ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، یان دارده‌ستی سته‌مكاریی بۆ بێ دادی!

وتار/ 25/05/2017 919 جار بینراوە

سۆران عومه‌ر

ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، یان دارده‌ستی سته‌مكاریی بۆ بێ دادی!


سۆران عومه‌ر
به‌ڕێزان، به‌ڕێوه‌به‌رو ستافی كه‌ناڵی NRT
ده‌ستگیركردنی (ئارام به‌ختیار) په‌یامنێری كه‌ناڵه‌كه‌تان له‌ شاری كفری له‌لایه‌ن دادگاوه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ یاسا له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ركوتی ئازادیه‌و دادگاش به‌كارده‌هێنرێ بۆ ئه‌م ترساندن و بێده‌نگ كردنه‌، ئه‌م گرتنه‌ له‌سه‌ر قسه‌كردن له‌ بڕیارێكی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی ئه‌و دادگایه‌ی گه‌رمیان به‌شێكی دیكه‌یه‌ له‌و فشارانه‌ی كه‌ده‌خرێته‌ سه‌ر ئازادی كاری میدیایی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه‌ به‌شێك له‌و دادوه‌رانه‌یه‌ كه‌ بونه‌ته‌ دارده‌ستی سته‌مكاری و چه‌سپاندنی نادادی بۆ ده‌ركردنی بڕیاری نایاسایی و بێده‌نگیشن له‌جێبه‌جێ نه‌كردنی به‌شێك له‌بڕیاره‌ یاساییه‌كانیان، ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ری كه‌له‌ ته‌مه‌نیدا دوو جار ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رزكردبێته‌وه‌ یه‌كێكیان بۆ سزادانی دادوه‌رێكی حه‌قویستی خاوه‌ن ئیراده‌ی وه‌ك حاكم هاوژین بوو كه‌به‌ناچاری هه‌رێمی كوردستانی به‌جێهێشت، جارێكی دیكه‌ش بۆ بڕینی موچه‌كانیان مانیان گرت دواجار به‌نهێنی موچه‌كانیان بۆ چاككرا !
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نابێ ناوی دادوه‌ری بێ كه‌ ته‌نها بێ ده‌سه‌ڵات سزا بداو زۆرینه‌ به‌ویستی سته‌مكار بڕیار بداو بێ ئیراده‌و بێ ده‌سه‌ڵات بێ به‌رامبه‌ر دۆسێكانی تاوانكاری و گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتداران و بكوژانی ڕۆژنامه‌نوسان و خۆپیشانده‌ران!
به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری لایه‌نێكی به‌رپرسیاری گه‌وره‌ی فاسید بوونی ئه‌م سیستمی حوكمڕانیه‌یه‌ به‌جێبه‌جێ نه‌كردنی یاسا به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارداو بێده‌نگ بوون به‌جێبه‌جێ نه‌بوونی بڕیاره‌كانیان له‌دۆسێ گرنگه‌كانی گه‌نده‌ڵی و تاوانكاری به‌رپرسانێكی تێوه‌گلاو له‌و تاوانانه‌.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ناوی دادگاو یاساوه‌ فشاره‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌و ئازادیخوازانه‌یه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵكاران و سته‌مكاران بۆ ڕوو سپیكردنه‌وه‌ی خۆیان سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركردون! ئه‌گه‌ر نا جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نیه‌و نه‌بووه‌ تاوانكارێكی ده‌سه‌ڵاتدار ڕاپێچی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی بكه‌ن، ئێمه‌ شه‌ڕی گه‌وره‌مان بۆئه‌وه‌ كردووه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری شكۆو هه‌یمه‌نه‌ی خۆی هه‌بێ، بڕیاره‌كانیان جێبه‌جێ بكرێ، كه‌س نه‌كه‌وێته‌ سه‌روی ئه‌وان، نه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌نوس و كه‌سانی چالاكی مه‌ده‌نی و بێ ده‌سه‌ڵات چه‌كوش بن و به‌سه‌ریاندا بكێشن به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵاتداران بێ ئیراده‌و بێده‌نگ بن.
ئه‌وان له‌دۆسێی تیرۆری كاوه‌ گه‌رمیانی دا دادوه‌ریان لادا، ئێسته‌ چۆن په‌یامنێری ئێوه‌ ده‌ستگیر ناكه‌ن! ئه‌وان به‌شێكیان بوون به‌دارده‌ستی سته‌مكاری بۆ ئه‌م بێ دادیه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌راپای هه‌رێمی گرتۆته‌وه‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ دادوه‌ری به‌ئیراده‌و به‌ڕێزو به‌تواناش هه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا كه‌ مل به‌ده‌سوه‌ردان و ناعه‌داله‌تی نادات، بڕیاری باسی یاساییان ده‌ركردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانیش نه‌یانتوانیوه‌ به‌ر به‌م نادادی و بێ ئیراده‌ییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بگرن .
بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش به‌شێكه‌ له‌م سیستمه‌ خراپه‌ سیاسی و یاسایی و ئابوری و كارگێڕی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی جیاوازو سه‌ربه‌خۆو خاوه‌ن ئیراده‌ نیه‌.
با ئێوه‌و میدیاكارانی ئازادو سه‌ربه‌خۆو خاوه‌ن ویژدان و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی به‌رده‌وامبین له‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌م سته‌م و نادادیه‌ تا خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نین به‌ به‌دیهاتنی خه‌ونه‌كانیان بۆ حوكمڕانیه‌كی دادگه‌ر، بێ هیوا نابین.
* هیوادارو چاوه‌ڕوانم له‌سه‌ر ئه‌م وتاره‌ی به‌نده‌ش سكاڵا تۆمار بكه‌ن و بیخه‌نه‌ پاڵ ئه‌و 20 سكاڵای دیكه‌ كه‌ گه‌نده‌ڵكاران له‌سه‌ریان تۆماركردم و لای به‌ڕێزتانه‌و هه‌موو ڕۆژێك فشار ده‌كه‌نه‌ سه‌رمان تا ئێمه‌ دادگایی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر سكاڵاتان تۆمار كرد ئه‌وكات دێم و ئه‌وه‌ی نه‌وتراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ناو دادوه‌ریه‌ ده‌یخه‌ینه‌ ڕوو.
ئێوە ئەو دادگایەن کە فەرمانی گرتنی تێکۆشەرێکی وەک نەوشیروان مستەفاتان دەرکرد.


نوێترین نوسینەکانی سۆران عومه‌ر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌