ئایا من دژی لاهور شێخ جەنگیم و پشتگیری بافڵ تاڵەبانی دەکەم؟

وتار/ 02/08/2021 520 جار بینراوە

شەنکار عەبدوڵڵا

ئایا من دژی لاهور شێخ جەنگیم و پشتگیری بافڵ تاڵەبانی دەکەم؟
شەنکار عەبدوڵا

لەماوەی ڕابردودا ئەم پرسیارەم زۆر ئاراستە دەکرێ، ئەڵبەتە زۆرینەی ئەوانەی ئەم پرسیارە دەکەن هەواداری بەڕێز لاهور شێخ جەنگین، لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە چەند رۆژنامەنوسێکن کە جورئەتی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانیان نیە، یاخود موچەخۆری بەڕێز لاهور شێخ جەنگین، جا ئەمانە مەرج نییە لەدەزگا فەرمییەکانی لاهور شێخ جەنگیدابن بەڵکو هەیانە لەماڵەوە پاڵیداوەتەوە و مانگانە موچەی موفتی بۆ هاتووە، تەنیاو تەنیا بەرژەوەندی خۆیان دەخوێننەوە نەک بەرژەوەندی گشتی.

بێگومان سوپاسی ئەو زۆرینەیەش دەکەم کە تێدەگەن لەکار و مەبەستی من و هەمیشە سەپۆرتم دەکەن.
مەلابەختیار وتەنی، با تەمومژ لەقسەکانمدا نەمێنێ، هەتا ئەمڕۆ لەنزیکەوە هیچ یەکە لەبەڕێزان (بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) م نەدیوە و قسەم لەگەڵ نەکردوون، چ خۆیان چ نزیکەکانیان. نەهیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیش لەگەڵیاندا هەبووە و هەیە، ئەی کەوایە بۆچی من زانیاری لەسەر گۆڕانکارییەکان بڵاودەکەمەوە؟ یان بۆچی بەتەرکیزەوە لەسەر ئەم بابەتە قسە دەکەم؟

ئەم پرسیارە زۆر بەجێیە، لەبەرئەوەی ئەمە تەنیا کێشەی ناوخۆیی حزبێک نییە و چەند کارەکتەری حزبی نین لە لەپۆستەکانیان لاببرێن یان بخرێنە پۆستێکی ترەوە، خۆ ئەگەر ئەوە بوایە هیچکات ڕێگام بەخۆم نەدەدا قسەی تێدا بکەم، بەڵام کاتێ بەرپرسێکی حزبی دوو دەزگای هەستیاری حکومی وەک زانیاری و دژەتیرۆر بەکار دەهێنێ بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و لەلایەکی ترەوە هەزاران کەس ناسنامەدار دەکات بەم دوو دەزگایە و ئەوانیش ناسنامەکانیان بۆکاری نایاسایی و سەرانە سەندن و دەیان شتی خراپتر بەکاردەهێنن، ئیتر ئەرکی ئەخلاقی هەمومانە بێدەنگ نەبین و زانیارییەکان بە هەمووان بگەیەنین.

لەوەش گرنگتر لە8ی تەموزەوە، ئەو ڕۆژەی کەئەو بومەلەرزە سیاسیەی لەناو یەکێتیدا ڕوویداوە کێ هەست بەوە ناکات سلێمانی ئارام بووەتەوە؟ کێ هەستناکات دامودەزگا ئەمنییەکان باشتر بەکاری خۆیان هەڵناسن؟ کێ هەست ناکا ئێستا ئیتر پارێزراو ترە؟ کێ هەستبەوە ناکا ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و جامڕەش کەم بونەتەوە تا ئاستی نەمان لەسەر شەقامەکاندا؟ کێ هەستناکات شەقامەکانی سلێمانی قەرەباڵخییەکەی جارانی نەماوە؟

کێ هەستناکات شەڕ و تەقەکردن کەم بووەتە بەتایبەتی لەسەرچناردا، کەهەموو شەوێ شەڕو تەقەکردنی تێدا دەبوو، کەسیش نەیدەتوانی ئیجرائات لەگەڵ خاوەن ناسنامەکان بکات.

کێ هەست بەوە ناکات قاچاخچیەتی کەم بووەتەوە؟ لەکاتێکدایە قاچاخچیەتی تائێستاش هەرماوە، بەڵام لەسەدا 80 بۆ 90 کەم بووەتەوە.

تەنانەت قاچاخچیەتی هەندێ مەوادی مەترسیدار نەماوە کە پێچەوانەی یاسایی نێودەوڵەتییە و پێشتر ئەمریکییەکان هۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی سلێمانی بەوەی کە سزای بەسەردا دەسەپێنن؟
کێ هەستناکات ئێستا حکومەتی هەرێم وەک کوتلەیەکی یەکگرتوو دەردەکەوێ و بڕیار و ڕاسپاردەکانی تاڕادەیەکی باش وەک خۆی جێبەجێ دەکرێ؟

کێ هەستناکات شەقامەکانی فەیسبوک پاکبونەتەوە لەجنێونامەنوس؟ لەپەیجی بێ دایک و باوک؟ لە میلیشیاکانی سۆشیاڵ میدیا؟

هەموو ئەم کارانە ئەگەر بەردەوام بێ لەداهاتوودا کاریگەری ئیجابی دەبێ لەسەر ئارامی سلێمانی و زیادبونی وەبەرهێنان و کەم بوونەوەی قۆرغکاری و نەترسانی سەرمایەداران کە هەر ڕۆژەی کەسێ بێتە سەریان و داوای بەش و سەرانەیان لێبکات، تائەمرۆ ئەوەی بەدی دەکرێت ئەمەیە، ئەگەر بۆ سبەینێ شتێکی تر ڕویدا یان پێچەوانە بووەوە، ئەوکاتیش قسەی خۆمان دەبێ.

قسەی من لەوە زیاتر نییە و زانیاری و شیکردنەوەکانم لەم چوارچێوەیە دەرنەچووە، هیچی پەیوەندی بەرقی شەخسی یان بەرژەوەندی تایبەتیەوە نییە، لەو ڕاشکاو تر نادوێم، ئیتر بمێنن بەخێر و خۆشی، بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو و پێشکەوتوو، سلێمانی یەکی ئارام و جوان.
ئەمە یەکەم و دواین رونکردنەوە دەبێ لەم بارەیەوە بەردەوام دەبم لەکاری خۆم بەبێ ئەوەی هەرچی تۆمەتی دنیایە یەک چرکەش ڕامگرێ.

نوێترین نوسینەکانی شەنکار عەبدوڵڵا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌