پارتی و پارتیگەرایی

وتار/ 18/06/2017 768 جار بینراوە

عه‌دنان عوسمان

پارتی و پارتیگەرایی
عەدنان عوسمان
 پارتی بون واتە ئینتمای حزبی و فکری بۆ پارتی. ئەوەش بە لای من و وەک بەدیهیەک، کارێکی ئاسایی و جێگای رێزە. خەڵکیی ئازادە لە هەڵبژاردنی تێروانین و ئەو لایەنەی کاری لەگەل ئەکات و، تا ئەو ئاستە دەبێت رێز لە هەڵبژاردەی یەکتر بگرین. پارتی لای من دەبێت وەک مەنزومەیەکی فکری و سیاسی و تەشکیلاتی سەیر بکرێت. ململانێکردن لەگەل دیدگای پارتیدا، ململانێیە لەگەل دید و بۆچون و قوتابخانەیەکی تری کار و بیری سیاسی. 
 پارتیگەرایی جیاوازترە، چونکە زۆرتر لەسەر ئینتیمای فکری و سیاسی کارئەکات نەک رێکخراوەیی. پارتیگەراکان وەک پرۆ-پارتیەک کار ئەکەن کە سۆزدار و هاوبۆچون و هاوبەرژەوەندی سیاسەتەکانی پارتین و هەمیشە ،گەر بەراستی بێت یا بۆ چەواشەکاری، مەسافەیەکی کەم یا زۆر لە نێوان خۆیان و پارتیبوندا ئەهێڵنەوە. پارتیگەراکان ناوبەناو رەخنەیەک لە سیاسەتەکانی پارتی ئەگرن، بۆ نمونە رازی نین بە پەکخستنی پەرلەمان( یا وا ئیددعا ئەکەن)، یا هەندێ رەفتاری تری پارتی، ئەمەش بۆ پارتی گرنگیەکی ئەوتۆی نیە، بەڵکو پیشوازیشی لێئەکات، چونکە هەم ئەو کەسانە وەک بێلایەن و هەمیش مسداقییەتێکی زیاتر بە بۆچون و لایەنگرێتیەکەیان ئەدات. پارتیگەراکان دەشێ سودمەندی شەخسی بن لە پارتی و دەشێ تەنها هاوفکربن، ئەمە مەعلوم نیە. 
 پارتیگەراکان ئازادانە دەتوانن لێرەو لەوێ دژ بە کۆمەڵێک سیاسەتی پارتی بوەستنەوەو، خۆیان بەوە هەڵکێشن کە ئەوان بەرامبەر رەخنەیەک لە گۆڕان، دەیان رەخنە لە پارتی ئەگرن، ئەوان دژ بە دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و پەکخستنی پرۆسەی سیاسین و دژ بە چەندین هەنگاوی تری پارتین، بەڵام کە لەسەر دوا هەنگاوی پارتی ئەوەستین کە کرۆکی کارنامەی پارتیە، ئەوان بە دەست و بەقاچ پشتگیری ئەو هەنگاوەی پارتی ئەکەن، بەڵام لە ژێر پەردەو مکیاجی تردا نەک پشتگیری راستەوخۆ بۆ پارتی. بۆ نمونە لە پرسی ریفراندۆمدا، ئەوان بە بیانوی ئەوەی پرسێکی نیشتمانیە و نابێ بە حزبی بکرێت، پشتگیری بڕیاری حزبێک ئەکەن کە لە دانیشتنێکی ئەحزابدا دراوە!! بەڵام ناپرسن ئەم ریفراندۆمە: کێ ئەیکات و چۆن ئەکرێت و بۆ چ مەبەستێک؟ ئەی خێرە ئێوە، کە رەخنە لە پەکخستنی پرۆسەکە ئەگرن، چۆن ئەم پرۆسە پەککەوتو وسەقەتە دەتوانێت بڕیارێکی وچارەنوسساز بدات؟؟ ئەی جێگەی پەرلەمان لەم پرسەدا چیە؟؟ ئێوە دژ بە پەکخستنی پەرلەمان بون، ئەی خێرە مەسەلەیەکی واچارەنوسساز بەبێ رەزامەندی و یاسای پەرلەمان بڕیاری لەسەر ئەدرێت؟؟ ئێوە دژ بە بێموئەسەساتی و لەگەل دامەزراوەدا بون و ساڵانێکە رەخنە لە عەقڵی سیاسی کوردی و دیوەخان و بڕیاری دەرەوەی موئەسەسات ئەگرن، ئەی ئێستا چۆن وا بەقەڵەمبازێک پشتگیری تەواوی بڕیاری دیوەخانێکی ناشەرعی و نادەستوری و سەرتاپا حزبیی دەگرن و پێتان وایە ئەوە ئیتر ئیرادەی گەلە؟؟ 
نیفاقی ئەم نوخبە لە پارتیگەراکان، تەنها لە هەڵوێستێکی وا یەکلاکەرەوەدا دەرئەکەوێت. لەوانەیە گەر پرسێکی وانەیەتە پێشەوە، پارتیگەراکان ئاسایی لەناوماندا قسەبکەن و هەست بە بۆچونی ئەسڵیان نەکرێت و، لەژێر رەخنە لەم سیستەمەدا، وێنەی راستەقینەی خۆیان بشارنەوە. 
 مەترسی پارتیگەراکان لەوەدایە بیانو بۆ هەنگاوەکانی پارتی دەهێننەوە، دەیرازێننەوە، مەکیاجی ئەکەن، لە مەبەستی راستەقینەی خۆی دوری ئەخەنەوەو بەرگێکی نیشتمانی و کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بەبەردا ئەکەن. ئەمان لەناوماندا وەک سەربەخۆیەک، وەک ئازادیخوازێک، وەک رەخنەگرێک خۆیان نمایش ئەکەن، بەڵام دواجار و لەیەکەم روبەروبونەوەدا، شەرعییەت بە هەنگاوەکانی پارتی ئەدەن، دیسان بەهەمان ناونیشانی سەربەخۆیی و رەخنەگرێتی و رۆشنبیری ئازادەوە، ئەوان لەدیوێکی تر و لە سەنگەرێکی ترەوە هەمان ئەو کارە ئەکەن کە پارتی ئەیکات و ئەیخوازێت. دیارە ئەمە گەر بەناوی پارتی و وەک ئیلتزامێکی حزبی و فکریەوە بکرێت زۆر ئاساییە، بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە پارتیگەراکان ئەرکیان و رێگەیان جیاوازترە. لێرەشەوەیە کە دەبێت رەخنەکانیان بخرێتە مەداری ئەسڵی خۆی، نەک ئەوەی ئەوان ئیددعای ئەکەن.

نوێترین نوسینەکانی عه‌دنان عوسمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌