هەرێمی سلێمانی، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئارامی کوردستان

وتار/ 03/06/2017 953 جار بینراوە

عه‌دنان عوسمان

هەرێمی سلێمانی، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئارامی کوردستان
عەدنان عوسمان
پێویستە هەرێمی: سلێمانی- کەرکوک –هەڵەبجە بە زوترین کات دروست بکرێت. ئەو هەنگاوەش زیاتر نزیکمان ئەکاتەوە لە ئارامی و سەقامگیری و سەربەخۆیی و پێک هێنانی دەوڵەتی کوردستانی فیدرال.
کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤ بەتەواوەتی دابەشی دوو زۆن بوە. ئەمە دڵخوازی کەس نەبوو، بەڵام ئەمری واقع ئەوەیە کە مامەڵەی لەگەڵداا بکرێت. لە ٢٠٠٠ ەوەو بە تایبەتتر لە ٢٠٠٥ کە کابینەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی دروستکراو، سەرۆکێک بۆ هەرێم دیاریکرا، دەبوایە هەنگاوەکانی یەکخستنی دوو زۆن پەرەبستێنن و لەماوەیەکی کورتدا سنورەکان نەمێنێت. بەڵام رونە نەک هەر ئەوە نەکرا، بەڵکو سنورەکان بەهێزتر و تۆختر کرانەوە.
پارتی لە ناوچەی خۆیدا بەرەو دەسەڵاتی سولتانی و میرایەتی و قۆرخکردنی دەسەڵات ئەڕوات. ئەیەوێت ئەمەش گشتگیر بکات بۆ هەموو کوردستان. لە ئێستادا ئابوری کوردستانی لە رێگەی فەریکە شەریکەکانیەوە بەتەواوەتی کۆنترۆڵ کردوە، هەنگاو بۆ جومگەکانی تریش ئەبات بەتایبەت کە باس لە یەکگرتنەوەی هێزی پیشمەرگەی هەردوو حزبیش ئەکرێت.
حزبەکانی ئەم ناوچەیە پێویستە بیر لە ستراتیجێکی واقعی و عەمەلی بۆ ئیدارەدانی کوردستان بکەنەوە دور لە خەیاڵپڵاوی و رستەی نەزۆک، دەبێت هەنگاو بنێن بەرەو کردار و گەڵاڵەکردنی دنیابینیەکی جیاوازتر لەوەی پارتی. وەلامی قۆرخکاری پارتی بە پرۆژەو کردارەوە بدەنەوە.
پارتی دەبێت لە سنوری خۆی رابگیرێت، ئەو، زۆرینەیە لە دهۆک و نیوە کەمترە لە هەولێر و کەمینەیەکی بچوکە لە سلێمانی، بەڵام وا مامەڵە ئەکات کە حاکم و کوێخای کوردستان بێت. ئەم عەقڵیەتە دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت.
بۆ ئەوەی رێگای توند و تیژی و "خوانەکردە" شەڕ و ئاژاوە نەگرینەبەر، لەبەرامبەر ئەو باڵادەستیە ناقانونی و ناواقعیەی پارتی، وە بۆ بەرجەستەکردنی سیستەمی لامەرکەزیەت بە یەکجاری، دەبێت بیر لە ماڵدابەشکردنێکی هێمنانەو ئسوڵیانە بکەینەوە. ئەم دەڤەرە دەبێت بکرێتە هەرێمێک بە هەموو دەسەلاتێکەوە، پاشان لەگەل هەرێمی ئەولا لە چوارچێوەی دەستورێک و سیستەمی فیدرالیدا ولاتێکی سەربەخۆ پێک بهێنێت. ئەوکات دەبێت پرسی هەولێری پایتەختیش کە ئێستا لەلایەن هێزەکانی پارتیەوە کۆنترۆڵکراوە یەکلا بکرێتەوەو ببێتە هێمای کوردستانی یەکگرتوو.
من بەزەحمەتی ئەزانم لەگەل ئەم عەقڵییەتەی ئێستای پارتی بگەینە هیچ ئاکامێکی باش، هەڵبژاردن و پەرلەمان و کابینەی نوێش ناتوانن گۆڕانێکی جەوهەری بەدی بێنن. کێشە ئەسڵیەکان هەر وەک خۆیان ئەمێننەوەو مەترسی تەقینەوەیان بە ئاراستەی خراپتردا لی ئەکرێت، بۆیە باشترین و عەمەلی ترین هەنگاو، پێک هێنانی هەرێمی سلێمانی- کەرکوک-هەلەبجەیە بە سنورە مێژویەکانیەوە. بەوەش هەنگاوێکی گەورە ئەنێین بەرەو چەسپاندنی لامەرکەزیەت و دانانی بناغەی کوردستانی فیدرال. هەنگاونان بەرەو بەهەرێمکردنی ئەم ناوچەیە، زۆر لە ریفراندۆمە ساختەو بێبنەماکەو دروشمی نەزۆکی بێبەرهەم، عەمەلیتر و ئاسانترە.
ئیتر کاتی ئەوەیە قۆڵی لێ هەڵماڵین. حزبی چاوەڕوانی و راکردن بەدوای پرۆژەکانی پارتیدا نەبین، خۆمان بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆمان بدەین. حزبی بکەر بین نەک وەرگر و پاشکۆ. ئەوەش بەوە دەکرێت خاوەنی پرۆژەیەکی رۆشن و واقعی بین و کاری بۆ بکەین.

نوێترین نوسینەکانی عه‌دنان عوسمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌