نە رێکخەری گشتی سەرۆکی حزبەو نە خانەی راپەڕاندن مەکتەبی سیاسییە

وتار/ 07/07/2017 765 جار بینراوە

عه‌دنان عوسمان

نە رێکخەری گشتی سەرۆکی حزبەو نە خانەی راپەڕاندن مەکتەبی سیاسییە
عەدنان عوسمان
لە ئێستادا چاو لەسەر گۆڕانە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبردنی خۆی بە گوێرەی دەستور یا پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەکە. ئەم کارە بەم نزیکانە ئەنجام ئەدرێت و گۆڕان لە دوای کاک نەوشیروانەوە ئەڕواتە قۆناغێکی تری کاری حزبیەوە.
کاتی خۆی، کە ئەم شێوازی بەڕێوەبردنە پیشنیازکرا، کۆمەلێک کەس رەخنەو سەرنجیان لەسەری هەبوو کە من یەکێک بوم لەوانە، چەند جارێک لەگەل کاک نەوشیروان لەسەر ئەو مەسەلەیە گفتوگۆ کرا. ئەو پێێ وابوو، ئەم تەشکیلەیە هەم لەگەل پێکهاتەی گۆڕان ئەگونجێت و هەمیش لێدان ئەبێت لە بونی هەیئەیەکی سیاسی هەمیشەیی کە ببنە مۆتەکەیەک بەسەر سەری حزبەوەو هیچ هۆکارێک نەتوانێت دوریان بخاتەوە. خۆشبەختانە گۆڕان دورە لەو نەخۆشیەوە.
کاک نەوشیروان بە رونی ئەوەی ئەوت، کە ئەو نایەوێت لەم بزوتنەوەیەدا فلان و فیسارێکی تر( ئاماژەی بەچەند ناوێک کرد لە مەکتەبی سیاسی حزبەکان) دروست ببن لە کارێک شکست بهێنن ئەبێ بخرێنە سەر کارێکی تر و هەتا هەتایە هەر لەسەروی هەرەمەکەوە بن و رێگە بە هیچ توانایەکی تر نەدەن. دڵنیام ئەم قسەیەی لە زۆر جێگاو بۆ زۆر هاوڕێش کردوە.
تەرکیبەی سەرکردایەتی گۆڕان ستونی نیەو دژ بە عەقڵیەتی هەرەمیەتی بەرێوەبردنە، بەڵکو پێکهاتەیەکی ئاسۆییە و لە دوو بەش پێک دێت:
چۆنایەتی: کە لەلایەن ژورەکانەوە نوێنەرایەتی ئەکرێن
چەندایەتی لەلایەن مەکۆکانەوە.
ئەم شێوازە هەم بوار بەدەرکەوتنی تواناکان و کاری پێکەوەیی ئەدات و هەمیش نوێنەرەی شارەکان رۆڵیان لە داڕشتن و گەلاڵەکردنی بریارەکانی بزوتنەوەکەیاندا ئەبێت. هەر بۆیە چەقی بڕیاردان لە جڤاتەکاندا قەتیس کراوە.
لەم تەرزی رێکخستنەدا، رێکخەری گشتی نابێتە سەرۆکی حزب و هیچ دەسەڵاتێکی تایبەتمەند و تەنیای نیە،و ناتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ خانەی راپەراندن و جڤات، هیچ بڕیارێکی سیاسی و حزبی بدات. بەدڵنیاییشەوە رێکخەری نوێ شوێنی کاک نەوشیروان ناگرێتەوە چونکە دەستوری گۆڕان لە ئێستادا کاری لەسەر ئەکرێت.
خانەی راپەراندنیش وەک دەزگایەکی جێبەجێکارەو سەرقاڵی ئەرکەکانی ئەبێت بە گوێرەی تایبەتمەندی کارەکانیان، بۆیە هەم ئەرک و هەم پێکهاتەکەی زۆر جیاوازە لە مەکتەبی سیاسی حزبە تەقلیدیەکانی کوردستان. ئەمەش خاڵی جیاوازی گۆڕانە لەگەل ئەوانی تردا.
دیارە کاک نەوشیروان لە نێوان چەندین مۆدێلی حزبایەتیدا ئەمەی لا گونجاوتر بوو لەبەر کۆمەلێک هۆ: هەم بۆ ئاسانی دانان و لادانیان، هەم بۆ دەرفەتدان بە خوێنی تازەو دەم و چاوی تازە کە بگەنە ئۆرگانەکانی بەڕیوەبردنی بزوتنەوەکەو لەگەڵ کەسانی بەئەزمونتردا سەرقاڵی راپەراندنی کارەکانیان بن، هەم بۆ رێگری کردن لە بونی مەکتەب سیاسیەکی هەتاهەتایی وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە.
کاک نەوشیروان لە نامەیەکدا( کە رێنماییەکی سیاسی گەورەیە) ئاوا باس لەم پرسە ئەکات،،مێژوی نامەکە ٢٥/١/٢٠١٧ یە:
" ئاڵوگۆڕ لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دا، لە چاو هەمو حیزب و رێکخراوەکانی تری کوردستان دا ئاسانترە. ئەوەشمان لە ئەنجامی شیکردنەوەی تەجروبەی هەمو حیزبەکانی تر دەرهێناوە. بۆ ئەوەی سەرکردایەتی نەبێتە مۆتەکەی سەر لەشی حیزب. بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پێویستمان بە بەستنی کۆنگرە نیە، وەکو حیزبەکانی تر، جڤاتی نیشتمانی بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە هەمو باژێڕەکانی کوردستان و، لە ناو رێکخراوەکانی تاراوگە هەڵئەبژێردرێ. ئەوانیش بێ ئەوەی پێویستیان بە بەستنی کۆنگرە بێ رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵئەبژێرن. ئیستاش جڤاتی نیشتمانی بە هاوکاری و هاوئاهەنگی ژورەکان، و جڤاتی گشتی، ئەتوانن کەسێک لە خۆیان یا لە کادر و هەڵسوڕاوانی دەرەوەی خۆیان هەڵبژێرن بە رێکخەری گشتی و، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرن، بە پێچەوانەی هەمو حیزبەکانەوە بێ ئەوەی پێویستیان بە بەستنی کۆنگرە بێ. بە واتایەکی تر گۆڕین لە هەیکەلی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان دا هەمو وەختێ ئاسانە و هەمو کات ئەشێ بکرێ".

نوێترین نوسینەکانی عه‌دنان عوسمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌