ڕابردوو، پێوەرە بۆ داھاتوو !

وتار/ 16/07/2019 737 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

ڕابردوو، پێوەرە بۆ داھاتوو !

عەبدولستار مەجید
لە حوکمڕانی و سیاسەت و حزبایەتیدا، پێوەری ھەر ھەنگاو و ھەڵوێستێک لەلایەن خەڵکەوە بۆ ھەر ھێزێکی سیاسیی، چۆنێتی ڕابردووە ! ڕاستگۆ بوویت یان بە پێچەوانەوە ؟ خزمەتتکردوون یان نانت بڕیون و سزات داون ؟!
مێژووی ٢٨ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتی کوردی لە ڕۆژی یەکەم و گواستنەوەی عەقڵیەتی شاخ و ململانێ و شەڕی کۆنەقین و یەکتر قبوڵ نەکردن بۆ ناو شار و سەپاندنی ئەو ئەزموونە ناشیرینە بۆ ناو حوکمڕانیی، کارێکی بەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستاندا ھێناوە، کە حزب لەبری حکومەت ھەموو شتێکە و بێ بەھاکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و بڵاوبوونەوەی پەتای گەندەڵیی بەناو ھەموو جومگەکانی کارگێڕیی و سیاسییدا ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێمەی ڕەش کردووە !
ڕەنگە ھەندێک نوسەر و ڕۆشنبیر لە سۆنگەی زیاتر لێڕابینین و دڵسۆزیی خۆیەوە بۆ کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ڕەخنەی ئەوەی گرتبێت کە چۆن دەکرێت ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن ھیواداربێت حکومەت سەرکەوتوو بێت و بتوانێت بەڵینەکانی جێبەجێ بکات ؟!

لە دیدی ئێمەوە حکومەت بە تەنھا موڵکی ئەو ھێزە سیاسییانە نیە کە پێکھێنەرین، بەڵکو حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی دادپەروەرانە خەم و ئامانج و پرۆژەی ئێمەمانانە و ھیچ کەس لە ھەرێمی کوردستان ھێندەی ئێمە چەوساوەی دەستی ستەم و چەوساندنەوە نیە و، ئەوەندەشی لەگەڵ تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی خۆمان تێکەڵین و لەگەڵ خەم و ئازارەکانیاندا دەژین، تێدەگەین لەوەی کە خەڵک لە قسەی بێکردار و ژاوە ژاوی سەر شاشەکان و ناکۆکی ھێزە سیاسییەکان و چاوچنۆکی بەرپرسان و بێباکی حکومەت بێزار و ھەراسانن و، قسە و ھەڵوێستی ئێمەش وەک ھێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کارا، ھەمان خەم و خولیا و ئاواتی خەڵکی کوردستانە !

بۆیە ئەگەرچی دەمانتوانی (وەک نمایش !) بێین و زەڕبی ڕاست و چەپ بەسەر بەرنامە و ھێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەمدا بھێنین و ھەموو شتێک ھەر بە ڕەش ببینین، ئەوە لە ئەخلاقی سیاسیی ئێمەدا ڕەنگە جێی نەبێتەوە و لە ئینسافی سیاسیی ئیسلامخوازیی خۆماندا مەبدەئی (بە چاک وتن چاک و بە خراپیش وتن خراپ) بووەتە کلتور و قەناعەتێکی جێگیر و ئەوەشی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی ناسیبێت و لە ئەدای نوێنەرەکانی ڕوانیبێت لە حکومەت و لە ئۆپۆزسیۆنیشدا ھەر بەو ڕاستییە دەگات !

دواجار لەو ھەموو ناعەدالەتی و گەندەڵیی و بێباکییەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ھەرێمی کوردستان کردویانە و کابینەی نۆیەم و سەرۆک و جێگرەکەی و وەزیرە بەڕێزەکانی بتوانن ڕاستگۆ بن لەگەڵ بەڵێن و بەوەفا بن بەرامبەر ئەو سوێندەی لەبەردەم پەرلەماندا خواردیان و خۆیان وتەنی (قسەی کەم و کرداری زۆر) یان ھەبێت، ئێمە دەستخۆشییان لێدەکەین !

ئێمە لە پێشتریشدا وتوومانە، لە حکومەت ببین یان نەبین، دەسەڵاتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزار بە زامنی دەستەبەری ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئۆقرەیی سیاسیی دەزانین !

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌