ڕاستدەکەن،بەشیان ناکات !

وتار/ 29/01/2019 858 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

ڕاستدەکەن،بەشیان ناکات ! قسەیەک لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠١٩ ی عێراق
* عەبدولستار مەجید
پشکی هەرێمی کوردستان یان وردتر بڵێم بەشی فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگە لە بودجەی گشتی ٢٠١٩ ی عێراقدا دەرفەتێکی زۆر باشە کە کۆتایی بەو نەهامەتی و سکهەڵگوشین و برسیکردن و نانبڕینە بهێندرێت کە چوار ساڵە پێیەوە گرفتارکراون .
ئەوەندەی موتابەعەی لێدوان و شیکاریی (پەرلەمانتاران - بەرپرسانی حکومەت - شارەزایانی ئابوریی) دەکەم دەگەمە ئەو قەناعەتەی کە ئەگەر هەموو بودجەی عێراق بدرێتە هەەێمی کوردستان هێشتا دەڵێن بەش ناکات و ناتوانین موچە و خزمەتگوزاریی بۆ خەڵک دابین بکەین !
دیوێکی ئەم قسانە ڕاستن، چونکە خۆیان دەزانن چ کەتنێکی گەورەیان ناوەتەوە و چ بارگرانییەکی زەبەلاحیان خستۆتە سەر قوت و گیرفان و گوزەرانی خەڵک .
هەموو عێراق (١٥ پارێزگا) ژمارەی هێزە چەکدارەکانی (٣٠٠.٠٠٠) دەبن، بەڵام بەتەنها لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم (٣ پارێزگا) زیاتر لە (٤٥٠.٠٠٠) کەس موچەی لێوەردەگرن .
ئەم حاڵەتە خەتەرناکە بەتەنها لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نیە، بەڵکو زۆربەی وەزارەتەکانی حکومەت بەدەست ئەم قەیراوە گرفتارن و هیچ ئیرادەیەکی سیاسیش بۆ چارەسەر نیە، چونکە ئەوەی هەڵاوسان و بێکارییە دەمامکدارەکەی دروستکردووە، ئەو کادرانەی حزبن کە خزێندراونەتە ناو لیستی موچە و لە بارەگا حزبییەکاندا دەوام دەکەن !
خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە و هەستناکەم ئەو هێزانەشی کە نیازی پێکهێنانی حکومەتیان هەیە زۆر ئەم بابەتەیان بە گرنگ گرتبێت، کە پشتگوێخستنی کارەسات دەخوڵقێنێ، ئەویش سندوقی خانەنشینییە .
پارەی هەرێم ئەگەر چەند زۆریش بێت، بۆیە بەشی موچە ناکات چونکە موچەی خانەنشینی خراوەتە سەر بودجە و بۆتە بارگرانی بۆ بودجە .
لەبەر بێ پلانی و بوونی گەندەڵییەکی زۆر، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان سندوقی خانەنشینی بوونی نیە، چۆن دەکرێت فەرمانبەرێک ٣٠ ساڵ خزمەتی کەرتی گشتیی هەبێت، ٣٠ ساڵ پارەی لێ بڕابێت بەناوی خانەنشینییەوە، کەچی کە خانەنشین دەبێت پێی بڵێن پارە نیە بۆ موچەکەت !؟؟
چارەسەری ئەم کێشانە ڕەنگە قورس بێت، بەڵام ئەستەمیش نیە بەو مەرجەی ئیرادەیەکی سیاسیی جدی هەبێت و حزب دەست لە قوڕگی حکومەت بەربدات .
ئێمە لەم خولەی پەرلەماندا کاردەکەین و داکۆکی دەکەین لەو یاسایانەی کە ڕێگەی چاکسازیی تەخت و خۆش دەکات و باری گرانی سەرشانی خەڵک سوک دەکەن .

* سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌