لە میللەتێک ناچین کە بەرەو ڕیفراندۆم دەچێت !

وتار/ 16/06/2017 710 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

لە میللەتێک ناچین کە بەرەو ڕیفراندۆم دەچێت !
چۆن وا بکەین، لە بری دەنگ، ڕۆح بە سەربەخۆیی بدەین ؟
عەبدولستار مەجید

ئەم ڕۆژانە ئەوەی زۆر باسی دەکرێت و ساحەی سیاسی و شەقام و ماکینە ئیعلامییەکانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، پرسی ڕیفراندۆم و ڕاپرسییە لەو بەشەی کوردستان کە پێیدەوترێت باشوری کوردستان .
بەداخەوە لەکاتێکدا باس لەم پرسە دەکەین و ھەرێمی کوردستان بەرەوپیری دەڕوات، ناوخۆی وڵات و نێوانی ھێزە سیاسیەکان لەوپەڕی ھەنجن ھەنجنی و دابەشبوونێکی قوڵدایە کە کاریگەری نێگەتیفیشی کردوەتە سەر تەونی کۆمەڵایەتی و، ڕیفراندۆم و بەرەو سەربەخۆیی چوون لەبری ئەوەی یەکمان بخات، خەریکە ھێندەی دیکە لەیەکمان دووردەخاتەوە و، مێژووی دابەشبوونی میرنشینە کوردیەکان بەسەر جەمسەربەندی عوسمانیی و سەفەویەکان دووبارە دەکاتەوە .
قەیرانی تاقەت پڕوکێنی دارایی و زیادبوونی ھەژاریی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی و ئیفلیج بوونی گوزەرانی خەڵک و خەمساردی حکومەت لە ئاست چارەسەرکردن و دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆتاییھێنان بەو دۆخە کارەساتبارە، لە پاڵ پەکخستنی دامەزراوە نیشتمانییە گرنگەکانی وڵات، ھێندەی دیکە دۆخی سیاسی ناوخۆی ئاڵۆز و ئاستی بێمتمانەیی نێوانیانی زیاتر کردووە و، کار گەیشتووەتە ئاستێک خەڵکێک بڵێت من ژیان و ئازادی و کەرامەتم پارێزراو نەبێت، دەوڵەتم بۆچیە ؟
گرنگە دەسەڵاتی سیاسی ئەم ھەرێمە، ناڕەزایەتی خەڵک و گلەیی ھێزە سیاسیەکان و ھۆشداریی دۆستانمان لەبەرچاوبگرێت و بە چاوی کەم سەیری نەکات و بە دوور لە چاوی حزبیی و تەونی بەرژەوەندیە حزبییەکانەوە لێی بڕوانێت .
ئاخر ئەگەر ھەر میللەتێکی ژێر دەستەی وەک کورد کە قوربانی نەماوە نەیدات بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاربوونی، کە ڕۆژی ڕیفراندۆمی بۆ دیاریکرا، ئەو بڕیارە دەکاتە ڕۆژی نیشتمانیی و ئاھەنگ و شایی و لۆغان شەقام و کۆڵانەکان دەتەنێت، بەڵام ئەم ڕووداوە بۆ میللەتی ئێمە تەواو پێچەوانەیە، خەڵک نەک دڵی پێیخۆش نیە، بگرە خەمبارییەکی ترسناکیش باڵی بەسەریدا کێشاوە وەک بڵێی چاوەڕێی کارەساتی زیاتر و قەیرانی قوڵتر بکات !
ڕیفراندۆم و وەرگرتنی ڕای خەڵکی کوردستان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پرسێکی سیاسی و یاساییە و خەونی لە مێژینەی ئەم میللەتەیە و ھیچ ھێزێکی سیاسی (ئەگەرچی ناکۆکیش بن) نەیار نیە لەگەڵ ئەو خەون و مافە گەورەیە، بەڵام ڕەنگە ناکۆکی لەسەر میکانیزمەکانی بەرەو ڕیفراندۆم ھەبێت .
ناکرێت ئێمە چاومان لە ئاسۆیەکی گەش بێت بۆ خەڵکی کوردستان و، بمانەوێت بەرەو سەربەخۆیی بیانبەین، بەڵام ھێشتاش نەمان توانیبێت خۆمان لەو گرێ دەروونیانە ڕزگار بکەین کە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەیەتی و پۆست و کورسی بۆی دروستکردووین !، بە جۆرێک خەریکە ھەموو ئایندەی ئەم میللەتە و خەونە لە مێژینەکەی دەکەینە قوربانیی لە پێناو ئەو گرێ دەروونیە و ھێشتاش وازمان لە دەست بادانی یەکتر و مەرج و مەرجکاری نەھێناوە .
ھەرێمی کوردستان بەپێی دیفاکتۆ و بەپێی دەستوری ھەمیشەیی عێراقیش، قەوارەیەکی سیاسی نیمچە سەربەخۆیە کە خاوەنی پەرلەمان و حکومەتی خۆیەتی، ئێ ناکرێ گەورەترین دەزگای شەرعی ئەم ھەرێمە کە پەرلەمانی کوردستانە قفڵێکی گەورەمان لە دەرگاکەی دابێت و داوای یەکڕیزیش لە ھێزە سیاسیەکان و بەشداریی گەرموگوڕیش لە خەڵکی کوردستان بکەین، ھەنگاوی یەکەمی ئاشتبوونەوە بە ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و خاوکردنەوەی گرژیەکان و گەڕانەوە بۆ دامەزراوە شەرعی و نیشتمانیەکان دەستپێدەکات .
ئێمە ئەگەر دەمانەوێت بە جدی ڕیفراندۆم بکەین و چاویشمان لە پشتوانی وڵاتانی جیھان و تەنانەت ئیقلیمیشە، پێویستە ھەنگاوی سەرەتا لە داڕشتنەوەی بناغەی یەکڕیزی ناوخۆییەوە دەست پێبکەین کە ئەویش خولقاندنی کەشێکی لەبارە بۆ ئاشتەوایی سیاسی و دەستھەڵگرتن لە ڕقە شەخسی و حزبییەکان تا ھەمووان ببینە قەڵغان و داکۆکیکاری ئەو پرۆسەیە !
لەوەگەڕێ کە ٢٦ ساڵە ئەزموونی حوکمڕانی کوردی کەموکورتی زۆری ھەیە و نەمانتوانیوە پایەکانی دەوڵەتداریی لەسەر ئەرزی واقیع قایم بکەین، بەڵام با ئیتر ئەمە کۆتایی ئەو ئەزموونە تاڵەی ڕابردوو بێت و بە دەستی خۆمان ستەم لە خۆمان نەکەین و ناوماڵی خۆمان درز تێنەخەین .

ئەوەی لەم خۆبواردن و دەستپێشخەرییەی ئاشتەواییدا ڕۆڵی گەورە و پشکی گەورە و ئەرکی گەورەی دەکەوێتە سەرشان، ئەوانەن کە خاوەن پێگەی قورس و ھێز و ناوچەی نفوزن، بەرپرسیارێتی ھەر شکست و لەبارچوونی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە چاویان تەنھا خۆیان و دەوروبەرەکانی خۆیان دەبینێت .
ھەموومان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییداین، بەڵام بەو مەرجەی کە لە دامەزراوە نیشتمانیی و شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرەکانی خەڵکی کوردستان بڕیاری لەسەر بدەن و یاسا و ڕێسای تایبەت بۆ ئەنجامدان و ڕێکخستنی دەربکرێت تا چوارچێوەیەکی دەستوریی و یاسایی وەربگرێت، ئەمە ڕێگەی ئاسایی و یاسایی و بەرەو یەکخستنی ناوماڵی خۆمان و قایمکردنی ڕیزەکانمانە، تەنھا بەم ڕێگایەش دەتوانین وا بکەین نەک دەنگ بەڵکو ڕۆحی خۆشمانی پێ بدەین !

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌