بۆ بیست و ھەشتەمین ساڵیادی گوللەبارانکردنیان

وتار/ 20/04/2017 790 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

بۆ بیست و ھەشتەمین ساڵیادی گوللەبارانکردنیان
"جیھاد و نەوزاد و ئاری" نمونەی ئازایەتی و شەھامەت و خۆڕاگریی
عەبدولستار مەجید

‌شەھیدان (جیھاد و نەوزاد و ئاری)، سێ پێشمەرگەی ئازاو چاونەترسی ھێزی شافیعی بوون لە بزووتنەوەی ئیسلامیی پێشوو لە ساڵی١٩٨٧کە ئەو کات بارەگاکانمان لە سماقوڵی و شیرێ و مەلەکان بوو.
تازە بارەگاکانمان لەم ناوچانە دانابو، کۆمەڵە پێشمەرگەیەکی کەم ئەزموون کە بە پەنجەی دەست دەژمێردراین، ھەرچەند خەڵک ئەو کات زۆر پەیوەندییان پێوە دەکردین، بەڵام لەبەر سەختی قۆناغەکەو دڕِندەیی بەعسییەکان و کێشەوگرفت لەگەڵ ھێزەکانی یەکێتی و نەبونی و ھەژاریی و سەرما و سۆڵە و گەرما و تەپۆ و مێشولە کە زۆر جار ھەراسانیان دەکردین و بیری دایک و باوک و ماڵ و خێزان کردن ئەمانەو ھەندێ ھۆکاری تریش وای دەکرد کە کەمیان دەمانەوە و زۆر جار دەگەڕانەوە ژێر نیری ڕژێمی بەعس کە زۆر جار وێڕای ئەوەی کە زەرەریان لە خۆیان دەدا زیانیشیان بە ئێمە دەگەیاند.
‌ئەم سێ برا بەڕێزە کە ماوەیەکی زۆر بەیەکەوەبووین بە تایبەت لەگەڵ "شەھید نەوزاد و شەھید جیھاد" لە چەند چالاکیەکی پێشمەرگایەتی و ناوشار، کە گورزی کاریگەر لە ڕژێمی بەعس دراوە بەیەکەوە بوین.
من شاھێدی دەدەم کە ئەم برا خۆشەویستانە یەک پارچە غیرەت و شەھامەت بوون و ئەوەی ترس بوو لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی لێم بەدی نەدەکردن، ئاخر لەوسەردەمی ئاگر و ئاسنی بەعس کە ھەرکەسێک دانی بە شتێکدا بنایە مێشکیان لەلوتی دەھێنایە دەرەوە.
زۆر زەحمەت بوو مرۆڤ بتوانێ لە ناو شارەکان تەقە لە سەرانی بەعس بکات، بەڕاستی نازانم باسی کامە چالاکی و غیرەتیان بکەم ھەر ئەوەندە بەسە بەو ھەموو ئازار و ئەشکەنجەی بەعس لە بیروباوەڕ و قەناعەتیان پەشیمان نەبونەوە.

دیارە دوای چالاکیەکی ناو شار لە ساڵی ١٩٨٩ کە ئێمە چەند پێشمەرگەیەک بوین بۆ چالاکی ھاتبوینە ناو شار ئەوە لە کاتێکدا بو ھەموو ھێزی پێشمەرگە بەھۆی شاڵاوەکانی بەناوئەنفال ناچاری سەرسنورەکان و چوبوونە ئەودیو ئێران.

ئێمە پێمان وابوو کە دەبێ درێژە بە خەبات و چالاکی بدەین و ڕۆژێک دێ پەتی ئەستوری زوڵمی بەعس بپسێ، ئەوەبوو ئەم سێ پێشمەرگەیەمان دەستگیرکران و ئەوانی تریشمان کە ھاتنە سەرمان خودا ڕزگاری کردین.
دواجار لە ١٨ ی نیسان ی ١٩٨٩ لە ئەمنی تەواریی ھەولێر گوللەباران کران، یاخوا جێگەتان بەھەشت بێت و ھەزار سەلام ڕەحمەت وبەرەکەتی خواتان لەسەر بێت و خوایە ئێمەش لەگەڵ ئەوان بە دیداری خۆت وپێغەمبەران و پیاوچاکان و شەھیدان شاد بکەی.

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌