ئەفسانەی ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی دەبێت بەتاڵ بکرێتەوە
وتار/
10/04/2017
1107 جار بینراوە
عهدنان عوسمان
ئەفسانەی
ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی دەبێت بەتاڵ بکرێتەوە
ریفراندۆمی
سەربەخۆیی نیە، بەڵکو بەیعەتە بۆ بنەماڵەی بارزانی
گۆڕان
و نیشتمانپەروەران و ئازادیخوازان دەبێت چی بکەن؟
پرۆژەیەک
دژ بە بەیعەتەکەی پارتی
عەدنان
عوسمان
پیش
ئەوەی بڕۆمە سەر پرۆژەکەم و باسی وردەکاریەکانی بکەم، دەمەوێت چەند خاڵێک لەسەر ئەو
بەیعەتنامەیەی پارتیەکانی نێو پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو، ئامادەیان کردوەو کاری بۆ
ئەکەن بخەمە روو:
ئایا
پارتی ریفراندۆم ئەکات: بەڵێ دەیکات، چونکە ئەم مەبەستانە ئەپێکێت:
١. ئەمە ریفراندۆم نیە بۆ سەربەخۆیی، بۆیە هیچ تەبەعەیەکی یاسایی و
ئیقلیمی و جیهانی نابێت بۆ پارتی، بەڵکو بەیعەتدانە بە پارتی وەک حزبی قائید و بنەماڵەی
مەسعود بارزانی وەک رابەری کوردستان و خستنە گیرفانی وەرەقەیەکی فشاری بەهێز لەگەڵ
لایەنەکانی تردا.
٢. هەوادارانی پارتی لە نێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و یەکگرتوو رزگار
ئەکات لە ئیحراجیەتی پرسیارەکان سەبارەت بە چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی و کاراکردنی
پەرلەمان و سیستەمی حوکمڕانی و هتد. چونکە ئەم بەیعەتە لانی کەم ساڵێک ئەخایەنێت و
هەموو دۆسیەکانی تر لەگەل خۆیدا سڕ ئەکات. پارتی بە ستراتیجیەتی: رزگاربون لە قەیران
بە دروستکردنی قەیرانیتر کار دەکات.
٣. پارتی وهەوادارانی، دەرفەتێکی باشیان دەست ئەکەوێت بۆ پەراوێز
خستنی گۆڕان و دڵسۆزانی نێو یەکێتی ویەکگرتوو و کۆمەڵ و لایەنەکانی تر. پارتی دەیەوێت
ئەوان، یا پەراوێزی نێو کۆمەڵگایان بخات، وەیا ناچاری ملشۆڕکردن و زەلیلی هەنگاونان
بە دوای پرۆژەکانیدا بکات.
٤. لە نێو یەکێتیشدا ئیتر قسەیەک لەسەر پرۆژەو نەخشەرێگای چاکسازی
و دەربازبون لە قەیرانەکان ناکرێت. ئەمەش پلانی پارتیەکانی نێو مەکتەبی سیاسی یەکێتیە
کە یەک دروشمیان هەیە: یا پلانی من وەیا تێکی ئەدەم. پێشتر رێکەوتنەکەی گۆڕان- یەکێتیان
تێکداو ئێستاش نەخشەرێگاکەی خودی حزبەکەیان.
٥. ئەم ریفراندۆمە ، سەلماندنی باڵادەستی پارتی و مەسعود بارزانیە
بەسەر بڕیاری سیاسی و ئابوری کوردستاندا.
بۆیە
دەبێت گۆڕان و هەموو حزب و لایەنێکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر، ئازایانە و چاونەترسانەو
بەدەنگی بەرز و بە ورەیەکی پۆڵایین و بە بەرچاورۆشنیەوە بە پارتی و هاوسۆزانی بڵێن
نەخێر بۆ هەیمەنەی تۆ و شانۆگەری ریفراندۆمت، ئێمە ئاڵاهەڵگری دیموکراسی و مافی مرۆڤ
و سیستەمی پەرلەمانی و دەستاودەستی دەسەڵاتین، نەک دەسەڵاتی تاکحزبی و بنەماڵەیی و
سەڵتەنەتی و میرایەتی.
ئێستا
ئیتر سەردەمی شەهامەت و راوەستاوەییە بەرامبەر ئەم پلانە رەشانەی پارتی کە دەیەوێت
بەناوی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریەوە، بەهەمان سیناریۆی ١٩٧٠-١٩٧٥ سەرجەم لایەنەکان
بەدوای ستراتیجی پاوانخوازی و عەقڵیەتی میرچێتیدا راکێشێت. لایەنەکانیتر، بەتایبەت
گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و بەشێکی گرنگی یەکگرتوو، دەبێت بزانن کە ئەوان زۆرینەی
کوردستانن، ئەوان هێزی یەکلاکەرەوەن، ئەوان جەماوەر و دەنگدەری خۆیان هەیە، متمانەو
تەفویزیان لە میلەتەوە وەرگرتوە نەک لە مەکتەبی سیاسی پارتیەوە، بۆیە دەبێت ئازایانەو
بێترس و دڵەراوکێ بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی پارتی و لایەنگرانی بوەستنەوە.
وەستان
بەرامبەر بەو سیاسەتەش تەنها بە نوزەو کروزانەوەو سەرخەواندن و دوبارەکردنەوەی قەوانە
سواوەکان نابێت، بەلکو بە پرۆژەی بەدیل ئەبێت.
ریفراندۆم
بۆ بە هەرێم کردنی سلێمانی-کەرکوک
بەڕێزان
لە سەرکردایەتی کۆمەڵ و یەکێتی و گۆڕان و نیشتمانپەروەرانی نێو یەکگرتوو و هەموو
لایەنێک کە هەمان بڕوای هەیە:
دوای
ئەوە پارتی بەهیچ جۆرێک ئامادەی ئەوە نیە پرسەکان بگەڕێنێتەوە سەر شاڕیی خۆی و سورە
لەسەر سیاسەتە چەوت و نایاساییەکانی و لە بری هەوڵدان بۆ دانیشتن بۆ چارەسەری خێرای
ئەو کێشانە، کەچی خۆی و لایەنەکان و خەڵکی کوردستانی سەرقاڵی سیناریۆی جۆراوجۆر و
شەڕفرۆشتن بەم و بەو کردوە. پارتی لە دوای شەڕی داعش و هاتنە پێشەوەی هێزی نیشتمانی
رۆژئاواو بەرتەسک بونی مەودای کارکردنی لەو بەشەی کوردستان و لە بادیناندا، لە دوای
شکستی تەواوی لە ئیدارەدانی سیاسیانەو ئابوریانەی هەرێم و بەرزبونەوەی ناڕەزایەتی
جەماوەری و ناوچەیی دژ بە سیاسەتەکانی، دوای هەست کردن بە لاوازی و قەتیسمانەوەی لە
بازنەیەکی داخراوداو، لە ئێستادا لە بری بەخۆداچونەوەو کارکردن لەگەڵ لایەنەکانی
تر بۆ چارەسەری کێشەکان، بەدوای داتاشینی سیناریۆیە بۆ رزگارکردنی خۆیی و
ناچارکردنی لایەنەکانی تر بۆ وەلانانی داخوازیەکانیان.
بۆیە
لێرەدا ئەم پرۆژەیە ئەخەمە بەردەستان بە هیوای ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و ببێتە مادەیەک
بۆ گفتوگۆی گەرمی نێوانتان.
یەکەم:
ماوەی مانگێک بە پارتی بدرێت پابەندبونی خۆی بەیاسا کارپێکراوەکانی هەرێم رابگەیەنێت،
پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بە یاسا چارەسەر بکات و پەرلەمان کارەکانی خۆی بکات و حکومەتێکی
نوێی قەیران پێکبهێنرێت.
دووەم:
ئەگەر پارتی وەڵامی ئیجابی نەبوو، ئەوە لایەنە سیاسیەکانی ناوچەکە، بکەونە گفتوگۆی
پوچەڵکردنەوەی هەیمەنەی پارتی و بنەماڵەی مەسعود بارزانی بەسەر چارەنوسی کوردستانەوە،
باشترین رێگا لەو پێناوەدا، ئەنجام دانی راپرسیە لە ناوچەی کەرکوک – سلێمانی بۆ پێکهێنانی
هەرێمێکی نوێ و دابڕان لە ئیدارەی حزبیانەی پارتی.
سێیەم:
دەشێت ئەم هەرێمە بەشێک بێت لە هەرێمی کوردستانی یەکگرتوو، بەمەرجێک پارتی ئامادەبێت
هەولێر لە پایتەختی خۆیەوە بکاتە پایتەختی کوردستان( واتە هەرێم) لەو پێناوەدا دەبێت
سەرجەم دامودەزگاکان و هێزە ئەمنی و پۆلیس و دامەزراوەکان لەناو شاری هەولێردا بێلایەن
بن وەیا بە گوێرەی ئاکامەکانی هەڵبژاردن بەشداری بەهەموو لایەنە براوەکان بکرێت لە
نوێنەرایەتی کردن لە ئیدارەدانی پایتەختدا.
چوارەم:
وەیا دواتر و دوای کۆتایی هێنان بەخەونی میرایەتی بنەماڵەی مەسعود بارزانی، لە
چوارچێوەی سیستەمێکی لامەرکەزی ئیدارەداندا، هەموو هەرێمی کوردستان بە ناوچەدابڕواوەکانیەوە
لە یەک وڵات وەیا هەرێمدا یەکبخرێت.
پێم
وایە بەم هەنگاوە، هەم ئاراستەی سیاسیانەی هەرێم دەگەرێتەوە سەر هاوسەنگی خۆی، وەهەمیش
کاری عەمەلی بۆ چارەسەری ریشەییانەی کێشەکان دەکرێت.
بەڵام
دواجار ئەبێت ئەوە بڵێین کە ئەم هەنگاوە هەم کەس و هەم هێزی سیاسی ئازاو لێبڕاوی ئەوێت.
نوێترین نوسینەکانی عهدنان عوسمان
-
عهدنان عوسمان
08/01/2018
-
عهدنان عوسمان
02/10/2017
-
عهدنان عوسمان
28/09/2017
-
عهدنان عوسمان
20/09/2017
-
عهدنان عوسمان
16/08/2017
-
عهدنان عوسمان
16/08/2017