شکۆی یاسا لە زەرفێک دایبی وقوتویەک شیردا

وتار/ 02/05/2017 697 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر

شکۆی یاسا لە زەرفێک دایبی وقوتویەک شیردا
كه‌مال ئه‌سكه‌نده‌ر
لە هەرێمێک یاسا پیتزای سفرەی سیاسیەکان بێت لەکاتی شەهیەی خواردنی دا بانگەشەی بۆ بکەن و هەرکاتێکیش ئارەزووی نەکەن وەک زبڵ وخاشاک بیخەنە زبڵدان .

کاتێک یاسا سەرێکی لە پێڵاوی بەرپرسان بێت و سەرەکەی تریشی لەسەر پشت وسەری هەژاران وەک داربەڕوو چەقێندرابێت  ، لە مەملەکەتێک کورسی و پۆستەکان لەماوەی نایاسایی بونیان دا ئاوەدان تربن ، لە هەمانکات دا دەسەڵاتی دایکی یاساکان وەک ئاشی ئاو لێ بڕای بێت، لەمەملەکەتێک یاسا لەشکۆدا داشۆرا بێت و دادگا زەردەخەنەی بێ دەسەڵاتی لەهەمبەر کەمینەیەکی پڕ و زۆرینەیەکی قڕ  بنوێنێت.

سەیرم دێت فەرمانبەرێکی هەژار لەبەر زێڕەی برسیەتی منداڵەکانی شەو خەوناچێتە چاوەکانی توشی هەڵەی دزینی چەند قوتویەک شیر دەبێت ، لەبەرامبەردا (۱۱) ساڵ حوکم دەدرێت !

ئاخر نرخی هەموو قوتوەکان ناگاتە تێچوی بەنزینی یەک سەفەری ئۆتۆمبێڵی پاسەوانی بەرپرسە حزبی وحکومیەکان کەلەم شار بۆ ئەو شار هەر یەکەو بەبیانویەک تەراتێنی پێدەکەن ، کێ وەڵامی ئەو پرسیارە دەزانێت  تێچوی کۆبونەوەکانی سازانی حزبەکان کە هەر نەسازان چەند بوو ؟ ئاخۆ یەکسان بووبێت بەنرخی کڕینی چەند هەزار قوتوی شیری منداڵان.

دەزانن لە سەردەمی حکومڕانە دادوەرەکان دا کەسێک دزی بکردبوایە بانگهێشتی وەلی ئەمرەکەیان دەکرد و سزای ئەویان دەدا ، بەهۆکاری ئەوەی کەمتەرخەم بوە لەهەمبەر بەخێوکردنی دا ، کەچی لەئێستادا بەرپرسان لەسەر پشتی میللەت دەخۆن ولێ دەخوڕن بەڵام ناتوانن میللەت تێربکەن ، دەی کەواتە پێویستە کێ سزا بدرێت؟

کێ دەتوانێت بیسەلمێنێت لەهەرێمی کوردستان دا  ئەندام پەرلەمان و وەزیر بونی هەیە؟ مەگەر لیستی ناوی موچەیان وحساب بانکیەکانیان نەبێت .

خوایە زۆر زۆر دڵنیام لە دادگەری موتڵەق و شکۆی پڕلە عەدالەتی پیرۆزی تۆدا ، ئەو  ئەگەرانەی لەکۆتایی دا باسیان دەکەم بەتەواوی مانا بێ مانا دەردەچن ، بەڵام بۆ ئەوەی باشتر حەقیقەت بەیان بکەم و خوێنەر جوانتر لێی تێ بگات ، ئەگەر لە بەهەشتەکەی تۆدا جێگەی بەرپرسی مشەخۆر دەبێتەوە من ڕووخسەت دەخوازم ، چونکە حەز دەکەم ببم بەدراوسێی ئەو هەژارەی کە قوتوی شیر بۆ منداڵەکانی دەدزێت ئەگەر لەدۆزەخیش بێت .

نوێترین نوسینەکانی کەمال ئەسکەندەر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌