا ئەوەی کاک نەوشیروان ناوی نابو فشە قەومیەوە.

نوێترین نوسینەکانی عه‌دنان عوسمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌