کاراکردنەوەى پەرلەمان و پۆستەکەى بارزانى

وتار/ 10/07/2017 877 جار بینراوە

شەنکار عەبدوڵڵا

کاراکردنەوەى پەرلەمان و پۆستەکەى بارزانى
شەنکار عەبدوڵا
بەپێى ئەو زانیارییانەى کەلەسەرچاوەیەکى باڵاى گۆڕان دەست بەندە کەوتووە، لە هەفتەى پێشوودا و دواى کۆبوونەوەى سەرکردایەتى هاوبەشى گۆڕان و یەکێتى، پارتى پەیامێکى بۆ گۆڕان ناردووە بەوەى کە پەرلەمان کارابکەنەوە بەستافى پێشووى پەرلەمانەوە و هەتا کۆتایى خولەکەش بەردەوام بێت، بەڵام هەتا ئێستا گۆڕان وەڵامى پارتى نەداوەتەوە.
پارتى لەم نەرمى نواندنەیدا کە پێشتر ئامادەنەبوو ڕێگا بە یوسف محەمەد بدات بگەرێتەوە بۆ پەرلەمان، چەند ئامانجێکى هەیە، بەڵام بەدەرەجەى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمە، هەرچەندە هەندێک بۆچوون هەیە پێى وایە ڕیفراندۆم ئەنجام نادرێت، بەڵام بەندە پێى وایە ئەمە دواین کارتى بارزانى لەماوەى ١٢ساڵى حکومڕانیدا، وەک سەرۆکى هەرێم و بەهەر نرخێک بێت ڕیفراندۆم دەکات، مەگەر دەستێوەردانى ڕاستەوخۆ وڵاتان ڕێگاى لێبگرن، بەڵام کەى دەوڵەت ڕادەگەیەنرێت ئەوە تەنها خوا خۆى دەزانێت.
پارتیش پێى وایە بەو پێشنیازەى بەبەردە دوو چۆلەکە دەکوژێت، لەلایەک گلەیى کارانەکردنەوەى پەرلەمان لەسەر خۆى لادەبات، لەلایەکى تریشەوە ئەگەر ستافى پێشووى پەرلەمانیش بگەڕێتەوە ناتوانێت دەستکارى پۆستەکەى بارزانى بکات، ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان شەرعیەتدانە بە مانەوە و بەردەوامى بارزانى لە پۆستەکەى بۆ کاتێکى نادیار.
چونکە کەس نازانێت هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و پەرلەمان لەمانگى ١١ى ئەمساڵدا دەکرێت یان نا، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن کە هەڵبژاردن ناکرێت.
هەرچى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و ڕاپرسى هەرێمە، دەڵێت لەنێوان هەر هەڵبژاردنێک بۆ هەڵبژاردنێکى تر شەش مانگم پێویستە، ئێ ئەگەر ڕیفراندۆم لە ٢٥ى ٩دا بکات، بەدوو مانگ چۆن فریاى ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى گشتى دەکەوێت، چونکە ڕێوشوێنەکانى ئیش و کارى لایەنە سیاسیەکان بەلانى کەمەوە سێ مانگى دەوێت، دواتریش ئیش و کارەکانى کۆمسیۆن خۆى سێ مانگى ترى دەوێت.
هەرچى بارزانیشە چەندجارێک دووپارتى کردووەتەوە کە دەوڵەتى کوردى دروست بوو دەستبەردارى پۆستەکەى دەبێت، بەڵام ئەوەش دیار نییە کەى و چۆن دەوڵەتى کوردى دروست دەبێت، واتە ماناى قسەکەى بارزانى ئەوەیە هەتا دەوڵەت دروست نەبێت دەستبەردارى پۆستى سەرۆکى هەرێم نابێت.
گۆڕان کە ئێستا کەوتووەتە دۆخێکى ئاڵۆزەوە و پێویستى بە بڕیارى ژیرانە و ئازایانە هەیە.
بەپێى زانیارییەکانیش گۆڕان دەزانێت لەدواى کاراکردنەوەى پەرلەمان یان ئاسایکردنەوەى پەرلەمان دەبێت یاسا بۆ ڕیفراندۆم دەربکات، یاساش پێویستى بەکەسێکە واژووى لەسەر بکات(پەسەندى)بکات، بۆ ئەوەى ببێت بە یاسا و لەوەقائیعى فەرمى دەوڵەتدا بڵاوبکرێتەوە، بەم دەمودەستە و بەو بارودۆخەى کەتیایداین ناتوانرێت کەسێک دیارى بکرێت بۆ سەرۆکایەتى هەرێم هەر دەبێت یاساکانى بچێتەوە بەردەم بارزانى، بەمەش شەرعیەت دەدرێتەوە بە بارزانى و دیاریش نییە ئەم شەرعیەتە هەتا کەى بەردەوام دەبێت، چونکە ئەنجومەنى شورا ماوەکەى دیارینەکردووە، بۆ بارزانى بەکراوەیى هێشتویەتیەوە هەتا کەسێک هەڵدەبژێرێت بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم.
لەلایەکى ترەوە گۆڕان دەزانێت تەنانەت ئەگەر دەست بۆ پرسى سەرۆکایەتى هەرێم بباتەوە(یاساى سەرۆکایەتى هەرێم) هاوپرۆژەکانى دوێنێى لەگەڵیدا نابن و بەقەولى خۆى ئێستا بونەتە هاوئاوازى پارتى، ئەستەمە ئەوانیش پشت بکەنە پارتى و جارێکى تر بگەڕێنەوە بۆ ٢٣ى حوزەیران.
گۆڕان کەئێستا هەم لەبەردەم پێشنیازەکەى پارتیدایە بۆکاراکردنەوەى پەرلەمان و هەم بەرپرسیارێتى هاوڵاتیان بۆ ئاسایکردنەوەى دۆخى کوردستان و هەمیش ڕێکخستنەوەى ناوخۆیى خۆیى (دیاریکردنى ڕێکخەرى گشتى، خانەى ڕاپەڕاند)، بۆیە بۆ گۆڕان ئاسان نییە هەروا بچێتە دانوستانى جدییەوە، هەتا بەپلەى یەک ڕێکخەرى گشتى و خانەى ڕاپەڕاندن دیارى نەکات، کە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، پێش ساڵیادى بزوتنەوەى گۆڕان، کە دەکات ٢٥ى ٧ ئەوکارە بکات، ئەوکات دەتوانێت دانوستانى جدى بکات، ئەویش بەوەى ڕێکخەرى گشتى شانبداتە بەر ئەو بەرپرسیارێتیە و جڤاتى نیشتیمانى ڕازى بکات بەوەى بڕیار بدات، لەنێوان ئەو بژاردانەدا هەم هەرێم ڕزگار بکات لە چەق بەستووى و هەمیش دڵى هەڵسوڕاو هەوادارەکانیشى ڕابگرن، هەرچەندە ئەمە ئەستەم نییە بەڵام هەندێک زەحمەتە.
خۆ ئەگەر هاتوو لەو بژاردانەى کەلەبەردەمیدایە یەکێکیان هەڵنەبژێرێت، ئەوە پەرلەمان هەر بەدەرگا داخراوى دەمێنێتەوە و هەرلایەنێک لەماڵى خۆیەوە لێدوان دژى لایەنى بەرامبەر بدات، حکومەتیش کەلەدۆخێکى خراپدایە و زۆر حاڵى باشتر نییە لە پەرلەمان، بەشێوەى پێشووتر بەردەوام دەبێت لەکارەکانى، پارتى دیموکراتى کوردستان کەلایەنى سەرەکى و خاوەن بڕیارى سەرەتا و کۆتاییە لە حکومەتدا چى دەوێت دەیکات و گوێ بەهیچ لایەنێکیش نادات.

نوێترین نوسینەکانی شەنکار عەبدوڵڵا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌